خوێندنه‌وه‌ی: مسته‌فا ساڵح كه‌ریم * ده‌مه‌و عه‌سرێكی دره‌نگ وه‌خت وه‌ك عه‌سره‌كه‌ی ڕۆژی 4/2/2016 كه ئازاد تۆفیق به‌چاوی فرمێسكه‌وه ده‌ستی دایه قه‌ڵه‌م و خۆی خسته ژێر ئه‌ركێكی قورسه‌وه به گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌ونی مناڵی و سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاریی و تافی لاوێتی خۆی، منیش ئاوا هه‌ر ده‌مه‌و عه‌سر بوو، ڕۆژی 4/2/2018 له‌ماڵی خۆمان له گردبوونه‌وه‌یه‌كی خێزانی‌دا یادی له‌دایك بوونی (ناز)ی كچه‌زام ده‌كرایه‌وه، دوای پیرۆزبایی كردنم له (ناز) وتم: ئیتر كاتیه‌تی ئێوه له خۆشی‌دا بن و له‌سه‌ر ئاهه‌نگی خۆتان به‌رده‌وام بن، ڕێگام بده‌ن ده‌چمه ژووره‌كه‌ی خۆم و له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویستما كه زۆر جار له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانا بینیوتانه‌و ناوی ئازاد تۆفیقه ئه‌گه‌ر ئاره‌زووشی لێ بێ خاوه‌نی قه‌ڵه‌مێكی زۆر ناسكه، ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵیا گه‌ر ڕێم بدا پێكه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ (پیر محمد) بۆ مه‌ڵبه‌ندی یاده‌وه‌ریه‌كانی، بزانم چۆنم ئه‌فڕێنی به‌ره‌و خۆڵه‌په‌تانیه‌كه‌ی كوڕانی گه‌ڕه‌ك! ** كاتی خۆی له‌سه‌ره‌تای ژیانی سیاسیمدا كه ڕۆمانی (دایك)ی مه‌كسیم گۆركیم خوێنده‌وه و شاره‌زای پاڵه‌وانێتی و ئازایه‌تی و بوێریی دایكی پافل فلازوف بووم، خۆشیه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ر دڵ و ده‌روونمی ده‌گرته‌وه، زه‌رده‌خه‌نه‌ی شادیی له‌سه‌ر لێوم ده‌نه‌خشاو له‌دڵی خۆمدا ده‌موت: ((دایكی منیش هیچی له دایكی پافل كه‌متر نیه، ئه‌وه نیه ڕۆژانه ئه‌و به‌یاننامانه‌ی هاوڕێكانم ده‌یهێنن لێیان وه‌رده‌گرێ و بۆم ده‌پارێزێ! ئه‌ی ئه‌و نیه ئه‌و كتێبه قاچاخانه‌ی لای پۆلیس و ته‌حقیقاتی جینائی وه‌ك تلیاك بۆی ده‌گه‌ڕێن دایكم بۆم ده‌شارێته‌وه! ئه‌ی جگه له دایكم كێیه شوێنی كۆبوونه‌وه نهێنییه‌كانم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانما بۆ دابین ده‌كات؟ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌نده ساڵه كه (پیر محمد)ه‌كه‌ی ئازادم خوێنده‌وه، له‌به‌ر خۆمه‌وه وتم: به‌ڕاستی دایكانی كورد، دایكانی تێكۆشه‌رانی كوردستان به شانازییه‌وه شان له‌شانی دایكی پافل ده‌ده‌ن، بڕوانه دایكی ئازاد تۆفیق چۆن له‌شاره‌وه به‌ناو هێڵی ئاگردا به‌و هه‌موو باروت و قوڕقوشمه‌وه چۆن به بازگه‌كاندا تێده‌په‌ڕێ، ئه‌و بڵاوكراوه نهێنیانه‌و ئه‌و نامیلكه پڕ مه‌عریفه‌تانه‌ی ئه‌و ده‌یبردن لای ئه‌منی سه‌رده‌می به‌عس وه‌ك نارنجۆك و گولله‌ی R.B.Gی بوون، به‌ڵام هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له گۆڕی، له خۆشی ئه‌وه‌ی شادیی بخاته دڵی كوڕه تاقانه‌كه‌یه‌وه گوێی نه‌ئه‌دایه تووڕه‌بوون و هه‌ڵچوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی، كاره‌كه‌ی خۆی هه‌ر ده‌كردو له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یوت: ((ڕاسپارده‌ی ئازاد گیانه، به‌چاوی خۆم بۆی ده‌پارێزم))، ڕۆمانی دایك و لینینیزم و چه‌پكێ له وته‌كانی ماوتسی تۆنگ و به‌یاننامه خه‌ته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵه‌و ی.ن.ك، دایكی ئازاد ده‌یگه‌یاندنه هه‌ڵه‌بجه، هه‌ندێ جاریش به‌ناوی پاراستنی گیانی ئازاده‌وه كاكه تۆفیق ڕه‌نجی سۆیبه خانی به‌با ئه‌دا و دیاریه‌كانی ده‌كرده «قه‌ره‌برووت».!! * ئای پیر محه‌مه‌د! جاران له‌ڕێی هاوڕێكانمه‌وه ناو‌و ناوبانگتم بیستبوو هه‌ر دوور به‌دوور ناوه‌كه‌تم لا خۆش بوو ئه‌و (پیرانه‌ی) تری بیر ده‌خستمه‌وه كه نه‌نكم و دایكم باسیان ده‌كردن به‌تایبه‌ت (پیر مامه‌ند)ه‌كه‌ی وێڵه‌ده‌رو سه‌یرانه خێزانیه‌كانمان و سه‌یرانی به كۆمه‌ڵ بۆ (پیره‌مه‌گروون)و سه‌ردانی (پیری شه‌وكێڵ)و چه‌رخ و فه‌له‌كی (پیرمه‌سوور) له جه‌ژنا هه‌روه‌ها (پیری قه‌ره‌چێوار)و تا…د. به‌ڵام ئێستا ئه‌م ئازاد تۆفیقه وا كاری كردۆته سه‌ر چێژم ده ئه‌وه‌نده‌ی جاران پیر محه‌مه‌دو هه‌ڵه‌بجه‌ی شیرین‌تر كردوه له‌لام، ناحه‌قی نیه كه ده‌ڵێ: ((ئێستاش گه‌ردێكی به كلووری هه‌موو دنیا ناگۆڕمه‌وه)) به‌نده‌ش وه‌ك خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێك وه‌ك عاشقێكی ده‌شت و هه‌ردو دۆڵ و چیا‌و دره‌خت و نزاری ئه‌م كوردستانه، ده‌مه‌وێ وه‌سفی كووچه‌و كۆڵان و دانیشتوانی پیر محه‌مه‌دو به‌سه‌رهاته‌كانیان و مناڵانی كۆڵانه‌كان و ڕیزی سبه‌ینانی قوتابیان له قوتابخانه‌داو شه‌وانی یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران له هه‌ڵه‌بجه كه باوكی كارگێڕی بوو ده‌مه‌وێ ئه‌مانه به‌شێنه‌یی ڕاسته‌وخۆ له كاك ئازادی ببیستم .. ئه‌ها! بڕوانه چۆن خۆی داوه به‌سه‌ر سه‌رینه په‌ڕه‌كه‌داو خێرا خێرا كاغه‌ز ڕه‌ش ده‌كاته‌وه، منیش لێره‌وه به تیلایی چاو وشه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ناڵه‌ی هوزاران و زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوی عاشقان و به‌وه‌فایی و خۆڕاگریی تێكۆشه‌ران و ته‌بایی خێزانه‌كانیان و سفره‌و خوانی هاوبه‌شیان و كاسه دراوسێتیانا ده‌ژیم، ناوبه‌ناویش ده‌بینم ئازاد فرمێسكی چاوه‌كانی ده‌سڕێته‌وه‌و منیش دوور به‌دوور ده‌بمه هاوخه‌می! * ئه‌وا جه‌ژنه‌و كاكه ئازادی نه‌وسن به‌جۆرێ باسی قبووڵیه‌كه‌ی جه‌ژن و (الله اكبر)ه‌كه‌ی ده‌كات، ئاو ده‌زێته ده‌ممانه‌وه‌و هه‌ناسه بۆ مه‌نجه‌ڵی به له‌گه‌ن داپۆشراوی سه‌ر سێكوچكه‌و پشكۆكانی ژێری و تك تك دڵۆپه‌ی ئاوی چزه لێ هه‌ڵساوی پشكۆكان هه‌ڵده‌كێشین. * حه‌مه میناغای باوكی هونه‌رمه‌ندی هه‌ڵكه‌وتوو(فوئاد) جارێك له ماڵی كاك فوئاد بۆی گێڕاینه‌وه وتی: له هه‌ڵه‌بجه (سندوق ئه‌مینی) بووم میرزا مارفی شاعیریش (ماڵ مودیریی) بوو هیچ كاممان نوێژمان نه‌ده‌كرد، به‌ڵام به‌یانی جه‌ژن ئێمه‌ش له ماڵه‌كانی خۆمانه‌وه سینیمان بۆ ده‌هات بۆ مزگه‌وت و له‌وێ «پڵاوو بامێ» كه‌مان به‌ده‌م «الله اكبر» ی جه‌ژنه‌وه نۆش ده‌كرد. * ببوورن تاوێك به‌جێتان ده‌هێڵم، ئازاد كه‌تنی كردوه با به‌په‌له بچم به‌لایه‌وه، له‌گه‌ڵ باوك و دایكی و خوشكانی و خاڵوان و خزمانیا چوون بۆ سه‌یران بۆ خورماڵ، ئازادی نه‌وسن بۆ ده‌نكێك هه‌ڵووژه ژیانی خۆی خستۆته مه‌ترسیه‌وه، به‌هۆی شان لێدانی خاڵۆیه‌وه قاچی خلیسكاوه و كه‌وتۆته ناو ئاوه‌كه‌وه كه لرفه‌ی ده‌هات ئاو گێژی دا‌و ئازاد كه‌وته له‌قه‌فرتێ، باش بوو به‌هیمه‌تی باوكی و خاڵۆی، كوڕه تاقانه‌كه‌ی كاك تۆفیق له مه‌رگ قوتاری بوو، خۆشیان له تانه‌و ته‌شه‌ری خه‌ڵكی ڕزگاریان بوو، كه بێگومان ده‌وترا ((له‌به‌ر كه‌یف و سه‌فاو خواردنه‌وه، ئاگایان له‌و تلفه نه‌ما تا ئاوه‌كه لوولی دا‌و خنكانی)) بێگومان ئه‌وه تایه‌فه‌یه‌كی ده‌خسته ناوباس و خواسه‌وه به‌تایبه‌ت كه بیانوتایه: كوڕه تاقانه‌كه‌ی فڵان بوو به قوربانی به‌زم و ڕه‌زم و كه‌یف و خواردنه‌وه‌ی گه‌وره‌كان، به‌ره‌كه‌ت دا شكور ئه‌و زه‌مانه فه‌یس بووك و مه‌سنجه‌ر نه‌بوو تا دنیای لێ به‌ئاگا بێنن. * ئازاد گه‌وره بوو، له خه‌م ڕه‌خسی، وه‌ك له چه‌ند په‌ره‌گرافێكی ئه‌م نوسینه‌دا ڕوونم كرده‌وه، ئازاد له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی كتێب و به‌یاننامه‌ی نهێنیدا ئاشنایه‌تی په‌یدا كرد، فێری كۆبوونه‌وه‌ی ژێرزه‌مینی و چرپه چرپی ڕێكخستنی نهێنی بوو، دایكی له شاره‌وه په‌یامی پیرۆزی پێ ده‌گه‌یاند، ئه‌گه‌رچی جارجاره‌ش وه‌ك باسم كرد به‌ر شاڵاوی باوكی ده‌كه‌وت و دایكه‌ش پێی خه‌مبار ئه‌بوو، باوكه بۆ دڵدانه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی پێی ده‌وت: ((ژنه‌كه تۆ ئه‌م حكومه‌ته ناناسیی نازانیت چه‌ند زاڵمه!)). به‌ڵام ئه‌و دایكه ئازایه‌ی كه ئازاد له وه‌سف كردنیا ده‌ڵێ: ((ژنی هه‌موو وه‌رزه‌كان بوو)) كۆڵی نه‌ئه‌داو به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو فسكه فسكه‌ی ئازادی ده‌گرت. له‌گه‌ڵ نه‌شونمای ئازادا خه‌میش زیاد ده‌كات، ڕۆژگارێك ئه‌و خێزانه ڕه‌گ داكوتاوه‌ی مه‌زاره‌كانی پیر محه‌مه‌د ده‌گوێزنه‌وه بۆ دوجه‌یله، ڕاهاتنیان له‌سه‌ر ئه‌م جێ گۆڕینه‌و ئاشنابوون به ژیانی شوێنی تازه‌یان.. دیاره ئه‌مه كاتی ویست، له فه‌سڵێكی تردا نه‌خۆشیه‌كه‌ی دایكی ئه‌مجا گرتنی باوكی و دیسان ئازایه‌تی و ماندوو بوونی دایكه مشۆرخۆره‌كه‌یان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و به‌خێوكردنی مناڵ. * له‌گه‌ڵ قه‌تاره‌ی خه‌ما ئه‌ستێره گه‌شه‌ی هیواش له ئاسمانی كوردستانا كه‌وته دره‌وشانه‌وه، ئازاد به ڕاستگۆییه‌وه باسی پێكهاتنی مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌كان و ڕه‌نگ كردنی چیاكان به‌خوێنی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادیی كوردستان ده‌كات، به وره‌ی به‌رزه‌وه باسی شه‌وانی شه‌به‌یخوونی پێشمه‌رگه دلێره‌كان ده‌كات كه ده‌هاتنه ناو شار بۆ نواندنی چالاكی. * له كاركردنی سیاسی‌دا جاری وا ڕێ ده‌كه‌وێ له‌یه‌ك ماڵدا له‌سه‌ر بیروڕاو ئایدیۆلۆجیای جیاواز ناكۆكی خراپ ڕوو ده‌دا، ئازاد تۆفیق له‌م باره‌یه‌وه باسی خیلافی سیاسی نێوان خۆی و عادلی هاوڕێی گیانی به‌گیانی ده‌كات، ئه‌و عادله‌ی كه دڵی هه‌ر به چێشته‌كه‌ی دایكی ئازاد ده‌كرایه‌وه، ئینتیمای سیاسیی جیاواز وای كرد ئازاد به خه‌فه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ر وه‌سفێكی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی نێوان خۆی و هه‌ڤاڵه‌كانی بكات ــــ به‌تایبه‌ت عادل ــــ دواجار به هه‌ناسه‌یه‌كی پڕ له گریانه‌وه باسی بیروڕای جیاواز‌و سه‌نگه‌ر جودایی ده‌كات كه چۆن وه‌ك خۆره به‌ربوه گیانی دۆستایه‌تی و برایه‌تی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌وه، چۆن كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تی له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵبته‌كێنێ ((وا خه‌ریكه نه‌رم نه‌رم وه‌ك كرم بنكۆڵی ڕه‌گی هاوڕێیه‌تی دوو لقی یه‌ك دار ده‌كات، وا خه‌ریكه كوڕی یه‌ك ماڵ ده‌كا به زڕبرا)). * هه‌ر لێره‌وه له‌ڕێی ئه‌و كلیلانه‌ی كه ده‌بێ ئازاد له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی باوكی بیگه‌یه‌نێته عادل و پێی بڵێ: ئێمه ماڵ ئاوا.. ئامانه‌تی تۆ‌و هه‌موو شتێ. ئا له‌وێوه خه‌ریكه ده‌گه‌ینه ساته وه‌ختێك كه ئازاد ناوی ناوه (48 سه‌عات پێش قیامه‌ت). * حه‌وت ڕۆژی ماوه بۆ نه‌ورۆز، له‌باتی ئه‌وه‌ی وه‌ك ساڵانی ڕابوردوو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه چه‌وته فاشیزمیه‌كانی به‌عس خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه خۆیان بۆ ئه‌و جه‌ژنه ئاماده بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه دیمه‌نی خه‌مناك جێی ئه‌وه‌ی گرته‌وه، ڕۆژی 14/3/1988 هه‌ڵه‌بجه بۆنی خوێنی لێ ئه‌هات، خه‌ڵكه‌كه‌ی مات و مه‌لوول، زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێویان وشك هه‌ڵاتبوو. له‌ته‌ك باوك و دایكی و خوشكان و خاڵوان و خزمان وه‌ك زۆر كه‌سی تری هه‌ڵه‌بجه‌یی له ئاماده‌باشیدان بۆ كۆچ، بۆ سه‌فه‌ری ڕێی هات و نه‌هات، به‌بێ ویستی خۆیان ماڵ و حاڵ به‌جێ ده‌هێڵن و به‌ره‌و سلێمانی ئه‌ڕۆن، ئازادی عاشقی دار‌و به‌ردی پیر محمه‌ده‌كه‌ی جێ نزرگه‌ی خه‌ون و ئاواتی، به‌قوڵپی گریانه‌وه هه‌موو یادگاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه به‌جێ ده‌هێڵێ و ((خواحافیز مه‌نزڵی فێربوونی یه‌كه‌م وشه‌ی كوردیم)) ((خوا حافیز ئه‌حمه‌ده فه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ر)). ئازاد دڵی خه‌به‌ری دابوو كه ئیتر جارێكی تر زۆربه‌ی زۆری ئه‌و یادگارانه نابینێته‌وه، ئازاد به‌ده‌م هه‌نسكه‌وه ده‌نووسێ ((دوای ئه‌و ڕۆژه به دوو عه‌سر، هه‌ر له‌هه‌مان كات و له‌هه‌مان شوێندا، له‌هه‌مان سات و له‌هه‌مان زه‌مه‌ندا كه ڕۆژی قیامه‌ت هه‌ڵده‌سێ، هه‌ندێ له‌و دراوسێ ئازیزانه‌مان بوبوون به په‌یكه‌ر له مرۆڤ، په‌ری له ئینسان)). * نووسه‌ر باسی كاره‌ساته جه‌رگبڕه‌كه‌ی شانزه‌ی ئازار‌و بۆنی سێوه ژه‌هراویه‌كانی صدام ئه‌كات كه له چاوتروكاندنێكدا 5000 گوڵه‌باخ هه‌ڵوه‌رین و با بردنی.. له‌و زه‌مانه نه‌گریسه‌دا، زه‌مانی بێده‌نگی و بێكه‌سیی كورد ئاوازێكی یه‌كجار خه‌مناك به‌ر گوێی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌وت كه عه‌وداڵی قوربانیه‌كانیان و غه‌ریبه زوڵم لێكراوه بێده‌ره‌تانه‌كانیان بوون. تێبینی: به‌یارمه‌تی ئێوه كه‌مێك له جوغز ده‌رده‌چم. ((سه‌یرو سه‌مه‌ره له عیراقی به‌ناو (نوێ)دا له‌وه‌دایه كه‌وا 30 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌سات و ئه‌و لێقه‌ومانه گه‌وره‌یه‌دا تێپه‌ڕیوه و هێشتا حكومه‌ته‌كانی دوای ڕوخانی صدام كه پازده ساڵه حوكمڕانی عیراق ده‌كه‌ن هیچیان بۆ هه‌ڵه‌بجه نه‌كردوه‌و قه‌ره‌بووی كه‌سیان نه‌كردوه، ده‌رده‌دارێكیشیان نه‌ناردوه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ر، كه دێنه سه‌ر قسه‌ش ده‌ڵێی به‌ڕوو له ده‌میانا ته‌قیوه‌ته‌وه به‌ڵام به‌كرده‌وه هیچ)). ((یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌ی سه‌رده‌مانێك به‌ناوی ئیسلام گه‌راییه‌وه دوه‌م پۆستی فه‌رمانڕه‌وایی عیراقی وه‌رگرت له سه‌ردانیا بۆ هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌نده درۆی هه‌ڵرشت، ئێستاش له یاده‌وه‌ری خه‌ڵكا ماونه‌ته‌وه له ئه‌نجاما هه‌موو قسه‌كانی پووچ ده‌رچوون.)) خوێنه‌ر، له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م یاده‌وه‌ریانه‌ی كاك ئازاد ئه‌وه‌نده چێژ وه‌رده‌گرێ، وا ده‌زانێ له‌گه‌ڵیا ژیاوه، چونكه هه‌روا به ئاسانی ده‌بێته هاوڕێی سه‌فه‌ره‌كه‌ی كاك ئازاد‌و له‌گه‌ڵیا خه‌م ده‌خوا، له‌گه‌ڵیا پێده‌كه‌نێ، له‌گه‌ڵیا گریانی دێ ئیتر ئه‌وه هه‌ڵه‌بجه‌یه و مه‌نزڵگای شاعیران و نووسه‌ران و خه‌باتگێڕانه. ئه‌وه هه‌ڵه‌بجه‌ی كانی عاشقان و پیرمحه‌مه‌ده.. ئه‌وه هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیده كه ناوی هه‌میشه به نه‌مریی ده‌مێنێته‌وه. * له‌وه زیاتر له‌سه‌ری ناڕۆم، نامه‌وێ هه‌موو شتێ بڵێم، با خوێنه‌ر وه‌ك من بیخوێنێته‌وه‌و خۆی حوكم بدات. * ئه‌م كتێبه هه‌ر نووسینی بیره‌وه‌ری و یادگار نیه، به‌ڵكو ڕۆمانێكه بۆ خۆی ئه‌گه‌ر چی نووسه‌ر نه‌یویستوه بیخاته قاڵبی ڕۆمانه‌وه. * من به‌ش به‌حاڵی خۆم حه‌زم له خوێندنه‌وه‌ی یاداشت و بیره‌وه‌ریه، له‌و باره‌یه‌وه زۆریشم خوێندۆته‌وه نه‌ك هه‌ر هی كورد به‌ڵكو هی عه‌ره‌بیش و كه‌م كه‌مه‌ش هی بیانیه‌كان. من ناتوانم به‌ر له كۆتایی دان به‌وه‌دا نه‌نێم كه یه‌كجار خۆشیم له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه پێ به‌خشرا.. ده‌ست خۆش كاكه ئازاد به‌هیوام به‌رده‌وام بی له‌سه‌ر ئه‌م جۆره نوسینانه، بێگومان ئه‌مانه له یاده‌وه‌ری خه‌ڵكدا له‌زۆر شتی تر زیاتر ده‌مێننه‌وه. دوا وشه‌م ده‌ست خۆشیه بۆ هاوڕێم نووسه‌ری به‌هره‌مه‌ند مامۆستا پشكۆ نه‌جمه‌دین بۆ ئه‌و پێشه‌كیه ڕۆمانسیه‌ی بۆ ئه‌م كتێبه‌ی نوسیوه. ((خامه‌تان ڕه‌نگین و هزرتان خۆش.. ئازاد گیان و مامۆستا پشكۆ)).
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure