14/4/2018 10:55 AM

یاده‌وه‌ری برین ... هه‌وڵێك بۆ هێنانه‌ گۆی پانتاییه‌كی كپ ...



( چه‌ند دێڕێك له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌رباره‌ی تاوانی جینۆسایدی ساڵی ١٩٨٨ - هه‌ڵمه‌تی به‌دناوی ئه‌نفال) ..    دڵشاد مسته‌فا  

هێزی بێده‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ خانه‌ی گوتارێكی نادیاره‌وه‌ ، وه‌لێ هه‌ندێك جار ده‌گاته‌ ئاستی كوشتنی ئه‌و هه‌له‌ی له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ی كۆدی نادیاردا ده‌ستبه‌ر ده‌كرێت . بۆیه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر پانتاییه‌ك كه‌ به‌شێكی ئه‌وه‌ی تێدا وتراوه‌ جگه‌ له‌ گێرانه‌وه‌یه‌كی كاڵ و ساده‌ی چیرۆكی برین زیاتر نییه‌ ،ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ به‌ توێژه‌ر ده‌دات قوڵتر ڕۆبچێته‌ نێو ژماره‌یه‌ك كۆنسێپتی خواستراو له‌ كایه‌كانی تره‌وه‌ بۆ راڤه‌كردن، یان بۆ دروستكردنی ئارگومێتێكی مه‌به‌ستگه‌را له‌ راژه‌ی خودی برین و كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی زیاتر به‌رویدا.  به‌ده‌ربڕینێكی تر بۆ ده‌رباز بوون له‌ته‌وقی بێده‌نگی ده‌بێت ده‌ست بۆ تێرمی جیاواز به‌رین تا له‌به‌رده‌م جه‌بری ئه‌ودا بوه‌ستین و سنوره‌ به‌هێزه‌كانی بكه‌ینه‌وه‌ . سانا له‌و وێنه‌یه‌ ده‌روانین ، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌یاڵمان لای ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ خودی وێنه‌ ( به‌تایبه‌ت فۆتۆگرافی) كرده‌ی به‌ نه‌مری هێشتنه‌وه‌ی ساتی چركاندنه‌، یان بۆ وه‌ستاندنی زه‌مه‌نه‌ له‌و ساته‌ی كردارێكی دیاریكراو روو ده‌دات. زمانی وێنه‌ به‌ سانایی ئه‌و گوزارشته‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌ناخی كه‌سی وێنه‌گیراودا هه‌یه‌و   پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه‌تا منیش لێره‌ بووم.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved