"کارێن شاخنازارۆف" ده‌رهێنه‌ری ناسراوی رووسیا ده‌بێته یه‌کێک له میوانه‌کانی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جرو فیلمی سینه‌مایی "بکوژی تێزار" که له ده‌رهێنانی ئه‌وه له به‌شی "بووژاندنه‌وه‌ی کلاسیکه‌کان" نمایش ده‌کرێت. "کارێن شاخنازارۆف" Karen Shakhnazarov ته‌مه‌نی شه‌ست و شه‌ش ساڵه‌و به‌رهه‌مهێنه‌ر، نووسه‌رو ده‌رهێنه‌رێکی دیار‌و ناسراوی سینه‌مای یه‌کێتی سۆڤییه‌تی جاران و رووسیای ئێستایه که له ساڵی 1998ی زایینی بووه سه‌رۆکی ستۆدیۆی "مۆسفیلم" Mosfilm. ئه‌و پێشتر له بیست و هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر له ساڵی 2009ی زایینی بۆ فیلمی "ژووری ژماره شه‌ش" Ward No. 6 که به‌پێی یه‌کێک له به‌رهه‌مه‌کانی "ئانتوان چخۆف" Anton Chekhov به‌رهه‌مهێنراوه، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌شی کێبڕکێی "سینه‌مای نێونه‌ته‌وه‌یی" به‌ده‌ستهێنا. ئه‌و درامی "بکوژی تێزار"ی له ساڵی 1991ی زایینی به نواندنی "مالکۆم مه‌ک داوڵ" Malcolm McDowell و "ئۆڵگ یانکۆفسکی" Oleg Yankovsky له ده‌وره سه‌ره‌کییه‌کاندا هێنایه به‌رهه‌م؛ ئه‌و فیلمه‌ی که له به‌شی سه‌ره‌کیی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی کانی هه‌مان ساڵ وه‌رگیراو بۆ به‌ده‌ستهێنانی چڵه به‌ڕووی زێڕێن رکابه‌ریی کرد. له‌م فیلمه، دوو نوسخه بوونی هه‌یه که یه‌کێکیان به زمانی ئینگلیزییه و دواتر له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ره رووسییه‌کان دۆبله کرایه‌وه‌و ئه‌وه‌ی دیکه به زمانی رووسیه. هه‌ڵبه‌ت له نووسخه‌ی دووهه‌مدا، "مالکۆم مه‌ک داوڵ" وا ده‌رده‌خات که به زمانی رووسی قسه ده‌کات و دواتر ده‌وره‌که‌ی ئه‌و ئه‌کته‌رێکی رووسی گوتی. شاخنازارۆف له ساڵی 2012ی زایینی به فیلمی "به‌بری سپی" White Tiger وه‌کوو نوێنه‌ری فه‌رمی رووسیا بۆ به‌شی باشترین فیلمی زمانی بیانی هه‌شتاو پێنجه‌مین خولی رێوڕه‌سمی ئه‌کادێمی ئۆسکار ناسێندرا، به‌ڵام له کۆتاییدا له چوونه ناو کورته پێڕستی کۆتایی به‌جێما. ئه‌و له مانگی مارسی ساڵی 2014ی زایینی نامه‌یه‌کی بۆ پاڵپشتیکردن له هه‌ڵوێستی سه‌رۆک کۆماری رووسیا "ڤلادیمێر پۆتین" سه‌باره‌ت به پرسی ئۆکراین و نیمچه دوورگه‌ی کریمه واژۆ کرد که بووه هۆی قه‌ده‌غه‌کرانی چوونی بۆ وڵاتی ئۆکراین. فیلمی "بکوژی تێزار" که له به‌شی "بووژاندنه‌وه‌ی کلاسیکه‌کان" Classics Preserved له سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر نمایش ده‌کرێت، به‌رهه‌می ساڵی 1991ی زایینی وڵاتانی یه‌کێتی سۆڤییه‌تی جاران و بریتانیایه. چیرۆکی فیلمه‌که به‌مشێوه‌یه‌یه که "تیۆف یێف" Timofyev نه‌خۆشی شێتخانه داخوازی ئه‌وه ده‌کات هه‌ر ئه‌و پیاوه‌یه که "تێزار ئه‌لیکسانده‌ری دووهه‌م" Tsar Alexander II له ساڵی 1881ی زایینی و نه‌وه‌که‌ی "تێزار نیکۆلاسی دووهه‌م" Tsar Nicholas II له ساڵی 1918ی زایینی‌دا کوشتووه. د.ئیسمیرنۆف Smirnov بڕیارده‌دات که شێوازێکی چاره‌سه‌رکردنی سه‌یروسه‌مه‌ره له‌سه‌ر ئه‌و ئاراسته بکات؛ به‌ڵام بارودۆخه‌که وه‌کو ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا، به‌ره‌وپێش ناچێت و رووداوێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو دێته ئاراوه. سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر له رۆژانی 19 تا 27ی ئه‌پرێڵی 2018ی زایینی رێکه‌وتی 30ی خاکه‌لێوه تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به ده‌بیری "سه‌ید ڕه‌زا میرکه‌ریمی" له شاری تارانی پایته‌ختی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. خاك - مه‌نسوور جیهانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure