14/4/2018 10:14 AM

نەخۆشی مایەسیری چیەو چۆن ڕوودەدات

نەخۆشی مایەسیری بریتییە لە ئاوسانی دەمارەکانی خوێن لەناو کۆمدا، هەندێکجار ئاوسانی ئەم دەمارانە دەبێتە هۆی دروستکردنی ئازارو ناڕەحەتی لەکاتی هەبوونی جوڵە لە ناوچەی حەوزدا یان دانیشتن.

د.ئارا عبدللـە محمد پزیشکی نەشتەرگەری گشتی باسی لەم نەخۆشییە بۆ خاک کردو وتی:
دوو جۆری جیاوازی نەخۆشی مایەسیری بوونی هەیە:

١/ مایەسیری ناوەکی: ئەمجۆرە دەکەوێتە بەشی ناوەوەی کۆم و ناتوانرێت هەستی پێبکرێت یان بە چاو ببینرێت. ئەم جۆرە نابێتەهۆی دروستکردنی ئازار بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر کەم لە هەستەوەرە خانەکان لە بەشی ناوەوەی کۆم، بەڵام هەندێکجار گەشە دەکات و بەرەو دەرچەی کۆم بڵاودەبێتەوە، لەمکاتەدا نەخۆشەکە هەست بە ئازار دەکات، چونکە لەنزیک دەرچەی کۆمدا ژمارەیەکی زۆر لە هەستەوەرە خانەکانی تایبەت بە ئازار بوونیان هەیە، کاتێک بڵاوبوونەوەی ئەمجۆرەی مایەسیری روودەدات، نەخۆشەکە هەست بە شتێکی شێداری پەمەیی دەکات لەسەر پێستەکەی.

٢/ مایەسیری دەرەکی (دەرچەی کۆم): ئەمجۆرە لە مایەسیری ئازاربەخشەو ئاوسانەکە زۆرجار لە دەرچەی کۆمەوە بەرەو دەرەوەی کۆم بڵاودەبێتەوە، هەندێکجار لەناو ئاوسانەکەدا خوێن دەمەیێت و ئازارێکی زۆرتر دروستدەکات. لەمکاتەدا رەنگی ئاوسانەکە (مایەسیرییەکە) دەگۆڕدرێت بۆ مۆر یان شین و رەنگە خوێنیشی لێبێت.

د.ئارا هۆکارەکانی توشبوون بە مایەسیری ڕووندەکاتەوەو دەڵێت: پزیشکەکان تائێستا بۆیان روون نەبووەتەوە کە هۆکاری سەرەکی توشبوون بە نەخۆشی مایەسیری چییە.

١/ هەندێک لە زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەخۆشی مایەسیری زیاتر لەو کەسانەدا سەرهەڵدەدات کە خوێنهێنەرەکانی ناوچەی کۆمیان لاوازە.
٢/ یەکێکی تر لە هۆکارەکان بریتییە لە زۆربوونی پەستانی ناو سک، پەستانی زۆری ناو سک دەبێتە هۆی ئاوسانی خوێنهێنەرەکان و بەمەش چانسی توشبوون بە نەخۆشی مایەسیری زیاتر دەبێت.

زیادبوونی پەستانی ناو سک دەکرێت بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بێت لەوانە:
 * قەڵەوی
 * دووگیان بوون
 * بەپێوە وەستان یان دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر
 * پژمین
 * رشانەوە
 * کۆکین
 * گرتنی هەناسە لەوکاتەی کارێکی قورس ئەنجامدەدەیت

چۆن دەتوانین رێگری لە نەخۆشی مایەسیری بکەین؟ د.ئارا عبدللـە وتی: ئەو خواردن و خواردنەوانەی دەیانخۆیت کاریگەریان دەبێت لەسەر نەخۆشی مایەسیری.
١/ فایبەری زۆرتر بخۆ.. یەکێک لە رێگاکانی کەمکردنەوەی چانسی توشبوون بە نەخۆشی مایەسیری بریتییە لە زۆر خواردنی ئەو خۆراکانەی فایبەرییان زۆر تێدایەو هاوکاری کرداری هەرس دەکەن، وەک سەوزەو میوەو گوێزو پاقلەمەنی.

٢/ ئاو زۆر بخۆرەوە.. گەر ئاوی زۆر نەخۆیتەوەو رێژەی ئاوی ناو جەستەت داببەزێت، لەکاتی پاشەڕۆکردندا توشی ناڕەحەتی زۆر دەبیت بەهۆی رەقتربوونی پیساییەوە، بەمەش چانسی ئاوسانی خوێنهێنەرەکانی ناو کۆم زیاتر دەبێت و رەنگە ببێتەهۆی مایەسیری.

وتیشی: بەم ڕێگەیە چارەسەر دەکرێت:
* دەرمان.. هەندێکجار نەخۆشی مایەسیری دەکرێت بە کرێم و لەزگەی تایبەت چارەسەر بکرێت.
*نەشتەرگەری.. گەر بەکارهێنانی دەرمان و کرێم سەرکەوتوو نەبوو لە لابردنی مایسیرییەکە، ئەوا پەنا دەبرێتە بەر بەکارهێنانی نەشتەرگەری.


خاک - تانیا ئاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved