18/4/2018 03:34 PM

ھێمن

محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێ) شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو.
ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەکرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

ھێمن لە رۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف‌وبێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف‌وبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەکوت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھان کە ٨-٩ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و رێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

ھەژار لە پێشەکی دیوانی سەیفولقوزاتدا، بەم جۆرە باسی خۆی و ھێمن دەکا:

ھێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی لەڕ و قرخن، بە تەمەن دە دوازدە ساڵ بووین، لە خانەقا گەیبووینە یەک، نا خێری گیانمان دەرس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی پەڕ بڵاو، لە یەک دەمدا لە لای دوو مامۆستا دامەزراین، یەکی ریش پان، لە عەرەبی شارەزایە و خەتی نییە، ئەوی دی گەردەڵ، فارسی زانە و خەتی خۆشە. جا وەرە شەق و دار بخۆ، خۆ جنێو ھەر باسی ناکرێ، سوێندی کەسم لە سەر نییە، ئەگەر بڵێم تڵپاتی تەڕیش فێر نەبووین، نیسکێک درۆی تێدا نییە، ماڵم ھەقە لە ترێ دزینی ناو رەزی، لە پللار دەداران گرتن، لە راوی دووپشک و ئەسپێ و کێچ و جوجە و قوڕ شێلان و ھێلکە لە ھێلانە دەرھێنان، ھیچ کەس تۆزی نەدەشکاندین. بۆ نەگبەتی ھێمن وە شێعر ھاتبوو، ھەروا گارە گارەی دەھات، جار و بارە شێعرێکی نیوە و کۆڵەی خواری لاپانی دادەنا، بە فیزەوە نیشانی دەدام. یانی ھا بم ناسە، من چیم، منی کڵۆڵ نەمدەتوانی مێعریش بکەم.

بەو جۆرە شێعر کوتنی ھێمن لە خانەقاوە سەری ھەڵداوە و پێگەیشتووە. لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە کە پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو دەبێ، ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا ھێمن حیساب دەکرێ. تەمەنی ھیمن دەچێتە سەر و بۆ ئەوەڵین و دوایین جار لە گوندی کولیجە عاشق دەبێ، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، بەڵام ئەم عاشق‌بوونە زۆر ناخایەنێ و لێک جیا دەبنەوە و ھەر لەو گوندە فێری سواری و تەقڵە و راوە کەو و کەروێشک دەبێ. ساڵی ١٣١٧ی کۆچیی ھەتاوی کە تەمەنی ١٧ ساڵانە دەبێ، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دێڵێ و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێ کە ماڵیان چبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی ھەڵدەکێشێ و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵی دەبێ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شێعردانان، باوکی پێی دەزانێ و دەفتەری شێعرەکانی دەسووتێنێ.

ھێمن کە یەکێک بوو لە گەورەترین شاعێران و نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، لە باری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، گەو‌رەترین ھەقی خستۆتە سەر نەتەوەکەی، چونکە لە تاریک وروونی بەیانی ژیانی‌دا، بۆ خڕ کردنەوەی کۆماکانی ئەدەبی کوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەکانی، بە کەو کردن و ھەڵاواردنی غەوارەکانی و سوورکردنی خرمانی زمانی کوردی، کەوتە کار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆکیشی بۆ خەڵکی دیکە نەھێشتەوە.

بە ئاوا‌رەیی و دەربەدەری توانی کتێبی ناڵەی جودایی بنووسێ، ئەگەر بە جوانی لێی ورد بینەوە، دەبینین کە ناڵە و ھاوار و فیغانی دڵە، ناسۆرییە، خول دانەوە و نزا و ھاوار و ئازاری ناخ و ماندوویەتی ھزر و نائارامی رۆح و بێ تاقەتی جەستەیە بەرامبەر جودایی، جودایی لە خێزان، لە خانوو، ماڵ و گوند و گەڕەک، شاخ ودەشت و دراوسێ و کەس و کار و یادگارەکانی سەردەمی منداڵی و لانەی گەورەبوون و گەلێ شتی بە نرخی دیکە کە لە یاد ناکرێن ولە دەروون دوور ناکەونەوە.

دیارە ھێمن مردووە و لە نێومان دا نەماوە، بەڵام ئاسەوارەکانی و یادگارەکەی کاتی پیری ھەر ماون و بە دیتنی ئەوان ھیچ کاتێک ھێمنیش لە بیر ناچێتەوە. ھێمن شاعێرو زانای فەرھەنگ دۆست و تێکۆشەری رێگای بووژاندنەوەی کورد و فەرھەنگەکەی بوو، خاوەن بیر و تێفکرین و بیر کردنەوە بوو. ھێمن دەنگی بەرزی ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی خوازی کورد بوو. خوازیاری یەکیەتی گەلان بوو. کوردایەتی ھێمن، مرۆڤایەتی بوو. شاعێری جوان پەرەست، شاعێری بابردەڵە، کە بێبەش لە ئاو وخاک و وڵاتی خۆی، پەڕیوەی سنوور و موبتەلای دەستی ڕۆژگار، پیری ھەناسە سوار، دەرکراوی بە زۆر دابڕاوی یار و ئازیزانی، بولبولی بێبەش لە گوڵزار و چەمەن، بێ ئەنیس و ھاودەم، عاشقی دڵ پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی وڵاتەکەی، ھەنگاو بە ھەنگاو خەم بە دوای مامۆستای ئازیزەوە بوو، وەکوو سێبەری خۆی رۆژێک لێی جیا نەبۆتەوە و رۆژی شادی ڕووی لە دڵە خەمبارەکەی نەکرد، ئەو مرۆڤە بێ نازە خۆ لە ئاسن و پۆڵا دروست نەکراوە، بەڵکوو لە خوێن و گۆشتە، بۆیە پڕ بە دڵی خۆی ئەناڵێنێ و بە ئاوازێکی بە سۆزەوە ئەڵێت:

پارچە گۆشتێکە، دڵی من روو نییە ناڵە ناڵی من درەنگە زوو نییە
لە شێعرێکی دیکەدا دەڵێ:

شینم زۆر گێڕاوە، شادیم کەم دیوە ئەڵێن ھەیە، بەلام نەمدیوە
شاعێر، شینی یەکجار زۆر دیوە، بەڵام شادی و کامەرانی بە دەگمەنیش نەدیوە و ئەزانێ شادی ھەیە، زۆر کەس لە گەڵیا راز و نیاز دەکەن، بەڵام ھێمنی خەمبار ھەر نەیدیوە، لە لای ھەر وەکوو نامۆیەکە، وەکوو دوژمنێکە، بۆ ماوەیەکی کەمیش روو لەو ناکات. مامۆستای بەڕێزمان شێعرە تەڕ وناسکە جوانەکانی، زۆربەی زۆری بە خەم زاخاوە، خەم کاری زۆری تێکردووە، بۆیە بە ھیچ جۆرێ ناتوانێ خۆی لە شەپۆل لابدات. ھێمن شاعێری گەل، شاعێری عیشق و ئازادی، دڵە گەورەکەی ھەتا ئەو رۆژەی لە لێدان کەوت، بۆ گەلەکەی و ئازادی نیشتمان لێی دا.

بە فەرموودەی خۆی:

ھەتاکوو دوا پشوو رێبواری رێگەی ئێشق و ئازادیم ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم، بەرھەمێکی تر
شاعیری گەل
دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو

ئەوڕۆکە ھەر کەس لە ئەدەبی کوردی شارەزا بێ ناوی ھێمنی بیستووە. شێعرەکانی خوێندۆتەوە و بێگومان دەزانێ کە ھێمن یەکێک لە شاعیرە ھەرە بەرزەکانی کوردی سەردەمی ئێمەیە، بەڵام شێعری ھێمن ھەر لە سەرەتاوە لە چوارچێوەی ئەدیب و نووسەران دەرچووە، لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بڵاو بۆتەوە و ھەر لە سەرەتاشەوە لە دڵی ھەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمان‌پەروەر کاریگەر بووە و ئەوانی بەرەو خەبات لە پێناوی ڕزگاری گەلی کورددا ھان داوە. ھێمن لە سەرەتاوە شاعیری گەلە و ھەر بە شاعیری گەلیش ماوەتەوە. سی ساڵ زیاترە ھەزاران خەباتکەری کورد پێکەوە لە گەڵ ھێمنی شاعیر ھاوار دەکەن: گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن قەت لە بەر ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نیە لەت لەتم کەن، بمکوژن، ھێشتا دەڵێم کوردم ئەمن

ھێمن عاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردی کوردستانە، نیشتمانی، تەبیعەتی وڵاتەکەی باش دەناسێ و لەگەڵی پەروەردە بووە. لە «بەھاری لادێ»، «بەھاری کوردستان»، «شەنگەبێری»، «فریشتەی پەڕیوە» و زۆر شێعری تریشدا نیشانی دەدا کە لە ناسین و ناساندنی تەبیعەتی کوردستان و جوانیەکانیدا چەندە شارەزا و مامۆستایە. جێگای سەرسوڕمانیش نیە ھێمن لە گەڵ تەبیعەت گەورە بووە و لە تەبیعەت ئیلھامی وەرگرتووە. کەسێک تەبیعەتی کوردستانی دیتبێ و نەک ھەر دیتبێ بەڵکوو لەگەڵی تێکەڵاو بووبێ، ھێمن بە ناھەق نازانێ کە دەڵێ: بەھەشتە کوردەواریی من، بەھەشتە

ھێمن لە شێعری خۆیدا زۆر جار باسی زۆرلێکراوی نەتەوەی دەکا، لە مافی خوراوی گەل دیفاع دەکا، ئارەزووی ئەوەیە کورد ھەرچی زووتر لە ستەمی نەتەوایەتی ڕزگار ببێ، بوونی ئەو ستەمە بە سەرچاوەی زۆر بەدبەختی و کوێرەوەری و بێبەشی دەزانێ. لە «دواڕۆژی ڕووناک»دا دەڵێ: لەمێژ بوو حەقی کورد دەخورا بە فیڕۆ لەمێژ بوو کورد بوو دەیکرد شین و ڕۆڕۆ لە مەیدانی شەقێنی دوژمنیدا سەری سەرداری کورد بوو وەکوو گۆ

ھێمن بە تایبەتی زۆر پەرۆشی ئەوەیە کە لە کوردستانی ئێران زمانەکەی ئازادی پەرەئەستاندنی نیە، ئەدەبەکەی بڵاو ناکرێتەوە، فەرھەنگەکەی پێشێل دەکرێ. لە «رۆژگاری ڕەش»دا دەڵێ: داخرا دەرکی ڕۆژنامە شکاون نووکی خامە کوردی نووسین حەرامە دوژمن دەڵێ بێ‌تامە دڕان کاغەز و دەفتەر گیران شاعیر و نووسەر

ھێمن نەتەوەکەی خۆی خۆش دەوێ، لەوەش زیاتر نەتەوەی خۆی دەپەرەستێ، بەڵام ڕقیشی لە ھیچ نەتەوەیەکی‌تر نیە. لە ھەموو دیوانی ھێمن‌دا شێعرێک کە باسی نەتەوەیەکی‌تر بە خراپە بکا، یا کورد لە نەتەوەیەکی تر بە بەرزتر دابنێ بەدی ناکرێ، دیاردەیەک کە بە داخەوە لە دیوانی زۆر شاعیری کورد‌دا بەرچاو دەکەوێ. نەک ھەر ئەوە، بەڵکوو بەشەردۆستی یەکێک لە سروشتە تایبەتیەکانی شێعری ھێمنە. ھێمن زۆرجار باسی پێشەوا قازی دەکا، لە شێعرەکانی ڕا دیارە کە چەند ئەو ڕۆلە بەنرخ و ھەڵکەوتووەی گەلی کوردی خۆش‌ویستووە. پێشەوای خۆش دەوێ چونکە: زانا بوو، کورد پەروەر بوو پێشەوا بوو، ڕابەر بوو

بەڵام بۆیەش پێشەوا بە مەزن دەزانێ چونکە: ھەر کورد نەبوو، بەشەر بوو خەمی خەڵکی لەبەر بوو

ھێمن گەلانی تری ئێرانی بە دۆستی گەلی کورد دەزانێ و لە خەبات و تێکۆشاندا بە برا و ھاواڵیان دادەنێ. لە «کورد و ئازەربایجانی»دا دەڵێ: کورد و ئازەربایجانی ھەر دوو داوایان ڕەوایە ھەر بژین و پایەدار بێ یەکیەتی ئەم دوو برایە

ھێمن دیسان لە سەرەتاوە لە ناو نەتەوەی خۆشیدا ھەموو چین و توێژێکی بە یەک چاو تەماشا نەکردوو و ناکا. لە شێعری بەناوبانگی خۆیدا «دەیڵێم و بێ‌باکم» دەڵێ: ئەوی ئاغا بێ بێکارە جەبوون و قەڵس و لاسارە دزی و ڕێ‌گرتنی کارە ئەمن دەیڵێم و بێ‌باکم لە شەرم و شوورەیی مردم بە خۆم من چۆن بڵێم کوردم کە ئاغا ئابڕووی بردم ئەمن دەیڵێم و بێ‌باکم

لە «ئارەق و تین»دا زۆر بە جوانی و بە زمانی سادەی جووتیاران باسی نرخی کاری جووتیار بۆ کۆمەڵ دەکا و چەوسانەوەی جووتیاری نیشان داوە و دەریدەبڕێ کە ئینسانی زەحمەتکێش لە لای زۆر خۆشەویستە: من جووتیارم من جووتیارم من لەگەڵ ھەتاو ھاوکارم من بە ئارەق و ئەو بە تین دامانڕشتووە بناغەی ژین باسکی من و تیشکی ئەوی بژیو دەستێنن لە زەوی گەر جووتیار ئارەق نەڕێژێ گەر ھەتاو تیشک ناوێژێ دانیشتووی ناو کۆشک و قەڵا دەخۆن نانی گەڵا گەڵا؟!

لە شێعرەکانی‌ڕا بە ھاسانی دەردەکەوێ کە ھێمن لە ژیانی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تایبەتی جووتیاران لە نزیکەوە شارەزایە. لەوەش زیاتر خۆی تا ڕادەیەک لەم ژیانەدا بەشدارە. خۆی دەڵێ: «چاک خەریکی کاسبی بووم زۆر زوو فێری کشت و کاڵ بووم»
فەلسەفەی ژیانی ھێمن ئەوە نیە کە دانیشێ و لە دوورەوە تەماشای ژیان و خەباتی گەل بکا و بۆ خۆی و یان بۆ گەل شێعر بڵێ. ھێمن ئەو ئەسڵەی قبووڵ کردووە کە ئەرکی شێعری شاعیری گەلێکی زۆرلێکراو تەنیا لێکدانەوە و خستنە ناو ھۆنراوەی تەبیعەت و جوانی نیە. شاعیر لە پێشدا ئینسانە، ئینسانێکە کە ھەستی ناسکە و زوو دەجووڵێتەوە. چۆن شاعیر بە مانای ڕاستی ئەم وشەیە، دەتوانێ بەرامبەر بە ھەژاری و کوێرەوەری و بێ‌بەشی گەلەکەی بێ‌لایەن بێ؟ لە نێوان ڕاستی و درۆدا، لە نێوان ئاھوراموزدا و ئەھریمەندا، لە نێوان ھەق و ناھەقدا ڕاستی ھەڵنەبژێرێ، بە گژ ئەھریمەندا نەچێ و دیفاع لە ھەق نەکا؟ بۆیە ھێمن تەماشاچی نیە و ناتوانێ تەماشاچی بمێنێتەوە. بە ھەموو ھێزی خۆیەوە بە شێعر و بە نوووسین ھەنگاوی ناوەتە ناو مەیدانی خەبات و تا سەر بەرەو ئاسۆی ڕوون، تا ترۆپکی ڕزگار بوون یاریدەی گەلی خۆی دەدا. ھێمنی شاعیر لە ھێمنی خەباتکەر جیا ناکرێتەوە. بزانە تۆ ئەوی ئەھلی ھونەر بێ دەبێ یا دەس بەسەر یا دەربەدەر بێ ھونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە ھونەرمەند ڕەنجەڕۆیە، ژینی تاڵە منیش بابردەڵەی بەر گێژەڵووکەم دەمێک لەو قوڵکە، تاوێک لەو چڵووکەم منیش زۆرداری پرزەی لێ بڕیوم منیش بەدکاری بواری لێ تەنیوم

یا لە «فرمێسکی گەش»دا کە بە قسەی خۆی لەو پەڕی تەنگانە و لێقەوماندا گوتوویە، دەڵێ: کوشتمی و شەش‌خانی ئومێدی لە من گرتن حەریف مۆرە ھەڵداوێم و بێھوودە بە تەمای دوو شەشم

ھێندێ شێعری‌تریش وەک «گریانی نیوەشەو» و «ئارەزووی فڕین» ھەر نیشانەی نائومێدی شاعیر و ڕاکردنی لە ڕاست ژیانی تاڵە. لە ساڵی ١٣٢٥وە ھەتا ساڵی ١٣٣٠ سەردەمی پاشەکشەی جووڵانەوەی گەلی کورد و ھەموو گەلانی ئێرانە. لە ساڵی ١٣٣٢دا کە ئاسۆی خەبات ڕوونتر بۆوە، ھێمن لە «ئاواتی بەرز»دا جارێکی تر دێتەوە مەیدانی خەبات. ھیوای بە خەباتی گەل زیاتر دەبێ و دەیەوێ یە شێعری خۆی لەم خەباتەدا بەشدار دەبێ: فێری زۆر دەرسی بەکەڵک و باشی کردین تێشکان جا ببینە ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەم جاری کورد وا گزینگیدا بەیانی جوانی ئازادی بەشەر رۆژی ڕووناکە، نەماوە، زوڵمەتی شەوگاری کورد ئەو زمانە شیرنەی ئێمە پەرەی دەگرێتەوە نادڕێ چیدی کتێب و دەفتەری ئەشعاری کورد

قۆناخێکی نوێ لە ژیانی گەل و شاعیردا دەست پێدەکاتەوە. ماوەی پاشەکشە دوایی دێ و گەلی کورد خۆی بۆ خەباتی دوا ڕۆژ ئامادە دەکا. نفووزی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە نھێنی تێدەکۆشێ، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا زیاتر دەبێ. بەرەو ھەوراز ڕۆیشتنی جووڵانەوە ھەتا ڕۆژەکانی گەلاوێژی ١٣٣٢ درێژەی ھەیە، لە ٢٥ی گەلاوێژەوە ھەتا ڕۆژی شوومی کودیتای ٢٨ی گەلاوێژ خەڵک لە شاری مەھاباد حوکمداری دەکا. لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژدا خەڵکی مەھاباد بە درشت و وردەوە ھەموو لەگەڵ ھێمن کە بۆ یەکەم جار پاش چەند ساڵ لە کۆبوونەوەیەکی چەند ھەزار کەسیدا شێعر دەخوێنێتەوە، ھاوار دەکەن: بڕۆ ئەی شاھی خاین! بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ

ئەو سەردەمە، سەردەمی نیوە دیموکراسیش زۆر ناخایەنێ، دەورانی ڕەشی پاش کودیتا دەست پێدەکا و ھێمنی شاعیر جارێکی تر تووشی نائومێدی دەبێ و لە «تووڕەیی»دا دەڵێ: لەو وڵاتە کەسێک لە خەو ڕابێ بەشی چارەڕەشی و خەم و شینە تێگەشتم عیلاجی دەردی من مەستی و شێتی و نەزانینە

یا لە «چارەنووسی شاعیر»دا دەڵێ: دەزانی بۆچی من ھێندە پەرێشان و خەفەتبارم لە بازاڕی ژیان غەیری ھونەر نیمە چ سەرمایە لەگەڵ چارەڕەشی و دوورە بەشی و نەگبەت دەبێ ھەڵکەم لە مێژە چارەنووسی شاعیرانی کوردی ھەر وایە

تاقی کردنەوەی ساڵانی درێژی خەبات بە ھێمنی سەلماندووە کە خەبات دوور و درێژە، ھەوراز و نشێوی ھەیە، سەرکەوتن و شکستی تێدایە. بەڵام ھێمن کۆڵنەدەرە: رۆڵەی کوردم فێری ھەوراز و لێژم تا زۆر بڕۆم، زیاتر ئارەق بڕێژم کورت‌تر دەبێ ڕێگای دوور و درێژم دەڕۆم بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون دەڕۆم دەڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون من پەروەردەی بن سێبەری ئەشکەوتم گەلێک جاران لە چاڵاوی ڕەش کەوتم ھاتمە دەرێ، ھەدام نەدا، نەسرەوتم دەڕۆم بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون دەڕۆم دەڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون

ھەوراز و نشێوی ژیان و خەباتی گەل لە شێعرەکانی ھێمن‌دا زۆر جوان دیارە. لەو کاتەوە کە دەستی بە شێعر گوتن کردووە ھەتا ئەمڕۆ، شێعری ھێمن ئاوێنەی قۆناخەکانی خەباتی گەلی کوردە. لە ساڵی ١٣٢٤ (١٩٤٥)ڕا ھێمن بە پێشوازی پێکھاتنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەچێ و دەڵێ: لەسایەی حیزبی دیموکراتی خۆمان لە باڵدار تێپەڕی ئەوڕۆکە پێ‌ڕۆ نەما داخ و پەژارە و ماتەم و خەم زەمانی ھەڵپەڕین و بەزمە ئیمڕۆ

لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤دا کە کۆماری مەھاباد دامەزرا ھێمن «ئەو ساڵ بەھارە بۆ ئێمە زستان» یا لە «رۆژی خۆشی»دا دەڵێ: گەرچی زستانە بەفر دایپۆشی ئەوڕۆ گشت وڵات خاکی پاکی ئێمە خەمڵیوە وەکوو باخی ئیرەم

بەڵام کۆماری مەھاباد تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو. جووڵانەوەی گەلی کورد لە ئێران ھەر وەک جووڵانەوەی سەرانسەری ئێران تووشی شکست بوو. ھێمن لە «رۆژگاری ڕەش»دا تووشی نائومێدی دەبێ، وەک کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە تووشی نائومێدی ببوون: بە فیڕۆ چوو خەباتمان داگیراوە وڵاتمان تێپەڕی ڕۆژی ھاتمان رووخا کۆشکی ئاواتمان لە پیاوی ئازا و سەرکەش لە زەحمەتکێشی بێبەش ئاخنراوە کونە ڕەش نابینی کەسێ ڕووگەش

بە تایبەتی شەھید بوونی قازی، ھێمنی داخدار کردووە. ھەم دۆست و مامۆستای لە دەست داوە و ھەم پێشەوا و سەرکۆمار. لە چوارچرای مەھاباد لە کانگای بیری ئازاد دەستی ڕەشی ئیستیبداد چەقاندی داری بێداد لە کاتی نیوەشەوا لە جەنگەی شیرن خەوا کرا کاری ناڕەوا لە دار درا پێشەوا

ھەر لەو ساڵەدا ھێمن لە بەر خەباتی ڕابردووی خۆی تووشی دەردی سەر دەبێ و بۆ ماوەیەک وڵات بە جێ دێڵێ. دیارە وەزعی سیاسی تەئسیری کردۆتە سەر شێعری ھێمن. لە «بابردەڵە»دا دەڵێ: منیش ئەی بلبلی بەندی وەکوو تۆم وەھا دوورم لە ھێلانە و گوڵی خۆم منیش وەک تۆ لە کیسم چوو گوڵی سوور منیش ھێلانەکەم لێ کراوە خاپوور منیش بابردەڵەی بەر گێژەڵووکەم دەمێک لەوقوڵکە، تاوێک لەو چڵووکەم

ئەو تووڕەیی و ڕەشی چارەنووسی شاعیر لە شێعرەکانی تریشیدا ھەر بەرچاو دەکەوێ و ھەتا ساڵی ١٣٤٠ (١٩٥٩) ھەر بەردەوامە. لە «گلێنەی شاعیر»دا دەڵێ: ئەگەر خەرمانی عومرم ئێستەکانێ پاکی با بیبا بە مەرگی تۆ مچوڕکیشم بە دڵدا نایە با بیبا ھەموو عومری ئەبەد تێیدا نیە خۆشی دەمێک مەستی خدر ئاوی حەیاتی بۆ چبوو؟ فێری شەرابی با

لە «ناسۆری تەشەنا»دا ڕاکردن لە ژیانی واقیعی، لەو حەقیقەتە تاڵەی کە شاعیر تووشی بووە و نایەوێ قبووڵی بکا، بە تەواوی دیارە. ھێزی ئەوەی نیە ژیان بگۆڕێ، ڕێگای نیە خۆی دوور بخاتەوە، دەیەوێ ڕابکا و بە یارمەتی مەی ڕوو لە دنیایەکی خەیاڵی دەکا: چۆن نەبەم بۆ مەی و مەیخانە پەنا، تێگەیوم لەو وڵاتە ھەموو شت زۆرە، بەنی ئادەم کەم شەڕەبایە لە چیاکان و ھەوا تووشە دەنا وەکوو شێتان دەمەویست ڕوو لە چیای ئەستەم کەم

ساڵەکانی ١٣٤٧-١٣٤٦ کە ڕاپەڕینی چەکداری لە کوردستانی ئێران بەرپا دەبێ، ھێمن خۆی تێیدا بەشدار نیە، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینە دەژی. ھیوای بە خەباتی گەل زۆرە، باوەڕی بەھێزترە. بۆ شەھیدانی ئەو ڕاپەڕینە دەگری، بەڵام شێعرەکانی پڕە لە ھیوا و ئاوات بۆ سەرکەوتن و نیشتمانپەروەران و تێکۆشان ھان دەدا. ھێمن بیەوێ و نەیەوێ، دیسان و ئەو جارە بۆ ھەمیشە لە ناو مەیدانی خەباتدایە: بۆ‌شەھیدێکی کە گەوزیوە لە نێو خوێن دەگریم بۆ ھەڤاڵێکی کە چوو بێ سەروبێ‌شوێن دەگریم تا بە دەستی پەری ئازادی لە سەر گۆڕی شەھید گوڵە شللێرە لە گشت لایەکی نەڕوێن دەگریم

شێعرەکانی ھێمن ئیتر بۆنی ناھومێدی لێنایە. چەند ساڵە قۆناخێکی دی لە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دەستی پێکردووە، قۆناخێک کە جێی ھیوای گەلی کوردە. ھێمنیش شاعیری وەفاداری گەلی کورد، ھەم لە پێکھێنانی ھەم لە دەربڕینی ئەو ھیوایەدا بەشدارە. لە «مەتەرێزی شەرەف»، «شەنگەبێری»، «ئامێزی ژن»، «ترۆپکی ڕزگاری»، «شەپۆلی تۆڵە»، «شەو و شەیتان»، «گاو و گەردوون»، «کاروانی خەبات» و لە «دەسکەوتی خەبات»دا شێعری کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕی چ لە باری ناوەرۆک و چ لە باری شێوەوە، گەیاندۆتە پلەیەکی بەرزی ئەوتۆ کە کەمتر شاعیری کورد گەیشتوویەتی. ھێمن ئامادەیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ھیوایە خۆشی بەخت بکا: خۆم دەسووتێنم ھەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم کە لە ڕێی خەڵکا وەکوو شاعیر دەسووتێ، شەم نەبێ؟

لە سەرەتادا شێعرەکانی ھێمن، لە ژێر تەئسیری دوو ڕەوتی ئەدەبی دایە. وەک ھەموو شێعری شاعیرانی کوردی سەردەمی سی چل ساڵ لەمەوبەر، تەئسیری ئەدەبی فارسی لەم شێعرانەدا دیارە. زۆربەی شێعرەکانی شێعری عەرووزین، وەزن و قافیەیان لەگەڵ دەستووری شێعری فارسی ڕێک دەکەوێ. لە لایەکی تریشەوە شێعری شاعیرە کوردەکانی بە ناوبانگ وەک «نالی» کە خۆی لە ژێر تەئسیری شێعری کلاسیکی فارسیدا بووە، تەئسیری کردۆتە سەر شێعرەکانی ھێمن. بۆیە لە سەرەتادا ھێمن شێعرەکانی شێوەی غەزەل و قەسیدە و جارجاریش مەسنەوی و دووبەیتی و ھی تریان ھەیە. ھێمن ئێستاش ھەر جارجار دەگەڕێتەوە سەر ئەو شێوە کلاسیکی‌یە و ھێندێ لە شێعرە تازەکانیشی ھەر بەم چەشنە گوتراون. وەک «ئاواتی بەرز»، «گلێنەی شاعیر»، «دەسکەوتی خەبات» و ھتد. لەم شێوە شێعر گوتنەدا ھێمن دەستێکی باڵای ھەیە. شێعرەکانی ڕەوانن، بە زمان جوان و بە مانا دەوڵەمەندن. پاش ماوەیەکی سەرەتایی شێعر کوتن، ھێمن بەرەبەرە دەگەڕێتەوە سەر شێوەی ئەدەبی ڕەسەنی کوردی، خۆی لە قافیە و وەزنی شێعری کلاسیکی ڕزگار دەکا و شێعرەکانی لە بەستەی کوردی دەچن، لەو بەستەیەی کە شاعیر ھەموو ڕۆژێ لە لادێ دەیبیستێ، بەستەیەک کە چوارچێوەی بۆ داڕشتنی شێعری کوردی لەبارترە و زمانی کوردی لە تەنگ و چەڵەمە ڕزگار دەکا و وەک چۆمێکی خرۆشانی لێدەکا کە بۆ لای دەریای بێ سنوور دەڕوا. جارجار کە ئینسان شێعری ھێمن دەخوێنێتەوە، گۆرانی وەبیر دێتەوە. وا دیارە کە لە ھەڵبژاردنی ئەم شێوە شێعر گوتنەدا «گۆران» لە سەر ھێمن بێ تەئسیر نەبووبێ. لەم شێعرانەدایە کە ھێمن دەگاتە ترۆپکی ئەدەبی کوردی و بە ڕاستی ئەدەبی کوردی پێش دەخا. ھێمن شاعیرێکی ڕیئالیستە، ڕیئالیزمی ڕەخنەگرانە لە ناوەرۆکی شێعرەکانی ھێمن‌دا بە تەواوی بەرچاو دەکەوێ. ھێمن بارە ھەرە گرینگ و ئەساسیەکانی تەبیعەت و ژیان و ئادەمیزاد بە چاوێکی ڕەخنەگرانەی شاعیرانە باس دەکا و کۆمەڵ بۆ بەرەو پێش چوون ھان دەدا. ھێمن زۆر جار لە ھێندێ شێعری خۆیدا لە ناتورالیزم نزیک دەبێتەوە، ئەوەی کە دەیبینێ باسی دەکا و بە چوی ڕەخنە سەیری تەبیعەت یان کۆمەڵ ناکا. ھەر وا بزانە دەیەوێ تابڵۆیەکی تەبیعەت بێکێشێ و بخاتە بەرچاومان. بەڵام شێعری وای کەمە، وا دیارە خۆشی ئاگای لێیە کە لە ڕیئالیزم دوور کەوتووە، زوو ناتورالیزم بەر دەدا و دەگەڕێتەوە سەر ڕیئالیزم کە سەبکی بنەڕەتی ناوەرۆکی شێعرەکانیەتی. ئەو ناتورالیزمە بە تایبەتی لە «بەھاری کوردستان» و «لەبیرم مەکە» و چەند شێعری تردا خۆی دەنوێنێ. ژن لە شێعری ھێمن‌دا ڕۆڵێکی زۆر گرینگی ھەیە. جوانی ژن ئیلھام‌دەری شاعیرە. سەرانسەری دیوانی ھێمن ئەو ڕاستییە بەدەر دەخا کە وێڕای تەبیعەت و ژیان و خەباتی گەل، ژنە کە ھێمن بۆ شێعر گوتن ھان دەدا، شێعرەکانی ھێمن لە سەر ژن نموونەی شێعری بەرزی کوردین. لە «کیژی لادێ»دا بە کچی کورد ھەڵدەڵێ: لاجانگت وەکوو گزنگی تاوێ ھەر بۆ خۆی جوانە، تیف‌تیفەی ناوێ کوڵمەکەت وەکوو گوڵاڵەی گەشە بێ‌سوورمەش چاوە مەستەکەت ڕەشە وەکوو فرمێسکی ئاشق ڕووناکی وەکوو ئاونگی بەیانی پاکی

ئەو تابڵۆیەی کە لە «بیرم مەکە»دا لە ژنی دەکێشێ، بە ڕاستی جوان و نایابە، ھەروەھا لە «پەری شێعر» و «لە شەنگەبێری» و زۆر شێعری‌تردا ھێمن مامۆستایی خۆی لە ھۆنراوەدانان بۆ ژندا دەسەلمێنێ. بەڵام ژن، بۆ ھێمن تەنیا سەرچاوەی ئیلھام نییە. ھێمن بۆ ڕزگاری ژنی کوردی خەبات دەکا. لە «یادگاری شیرن»دا دەڵێ:

لادە چارشێوی ڕەشت با دەرکەوێ کوڵمی گەشت چون لە قەرنی بیستەما زۆر عەیبە ئەو ڕووگرتنە

ھێمن دەیەوێ ژن بەر لە ھەموو شتێک خاوەنی مافی ئینسانی خۆی بێ و زۆر جار دژی زۆرداری و بێحورمەتی نیسبەت بە ژن دەنگی خۆی ھەڵدێنێ. ھێمن ژنی خۆشدەوێ، دەیپەرەستێ و نرخی ھەموو جوانیەکانی ئەو دەستکردە نایابەی تەبیعەت دەزانێ، بەڵام لە لای ھێمن خەبات بۆ ڕزگاری گەل، بۆ ئازادی کۆمەڵانی خەڵک لە ژن خۆشەویستترە. لە «ئامێزی ژن»دا دەڵێ: بەڵێ سەختە یەکجار سەختە، دووری لە ژن، نامرادی بەڵام لە ژن خۆشەویستتر لە لای من ئەتۆی ئازادی!

زمانی ھێمن زمانی کوردی پەتی و جوانە. نە پڕە لە وشەی بێگانە و نە وشەی دەستکردی تێدایە. زمانەکەی زمانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. بەڵام ھێمن کە خۆی خەڵکی موکریانە، تەعەسوبی بەکار نەھێناوە، بە زاراوەی موکریانی شێعر ناڵێ. بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا زمانی ھێمن نموونەی بەرزی زمانی ئەدەبی کوردییە و بێگومان لە پێکھێنانی زمانی پەسندکراو (ستاندارد) ی کوردیدا تەئسیری ھەبووە. زمانی ھێمن سادە و پەتی و ڕەوانە، ھەم ئەدیب و نووسەری کورد پێی خۆشە و ھەم نەخوێندەواری کورد لێی حاڵی دەبێ:

ھەزار خۆزگەم بە خۆت شوانە کە بەو مانگە شەوە جوانە دانیشتووی لە ڕژد و ھەڵدێر پەنجە دەبزێوی لە بلوێر لەگەڵ تەبیعەت ھاودەمی شادی بە کەیفی بێ‌خەمی

«بەھاری کوردستان» فەرھەنگێکی بچووکی زمانی کوردییە. بە تایبەتی بۆ ئەوانەی ھەر لە شار ژیاون و لە زۆر باری ژیانی لادێ ئاگادار نین، تابڵۆیەکی ڕاستەقینە بە زمانێکی دەوڵەمەند و بێ‌ھاوتا دەخاتە پێش چاو. ئەو شێعرە و چەند شێعری تر کە باسی تەبیعەت و ژیانی لادێ دەکەن، بۆ شارستانی ئەوەندە وشەی نەبیستراویان تێدایە کە زۆر جار خوێنەر سەری سووڕ دەمێنێ و ناچار دەڵێ زمانی کوردی چەند دەوڵەمەندە و بە داخەوە خزمەتی نەکراوە. لە دیوانی ھێمن‌دا شێعری وەک «بەھاری کوردستان» بە ڕاستی فەرھەنگێکی دەوڵەمەندی زمانی کوردییە. شێعری ھێمن لە تەشبیھی جوان ئاخنراوە:

خۆشەویستی گۆشەکەی تەنیایی ھەر ئەژنۆکەمە بۆیە ڕۆژ و شەو وەھا گرتوومەتە نێو باوەشم

«لە شەنگەبێری»دا ئەنجامی شێعرەکەی ئەمەیە:

زۆری نەماوە بێتە بەر، نەمامی ھەوڵ و خەباتم لە داگیرکەر پاک بێتەوە خاکی پیرۆزی وڵاتم چەک دادەنێم، گۆچانەکەی جارانم ھەڵدەگرمەوە تۆ ھەر بێری بە، من ھەر شوان، فریشتەی تاسە و ئاواتم

ھێندێ شێعری ھێمن گەیشتۆتە پلەی ھەرە بەرزی ئەدەبی کوردییەوە کە یەکێک لەوانە «کاروانی خەبات»ە. بڕوانە چۆن باسی شەھید بوونی ڕووناکبیرێکی خەباتکەر دەکا: ھەر چوار تەنشتی گیرابوو لە سەنگەرێکدا بە تەنێ ئەو لاوەی بەڵێنی دابوو ھەتا مردن چەک دانەنێ رووناکبیرێکی تا ئەمڕۆ دەچوو بەرەو ئاسۆگی ڕوون ئێستا ھیوای بە بووڵێڵە بوو بۆ لە گەمارۆ دەرباز بوون

بە ڕاستی ئەوەی ھێمن لە سەر گۆران دەیڵێ لە سەر خۆشی ڕاستە: تاکی لە جوانی پەرەستیدا کەمە و وشە لە دەستیدا وەک مێوە، دڵتەڕە و خۆش خەیاڵە و ناسک بینە، بە ھونەرە و شارەزا و وشە ڕەنگینە. ھیوام ئەوەیە ھێمن لە ساڵانی درێژ لە ناو گەلی کورددا، لە ڕیزی خەباتکەرانی ڕێگای ئازادی گەلی کورددا، تێکۆشانی خۆی لە پێناوی ڕزگاری گەلەکەمان، لە پێناوی پێش خستنی زمان و ئەدەبی کوردی، ھەر درێژە پێ بدا. دڵنیام کە لە دواڕۆژدا ھێمن زۆر جار پەری شێعر دێنێتە ژوانی خۆی و دیوانێکی ترمان پێشکەش دەکا کە شێعری کوردی جوانی تێدا بێ:


لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی کۆچی ھەتاوی لە شاری مەھاباد کۆمەڵەی ژ-کاف بە دەستی ڕەحمانی زەبیحی وچەند کەسی دیکە دادەمەزرێ. ھێمن دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و شەو ورۆژ لە بیری ئەوەدا دەبێ کە چی بۆ ئەو کۆمەڵەیە بکا کە کاری ڕزگاری کوردستانە، ھێمن لەو کۆمەڵەیەدا دەبێتە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان و دوایەش گۆڤاری ئاوات. لە ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی ھەتاوی کە لە سەر بناغەی ژ-کاف، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە رێبەرایەتی قازی محەممەد دادەمەزرێ، ھێمن بۆ یەکەم جار لە مزگەوتی سووری مەھاباد لە بەرامبەر خەڵک‌دا شێعر دەخوێنێتەوە و دەبێتە سکرتێری ھەیئەت رەئیسەی میللی دێموکڕات و دوایە لە کۆمیسیۆنی تەبلیغاتی حیزبدا دەست بەکار دەکا. لەو کۆمارەدا بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگەکانی کوردستان کاری کردووە، لە گۆڤارەکانی ئەودەمی حیزب وەک کوردستان، ھاواری کورد، ھاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان و ھەڵاڵەدا شێعر و وتاری بڵاو کردۆتەوە. لە کۆماری مەھاباددا پێشەوا شانازی پێوە کردووە و رایگەیاندووە کە شێعرەکانی پڕ مانان ودەبێ تەواوی ئەندامانی حیزب لە بەری بکەن و بیکەنە پڕۆگڕامی تێکۆشینی خۆیان.

ھێمن ھەر لە پلەی یەکەمی تێکۆشانیدا وەک شاعیرێکی نەتەویی و کۆمەڵایەتی بیر و باوەڕی خەڵکی بۆ لای خۆی راکێشابوو، چونکە شیعرەکانی لە راستەقینەدا ببوونە ئاوێنەی دڵی کۆمەڵانی گەل و دەربڕی بیر و ئاواتیان. ھێمن ھەر لە رۆژی یەکەمی تێکۆشانی ھونەری خۆیەوە بۆ خاوێن کردنەوە و پەرە پێدانی زمانی زگماکی قۆلی ھەڵماڵی. شیعرەکانی بە زمانێکی ساکار دەھۆنییەوە و بەزمانی گەل دەدوا، جا بەو بۆنەوە پێشەوا پێی سپاردبوو، کە بۆ گەلێک وشەی فارسی و عەرەبی کە لە ڕێڕەوی خەباتی سیاسیدا بە کار دەھێندرێن، وشەی کوردی پەتی بدۆزنەوە و بەکاری بێنن، ھێمن بە سەرۆکی کۆمیسیۆنێک کە بۆ ئەو کارە دیاری کرابوو، دانرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت بە داخێکی زۆر گرانەوە کۆمار دەڕووخێ و ھێمن دەڵێ:

ئەو رووداوە دڵتەزێنە و ئەو کارەساتە جەرگ بڕە ھەموو کوردێکی بە شەڕەفی خەمناک و تازیەبار کرد.

ساڵی ١٣٢٥ی کۆچی ھەتاوی دایکی پێ لە کەوشان دەکا و پێی دەڵێ: دەبێ ژن بێنی، بەڵام ھێمن نایەوێ ژن بێنێ؛ بەھەر جۆرێک بێ، دایکی، ھێمن رازی دەکا و داوای برازایەکی خۆی بۆ دەکا و ھێمن قەتی نەدیوە، بەم جۆرە لە٢٥ی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا بووکی بۆ دادەبەزێنن و ھەژار لە زەماوەندەکەیدا ھەڵدەپەڕێ و بەرھەمی ئەم ژن ھێنانەش کوڕێک بە ناوی سەلاح دەبێ. ساڵی ١٣٢٧ی کۆچی ھەتاوی وشکە ساڵی پێش دێ و ئەویش وەک خەڵکی دیکە دەکەوێتە چەرمەسەری و ناڕەحەتییەوە و گرانییەکی بە تەو‌ژم ئێران دادەگرێ، زۆر کەس لە برسان دەمرن و خەڵک لەو ساڵەدا کوللێرەی جۆ و ھەرزن دەخۆن.

بەرھەمەکان

دیوانی ھێمن بە ناوی ناڵەی جودایی (١٩٧٩).
ئاسەوارەکانی مامۆستا ھێمن بریتین لە:

دیوانی ھێمن
بارگەی یاران
تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤
پاشەرۆک (شیعر و پەخشان).
توحفەی موزەففەرییە(فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی).
شازادە و گەدا.
قەڵای دمدم.
ھەواری خاڵی.
چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.
ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).
ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩
پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣
               نمونەیەك لە ناڵەی جودای 
‎ ناڵەی جودای

‎چۆن نەناڵم ئەودڵەی پڕ هەستی من

‎چۆك لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من

‎چۆن نەناڵێم ئەو دڵە هەنگاوتەیە

‎بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە

‎چۆن نەسوتێت ئەو دڵەی هین خەمە

‎ئەوپەپولەی وەك میوانی شەمە

‎چۆن نەناڵێم ئەو بزاڤەی بڕبەدڵ

‎دوور لە گوڵزارەو خەریقی ماتەمە

‎ژانی ناسورەی جودایم چێشتووە

‎هەرچی خۆشم ویستووە جێم هیشتووە

‎هەڵبڕاوام من لە یادی نازەنین

‎دەركراوم من لە خاكی دڵنشین

نمونەی ھۆنراوەی نەتەوەیی
کوردم ئەمن
گەرچی توشی ڕەنجەڕۆی و حەسرەت و دەردم ئەمن قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵی نیم ئاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن
گەر لە برسن و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق ھەڵێم نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەر ھەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نیە لەت لەتم کەن، بمکوژن، ھێشتا ئەڵێم کوردم ئەمن
کۆچی دوایی
ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕش‌دا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و ڕێگای پاشەڕۆژی بۆ ڕووناک کردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی ڕەنگینی کوردستان، مۆمی ژیانی ھێمن دوایین فرمێسکی ھەڵوەراند و لە٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی کۆچی ھەتاوی بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێ‌کردین و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق‌سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.


سەرچاوەکان
دیوانی ھێمن
سەید عەبدوڵڵا سەمەدی
تاریخ مەھاباد/سەید محەممەد سەمەدی/انتشارات رھرو مھاباد ١٣٧٣
گۆڤاری مەھاباد، ژمارەی ١٥٠ ساڵی سێزدە ١٣٩٢، لاپەڕەی ٦ و ٧

ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved