7/4/2018 02:33 PM

شارباژێڕ سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێستا

تەنگ و دەربەندەکانی سەر ئاوی قەڵاچوالان و یەکگرتنەوەی لەگەڵ زێی خواروودا

چەند سەرنجێک لەسەر گەشتێکی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٢١ دا

خوێنەری بەڕێز: ئەم گەشتە ساڵی ١٩٢١ پزیشکێکی نەشتەرکاری بەریتانی ئەنجامیداوە، لەکاتێکدا کە لەگەڵ ئیدارەی ئینگلیزدا بۆ کاروباری تەندروستی لە سلێمانی بووە، لە دوای شکستی حکومەتی یەکەمی شێخ مەحموود لەو شارەدا. ئەم پزیشکە بۆ کاری تەندروستی و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر نەخۆشیی مەلاریا ئەم گەشتە و گەشتی پێشتریشی کردووە و بە باری هێستر داو دەرمانی زۆریشی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ چارەسەری نەخۆشییە باو و بڵاوەکانی ئەو سەردەمە و بە تایبەتی مەلاریا. ئەم پزیشکە لە پاڵ کارەکەی خۆیدا و لە گەڕانیدا بە ناوچەکانی دوکان، کۆیە، رانیە، مەرگە، قەڵادزێ، ماوەت و شارباژێڕ سەرنجی خستووەتە سەر ئاڕاستە و رێرەوی ئاوی قەڵاچوالان و ئەو تەنگ و دەربەندانەی پێیدا تێدەپەڕێت، بە تایبەتی لە ئاستی قەشان و ماوەت و تا دەڕژێتە زێی بچووک یان زێی خوارووەوە و بەراوردی کردووە لەگەڵ ئەو نەخشانەی سوپای بەریتانیا کە تا ئەو دەمە باو بوون و لەم رووەوە کەموکووڕییەکانی دەستنیشان کردووە و خۆیشی نەخشەیەکی بۆ ڕیرەوی ئاوەکە کردووە. پاشان ئەمە دەکاتە باسێک و سوودی دەبێت بۆ باسێکی تر لەسەر ئەم ناوچەیە کە لە ساڵی ١٩٢٢دا لە گۆڤاری جوگرافیی سەر بە کۆمەڵەی شاهانەی جوگرافیای بەریتانیدا بڵاوبووەتەوە و دواتر هەر ئەم باسە و وردەکاریی ئەو گەشتە لە ژمارە (٢) ی بەرگی LXXXVI ساڵی ١٩٣٥ هەمان گۆڤاردا بڵاوبووەتەوە. ئەم باسە لە کاتی خۆیدا خزمەتێکی باشی بە سوپای بەریتانیا و ئیدارەی ئینگلیز کردووە لە سلێمانی و بۆ ئێستای ئێمەش خزمەتێکی باشە بە ئەرشیف و مێژووی وڵاتمان، کە تا ئێستاش یان نانووسرێتەوە یان هەر بە نیوەچڵی شتێکی لێهەڵدەکڕووزێنین. منیش لە ناو هەندێک سەرچاوەی لای خۆمدا کە چاوم بە گۆڤارەکەدا خشاند و ناوی «قەڵاجوالان» سەرنجی راکێشام، پاش خویندنەوەی بە پێویستم زانی بیکەمە کوردی  و بە دڵنیاییەوە لە سوود بەدەر نابێت و هەر هیچ نەبێت هەستێکمان لا دروست دەکات کە پەڕۆیەک لەوان دابدڕین – وەرگێڕ.

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق

فرانسیس م. هاڵی*

تێبینیی گۆڤارەکە: لە گۆڤاری جوگرافیی ژمارەی شوباتی ١٩٢٢ دا (بەرگی ٥٩، ل ١٤٦) ئێمە تیبینییەکمان بڵاوکردەوە لەبارەی «راستکردنەوەی نەخشەی لەشکری دیجلە لەسەر دەڤەری زێی خواروو» بە پشتبەستن بە نامەیەک لە بەڕیز سی. سی. گاربێتەوە، لە سکرتاریەتی عێراق، کەوا کورتەیەکی راپۆرتی پزیشکی نەشتەرکاری مەدەنیی سلێمانی لە ٢٩ ی ئۆکتۆبەری ١٩٢١ بۆ ناردووین بێئەوەی ناوی بهێنیت و ئەمەی خوارەوەی تێدایە «بە شێوەیەکی تایبەتی ئاڕاستە و رێڕەوی راستەقینەی رووباری قەرەچۆلان دەستنیشان کراوە بە T.C. 230 کەوا ئاڕاستە و رێڕەوەکە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ زێدا لە چوارگۆشەی A. A. 4 (B) ، بەڵام راستییەکەی ئاڕاستەی رێڕەوەکەی بەرەو باکوورە و یەکگرتنەوەکە لە چوارگۆشەی A. A. 7 (A) و نزیکەی پەنجا میل زیاتر لە سەرەوەی رێڕەوی زێیە و ناوچە شاخاوییەکانی ماوەت دەبڕێت بە چەند دەربەند و تەنگی هێجگار قووڵ و سەختدا تێدەپەڕێت».

نامەکەی بەڕێز گاربێت هیچ نەخشەیەکی لەگەڵ نەبوو تا چەند مانگێک لەمەوبەر، کە لەسەر داواکارییەک بۆ نەخشەکە و بە پێویستیی ئەوەی کە دەستمان بکەوێت، نامە و نامەکارییەکە سەری بۆ ئەوە کێشایەوە کە ناوی نووسەری راپۆرتەکەمان بۆ ئاشکرا ببێت، کەوا ئێستا لە هندستانە و رەزامەندیی دەربڕیوە داوای باس و خواسی ئەم دۆزینەوەیەی لێبکەین و وا ئێستا بە خۆشحاڵییەوە بڵاوی دەکەینەوە.

ئەو ناوچە بەرفراوانەی نەخشەکەی مستەر هاڵی گرتبوویەوە ئێستا بە پێوەرێکی نیو ئینج رووپێویی کراوە و نەخشەکە (خەریتەکە) لە لایەن بەشی رووپێویی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە و بەزەروورەت جێگەی ئەو نەخشە سکێچەی گرتووەتەوە کە لەو کاتەدا دروستکراوە و ئێستا بەتاڵ کراوەتەوە. ئێستا ئێمە کۆپییەکی فۆتۆستاتمان لە نەخشە بنەڕەتییەکە گرتووەتەوە (فۆتۆستات واتە ئامێری لەبەرگرتنەوە بە وێنەگرتنی فۆتۆگرافی – وەرگێڕ) کە دۆزینەوە بنەڕەتییەکەی بەڕێز هاڵی دەردەخات لەبارەی تەنگ و دەربەندەکانی قەرەچۆلانەوە (یان بە شێوەیەکی راستتر بڵێین قەڵاچوالان). رێنووسی ناوەکان لە پەیپەرەکەی بەڕێز هاڵیدا هاوشێوەی نەخشەکانی رووپێویی عێراق کراوە. رێنووسەکە گەلێ جیاوازە لەوەی کە لە شیتەکانی پێشتری رووپێویی هندستاندا بەکاردەهێنرا. ئەو ناوانەی کە لە لایەن بەڕێز هاڵییەوە بەکارهاتوون و لە سەر نەخشەی عێراق دەرنەکەوتوون بە خەتی لار italic چاپکراون، چونکە پێدەچێت کە لە هەندێ حاڵەتدا رەنگدانەوەی فۆنەتیکی گۆکردنی ناوچەیی بن وەک لەوەی دەقاودەق گواستنەوە بن لە وشەی نووسراوەوە.

ئەم سەرنج و تێبینیانە پەیوەندییان بە گەشتێکەوە هەیە کەوا نووسەر ئەنجامیداوە، کاتێ کە پزیشکی نەشتەرگەری مەدەنی بووە لە سلێمانی یان دەڤەری باشووری کوردستان و دواتر لە ساڵی ١٩٢١ دا لەگەڵ عێراقدا بوو بە خاکی ماندێتکراو (ئینتیداب). ئەم ناوچەیە لەو دەمەدا کە من لە بارەیەوە دەنووسم لە لووتکەی شاخەکانی خوار رەواندزەوە درێژ بووەتەوە، کە زنجیرە چیاکانی Gurmanjan Gedik Nuchewan لە باکووریەوە بەرەو رووباری سیروان لە باشوورەوە و لە سنووری وڵاتی فارس لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوای گوندی چەمچەماڵ. بنکە و بارەگای حاکمی سیاسی لە سلێمانی بوو. ئەو ناوچەیەی دەکەوێتە جوغزی ئەم گەشتەوە بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوتە رۆژهەڵاتی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە، کە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان هەردوو مەملەکەتی ئاشوور و میدیا بووە یان خاڵی جیاکەرەوەی قەڵەمڕەوی شا و سوڵتانە و لە ئێستادا عێراقە.

زاگرۆس، کواتراس، زارا، زاراسپە ناوی جۆراوجۆری ئەو زنجیرە چیایەن کە هەردە و تەپۆڵکەی بانی ئێران لە دەشتاییەکانی دیجلە و فورات جیادەکاتەوە، کە لە چەرخ و رۆژگاری کۆنەوە ناسراوە و ئەمڕۆ ناوێکی هاوبەشیان نیە. لە ئارگۆت داغ و قەندیل داغەوە لای باکوورەوە بۆ هەورامان داغ و دەربەندی تاقی گڕەوە Tak – i – Girreh لە باشوور. زنجیرە چیاکە ناوی جیا جیای ناوچەیی وەردەگرێت لەو گوندانەوە کە نزیکیەتی یان هەندێک لە لووتکە بەرز و ناودارەکانی. زنجیرە چیاکان یەکبینە لە باکوری رۆژئاواوە بەرەو باشووری رۆژهەڵات دادەکشێن و بە شێوەیەکی سروشتیش دۆڵ و شیویان تێدەکەوێت.

ئەو نەخشانەی کە لەوکاتەدا بەردەست بوون ئەوانە بوون کە لە لایەن سوپاوە بەکاردەهاتن لە هێرشی میزۆپۆتامیادا و ئاستی تۆکمەیی و وردەکارییان جیاواز بوو. سنووری نێوان وڵاتی فارس و عێراق بە روونی دیاری کرابوو لە لایەن کۆمیسیۆنی سنوورەوە لە ساڵی ١٩١٣ دا و ئەو ناوچانەش کە پەیوەندییان بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە هەبوو لە لایەن کارتۆگرافەرە تورکی و بەریتانییەکانەوە (داڕێژەرانی نەخشەکانی سنوور) ئاگاداری دەدرا. لە نێو ئەمانەدا گەلێ بۆشایی هەبوون کەوا شوێنی گوندەکان و شوێنە سروشتییە دیارەکانی تێدا دەستنیشان دەکرا بە پێی زانیارییەکانی ناوچەکە و گێڕانەوەی ئەو گەڕیدانەی بە وڵاتەکەدا تێپەڕیبوون، بەڵام گێڕانەوە جۆراوجۆرەکانیان بەیەکەوە گرێدراو نەبوون و بچڕبچر بوون. ناوە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی شاخ، رووبار، راڕەو یان دۆڵ و شیو، چۆڵکردنی هەندێک گوند و پەیدابوونی هەندێکی تریان رێگر بوون لە دروستکردنی نەخشەی رێکوپێک و تەگەرەیان دەخستە رێی. نەبوونی بایەخی بازرگانی و باری ناسەقامگیری ناوچەکە وایکردبوو کە رووماڵ و رووپێوییەکی تەواوی دەڤەرەکە مەحاڵ بێت بێ دەستێوەردانی سەربازی و بەم رەنگە نەخشەکانمان هەردوک زانیاریی نوێ و ئەوانەشیان تێدابوو کە دەگەڕایەوە بۆ رۆژگاری چێسنی، ئەینسوێرس، لایارد، ریچ، لینچ و گەڕیدەکانی تری سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم.

گەشتەکە لەم گێڕانەوەیەدا باس لە بەدواداچوونی بەراوردکاریی تووشبوون بە نەخۆشیی مەلاریا دەکات لە نێوان گوندەکانی چیا و دۆڵەکان و ئەوانی دەشتاییەکاندا. من گەشتەکەم لە سلێمانییەوە بە سواری ئەسپ دەستپێکرد و بە ئۆتۆمبیلە رێیەکی تاڕادەیەک باشدا ماوەی نزیکەی ٤٥ میلم بڕی بەسەر ناوچەیکی بەرز و نزمدا بەرەو دوکان لە سەر زێی خواروو. رێگەکە لە دەسپێکەوە بە دۆڵی تانجەرۆدا هەڵکشا و لە نزیکەی نیوەی رێگا لووتکە شاخی پیرەمەگروونمان هاتەڕێ، کە بەرزییەکەی دە هەزار پێ دەبێت و لە سەر زنجیرەیەکە مل بەرەو رۆژهەڵات دەنێت. کاتێ کە لە چەمی تابین دەپەڕیتەوە دۆڵی سوورداشت دێتەڕێ کە بەرەو باکوور دەکرێتەوە و رێگەکە بە ناو تۆقەڵە داربەڕوو و باخە گوێزدا تیدەپەڕێت.

بەرەو رۆژهەڵات هەوراز و نشێوی سەختی زنجیرە چیاکانی سورداش بەردەوام دەبێت و لێرەدا شوورەیەکی نیمچە بازنەیی و پاشماوەی قەڵا و قایمکارییەکی سەردەمی بابان بە راسەری گوندێکی پیس و چەپەڵەوە دەردەکەوێت کەوا چیاکان ناوەکەیان لێوە وەرگرتووە کە ئەویش سورداشە. دواجار لێژاییەکی تووش و سەخت بەرەو چەمی زێی خوارووت دەبات، کە بەرەو باکووری رۆژهەڵات دەکرێتەوە و لە ئاسۆشەوە بە لێژایی و کەندەڵانەکانی دەربەندی شێخ سمایل دادەخرێت. ئەوجا بە ئاڕاستەی باکوور و رۆژئاوا لەوبەری رووبارەکەوە قەدپاڵی چیا و گردەکان بە دارستان داپۆشراوە، بەڵام لووتکەی رووتەنی چیای کۆسرەت داغ کە بەرزییەکەی شەش هەزار پێیە زۆر بە زەقی دەردەکەوێت. هەروەها لە رۆخی باکووری زێوە کەلاوەی قەڵایەک لە سەر بەرزاییەکە و بە راسەری لێژاییەکی زۆر تووش و سەختەوەیە و پێی دەڵێن قەڵای دوکان، کە پاشماوەیەکی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی بەگەکانی رەواندزە (لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا).

ئەڵبەتە کارێکی نابەجێ نیە کە وایدابنێیت ئەمە ئەو هێڵە دێرینەی رێگەی شاهانەی وڵاتی فارس بووبێت لە سوسەوە بۆ سەردیس، لەو بەشەی نێوان ئەربیل (ئەربیلا) و دەربەند و راڕەوەکانی زاگرۆسدا (لە رۆژهەڵاتی قەسری شیرینەوە). وادێتە بەرچاو ئەمە تاقە رێگەی ئاسان و سروشتی بێت لەم دەڤەرەدا و پاشماوە و شوێنەواری پردە کۆنەکان و بوونی ژمارەیەکی زۆر گرد و تەپۆڵکەی دەستکرد بەڵگەن بۆ بوونی هێڵێکی زۆر کۆنی پەیوەندیکردن و رەنگە مەوداکەی لە هەولێرەوە بە کۆیسنجەقدا تێپەڕیبێت و لە نزیک دوکانەوە لە زێ پەڕیبێتەوە و پاشان بە دۆڵی سلێمانیدا بەرەو دەشتی شارەزوور تێپەڕیبێت لە باشوورەوە (کە ئەمە سیازورۆسی دێرینە، کەوا مەڵبەندی پێشتری ئاگرپەرستیی ساسانییەکان بووە و پڕە لە گرد و تەپۆڵکەی دەستکرد و کێلی بەردینی سەر گۆڕەکان) و ئەوجا بە قەراخ رووباری سیرواندا بەرەوخوار بووەتەوە بۆ دیالە و بە دەربەندی تاقی گڕە و Tak – i – Girreh دەروازەی زاگریکای Zagricae نزیک حەلواندا تێپەڕیوە.

لە دوکان، کە گوندێکی دە دوانزە ماڵییە و دەکەوێتە سەر رۆخی چەپی زێکەوە، پەڕینەوە بە هۆی کەڵەکەوەیە (چەند لقە دارێکە بەسەر پێستی ئاژەڵی فوودراوەوە) لە کاتی لافاودا، یان بە پێ دەپەڕنەوە لە بوار و شوێنە تەنکاوەکاندا. ئێرە شوێنێکی زۆر پیس و پڕ لە ئەسپێ و مێروو بوو، من هەمیشە لە گەشتدا خۆم لێ لادەدا و وام پێباشتر بوو لە رووبارەکە بپەڕمەوە و لە ماڵە پاک و خاوێنەکەی کوێخا مستەفای میوانپەروەردا بخەوم (کوێخا واتە سەرۆک) لە گوندی گوڵنێسی Gulnesi. بەهەرحاڵ پەڕینەوە هیچ وەختێک کارێکی زە‌حمەت نەبوو، چونکە قووڵیی ئاوەکە هەر تەنها دوو پێ بوو و راستییەکەی من لێڤییەکی سوارەی کوردم بینی لە ئاوەکە پەڕییەوە بێئەوەی ئاوزەنگییەکەیشی تەڕ ببێت. بەڵام دەبوو بە کەمێک ئاگاییەوە بپەڕیتەوە ئەوبەر چونکە لافاو هەندێ شوێنی دڕیبوو و چاڵ و چۆڵیی تێخستبوو، بۆیە دەبوو رێنمایەک لە پێشتەوە بە پێ بدات لە ئاوەکە.

سەعاتە ڕێیەک بە سواری بە لاپاڵە خز و ترسناکەکانی هەیبەت سوڵتان داغدا دەتگەیەنێتە گوندە دوورەدەست و ئارامەکەی گوڵنێسی، کە لە شیوێکی قووڵی پڕ لە کێڵگە و مەزرای سەوزە و باخ و باخاتدایە و جۆگە ئاوێکی بچووکی بە لادا تێدەپەڕێت. شۆڕبوونەوە بۆ دۆڵی گوڵنێسی بە سەر تاوێر و چینە بەردی خز و هەڵوەریوی لاپاڵەکەدا بە رۆژی رووناکیش قورس و پڕ لە مەترسییە و کە تاریکیش داهات ئەوە خراپتر. لە بۆنەیەکی پێشتردا کە درەنگ گەیشتم، یەک لە هێسترە بارهەڵگرەکانم کە بە دەرمان بارکرابوو قاچی خزا و بەرەوخوار هەڵدێرا و لە تاریکیدا لە چاو ونبوو، هێسترەوانەکەش کە جڵەوەکەی گرتبوو لەگەڵیدا گلا. لە تاریکیی بنی شیوە قووڵەکەوە دەنگێکی سامناک دەهات و من پێشبینیی ئەوەم دەکرد کەوا بڕێکی زۆری ئەو دەرمانانەی لەگەڵ خۆم بردبوون فەوتاون، وەک کەنین و خوێی ئیپسۆم و حەبی رەوانی. بەڵام کاتێ گەیشتمە ئاقاری گوند تەماشام کرد هێستر و هێسترەوانەکەش و بارە دەرمانەکەش بەتەواوی سەلامەتن و سەیر ئەوەبوو کە تەنها زیان رووشانی سمت و کەفەڵی هێسترەکە بوو سەرباری ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی دووسەد پێ بەرەوخوار خزابوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر توانیبووی هاوتایی خۆی رابگرێت.

بۆ سبەی بەیانی بە سواری بە دۆڵەکەدا هەڵکشام بەرەو شانی خوارووی چیای کۆسرەت، کە لە دەشتی رانیە جیای دەکردمەوە و پاش هەڵکشانی نزیکەی سەعاتە رێیەک بۆ سەر لووتکەکەی دیمەنێکی هێجگار جوان و دڵڕفێنم هاتە بەرچاو لە رۆژهەڵات و باکوورەوە. لە خوارەوە دەشتاییەکی گەورە چاو دەکەم کە زێ پێچاوپێج دەیبڕێت و ئەویش دەشتی بیتوین (یان رانیە) لە باکوورەوە و دەشتی مەرگە لە باشوورەوە. لەوپەڕی رۆژهەڵاتیشەوە تەنگی دەربەندی رانیە دەبینرێت لەگەڵ ئەو هێڵەی ئاسۆس داغدا کە لە خوارووی تۆقەڵە چیای کورکوت داغەوە کۆتایی دێت و هەندێک دوورتر بەرەو رۆژهەڵات زنجیرە چیای زەبەلاحی قەندیل داغ دەبینرێت (کە دە هەزار پێ بەرزە) لەگەڵ چیاکانی سنووری وڵاتی فارسدا. لەوێوە بەرەوخوار داکشام تا گەیشتمە دەشتەکە و لەوێوە بە شیوێکدا کە بەرەو زێ دەڕۆیشت چوومە گوندی میرزا رۆستەم کەوا کەڵەکێکی لێبوو بۆ پەڕاندنەوە لە زێ. ئەم گوندە بەناوێ بوو بۆ پیسی و مێروو و مێشوولەی لەو جۆرەی کە من بەدوایدا دەگەڕام.

لە نەخشەی کۆمەڵەی جوگرافیای شاهانەدا لەمەڕ تورکیای ئاسیایی و سوریا و رۆژئاوای وڵاتی فارسدا، کە لە ساڵی ١٩١٧ دا دەستکاری کراوە و راستکراوەتەوە، رووباری قەڵاچوالان، کە جێی بایەخی ئەم پەیپەرەیە، بە هێڵی خاڵ خاڵ دیاری کراوە کە بە دەشتی مەرگەدا تێدەپەڕێت و رێک لەوبەری گوندی میرزا رۆستەمەوە دەڕژێتە زێوە و راست لە پشتی راڕەوی شێخ سمایلەوە و لە چیاکانی پشتی سورداشەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام لەڕاستیدا رووبارێکی قەوارە ئاسایی بەرچاو نەدەکەوت و دواتر کە بە سواری لە ناوچەکەدا سووڕامەوە لام بەرجەستە بوو. بەهەرحاڵ من لە بەری راستی زێوە بەردەوام بووم لەسەر رۆیشتن بە نێو دەشتە پڕ گژوگیاکەدا و لە تەنکاوێکی چەمی بەسەڵام Basalam پەڕیمەوە و بە هەردوو گوندی قوڕەشینە و بازمووسیاندا گوزەرم کرد و لای ئێوارە گەیشتمە بارەگای جێگری حاکمی سیاسی، کەوا کەپرێکی تازە دروستکراوە و دووسەد یاردە لە رێگەی رانیەوە دوورە. جێگری حاکمی سیاسی بە تاقی تەنها لێرە دەژی و نەوەد میل لە سلێمانییەوە دوورە کە بارەگای سەرەکیی حاکمی سیاسی لێیە و بنکەکەی ئەم لێرە بە تەنها پێکهاتووە لە ماڵەکەی، ئۆفیسێک لە لای خواری گردەکەوە، شوێنی نیشتەجێی کارمەندانی پێویست و بنکەیەکی بچووک بۆ لێڤییەکان. ئەم هەندێک جار بەزمی راوە بەرازی کێوی رێکدەخات لەگەڵ خەڵکی خێڵەکیی ناوچەکەدا و بەرازەکان لە ژاژ و بێشەڵانەکانی چەمی بەسەڵام دەردەپەڕێنران و بە ئەسپەوە شوێنیان دەکەوتن و هەر لەسەر زینەوە تەقەیان لێدەکردن. لەم راوە بەرازانەدا دەسکەوتی باش بەدەست دەهات. پیاوە کوردەکان لە مەیدانی راودا زۆر خێرا بوون بەڵام زۆر دەستیان راست نەبوو.

تەنگی دەربەند (مەبەستی دەربەندی رانیەیە کە هەر بە کوردییەکەی نووسیوێتی – و) زۆر بەرتەسکە و پێیدا تێپەڕبوون زەحمەتە و بەڵام خۆشبەختانە درێژییەکەی تەنها سەد و پەنجا یاردە لە مابەینی زنجیرە تیغ ئاساکانی ئاسۆس داغدا. کەمێک لە رۆژئاوای راڕەوەکەوە پاشماوەی قەڵا و قایمکارییەکی دێرین هەبوو، بەڵام هی چ سەردەمێک بوو ئەوە دەستنیشان نەکراوە و ئەستوور و تۆکمە بووە. لە ترۆپکی ئەو شاخ و بەرزاییانەوە کە بە راسەری راڕەوەکەوە بوون دیمەنی زۆر ژوان و سەرنجڕاکێش بوون، لە هەردوو بەری رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەشتەکانی پشدەر و رانیەدا. دەشتی رانیە بەناوبانگە بە بەروبوومی تووتن بەڵام زۆر بە خراپی ناوی رۆیشتووە لەبارەی نەخۆشیی مەلاریاوە. لەو ماوەیدا کە لێرە مامەوە بە سواری چووم بۆ گوندی رانیە کە نزیکەی حەوت میل لە باکووری دەربەندەوەیە. گوندەکە، کە دەکەوێتە بنی گردێکەوە، زۆر پیس و ناخۆشە و مەلاریا تەنگی پێ هەڵچنیوە. بە ئاڕاستەی باکوور دۆڵ و شیوە پڕ لە دارستانەکانی ناوچەی شاور بەرەو کەندەڵانی گەرووی مەنجەڵ هەڵدەکشێن کە دەکەوێتە سنووری ناوچەی رەواندز کە لە ژێر دەسەڵاتی تورک یان خێڵەکانی سەر بە تورکدایە و رێگایەکی پێچاوپێچی سەخت و هەڵەت لە بەرزایی شەش هەزار پێوە بەرەو دۆڵەکانی رەواندز دەچێت. ئەو گوندانەی دۆڵی شاور کە من لە ساڵی ١٩٢١ دا سەردانم کردوون بە جوانی کەوتبوونە نێو دارستان و باخ و بێستان و لاپاڵە تەڵان تەڵانەکانی تووتن و کشتوکاڵی تر. تووتنی شاور ناوبانگێکی ناوچەیی زۆر بەرزی هەیە و بۆن و بەرامێکی سروشتیی تایبەتی هەیە.

ئێمە (واتە جێگری حاکمی سیاسی و من) بۆ رۆژی دواتر بە ئاڕاستەی رۆژهەڵات رۆیشتین بۆ سەردانی بابەکر ئاغای سەرۆکی کوردە پشدەرییەکانی قەڵادزێ، لە دەشتی پشدەری رۆژهەڵاتی دەربەندی رانیە. لە دەروازەی ئەو رێڕەوەوە کە زێی لێوە سەرچاوە دەگرێت قەڵایەکی بەردینی نیمچە رووخاو هەیە و ئێمە پاش تێپەڕاندنی ئەو قەڵایە نزیکەی سەعات و نیوێک بە سواری رۆیشتین و گەیشتینە قەڵادزێ، کەوا گوندێکی بچووکە لە بنی گردێکدا. بابەکر ئاغا بەوە ناسراوە کە پیاوێکی باشە و دڵسۆزی حکومەتە و ئەم خەسڵەتە تاڕادەیەک لە ناو کورددا دەگمەنە. ئەم پیاوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی چاوی چەپی داپۆشیوە و کەس نازانێت نەخۆشییە یان برینە پێوە، بەلام من دەنگۆیەکم بیستووە کەوا لە گەنجیدا گرەوی لەگەڵ کەسێکدا کردووە و شتێکی زۆر قورسی هەڵگرتووە کە بووە بە هۆی تەقینی دەماری خوێن لە چاویدا.

لە لای رۆژهەڵاتەوە شاخەکانی سنوور دەوری دەشتی پشدەریان داوە و ڕێڕەوی وەزنەیان پێدا تێپەر دەبێت بەرەو وڵاتی فارس. هەردوک وەزنە و کێلەشین کە لە ناوچەی رەواندزە وا باسیان لێوە دەکرێت کە ئەو رێرەوە بن گوایە هیراکلیۆسی (هەرقەل – و) ئیمپراتۆری بیزەنتی لای دەریاچەی ورمێوە پێیاندا تێپەڕ بووبێت بۆ شەڕی نەینەوا لە هێرشی سێهەمیدا دژ بە فارسەکان (٦٢٦ – ٣٧ پ ز). ئەمە هەردوکی رێی تێدەچیت، بەڵام رێڕەوی کێلەشین و دۆڵ و شیوەکانی زێی گەورە راستەوخۆتر و گونجاوترن لەگەڵ گێڕانەوە هاوچەرخەکاندا. بەم پێیە، تێپەڕبوون بە رێڕەوی کێلەشین، رەواندز (ئۆراڤا)، ئاسکی کەڵەک (یان گردەمەک) لە بوارەکانەوە یان بە کەڵەک بووە بۆ نەینەوا. من بە سواریی ئەسپ بەم رێڕەوەدا تێپەڕیوم و پێموایە گونجاو بووە بۆ گوزەرکردنی لەشکرێکی راهاتوو بە باری شەڕوشۆڕی سەختی وەک لەشکرەکەی هیراکلیۆس. پاشان بە سواری قەڵادزێمان بەجێهێشت بە نێو ناوچەیەکی پڕ لە دارستاندا و بە گوندی دەشتێودا تێپەڕین کە شوێنی رەسەنی بەگزادەی پشدەر بوو (واتە سەرۆک خێڵ)، کەوا گۆڕستانی بنەماڵەکەیانی لێبوو و لەوێوە پاش رۆژێکی درێژ و پڕ لە ماندووبوون بە سنووری وڵاتی فارسدا گەیشتینە گەرەماوە، کە گوندی عەباسی سەلیم ئاغای برای بابەکرە. لێرەدا دەبێت سەرنجی ئەوە بدرێت کەوا عەشیرەتی پشدەر پەیوەندییەکی پتەویان هەیە بە هەردوو دیوی سنوورەوە و بەشێکیشیان بە شێوەیەکی جێگیر لە وڵاتی فارس نیشتەجێن و بەشێکی زۆریشیان لەمدیو لە مانگەکانی هاویندا روو دەکەنە چیاکانی وڵاتی فارس و وەک خۆیان دەڵێن دەچنە کۆهستان (کوێستان – و) یان ناوچە سارد و فێنکەکان. لە رۆژئاوای رێڕەوەکەمانەوە کە دەکەوتە نێو دۆڵەکانەوە چیاکانی ئاسۆس داغ و کوڕکوڕ داغ هەڵکشابوون (٦٠٠٠ پێ) لە پشتی دەربەند و تەنگە قووڵەکانی زێوە. لە یەکێک لەم شیوانەدا کە لە چایخانەیەک لاماندا بۆ چای خواردنەوە (واتە دوکانی چای خواردنەوەی سەر رێگا)، هەر بۆ کەیف و خۆشیی ئێمە شەڕە سەگێکیان سازکرد لە نێوان دوو سەگی رکابەری پاسەوانی رانە مەڕەکانی ئەو نزیکانەدا. سەگەکان زۆر کەتە و دڕ تیسک درێژ بوون، بەڵام هەرچەندە ئەوان بە چاکی و بوێرانە شەڕیان دەکرد کەچی دیمەنەکە بە هیچ شێوەیەک مایەی خۆشحاڵی نەبوو بۆ کەسێکی وەک من کە سەگی خۆشدەویست و لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان زۆر کەیفیان پێدەهات و بە شێوەیەکی تایبەتی چێژیان لێوەردەگرت.

پێش ئەوەی بگەینە گەرەماوە Garamawa عەباس ئاغا بە یاوەریی هێزێکی بەرچاوی سوارە لە پێشوازیماندا بوون و بە ناوچەیەکی سەخت و هەڵەتدا یاوەرییان کردین بۆ گوندەکەی خۆی، کەوا کەوتبووە شیوێکی پڕ مەزرا و باخ لە ئاوڕێژی چیای زەردکە داغدا Zerdka Dagh کە ٤٧٠٠ پێ بەرز بوو لای رۆژهەڵاتەوە، کە سنووری وڵاتی فارس پێکدێنێت. ئەم نیشتەجێیەی عەباس مەڵبەندێکی ئەریستۆکراتی بوو کەوا مۆرکی هەڵسوکەوتێکی نەرم و نیان و نەریتی وڵاتی فارسی هەبوو وەک لەوەی سەرۆکێکی کوردی ئاسایی بێت. ئێمە لەسەر کورسیی دارینی کەوانەیی نەمسایی دانیشتین و بە چەقۆ و چەتاڵ لەسەر خوانی نانخواردن بەکارهێنا، کە پڵاوێکی هێجگار بە تام و لەزەت بوو، لە هەمان کاتیشدا بە سەرسوڕمانەوە لە دیوارەکانمان دەڕوانی کە وێنەی رەنگاوڕەنگیان پیادا هەڵواسرابوو، وەک دیمەنی جەنگی رووس – تورک و پۆرترێتی سوڵتان و خاوەن شکۆی ئێمە شا ئێدواردی حەوتەم و نەوەکانی شاهانەی.

لە پشتی گوندەوە رەزە ترێی نێو تەڵانەکان بە لاپاڵەکاندا هەڵکشابوون بەرەو لووتکە رووتەنەکانی گرد و چیاکان. پاشان لە شوێنێکی تەختکراوی نزیک بە کانیاوێک و لە ژێر سیبەری کۆمەڵە دارێکی کۆندا و دوور لە بێزارکردنی مێشوولە بە ئارامی خەومان لێکەوت. ئەڵبەتە عەباس ئاغا کە زەوییەکی زۆری لە خاکی کوردستانی باشووری بەدەستەوەیە، سەر بە حکومەتی وڵاتی فارس بوو چونکە بەشی زۆری مڵکەکانی دەکەوتە ئەوێوە و گەرەماوەی نیشتەجێشی رێک دەکەوتە سەر سنوور، ئەگەرچی ئەو جەختی لەسەر دەکردەوە کە بە دیاریکراوی لە وڵاتی فارسدایە.

بۆ رۆژی دواتر، بە یاوەریی عەباس سوار بووم و بەرەوخوار بوومەوە بە لاپاڵی جوانی بە دارستان داپۆشراوی چیای تاڵش داغدا شۆڕبوومەوە بۆ سەرچاوەکانی سەرەوەی ئاوی زێی خواروو، کە لێرەدا بە شیوێکی قووڵی نێو چیاکاندا دەڕوات کە بە دارستان داپۆشراون. ئەوجا بۆ لای رۆژئاواوە زێ یەکسەر بەرەو باکوور پێچدەکاتەوە بە ناو تەنگ و دەربەندە زەبەلاحەکاندا بە درێژایی رۆژهەڵاتی بنی تۆقەڵە شاخی بەرز و هەزار بە هەزاری کوڕگوڕ داغ، کە بە شێوەیەکی دیار زاڵ بوو بە سەر ئەو ناوەدا. کاتێ گەیشتینە رووبارەکە تەماشا دەکەم عەباس ئاغا پردی تایەتی دووبارە دروستکردووەتەوە .Pirt – i – tyet پێکهاتەی پردەکە بریتی بوو لە کۆڵەکەی بەردی زل زل و سەرەوەشی بە داری ئەستوور دارەڕا کرابوو، پاشان چەپوڕاست لقەداری خرابووە سەر. من وا تێگەیشتم کەوا ئەم کارەی بۆ خێر کردووە و بۆ بەخشینی گوناحێک ئەگەر کردبێتی. من لەم شوێنەدا کە زێ بووبوو بە سنوور دۆعاخوازیم لە عەباس کرد و بە درێژایی قەدپاڵە بە دارستان داپۆشراوەکاندا بەرەوخوار بوومەوە بۆ ناوچەی ماوەت کە دەکەوتە شوێنێکی بەرزی راسەری رووبارەکەوە. لێرە لە دامێنی گوندی عیسا ئاواوە بە روونی تێکەڵبوونی ئاوی قەڵاچوالان لەگەڵ زێدا دەبینرێت کە پێشتر بەتەواوی شوێنەکەی دەستنیشان نەکرابوو. رووباری قەڵاچوالان بە دیاریکراوی لە باشوورەوە سەرچاوە دەگرێت و بەرەو باکوور پێچدەکاتەوە تا دەڕژێتە زێوە.

ئێمە لە ڕیکردن بەردەوام بووین بە نێو گرد و چیا بە دارستان داپۆشراوەکاندا و بۆ لای ئێوارە گەیشتینە ماوەت و لەوێ شەو لای مودیر ماینەوە (مەبەستی بەڕێبەری ناحیەیە – و). بارەگاکەی بەڕێوەبەر هێند هاوشێوە بوو لەگەڵ کۆمەڵگە چیاییەکەدا کە وام لێدەکات بە کورتی باسێکیان لێوە بکەم. گوندە شاخاوییەکان بە عادەت لە قەدپاڵی گرد و چیاکاندا دروست دەکرێن و خانووەکان بەزۆری چین لەسەر چین لەسەر یەکتر بەرز دەبنەوە و لە هەمان کاتیشدا رەزە مێوەکان بەرزاییەکانی سەرەوەیان داپۆشیوە و مەزراکان و باخ و باخات و تووتن شیوەکانی خوارەوەیان گرتووەتەوە. بە گشتی ئەم گوندانە دەوڵەمەندتر و پاکتر و زۆر جوانتریشن لەو گوندانەی کەوتوونەتە پێدەشتەکانەوە و بە شێوەیەکی سروشتی ئاوی باش و سازگاریان لەو کانیاوانەوە بۆ رەخساوە کە لە قەدپاڵی شاخ و کێوەکانەوە سەرچاوە دەگرن. گوندی پێدەشتەکان بە شێوەیەکی سروشتی نیشتەجێی هەژار و پیس و پۆخڵن و ئاویان کەمە و کشتوکاڵیشیان شتێکی ئەوتۆ نیە و بەشی خۆیان ناکات.

شێوەی ئاسایی خانووبەرەی کوردی لە بەرد و قوڕ دروست دەکرێت و یەک نهۆمە و بنمیچ یان ساپیتەی ژوورەکان نزمە بە داری دووکەڵاوی دارەرا دەکرێت و پاشان گڵەبان دەکرێت. پەنجەرەکان بریتین لە کونی ناڕێکوپێک لە دیوارەکاندا و ئەرزی نێو ژوورەکانیش گڵە و ئاگردانێکی کراوە لە ناوەڕاستیدایە. لە گوندە شاخاوییە گەورەکاندا و بە تایبەتی کە بەرەو سنووری وڵاتی فارس دەچیت خانووی گەورە دەبینرێت لەگەڵ بەرهەیوان و پەنجەرەی باشدا، بەڵام ئەمانە بە عادەت شوێنی نیشتەجێی شێخ و ئاغان و زۆربەی خانووە پەرپووتەکان لەو شێوازەن کە لە سەرەوە باسمان کردن.

ئەڵبەتە گوندی پێدەشتەکان لەڕووی پاکوخاوێنییەوە لەمان باشتر نین، بەڵکو بەزۆری لە کەڵەکە کردن و هەڵچنینی پاشەڕۆی ئاژەڵ دروست دەکرێن و سواغدان و سەرگرتن و کاروباری تریان وەک ئەوانیترە. لە گوندە شاخاوییەکاندا بە هۆی زۆریی ئاوەوە بابەتی پاکوخاوێنی ئاسانتر رادەگیرێت و لە هەندێک شوێنیش بەو هۆیەوە ئاودەستی باشیان هەیە و ئاوەڕۆی بۆ کراوە ئەگەرچی تاک و تەرایشە.
کاتێ کە ماوەتم بەجێهێشت بەلای رۆژئاوادا پێچم کردەوە و بە هەندێک زنجیرە چیا و هەورازی ناڕەحەتدا هەڵکشام و دواتر شۆڕبوومەوە بۆ تەنگێکی چاوەڕوان نەکراو کە لەپڕ زەوییەکە بۆ نزیکەی دوو هەزار پێ لێژبووەوە و لە بنی شیوێکی تەواو قووڵ و تاریکەوە بە حاڵ جۆگە ئاوێک دەبینرا و کە تەماسای لای راستت دەکرد دیار بوو لەگەل زێدا تێکەڵ دەبن، بەڵام کە تەماشای لای خوارت دەکرد رێڕەوەکەیت بە روونی چاو دەکرد کەوا لەسەرخۆ بە ناو گرد و چیاکاندا رێی دەکرد و ئەمە ئاوی قەڵاچوالان بوو. کە بە راسەری ئەو دەربەندە تەنگەبەرانەدا دەڕۆیشتین چەندین گوندی بچووک بچووکی دوور لە ئاڕاستەکەی من دەردەکەوتن و لەملاشەوە هێسترەوانەکانم ترسی ئەم چەم و چخوردە دایگرتبوون.

ئاوی قەڵاچوالان، لەجیاتی ئەوەی لە ٣٦ پلەی باکوور و ٤٥ پلەی رۆژهەڵات دا بڕژێتە زێی خوارووەوە، وەک لە نەخشەکانی تا ساڵی ١٩٢٢ پیشاندەدرێت، لەڕاستیدا ٣٥ میل بە لای رۆژهەڵاتەوە دەڕژێتە ناوی. بەڵام ئەگەر چاودێریی رێڕەوەکەی بکەیت نزیکەی ٦٠ میل دوورتر دەکەوێتەوە بە پێچەوانەی رەوتی ئاوەکەوە. تەنگ و دەربەندەکانی ئاوی قەڵاچوالان کە بە زنجیرە چیاکانی ماوەتدا گوزەر دەکات بەتەواوی تێپەڕکردنیان مەحاڵە کاتێ کە ئاوی زیاد دەکات تەنانەت بۆ ئەسپسواری تاکیش چونکە هیچ رێگە و بوارێکی تێپەڕین نادات.

پێدەچێت هەڵەی نەخشە دروستکەرەکانی جاران (کارتۆگرافەرەکان) لەو گریمانەیەدا بێت کەوا رووبارێک زنجیرە شاخێکی بەردەوام ناپێکێت و وایدەنوێنیت کە دیوارێکە ناسمێت، وەک تێبینی دەکرێت، تا پشکنینی ورد تەنگەبەرە ئاودڕەکانی دەرخست. هێڵی کەمترین بەرگری بە هێڵی خاڵ خاڵ پیشاندراوە بە درێژایی کەندڕ یان ئاودڕەکانی خواروو لە زنجیرە چیای ماوەتدا و ئەگەری گومان لەم بارەیەوە نیە، چونکە من خۆم بە شەخسی رێرەوی ئاوەکەم بینیوە تا بەیەکگەیشتنی لەگەڵ زێدا لە خوارووی گوندی عیسا ئاواوە بەرەو سەرەوە بۆ ناوچەی شارباژێڕ، کە لەوێ ناوچەکە بە ئاوی قەڵاچوالان دەناسرێت. بۆ خوارەوە نزیکتر لە شوێنی بەیەکگەیشتنەکە یەک لە دوای یەک پێیدەوترێت ئابی قەشان، ئابی ماوەت و ئابی عیسا ئاوا (ئاب لێرەدا بە مانای زێ یان رووبار دێت) کە وێکدێتەوە لەگەڵ ناولێنانە لۆکاڵییە ئاساییەکەدا (مەبەست لێرەدا چەم یان ئاوی قەڵاچوالانە کاتێ تێپەڕ دەبێت بە شوێن یان گوندی جیاجیادا و لە ئاستی هەر یەکەیان ناوی ئەو شوێنە وەردەگرێت – و).

پاش بەجێهێشتنی ماوەت، من بە سواریی ئەسپ بەرەوخوار بوومەوە بۆ پردی قەشان Pirt – i – Qashan، کە وادێتە بەرچاو بنیاتێکی لاواز بێت بەسەر رووباری قەڵاچوالانەوە (یان قەشان)، کە لە خاڵێکدا دروستکراوە ئاوەکە خەریکە دەچێتە تەنگی زۆر گەورە و زەبەلاحەوە، کە بەرزاییەکانی ماوەت دەپێکێت بۆئەوەی بگاتە زێ. پەڕینەوە لەمە و پاشان سەرکەوتن بۆ رێڕەوێک بە قەراخ نزمایی و شیوێکدا چوومە دۆڵە دوورودرێژە بەرتەسکەکەی دۆڵبێشکەوە کە رێگەکە تێیدا بە ژێر سێبەری داردا دەڕوات لە نێوان لاپاڵە بە دارستان داپۆشراوەکان و زنجیرە شاخەکانی نێڵەزەن و بەردیودا Nelazen and Bardiu تێدەپەڕێت لە رۆژهەڵات و رۆژئاواوە، هەر لە دووبارە دەرکەوتنی رووباری قەڵاچوالان لە نزیک گوندی کونەماسییەوە. لێرەوە ناوچەکە زۆر پانوپۆڕ و بەپیت دەبێت و رووبارەکەش لە دۆڵەکەدا بەربڵاو دەبێتەوە و لاپاڵی چیا و گردەکان سەوزایی دایاندەپۆشێت. پاش ماوەیەکی کەم لە نزیک مۆکەبەوە لە ئاوەکە پەڕیمەوە و بینیم لەوێدا چەمی سیوەیلی تێدەڕژێت کە لە رۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. لێرەدا بەرزیی چیاکان لە پێدەشتی سلێمانیی دابڕیم، کە دۆڵێکی بەرتەسکی بە دارستان داپۆشراودا بەرەو رێڕەوی قەیوانی بردم و لەوێوە لابەلا داکشامە خوارەوە و لە پاش نزیکەی هەشت سەعات بە سواریی رێکردنی پڕ ماندووبوون گەیشتمەوە سلێمانی.

• چەند سەرنجێکی وەرگێڕ:
– هەندێک هەڵە لە رێنووسی ناوی شوێنەکانداهەیە هەوڵمداوە راستی بکەمەوە بە یارمەتیی خەڵکانی شارەزای ئەو ناوچانەی لێرەدا ناویان هاتووە و هەندێکیشیان هەر وەک خۆیان هێشتوومانەتەوە لەبەر نەبوونی زانیاریی پێویست، یان نەمان و گۆڕانی ئەو شوینە کۆنانە و نەبوونی زانیاری لەبارەیانەوە لە ئێستادا و بۆمان ساغ نەبووەتەوە.

– ناوی وڵاتی ئێران لێرەدا بە وڵاتی فارس هاتووە، کە تا ئەو دەمەش ناوە رەسمییەکەی لە رۆژئاوا بەو شێوەیە بووە.

– دەتوانرێت سوود لەم نووسینە و لە بەڵگەنامە و نەخشەکانی بەریتانیا وەربگیرێت لەسەر ئەم ناوچەیەی خۆمان کە جاران لەژێر دەسەڵاتیاندا بووە، لە بارە ناوە جوگرافییەکانەوە کە زۆر ورد بوون تێیدا و بەو جۆرەی خەڵکە رەسەنەکەی ناوچە جۆراوجۆرەکان گۆیان کردووە ئاوهایان نووسیوە وەک مێتۆدێکی زانستی، نەک بەو شیوەیەی داگیرکەرانی تر یان تەنانەت خۆشمان کە ناوە رەسەنەکان دەشێوینن.

سەرچاوە:
گۆڤاری جوگرافیی، کۆمەڵەی جوگرافیای
شاهانەی بەریتانی
ژمارە (٢)، بەرگی LXXXVI ساڵی ١٩٣٥

The Geographical Journal
The Royal Geographical Society, London
Vol. LXXXVI No. 2
August 1935

* پێشتر پزیشکی نەشتەرگەری مەدەنی لە سلێمانی

خاك - كوردستانى نوێ









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved