"نیکۆلا پیوانی" که بۆ فیلمی سینه‌مایی "ژیان جوانه" بووه براوه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین مۆسیقای ناوه‌رۆکی فیلمه‌که‌ی، له زومره‌ی میوانانی تایبه‌تی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر ده‌بێت. به‌پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر، "نیکۆلا پیوانی" Nicola Piovani ئاوازدانه‌رو رێبه‌ری ئۆرکێستڕای ناوداری ئیتاڵیایی که ئه‌زموونی هاوکاری له‌گه‌ڵ سینه‌ماکارانێکی ناسراوی وه‌کو؛ "فێدریکۆ فێلینی" Federico Fellini، "برایانی تاویانی" Taviani Brothers و "مارکۆ بێلۆکیۆ" Marco Bellocchio هه‌یه، ده‌بێته میوانی تایبه‌تی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر. له‌رۆژی 25ی ئه‌پڕێڵی 2018 له ته‌لاری وه‌حده‌تی شاری تاران ئاراسته‌یه‌کی پێشکه‌شکردنی راسته‌وخۆی ده‌بێت و له‌م کۆنسێرته‌دا هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌و پارچه موزیکانه‌ی که پێشتر بۆ ژماره‌یه‌ک له فیلمه سینه‌ماییه‌کانی چێکردووه، پێشکه‌شده‌کات. کۆنسێرته‌که‌ی پیوانی له یه‌ک نۆبه‌ی پێشکه‌شکردنیدا تایبه‌ته به میوانه‌کانی فێستیڤاڵ و بانگهێشتکراوان. پیوانی بۆ زیاتر له 130 فیلمی سینه‌مایی مۆسیقای ناوه‌رۆکی چێکردووه و بۆ فیلمی "ژیان جوانه" Life Is Beautiful (1997ی زایینی) له ده‌رهێنانی "رۆبێرتۆ بێنینی" Roberto Benigni بووه براوه‌ی ئۆسکاری باشترین مۆسیقای ناو فیلم. "نیکۆلا پیوانی" له‌دایکبووی رۆژی 26ی مانگی مه‌ی ساڵی 1946ی زایینی له شاری رۆمای ئیتاڵیایه. ئه‌و له زانستگای "ساپینزا" Sapienza له شاری رۆم خوێندنی ته‌واو کرد‌و له ساڵی 1967 له کۆنسێرڤاتواری وێردی له ئامێری پسپۆڕانه‌ی پیانۆ بڕوانامه‌ی وه‌رگرت. پیوانی پاشان رێبه‌رایه‌تی ئۆرکێستڕای له‌ژێر چاودێری "مانۆس هاجیداکیس" موزیکزانی یۆنانی فێربوو. مۆسیقای ناوه‌رۆکی فیلمی بۆ سێ فیلمی "وتووێژ"، "جینجه‌رو فرێد" و "ده‌نگی مانگ" له ده‌رهێنانی فێلینی چێکردووه‌و دواتر باله‌یه‌کی به‌ناوی "باله‌ی فێلینی" ئاماده‌و دابه‌شکرد. مۆسیقای براوه‌ی ئۆسکاری فیلمی سینه‌مایی "ژیان جوانه" له ساڵی 2000 بووه ناوزه‌دو پاڵێوراوی خه‌ڵاتی گره‌می له به‌شی "باشترین مۆسیقای ناوه‌رۆک بۆ بواره‌کانی سینه‌ما، ته‌له‌ڤیزیۆن و راگه‌یاندنه‌کانی دیکه‌ی بینراو". له‌نێوان ئه‌و فیلمانه‌ی که نیکۆلا پیوانی مۆسیقای ناوه‌رۆکی بۆیان چیکردووه، ده‌توانرێ به "هه‌یولا له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا زله‌ی لێ بده" such as Slap the Monster on Page One (مارکۆ بێلۆکیۆ، ساڵی 1972ی زایینی)، "عه‌تری خاتوونی ره‌شپۆش" The Perfume of the Lady in Black (فڕانچێسکۆ باریلی، ساڵی 1974ی زایینی)، "شوێن پێ له‌سه‌ر مانگ" Le Orme (لوئیجی باتزۆنی، ساڵی 1975ی زایینی)، "هه‌ڵبه‌زینه‌وه له تاریکیدا" A Leap in the Dark (مارکۆ بێلۆکیۆ، ساڵی 1980ی زایینی)، "شه‌وی سه‌ن لۆرێنزۆ" (برایانی تاویانی، ساڵی 1982ی زایینی)، "کائۆس" (برایانی تاویانی، ساڵی 1984ی زایینی) ئاماژه‌ی پێبدرێت. پیوانی له ساڵی 2005ی زایینی یه‌کێک له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی مۆسکۆ بوو. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رانی فه‌ڕه‌نسی هاوکاری ده‌کات و له‌گه‌ڵ سینه‌ماکارانی وه‌کو؛ دانیه‌ل تامپسۆن، فیلیپ لۆره‌و ئێریک ـ ئێمانۆئێل ئیشمیت هاوکاری کردووه. وه‌زیری فه‌رهه‌نگی فه‌ڕه‌نسا له ساڵی 2008ی زایینی له فێستیڤاڵی فیلمی کان مه‌دالیای فه‌رمانده‌ی هونه‌رو ئه‌ده‌بیاتی فه‌ڕه‌نسای به پیوانی پێشکه‌شکرد. پیوانی له‌و بڕوایه دایه که چێکردن و به‌رهه‌مهێنانی مۆسیقای ناوه‌رۆک بۆ فیلم گه‌لێکی زۆر ده‌بێته هۆی له جێی خۆی مانه‌وه‌ی موزیکزان و پێشڕه‌وت نه‌کردنی ئه‌و، به‌ڵام له شانۆ، مۆسیقا به‌رزتر له‌هه‌ر هونه‌رێکه. پیوانی هه‌روه‌ها له‌بواری شانۆگه‌رییه موزیکاله‌کاندا چالاکی هه‌یه و له بواری مۆسیقای ئۆرکێستڕاڵ و مه‌جلیسیدا کار و چالاکی ده‌کات. سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له رۆژانی 19 تا 27ی ئه‌پرێڵی 2018ی زایینی رێکه‌وتی 30ی خاکه‌لێوه تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به ده‌بیری "سه‌ید ڕه‌زا میرکه‌ریمی" له شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. خاك - مه‌نوچێهر جیهانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure