22/4/2018 09:08 AM

به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌وه‌

له‌ 120هه‌مین ساڵیادی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردستانی و20 هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌ڕێزان رۆژنامه‌نووس و میدیاكارانی كوردستان
رۆژی 22ی نیسان جه‌ژنی رۆژنامه‌گه‌ری كوردستانی‌و هه‌روه‌ها 20هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانه‌ كه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌ندیكای داكۆكیكار له‌ ماف و ئازادییه‌كانی كاری رۆژنامه‌نوسی له‌ كوردستان كۆششی رێكخستن‌و په‌رپێدانی پیشه‌كه‌‌و هه‌وڵی دابینكردنی پێداویستیه‌كانی ده‌دات، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رممتان لێده‌كه‌ین‌و ده‌ستی ماندونه‌بووتان ده‌گوشین، هیوادارین بواری ئازادی كاری رۆژنامه‌نووسی و پانتایی دیموكراسی رۆژ به‌رۆژ به‌رفره‌وانتر ببێت‌و پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسیش پێداویستیه‌ یاسایی‌و ماددی‌و دامه‌زراوه‌ییه‌كه‌ی ته‌واو ببێت.

له‌ كوردستاندا وێرای كه‌موكوڕی و گرفتی زۆر به‌ڵام تا راده‌یه‌كی باش ئازادی رۆژنامه‌وانی به‌ یاساو به‌شێوه‌ی كرداریش فه‌راهه‌مكراوه‌ ئه‌گه‌رچی هێشتا جێی ره‌زامه‌ندی ئێمه‌ وه‌ك سه‌ندیكاو رۆژنامه‌نوس و میدیاكارانیش نییه‌ به‌ڵام هه‌نگاوی باش نراوه‌و هه‌نگاوه‌كانیش به‌رده‌وامن تاوه‌كو به‌ره‌و باشتر ببرێت، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكا كار له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مای جێبه‌جێكردنی یاساكان باشتر بكرێت‌و هه‌مواری گونجاو بۆ قۆناغی داهاتوو كه‌ خزمه‌تی گشتی كار‌و پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسی‌و ئازادی میدیا بكات‌و سندوقی خانه‌نشینی رۆژنامه‌نووسانیش كارا بكرێت‌و زه‌مانه‌تی ئاینده‌ی رۆژنامه‌نووسان بكات.

رۆژنامه‌نوسان و میدیاكارانی خۆشه‌ویست
كاریگه‌ری رۆڵی رۆژنامه‌‌و ته‌له‌ڤزیۆن‌و رادیۆ‌و میدیای ئه‌لیكترۆنی به‌گشتی‌و پیشه‌ی رۆژنامه‌نوسی به‌تایبه‌تی، رۆڵێكی كارای گرنگی هه‌یه‌، له‌م روانگه‌یه‌یه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ده‌خوازێت، سه‌رجه‌م بواره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراوه‌یی بونیاد بنرێت‌و گرێبه‌ستی به‌تاك‌و باش‌و شه‌فاف له‌نێوان ده‌زگای میدیایی‌و رۆژنامه‌نووسان به‌لایه‌ك‌و گرێبه‌ستی به‌كۆمه‌ڵیش، بواری پیشه‌كه‌ رێك بخات.

رۆژنامه‌نوسان و میدیاكارانی خۆشه‌ویست
بۆ ئێستای كوردستان، هاوكاتی ئه‌م بۆنه‌یه‌، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌و به‌تایبه‌تیش پرۆسه‌ی هه‌ڵمه‌ت‌و بانگێشه‌ی راگه‌یاندنی لیست‌و قه‌واره‌و كاندیده‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌هه‌مووشی له‌باوه‌شی هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن‌و ده‌زگاكانی میدیا جێگا ده‌گرێت، به‌مه‌ش كه‌شێكی گه‌رمی ململانێی له‌گوتاری نێو راگه‌یاندنه‌كان دروست ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كات:
-ده‌زگاكانی میدیا به‌گشتی ده‌ست به‌پره‌نسیپی پیشه‌كه‌‌و میساقی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ بگرن و مافی خۆیان به‌دوور له‌تانه‌و ناوزڕاندن‌و ده‌رچوون له‌یاسا به‌ركاره‌كان، پیاده‌ بكه‌ن.
-كاری رۆژنامه‌نووس و ده‌زگای میدیایی نییه‌ ببێته‌ گوتاربێژی راسته‌وخۆی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژادرن‌و ململانێ سیاسیه‌كان به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی ده‌توانێت وه‌كو ئامرازێكی راگه‌یاندن پانتایی بۆ بانگێشه‌ی هه‌ڵبژاردن بڕه‌خسێنێت.
-پێویسته‌ ده‌زگاكانی رۆژنامه‌نووسی‌و میدیایی، به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی كوردستان له‌به‌ر چاو بگرن‌و نه‌بنه‌ هۆكاری تێكدانی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سنوری ئاساییشی نیشتمانی نه‌به‌زێنن‌و ده‌ستككه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان به‌رز رابگرن.
-نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌زگای میدیایی له‌كار بخرێت مه‌گه‌ر به‌بڕیاری دادگا ‌و نابێت كاری رۆژنامه‌نووسی په‌ك بخرێت، هه‌ر داواكارییه‌كی یاساییش هه‌بێت، پێویسته‌ په‌نا ببرێته‌ به‌ر دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان‌و رێوشوێنی یاسایی بگیرێته‌ به‌ر به‌پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌ 35ی ساڵی 2007.
 
ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved