11/4/2018 09:12 AM

منداڵ لە چ تەمەنێکەوە سەیری تەلەفزیۆن بکات؟

منداڵ لەچ تەمەنێکەوە سەیری تەلەفزیۆن بکات؟ ڕۆژانە چەندکاتژمێر بۆ منداڵ تەندروستە؟ زیانەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن چیە و دایکان و باوکان چۆن چارەسەری ئەم حاڵەتە بکەن؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە د.پشدەر عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی منداڵان وتی: تا تەمەنی 2 ساڵ باش نیە منداڵ سەیری شاشە بکات (تەلەفزیۆن، ئایپاد، مۆبایل). لەدوای ئەو تەمەنەوە منداڵ باشترە یەک بۆ دوو کاتژمێر زیاتر لە ڕۆژێکدا سەیری ئەم ئامێرانە نەکات، لەجیاتی ئەوە کاتەکانی بە یاریکردن بباتەسەر چونکە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە مێشکی منداڵ باشتر گەشە ئەکات بە یاری کە خۆی بیکات لەوەی بە یاریەک کە لەڕێگەی ئەو ئامێرانەوە بیکات.

زیانەکانی یاری و سەیرکردنی ئەم ئامێرانە ئەمانەن:
١/قسەکردنی دوائەکەوێ.
٢/ئەو منداڵانەی کە ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی ئۆتیزم هەیە (ئەو منداڵانەی کە لەڕێگەی بۆ ماوەییەوەو لە خێزانەکانیاندا ئەگەری توشبوون هەیە) ڕێژەی تووشبونەکە زیادئەکات.
٣/قەڵەوی، کێشی زیادئەکات چونکە جوڵەی کەمدەبێتەوە.
٤/شێوازی خەوی تێکئەچێت و خەوی کەمدەبێتەوە.
٥/کێشەی هەڵسوکەوتی بۆ دروستدەبێت.
٦/لاوازبوونی لایەنی کۆمەڵایەتی، واتە گۆشەگیر ئەبێت و هاوڕێییەتی کەس ناکات.
٧/فێری ڕەفتاری توندوتیژ ئەبێت، بەتایبەتی کە سەیری فیلم و یاریەک بکات کە توندوتیژی تێدابێت.
٨/کاتی بۆ یاری نامێنێت، لەبەرئەوەی زۆربەی کاتەکانی بە سەیرکردنی ئەو ئامێرانە بەسەردەبات.

د.پشدەر ڕێنمایی دەداتە دایکان و باوکان تا منداڵەکانیان لەم زیانانە بەدووربگرن ئاماژە بەوەش دەکات کە:
* هەوڵبدە خۆت پێشتر سەیری ئەو کەناڵانە یان یاریانە بکە کە مناڵەکەت ئەیەوێ سەیریان بکات چونکە هەندێ کەناڵ و یاری زیانی زۆریان هەیە.
* هەوڵبدە ئەو یاری و کەناڵانە لەشوێنێك بن لەناو ئامێرەکە کە مناڵەکە بەئاسانی دەستی پێنەگات.
* هەوڵبدە نزیکبیت لە مناڵەکە لەکاتی سەیرکردنی تەلەفزیۆن یان ئامێرە ئەلکترۆنیەکە.
* ناوبەناو پرسیار لە مناڵەکەت بکە کە سەیری کام بەرنامە ئەکات کە لەماڵەوەیە، یان کام یاریە ئەکات.
* کاتێک لەگەڵ منداڵەکەت سەیری بەرنامەو یاریەک ئەکەیت هەوڵبدە بۆی ڕوونبکەیتەوە ناوەرۆکەکەی.

وتیشی: دەتوانن سنور بۆ بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە دابنێین بەمجۆرە:
١/ ئەبێ کاتێکی دیاریکراویان بۆ دابنێین.
٢/هەوڵبدەین بەرنامە بۆ ئامێرەکە دابنێین کە کات دیاری بکات بۆ بەکارهێنانی.
٣/نابێ لەژووری نوستن شوێنی شەحنکردنەوەی ئەو ئامێرانە بێت.
٤/نابێ لەژووری نوستن تەلەفزیۆن هەبێت.


خاک - تانیا ئاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved