9/4/2018 02:25 PM

گرانترین 10 شله‌ له‌ جیهاندا


پێگه‌ی (عالم الابداع) ساڵانه‌ لیستێك داده‌نێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ گرانانه‌ی له‌ جیهاندا هه‌ن و زۆر جار كه‌سانی ئاسایی به‌كاری ده‌هێنن بێئه‌وه‌ی هه‌ست به‌و گرانییه‌ بكه‌ن.
بۆ ئه‌مساڵ ئه‌و پێگه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك شله‌ی له‌و لیسته‌دا ڕیزبه‌ندی كردووه‌، كه‌ تێیدا ده‌گمه‌نی و قورسی چاره‌سه‌ر و دروستكردن و سووده‌كانی ئه‌و شلانه‌ ڕه‌چاو كراون، هه‌روه‌ها ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ی ئه‌مساڵی له‌ كه‌مترین نرخه‌وه‌ بۆ به‌رزترین نرخه‌، واته‌ له‌ ده‌یه‌مه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م ڕیزی كردوون.
10 – بۆیه‌ی نینۆك:
له‌جیهاندا بۆیه‌ی نینۆكی باش و به‌كوالیتیی نرخێكی زۆر گرانی هه‌یه‌ كه‌ ده‌گاته‌ (890) دۆلاری ئه‌مریكی بۆ یه‌ك گاڵۆن، ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ مرۆڤ له‌و بڕوایه‌دا نه‌بێت ئه‌و بۆیه‌ی نینۆكه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یكڕێت هێنده‌ گران بێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆیه‌ی نینۆك به‌ بڕی كه‌م و له‌ شووشه‌ی بچوكدا ده‌فرۆشرێت و ئه‌و پانتاییه‌ی بۆیه‌ی نینۆكی بۆ به‌كاردێت زۆر كه‌مه‌.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی بۆیه‌ی نینۆك له‌ (نایترۆسیلیلۆز)ی تواوه‌ دروست ده‌كرێت كه‌ له‌شله‌یه‌كی توێنه‌ره‌وه‌دایه‌، به‌ڵام زۆر جار له‌مادده‌ی جێگره‌وه‌ش دروست ده‌كرێت كه‌ ئاو له‌ پێكهاته‌كه‌یدا به‌كارده‌هێنرێت.
9- خوێنی مرۆڤ
ڕه‌نگه‌ زۆر كه‌س نه‌زانن كه‌ هه‌موو مرۆڤێك نزیكه‌ی (4.7)بۆ(5.5) لیتر له‌ شله‌یه‌ك كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ شله‌ گرانه‌كان داده‌نرێت له‌ ناو جه‌سته‌یدا هاتوچۆ ده‌كات نرخی هه‌ر گاڵۆنیكیش له‌و شله‌یه‌ 1500 دۆلاری ئه‌مریكییه‌، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌رگیز بیر له‌وه‌ نه‌كرێته‌وه‌ ئه‌و شله‌یه‌ له‌ جه‌سته‌ ده‌ربهێنرێت و پێداویستییه‌كانی پێ پڕبكرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ حاڵه‌تی وادا ڕه‌نگه‌ كه‌سه‌كه‌ بمرێت، به‌ڵام ده‌توانرێت بڕێكی كه‌می ئه‌م شله‌ گرنگه‌ بفرۆشرێت یان ببه‌خشرێت به‌وانه‌ی پێویستیانه‌، ئه‌و شله‌ ناوازه‌یه‌ی ناو له‌شی هه‌ریه‌كێكیشمان خوێنه‌.
وه‌ك وتمان مرۆڤ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی نزیكه‌ی (4.7)بۆ(5.5) لیتر خوێن له‌ له‌شیدا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ ده‌كاته‌(1.3) بۆ(1.5) گاڵۆن، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ 2200 دۆلاری ئه‌مریكی له‌ ده‌ماره‌كانیدا دێت و ده‌چێت،.
ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ هه‌ندێك بانكی بازرگانیی خوێن له‌ زۆر وڵاتدا دروست بێت كه‌ (پلازما)ی خوێن له‌ هاوڵاتیان ده‌كڕێت كه‌ له‌ (10) دۆلاره‌وه‌ ده‌ست پێی ده‌كات بۆ (60) دۆلار بۆ هه‌ر جارێك و ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ 500 دۆلار له‌ مانگێكدا به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو جارێك ئه‌و كاره‌ بێ زیان بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤه‌كان تێپه‌ڕێت.

8- گاما هایدرۆكسی بیوتریت
نرخی ئه‌م شله‌یه‌ 2500 دۆلاری ئه‌مریكییه‌ بۆ یه‌ك گاڵۆن.
ئه‌م مادده‌یه‌ له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كاندا و بۆ بێهۆشكردن به‌كاردێت، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ری كه‌مخه‌ویی و خه‌مۆكیی به‌كار دێت، ئه‌م مادده‌یه‌ كه‌ به‌ (GHB)یش ناسراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتیی له‌ له‌شی مرۆڤدا هه‌یه‌ و كۆئه‌ندامی ده‌مار ده‌ریده‌دات. هه‌روه‌ها ئه‌م ماده‌یه‌ به‌ بڕی كه‌م له‌ شه‌راب و گۆشتی مانگا و ترشه‌مه‌نییه‌ بچووكه‌كاندا هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ترشاندنه‌وه‌ دروست ده‌بێت.

7- مه‌ره‌كه‌بی ڕه‌شی ئامێری چاپ
ئه‌م شله‌یه‌ نرخه‌كه‌ی 2700 دۆلاری ئه‌مریكییه‌ بۆ هه‌رگاڵۆنێك، ئه‌م شله‌یه‌ له‌ هه‌موو شتێك زیاتر له‌ نووسینگه‌كان و دامه‌زراوه‌ و كۆمپانیاكانی سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌كار دێت، هه‌ندێك له‌ ئامێره‌كانی چاپ نرخییان هێنده‌ گران نییه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ گرانی ده‌كات ئه‌و مه‌ره‌كه‌به‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی ده‌فرۆشرێت و هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان هیچ ئامێرێكی چاپ نافرۆشن ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره‌ مه‌ره‌كه‌به‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت. هه‌روه‌ها زۆر جار سه‌رنج ده‌درێت كه‌ ئامێرێكی چاپی كوالیتی به‌رز و خاسیه‌ت به‌رز به‌(3000) دۆلار ده‌فرۆشرێت، دوای ماوه‌یه‌ك كه‌ مه‌ره‌كه‌به‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت تیوپێك له‌و مه‌ره‌كه‌به‌ی خۆی له‌ بازاڕه‌كاندا به‌ (1000) دۆلاره‌، واته‌ سێیه‌كی نرخی خودی ئامێره‌كه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ زۆربه‌ی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئامێری چاپ پاره‌یه‌كی زۆریان له‌ تیوپی مه‌ره‌كه‌به‌كان ده‌ست بكه‌وێت، چونكه‌ كڕیار ناچارده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئامێره‌كه‌ بیكڕێت و دواتریش كه‌ ته‌واو ده‌بێت ناچار ده‌بێت بۆ چه‌ند جارێكی دیكه‌ بیكڕێته‌وه‌.

6- جیوه‌
زۆرجار جیوه‌ له‌سروشتدا له‌شێوه‌ی كبریتیدی جیوه‌دا هه‌یه‌ و نرخی یه‌ك گاڵۆن جیوه‌ نزیكه‌ی (3400) دۆلاری ئه‌مریكییه‌.
ئه‌وه‌ی وایكردووه‌ جیوه‌ هێنده‌ گران بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ند پرۆسه‌یه‌كی كیمیایی ئاڵۆزی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌ی شلێكی پاك ده‌ركه‌وێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات خه‌رجیی به‌رهه‌مهێنانی زۆر بێت و له‌ دوا جاریشدا نرخی به‌رز بێت، له‌كۆندا جیوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی بۆ مه‌به‌ستی پزیشكیی و دروستكردنی ته‌رمۆمه‌تره‌كان و چه‌ند ئامڕازێكی تری پێوانه‌ی گه‌رمیی و په‌ستانیی جه‌ویی به‌كار هاتووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر ژه‌هراوییه‌‌و بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ مه‌ترسیداره‌، بۆیه‌ به‌كارهێنانه‌كانیشی له‌ تایبه‌تمه‌ندی ده‌گمه‌ندا كورتبووه‌ته‌وه‌.

5- ئه‌نسۆلین:
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م مادده‌یه‌ له‌شی خۆمان ده‌ریده‌دات به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س ناچارن به‌ پاره‌ بیكڕن، نرخیی یه‌ك گاڵۆن له‌م مادده‌یه‌( 9400 )دۆلاره‌،
ئه‌و ئه‌نسۆلینه‌ی كه‌ به‌ پاره‌ ده‌كڕدرێت هیی مرۆڤ نییه‌، به‌ڵكو له‌ تاقیگه‌دا دروست ده‌كرێت، یان له‌ له‌شی ئاژه‌ڵه‌وه‌ ده‌ست ده‌خرێت، ئه‌و شله‌ گرانبه‌هایه‌ گرنگه‌ بۆ ڕێكخستنی ئاستی شه‌كری خوێن، له‌و كه‌سانه‌دا كه‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌یان هه‌یه‌.

4- بۆنی شانێل
ئه‌و بۆنه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بۆنه‌ گرانه‌كان و نرخی یه‌ك گاڵۆن له‌و بۆنه‌ تایبه‌ته‌ ده‌گاته‌ 26 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكیی هه‌رچه‌نده‌ شتێكی باش نییه‌ شله‌ی یه‌كێك له‌ بۆنه‌كان به‌خوێن و ئه‌نسۆلین به‌راورد بكه‌ین كه‌ ئه‌وان شله‌ی سروشتین و به‌ پاره‌ به‌راوورد ناكرێن له‌ له‌شی كه‌سانی له‌شساغدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاستییه‌كه‌ و ژماره‌كانی بازاڕ ده‌یسه‌پێنێت.
ئه‌و جۆره‌ بۆنه‌ له‌ ساڵی 1922 دا به‌رهه‌م هێنراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی هاریكاریكارییه‌كی كیمیایی له‌ نێوان كیمییستی به‌ناوبانگ( ئیرنیست بیوكس) و كوكو شانیڵ دا دروست بوو، بیوكس كاری له‌سه‌ر چه‌ند نمونه‌یه‌كی بۆن كرد و شانیلیش نمونه‌ی پێنجه‌می هه‌ڵبژارد ، به‌م شێوه‌یه‌ بۆنه‌ ئه‌فسانه‌یییه‌كه‌ هاته‌ بوونه‌وه‌ و ناوی شانێل ژماره‌ پێنجی لێ نرا .

3- خوێنی قرژاڵی شێوه‌ ناڵی ئه‌سپ
نرخی هه‌ر گاڵۆنێك له‌ خوێنی ئه‌و جۆره‌ زینده‌وه‌ره‌ ده‌ریاییه‌(59 )هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكییه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قرژاڵی شێوه‌ ناڵی ئه‌سپ خۆی زینده‌وه‌رێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ خوێنه‌كه‌شی زۆر ناوازه‌ و سه‌رنجڕاكێشه‌، چونكه‌ ڕه‌نگه‌كه‌ی شینێكی بریسكه‌داره‌، چونكه‌ له‌پێكهاته‌كه‌یدا (hemocyanin) هیمۆسیانینی تێدایه‌، ئه‌ویش ئه‌و پرۆتینه‌یه‌ كه‌ مس له‌ پێكهاته‌كه‌یدایه‌ و ئۆكسجین ده‌گوێزێته‌وه‌ له‌ ناو خوێندا، له‌ كاتێكدا بۆیه‌ خوێنی ئێمه‌ سووره‌، چونكه‌ هیمۆگلۆبینی تێدایه‌ كه‌ ئاسن پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌تی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئۆكسجین.
ئه‌وه‌ی وای له‌و خوێنه‌ كردووه‌ هێنده‌ گران بێت ، ته‌نها ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ نییه‌ كه‌ باسمانكرد، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك گه‌نجینیه‌ك وایه‌ بۆ تاقیگه‌كانی توێژینه‌وه‌ له‌ ده‌رمان، ئه‌ویش تێكڕای خه‌ستبونه‌وه‌ی ئه‌و خوێنه‌یه‌ بۆ كه‌مترین ڕێژه‌ی پیسبونی به‌ به‌كتریا كه‌ ده‌گاته‌ به‌شێك له‌ تریلیۆنێك به‌ش، له‌وه‌ش گرنگتر كاردانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ خوێنه‌ دوای 45 خوله‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ كاتێكدا كاردانه‌وه‌ی خوێنی شیرده‌ره‌كانی دیكه‌ دوای دو ڕۆژ ده‌رده‌كه‌وێت.

2- بیهۆشكه‌ری (LSD)
ئه‌م مادده‌یه‌ پێشی ده‌وترێت دووانه‌ی ئیسیل ئه‌میدی ترشه‌ڵۆكی ئه‌لیسرجیك (Lysergic acid diethylamide) نرخی یه‌ك گاڵۆن له‌و مادده‌یه‌ نزیكه‌ی 123 هه‌زار دۆلاره‌,
ئه‌م مادده‌ بیهۆشكه‌ره‌ مێژوویه‌كی سه‌یری هه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌ نێو هیپینیزم و ئه‌ستێره‌ی گۆرانی و میوزیك و نه‌یارانی ئه‌و كولتورانه‌دا بڵاو بوو كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا باو بوون، ئه‌م بێهۆشكه‌ره‌ به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ توانایه‌كی سه‌یری هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی جیهانێكی ته‌واو له‌ وڕێنه‌ی تێكه‌ڵ به‌ هه‌ستی شێتی خۆ به‌ مه‌زن زانیی و ئیلهام و به‌رزه‌فڕیی رۆحیی.
(ستیف جۆبز)دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای ئه‌پڵ، زۆر كات ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ مادده‌ی هۆشبه‌ری(LSD) به‌كار هێناوه‌ و ساتێكی پڕ ئیلهام و قوڵیی خه‌یاڵ و خه‌ون بینین به‌ داهاتووی داوه‌تێ، ئه‌م مادده‌یه‌ به‌ ته‌نها ئه‌و جۆره‌ كه‌شوهه‌وایه‌ دروست ناكات به‌ڵكو ڕوداوه‌كانی خۆكوژیی و كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ له‌ شوێنی به‌رزه‌وه‌ به‌ هۆی به‌كارهێنانی ئه‌م مادده‌یه‌ و ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ كه‌ هۆكاره‌كه‌ی به‌كارهێنانی(LSD)بووه‌ زۆرزۆرن و له‌ ژماردن نایه‌ن.

1- ژه‌هری ماری كوبرا، شا مار
ژه‌هری ئه‌م جۆره‌ ماره‌ زۆر گرانه‌ كه‌ نرخی یه‌ك گاڵۆن له‌و ژه‌هره‌ نزیكه‌ی 153 هه‌زار دۆلاره‌.
یاسایه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت «چه‌نده‌ ژه‌هره‌كه‌ كوشنده‌ بێت، هێنده‌ گرانتر ده‌بێت، پێوه‌دانێكی ماری كوبرا و به‌ تایبه‌تیش شا مار به‌سه‌ بۆ كوشتنی فیلێكی زۆر گه‌وره‌.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسامییه‌ كه‌ ماره‌كه‌ ده‌گیرێت و ژه‌هره‌كه‌ی له‌ ڕێگه‌ی ده‌مییه‌وه‌ لێ ده‌دۆشرێت، ئه‌و ژه‌هره‌ كوشنده‌یه‌ پرۆتینی خاوی جۆری (Ohanin)(ئۆهانین)ی تێدایه‌ كه‌ بۆ دروستكردنی ئازارشكێنێك به‌كار دێت كه‌ 20 هێنده‌ی مۆرفین به‌ هێزه‌ و هیچ پاشكه‌وتێكی خراپی لێناكه‌وێته‌وه‌.

1- ژه‌هری دوو پشك
ژه‌هری دووپشك یه‌كێكی تره‌ له‌ شله‌ گرانه‌كان و نرخی یه‌ك گاڵۆن له‌و ژه‌هره‌ نزیكه‌ی 39 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكییه‌.
هه‌روه‌ك پێشتر وترا كه‌ تا شله‌كه‌ كوشنده‌ بێت، گرانتره‌ و خواستی زۆرتر له‌سه‌ره‌، ژه‌هری زۆربه‌ی دووپشكه‌كانیش له‌و ژه‌هرانه‌یه‌ كه‌ كوشنده‌یه‌ و زۆربه‌ی جار ئه‌وانه‌ی دووپشك پێوه‌یان ده‌دا ده‌مرن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ژه‌هره‌كه‌ی نرخێكی خه‌یاڵیی هه‌یه‌، ئه‌م ژه‌هره‌ش جۆره‌ پرۆتینێكی تێدایه‌ كه‌ پشێوییه‌كانی كۆئه‌ندامی به‌رگریی خودیی چاره‌سه‌ر ده‌كات، وه‌ك هه‌وكردنی ڕیخۆڵه‌ و هه‌وكردنی جومگه‌كان و ڕه‌قبوونی ماسولكه‌كان.

سه‌رچاوه‌: عالم الابداع




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved