هه‌ركاتێك كه ناوی ئه‌فسانه‌كانی سینه‌مای جیهانی بهێنرێن، پێویسته ناوی كچۆله‌ی بلیمه‌ت (شیرلی تمپل)یش بهێنرێت. ئه‌مه‌ش سه‌یر نییه، چونكه شیرلی تمپل بووكی هه‌موو منداڵانی جیهان بوو، بچوكترین و زیره‌كترین و ناودارترین و پڕداهاترین منداڵه له مێژووی سینه‌مای جیهانیدا. كه تا ئه‌مڕۆش هیچ منداڵێكی تر له جیهاندا له ته‌مه‌نی ئه‌ودا له‌بواری هونه‌ری نواندنی سینه‌ماییدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئاستی بلیمه‌تی و باڵایی و توانا به‌ده‌رییه‌كانی شیرلی. شیرلی تمپل به یه‌كێك له ناودارترین منداڵان له مێژوودا ناسراوه، له ئه‌مریكاشدا به‌ڕێزه‌وه به (شازاده بچكۆله) ناویان ده‌برد. شیرلی تمپل، زۆر به‌زوویی بلیمه‌تی و به‌هره‌و توانا هونه‌رییه‌كانی ده‌ركه‌وتن. به‌پێی ئه‌و پشكنینه سه‌ره‌تاییه‌ی كه له‌لایه‌ن پسپۆڕانی زیره‌كییه‌وه بۆیان كرد بۆیان ده‌ركه‌وت كه شیرلی كچۆله‌یه‌كی زیره‌ك و بلیمه‌ته. شیرلی تمپل، له سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، له ته‌مه‌نی سێ ساڵیدا، به جیهانی سینه‌ماو نواندن و فیلم و كامێرا ئاشنابوو. له‌و ته‌مه‌نه‌دا بوو به خۆشه‌ویستی ملیۆنان كه‌س. شیرلی تمپل له به‌رواری (٢٣ی/ئا‌پریل/١٩٢٨) له شاری (سانتا مۆنیكا)ی سه‌ر به ویلایه‌تی (كالیفۆرنیا) له ئه‌مریكا له خێزانێكی هه‌بووی خۆشگوزه‌ران له‌دایكبوو. خێزانه‌كه‌ی به‌ڕه‌سه‌ن ده‌چنه‌وه سه‌ر نه‌ژادی ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندی. باوكی (جۆرج فره‌نسیس تمپل) فه‌رمانبه‌ر بوو له (بانك)، دایكیشی (گیرتوند ئامیلیا تمپل) ژنی ماڵه‌وه بوو. دوو برای له‌خۆی گه‌وره‌تری هه‌بوو، ناوه‌كانیان (جۆرجی بچووك) و (جۆن ستانلی)ن. شیرلی خونچه‌گوڵ، كچۆڵه‌یه‌كی زۆر جوان، ئێسك سوك، رووخسار شیرین، چاو گه‌ش، به‌ژن رێك، قژ سوور‌و لول، لێو به خه‌نده پێكه‌نین، له‌ش سووك، بزێو و به‌ناز، قسه قوت و خۆش، ده‌نگ ناسك و خۆش، خۆخۆشه‌ویستكه‌رو دڵپاك بوو. دایكی زوو هه‌ستی به‌وه كرد كه شیرلی كچی زۆر زیره‌كه‌و زوو شت وه‌رده‌گرێت و فێرده‌بێت. ده‌نگێكی سروشتی خۆش و هه‌ست و چێژێكی موزیكی باشی هه‌یه. پێشبینی ئه‌وه‌شی كرد كه شیرلی داهاتوویه‌كی باشی ده‌بێت. بۆیه ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆی بۆ به دروستی و به جوانی په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی شیرلی ته‌رخانكرد. هه‌موو پێویستی و پێداویستییه‌كی گه‌شه‌كردن و پیشكه‌وتن و پشكوتنی به‌هره‌و ئاره‌زوو و تواناكانی شیرلی دابینكردن. هه‌موو خواست و هیوایه‌كی شیرلی ده‌هێنایه‌دی. به‌هێزترین پاڵپشت و هانده‌رو رێنماییكه‌ری شیرلی بوو. ئه‌و ژیانه‌ی كه بۆ شیرلی ره‌خسابوو ره‌نگه بۆ شازاده مارگرێت و شازاده ئالیزابێس-ی ئینگلته‌را نه‌ڕه‌خسابێت. به‌ڵام شیرلی تمپل ته‌نها له چێژی منداڵی كه‌مبوو، كه وه‌كو منداڵانی هاوته‌مه‌نی خۆی به ساده‌یی و ساكاری و ساوێلكه‌یی بژی. تا شووكردنی دایكی هه‌ر به‌دوایه‌وه بوو. ته‌نانه‌ت له كاتی وێنه‌گرتن و تۆماركردنی رۆڵه‌كانی له فیلمه‌كاندا له‌ناو ستۆدیۆی تۆماركردن و له ده‌ره‌وه‌شدا له‌دوای كامێراكانی وێنه‌گرتنه‌وه ده‌وه‌ستا، چی بویستایه به ئاماژه‌كردن شێرلی ئاگادارده‌كرده‌وه. كامێرایه‌كی باشی تایبه‌تی خۆشی پێ‌بوو، له‌كاتی پرۆڤه‌و نمایشی رۆڵه‌كانی شیرلی دا، وێنه‌ی ده‌گرت. به سه‌دان وێنه‌ی شیرلی گرت. له دواییدا ئه‌م وێنانه بوون به به‌شێكی گرنگ له ئه‌رشیف و له ئه‌لبومه یادگارییه‌كانی شیرلی. شیرلی هه‌ر له منداڵییه‌وه هۆگری گۆرانی و موزیك و سه‌ما بوو. له ساڵی (1931) دا كه ته‌مه‌نی شیرلی سێ ساڵان بوو، دایكی خستییه قوتابخانه‌ی (میگلینس) له شاری (لۆس ئه‌نجلس) كه قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌تبوو به سه‌ماكردن و به گۆرانی منداڵان. شیرلی له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا، زۆر به‌باشی فێری هونه‌ری سه‌ماكردن و شێوازه سه‌ركه‌وتووه‌كانی گۆرانی وتن بوو. یه‌كێك بوو له قوتابییه یه‌كه‌مین و زیره‌كه‌كانی ئه‌و قوتابخانه‌یه. رۆژێك به‌ڕێكه‌وت، ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی (چارلز لامۆنت) كه بۆ كۆمپانیای (فۆكس فیلم) بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی سینه‌مایی كاری ده‌كرد. چوو بۆ قوتابخانه‌ی (میگلینس) له كاتی پرۆڤه‌و راهێناندا، شیرلی تمپلی بینی، زۆر سه‌رنجی راكێشا، بانگی كرد‌و داوای لێ‌كرد كه كه‌مێكسه‌مای بۆ بكات. شیرلی له به‌رده‌میدا تاوێك سه‌مای كرد، چارلز لامۆنت زۆر به‌تواناو به لێهاتوویی شیرلی سه‌رسام بوو. چه‌پڵه‌ی بۆ لێداو ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵیدا كرد‌و زۆرئافه‌رینی كرد. پێشی وت كه داهاتوویه‌كی نایابت ده‌بێت. دوای چه‌ند مانگێك له ساڵی (١٩٣٢) دا، كه ته‌مه‌نی شیرلی تمپل هێشتا سێ ساڵان بوو، چالز لامۆنت وه‌ك نوێنه‌ری كۆمپانیای فۆكس، به ئاماده‌بوونی دایكی شیرلی، به واژۆی شیرلی خۆی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (فۆكس فیلم) داگرێبه‌ستێكیان تا ساڵی (١٩٤٠) واژۆ كرد، كه به مانگانه‌یه‌كی باش شیرلی وه‌كو ئه‌كته‌رێكی سینه‌مایی، رۆڵی سه‌ره‌كی له‌و فیلمانه‌دا هه‌بێت، كه ئه‌م كۆمپانیایه به‌رهه‌میان ده‌هێنێت، به‌شێ هه‌ره زۆری فیلمه‌كانیش بۆ منداڵان بوون، به زۆریش پاڵه‌وانی فیلمه‌كان هه‌ر منداڵان بوون. شیرلی تمپل هه‌ر له‌م ساڵه‌و لێره‌شه‌وه به جیهانی سینه‌ما ئاشنابوو. له‌مكاته‌دا كۆمپانیای فۆكس فیلم، زنجیره كورته فیلمێكی كۆمیدی و ره‌خنه‌ئامێزی ده‌رهێنا، به ناوی (بایبی بیورلیسكس) كه شیرلی تمپل رۆڵی پاڵه‌وانێتی له‌م زنجیره فیلمه‌دا ده‌بینی، له‌میانه‌ی ئه‌م زنجیره فیلمه‌وه ناسرا. كه بێنه سه‌ر فیلمه‌كانی زیاتر باسی لێده‌كه‌ین. له‌هه‌مانكاتیشدا، شیرلی تمپل له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له منداڵانی جوانكیله‌ی هاوته‌مه‌نی خۆیدا، ریكلامی سینه‌ماییان بۆ خۆراكی منداڵان و بۆ ئه‌و شتانه‌ش كه په‌یوه‌ندییان به منداڵانه‌وه هه‌بوو ده‌كرد. شیرلی له هه‌موو منداڵه‌كانی تر جیاوزترو به‌تواناترو سه‌رنجڕاكێشتر بوو. كه له ساڵی (١٩٤٠)دا، گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (فۆكس فیلم)دا كۆتایی هات، چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تری سینه‌مایی گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵدا واژۆكرد، وه‌كو كۆمپانیای (یۆنڤیرسال) و (باراماونت) و (ورتر برازه‌رس)، رۆڵی جۆراوجۆری جیاوازی له فیلمه‌كانی ئه‌م كۆمپانیانه‌دا هه‌بوو. شیرلی تمپل ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵان بوو، له‌و ته‌مه‌نه منداڵییه‌دا، وه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی سینه‌مایی تازه هه‌ڵهاتوو ناسراو بوو ئه‌ستێره‌یه‌ك له ئه‌ستێره‌كانی (هۆلیۆد). ناوبانگی ده‌ركردو شكۆداری و شانازی تا هه‌تایه‌ی بۆ خۆی تۆماركرد. ناویشی له لیستی كه‌سایه‌تییه نه‌مره‌كانی جیهاندا ده‌مێنێته‌وه. شیرلی تمپل له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره ناوداره سینه‌ماییه‌كانی ئه‌مریكادا، له فیلمه‌كاندا رۆڵی هه‌بووه، له‌وانه‌ش: كلاودێت كولبه‌رت، كاری گرانت، جۆن واینی، جۆن فۆردكی، جۆن ئاگه‌ر، بیل رۆبنسون (له چه‌ند فیلمێكدا پێكه‌وه رۆڵیان هه‌یه. بیل رۆبنسون راهێنانی سه‌ماشی به شیرلی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانی زیاتر گه‌شه بكه‌ن)، دیك مور، كارۆل لۆمبارد، گاری كۆپه‌ر، رۆناڵد ریگان، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئه‌كته‌ری ناسراوی تریشدا. له هه‌مووشیان پاره‌ی زیاتری وه‌رده‌گرت، ساڵ له‌دوای ساڵیش، مانگانه‌كه‌یان بۆ زیاتر ده‌كرد. له چه‌ند فیلمێكیدا پێنج ملیۆن دۆلاری وه‌رگرت، كه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه پاره‌یه‌كی زۆر زۆربوو. ته‌نانه‌ت مانگانه‌یان به دایكیشی ده‌دا، كه قژه‌كه‌ی شیرلی تمپلی جوان ده‌كردو به‌پێی فیلمه‌كانیش ده‌یڕازانده‌وه. شیرلی به ده‌نگه ناسكه‌كه‌ی و به گۆرانییه خۆشه‌كانی، به سه‌ما جوانه‌كانی، به رۆڵه كۆمیدییه پڕ له پێكه‌نینه‌كانی، به قژه سوور‌و لول و جوانه‌كه‌ی، به زه‌رده‌خه‌نه‌ی شیرینی سه‌ر لێوه ئاڵه‌كانی، به غه‌مزه‌ی چاوه گه‌شه‌كانی، به قسه قوت و زله‌كانی، به دڵی قنجی پڕاوپڕ له پاكی. توانی هیواو خۆشی و شادی بخاته دڵی ملیۆنان كه‌س له هه‌وادارنی فیلمه‌كانی له هه‌موو جیهاندا، زه‌رده‌خه‌نه‌ی شادی و پێكه‌نینیش بخاته‌سه‌ر لێوه‌كانیان. سه‌رنج و خۆشه‌ویستیان بۆ لای خۆی رابكێشێت و ببێت به وێردی شیرینی سه‌ر زمان و به خۆشه‌ویستی ملیۆنان كه‌سی منداڵ و گه‌وره له جیهاندا. شیرلی تمپل، هه‌میشه حه‌زی به‌و رۆڵه سینه‌ماییانه له فیلمه‌كانی ده‌كرد، كه بینه‌رانی شاد‌و دڵخۆش بكات و بیانهێنێته زه‌رده‌خه‌نه‌و پێكه‌نین، خه‌م و په‌ژاره‌و ئازار‌و تاڵی و سه‌ختییه‌كانی ژیان له‌بیریان به‌رێته‌وه. ئه‌م رۆڵه‌ش ته‌نها له شیرلی تمپل ده‌وه‌شایه‌وه. به‌تایبه‌تیش له سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، كه ئه‌مریكاو زۆر له وڵاتانی جیهان، روبه‌ڕووی قه‌یران و داڕووخانی ئابووری ببوونه‌وه، رێژه‌ی بیكاری و هه‌ژاری به‌رزببوونه‌وه، ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی سه‌خت بوون. شیرلی له میانه‌ی فیلمه كۆمیدییه‌كانیه‌وه، ده‌یویست وره‌و خۆڕاگری خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی به‌رزبكاته‌وه‌و گه‌شبینی و هیوا بخاته دڵیانه‌وه. ده‌یویست ئه‌و په‌یام و مژده‌ییه‌یان پێبگه‌یه‌نێت كه ئه‌م دۆخه سه‌خته به‌سه‌رده‌چێت و خۆشی و خۆشگوزه‌رانی و شێنه‌یی به‌ڕێوه‌ن. بۆیه سه‌رۆكی ئه‌مریكا (فرانكلین دیلانۆ رۆزفیڵت) كه له (١٩٣٣ ١٩٤٥) سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوو، رۆژیكیان وتی "مادام وڵاته‌كه‌مان شیرلی تمپلی هه‌یه، هه‌زار جار باشتر ده‌بین". شیرلی تمپل له‌باره‌ی ژیانه‌وه ده‌ڵێ "هه‌رچه‌ند ژیان سه‌ختیش بێت. خه‌مباریت هیچی لێناگۆڕێت. كه‌واته زه‌رده‌خه‌نه بكه". ده‌شڵێ "پێویسته مرۆڤ شادبێت و له‌خۆی رازی بێت بۆ ئه‌نجامدانی كاره گشتییه‌كان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه من لێیده‌ڕوانم". هه‌ر (فرانكلین رۆزفیڵت) كه هه‌وادارێكی فیلمه‌كانی شیرلی تمپلی منداڵ بوو، ده‌ڵێ "كارێكی نایابه كه نیو دۆلار خه‌رجبكه‌یت و بچیت بۆ سینه‌ما، بۆ ئه‌وه‌ی چاو ببڕیته ئه‌و ده‌موچاوه جوانه به زه‌رده‌خه‌نه‌یه، تا هه‌موو كێشه‌كانت له‌بیربه‌رێته‌وه". شیرلی تمپل، تا پۆلی حه‌وته‌می قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی خوێند، به‌ڵام مامۆستایه‌كی لێهاتوو، وانه‌ی تایبه‌تی پێده‌وته‌وه، به‌هۆی كاركردنی وه‌كو ئه‌كته‌ریكی سینه‌مایی، بواری ئه‌وه‌ی نه‌بوو كه قۆناغه‌كانی تری خوێندن ته‌واوبكات. ئاشنابوونی شیرلی تمپل به جیهانی سینه‌ما: وه‌ك له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد، شیرلی تمپل له ته‌مه‌نی سێ ساڵیدا، له ساڵی (١٩٣٢)دا ده‌ستی به نواندنی رۆڵی سینه‌مایی كرد‌و به جیهانی هۆنه‌ری سینه‌مایی ئاشنابوو. ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی چالاكییه‌كانی شیرلی تمپل له‌بواری سینه‌مادا له‌چاو ئه‌و سه‌ركه‌وتن و ناوبانگه گه‌وره‌ییه‌ی به‌ده‌ستی هێنان، زۆر درێژ نه‌بوون. له ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه تا بیست و دوو ساڵی بوون، واته له (١٩٣٢ ١٩٥٠) بوو. به‌ڵام توانی له زیاتر له (٤٣) فیلم‌دا به‌شداری بكات، كه له زۆربه‌یاندا رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌ره‌كی هه‌بوو، له‌نیوه‌یان زیاتریش فیلمی درێژن، له‌نیوه‌یان زیاتریش له ته‌مه‌نی پێش دوانگزه ساڵیدا به‌شداری تێداكردوون. به زیره‌كی و بلیمه‌تی و توانابه‌ده‌رییه‌كانی خۆی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له‌م فیلمانه‌دا به‌ده‌ستهێنا، تا بوو به ئه‌و ئه‌ستێره گه‌شه سینه‌ماییه. فیلمه‌كانیشی له‌چاو فیلمه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، به پاره‌یه‌كی كه‌م به‌رهه‌مده‌هێنران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داهاته‌كانیان له داهاته‌كانی فیلمه‌كانی تر زیاتر بوون. به زۆریش فیلمه‌كانی له جۆری (درامای كۆمیدی) بوون، كه گۆرانی و سه‌ماكردن به‌شێك بوون له‌م فیلمانه. له ئه‌مڕۆدا له هه‌موو جیهاندا، له زانكۆ گه‌وره‌كان و له په‌یمانگاكانی سینه‌ماو شانۆدا، ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی شیرلی تمپل له‌بواری سینه‌مادا، ده‌وترێته‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. له چه‌ندین وڵاتانی جیهانیشدا زۆر له سینه‌ماكاران كه سه‌رقاڵی ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایین، هه‌وڵیانداوه‌و هه‌وڵده‌ده‌ن كه له شێوه‌ی شیرلی تمپل، كچۆله‌ئه‌كته‌ر كۆپی بكه‌ن و پێبگه‌یه‌نن. ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی كوردیشمان هونه‌رمه‌ند كاك (به‌همه‌ن قوبادی)ش له فیلمه كوردییه‌كانیدا، رۆڵی منداڵانی كوردمانی فه‌رامۆش نه‌كردووه، بۆ نموونه‌ش: له فیلمی (ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان) و (كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌فڕن) كاك به‌همه‌ن رۆڵی منداڵانی خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تییه‌كانیشی فه‌رامۆش نه‌كردووه، هه‌روه‌كو منداڵێكی ئاسایی رۆڵی پێداون، ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی زیاتری به فیلمه‌كانی به‌خشیون. فیلمی (بێكه‌س: فیلمێكی سینه‌مایی درامی كۆمیدی كوردییه) له نووسین و ده‌رهێنانی كاك (كارزان قادر) كه بۆ یه‌كه‌مینجار له ساڵی (٢٠١٢)دا له هه‌ولێر نمایشكرا. له‌م فیلمه‌دا رۆڵی پاڵه‌وانێتی دراوه‌ته دوو برای منداڵ (دانا‌و زانا) كه ده‌یانه‌وێت هیواو خه‌ونێكی منداڵییان بهێننه‌دی، ده‌یانه‌وێت له كوردستانه‌وه به‌سواری گو‌ێدرێژێك كه ناویان لێناوه (مایكڵ جاكسۆن) بچن بۆ ئه‌مریكا، له گه‌ڕانه‌وه‌یاندا پاڵه‌وانی له توانابه‌ده‌ری فیلمه‌كان (سۆپه‌رمان) له‌گه‌ڵ خۆیاندا بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستانیان له ده‌ستی سه‌دام بۆ رزگاربكات، رووداوه‌كانی ئه‌م فیلمه بۆ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه. فیلمی بێكه‌س، له سینه‌ماكانی چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپاش به ده‌قی زمانه كوردییه‌كه‌ی و به ژێرنووسی ئینگلیزی و سویدی و نۆروێژی و فینله‌ندی و ئه‌ڵمانیش و عه‌ره‌بیش نمایشكرا، تا ئێستا له پانزه وڵات له جیهاندا نمایشكراوه. كورته فیلمی (باوكه) له نووسینی ده‌رهێنه‌ری به‌توانای كوردمان (هیشام زه‌مان)ه، كه له ساڵی (٢٠٠٥)دا به‌رهه‌می هێناوه، به زمانی كوردی و ژێرنووسی نۆروێژییه، دیمه‌نه‌كانیشی له نۆروێژ گیراون، چونكه كاك هیشام خوێندنی له شاری (لیلیاهه‌مه‌ر) له نۆ‌رویژ ته‌واوكردووه، پاڵه‌وانی ئه‌م فیلمه‌ش كوڕێكی منداڵی ته‌مه‌ن ده‌ور ده سه‌ڵانه. فیلمی (باوكه) ئه‌و فیلمه‌یه كه نۆروێژییه‌كانی هێنایه سۆز‌و گریان. چه‌ندین خه‌ڵاتی نێونه‌ته‌وه‌ییان به‌م فیلمه به‌خشی. له فیلمی (بووكه به بارانه) و (بووكه‌ڵه‌كان نامرن) له ده‌رهێنانی (ئاكۆ زه‌ند كه‌ریمی) و فیلمی (لانك) له ده‌رهێنانی (زانیار له‌تیفی) پاڵه‌وانی ئه‌م فیلمانه‌ش هه‌ر منداڵانن. ئه‌م فیلمانه‌ش چ له كوردستان و له ئێران و له فیستیڤاڵییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بۆ فیلمی سینه‌مایی منداڵان، سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌و رێز‌و خه‌ڵاتی زۆریان به‌ده‌ستهێنان. هیوادارم كه برایانی ده‌رهێنه‌رمان به‌همه‌ن قوبادی و كارزان قادر‌و هیشام زه‌مان و ئاكۆ زه‌ند كه‌ریمی و زانیار له‌تیفی و هونه‌رمه‌ندانی كه‌شمان له فیلمه سینه‌ماییه‌كانی داهاتووشیاندا رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌ره‌كی زیاتر به منداڵانی به‌هره‌داری كوردمان بده‌ن. چونكه (منداڵانی ئه‌مڕۆمان، هیوای داهاتووی كوردستانن). ئێمه له كورته نووسینێكدا، ده‌رباره‌ی شیرلی تمپل ئه‌م كه‌ڵه ژنه هونه‌رمه‌نده‌ی بواری سینه‌ما، ناتوانین به‌درێژی باس له یه‌ك به‌یه‌كی فیلمه‌كانی بكه‌ین. ئه‌مه‌یان كاری پسپۆر‌و سینه‌ماكارانی كوردمانه، گه‌ر بیانه‌وێت به‌ته‌سه‌لی باس له فیلمه‌كانی شیرلی تمپل بكه‌ن و به‌پێی پێوه‌ره‌كانی ره‌خنه‌ی بابه‌تی و به‌پێی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌رهێنراون، تیشك بخه‌نه‌سه‌ر فیلمه‌كانی و یه‌ك به‌یه‌ك هه‌ڵیانبسه‌نگێنن. زۆر به‌كورتی ئاماژه به به‌شێك له‌و فیلمانه‌ی ده‌ده‌ین، كه شیرلی تمپل له ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه تا بیست و دوو ساڵی رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌ره‌كی تێیاندا بینیوه. فیلمه‌كان: 1- یه‌كه‌مین فیلم كه شیرلی تمپل به‌شداری تێدا كرد له ساڵی (١٩٣٢)دا بوو كه رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا بینی، له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ری ناسراو (جێمس دان)دا بوو، ته‌مه‌نی شیرلی سێ ساڵان بوو ناوی فیلمه‌كه‌ش (ستاند ئه‌پ ئه‌ند چیر) واته (هه‌سته‌و بگه‌شێوه) یا هه‌سته‌و دڵخۆشبه، كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای (فۆكسفیلم)ه‌وه، ئاماده‌كراو ده‌رهێنرا. 2- به‌ڵام ده‌ستپێكی راستی شیرلی تمپل و ئاشنابوونی ته‌واوی به جیهانی فیلم و به سینه‌ما، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (١٩٣٢) كه هێشتا هه‌ر سێ ساڵان بوو، رۆڵی پاڵه‌وانێتی له زنجیره كورته فیلمی (بایبی بیورلیسكس)دا بینی. زنجیره فیلمێكی كورتی كۆمیدی ره‌خنه ئامێز بوو، توانج و پلاری له فیلمه گه‌وره‌كان و له سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گرتن. به‌ڵام به‌شێكیش له بینه‌ران ره‌خنه‌یان له‌م زنجیره‌یه گرت، كه به‌هره‌و توانا‌و دڵپاكی منداڵێكی بلیمه‌تی وه‌ك شیرلی تمبل یان قۆستوونه‌ته‌وه‌و رۆڵی كه‌سێكی گه‌وره ده‌بینێت، كه به‌گوێره‌ی خۆی نیه‌وه‌و له‌گه‌ڵ دڵپاكی منداڵاندا ناشێت. ئه‌م زنجیره فیلمه له هه‌موو فیلمه‌كانی ئه‌وكاته، زیاترین پلیتی فرۆشراو زیاترین داهاتیشی بوو. هه‌ر له ماوه‌ی كاركردنی له‌م كۆمپانیایه‌دا، شیرلیتمپل له چه‌ند زنجیره فیلمێكی تریشدا به‌شداری كرد‌و رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو، فیلمه‌كانیش ئاراسته‌ی منداڵان ده‌كران. 3- فیلمی (چاوه گه‌شه‌كان) له (١٩٣٤)دا نمایشكرا، ته‌مه‌نی شیرلی پێنج ساڵان بوو، رۆڵی پاڵه‌وانێتی له‌م فیلمه‌دا هه‌بوو، له‌م فیلمه‌دا شیرلی تمپل خۆشترین گۆرانی چڕێ و جوانترین سه‌ماشی كرد‌و باشترین رۆڵیشی نواند، ئه‌م فیلمه ناوبانگێكی جیهانی به شێرلی تمپل به‌خشی. فیلمه‌كه‌ش به‌تایبه‌تی ئاماده‌كرا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌هره‌و تواناكانی شیرلی تمپلدا بگونجێت. له پاداشتی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌یه‌ی كه له‌م فیلمه‌دا به‌ده‌ستهێنا، له‌لایه‌ن (ئاكادیمیای فیلمی ئه‌مریكی)یه‌وه رێزی لێنراو خه‌ڵاتیان كرد. زیاتر له نیو ملیۆن كاسێتی ئه‌و گۆرانییه‌شی فرۆشرا، كه له‌م فیلمه‌دا چڕی. هه‌ر ئه‌م فیلمه‌ش بوو، كومپانیای (فۆكس فیلم)ی له هه‌ره‌س و مایه‌پووچی رزگاركرد. شیرلی تمپل ده‌ڵێ "من زۆر به‌خته‌وه‌ر بووم، هه‌لی ئه‌وه‌م بۆ ره‌خسا كه رۆڵی (كچۆله شاده‌كه) بگێڕم، كه ناوبانگی بۆ واڵا كردمه‌وه". 4- فیلمی (كچۆله هه‌ژاره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه) كه له ساڵی (١٩٣٦)دا نمایشكرا، شیرلی رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌بوو، هه‌ر هه‌فته‌ی (پانزه هه‌زار دۆلار)ی وه‌رده‌گرت، ئه‌م گوژمه پاره‌یه‌ش بۆ ئه‌و باردۆخه ئابوورییه خراپه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه، پاره‌یه‌كی زۆر بوو. 5- ئه‌مانه‌ش ناوی كۆمه‌ڵه فیلمێكی ترن، كه شیرلی تمپل رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌ره‌كی تێیاندا هه‌بوو، به زۆریش پێش ئه‌وه‌ی كه ته‌مه‌نی ببێت به دوانگزه ساڵان به‌شداری تێیاندا كردووه: (منداڵ و به‌فر: ١٩٣٢)، (ئالبی قژسوور: ١٩٣٣)، (كیورلی تۆپ: ١٩٣٥)، (كۆڵونیله بچكۆله‌كه: ١٩٣٥)، (یاخیبووه بچكۆله‌كه:١٩٣٥)، (كاپتن جانیوری: ١٩٣٦)، (هایدی:١٩٣٧)، (خانمه بچكۆله‌كه: ١٩٣٤)، (دڵ گۆڕین: ١٩٣٤)، (چاو هه‌ڵته‌كانده‌كان: ١٩٣٦)، (چۆله‌كه‌ی شین:١٩٤٠)، (كۆڵوانه‌ی شین)، (كچۆله یاخیبووه‌كه)، (مانگی هه‌نگوین: ١٩٤٧)، (شادی لاوان: ١٩٤٠)، (جادووگه‌ر)، (سه‌ركێشییه‌كان)، (منداڵان له ئه‌فریكا: ١٩٣٣)، (خۆشاردنه‌وه له كه‌شتییه‌كه‌دا: ١٩٣٦)، (كچه بچكۆله‌كه‌مان: ١٩٣٥)، (ماچیك بۆ كۆرلیس: ١٩٤٩) ئه‌م فیلمه‌یان دوا فیلمه كه شیرلی تمپل به‌شداری تێیدا كرد. فیلمی (كیورلی تۆپ) و (یاخیبووه بچكۆله‌كه) له‌و راپرسییه‌ی كه گۆڤاری (ڤارایتی) كردی، به باشترین دوو فیلمی ساڵی (١٩٣٥) هه‌ڵبژێران. 6- فیلمی (شازاده بچكۆله‌كه) له ساڵی (١٩٣٩)دا نمایشكرا، ته‌مه‌نی شیرلی تمپل سیانزه ساڵان بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ری لاودا (دیك مور) رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بوو، ئه‌م فیلمه نیوچه رۆمانسی بوو، شیرلی له رۆڵی خاتوو (ئانی رۆنی)دا بوو، له فیلمه‌كه‌دا شیرلی و دیك مور له‌پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌دا دانیشتبوون، دیك مور ئۆتۆمبیله‌كه‌ی لێده‌خوڕی، له به‌رده‌م ترافیك لایتێكدا ئۆتۆمبیله‌كه ئستۆپده‌كات، بۆ یه‌كه‌مینجار دیك مور ماچێكی سووكی رومه‌تی شیرلی ده‌كات. دیك مور ده‌ڵێت "پێنج سه‌د كامێرا بۆ وێنه‌گرتنی دیمه‌نی ئه‌م ماچه رۆمانسییه، روویان تێكردبووین" هه‌ر دیك ده‌ڵێت "تا ماوه‌یه‌كی درێژی له‌وه دواش ئه‌وه یه‌كه‌م ماچم بوو" ئه‌م فیلمه سه‌ركه‌وتنێكی بازرگانی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا. داهاتێكی زۆری هه‌بوو. 7- فیلمی (ئه‌م كچه شه‌یتانه) كه له ساڵی (١٩٤٧)دا نمایشكرا، شیرلی تمپل له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگ (رۆناڵد ریگان)دا رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بوو (رۆناڵد ریگان) له ساڵی (١٩٨١ ١٩٨٩) بوو به سه‌رۆكی ولایه‌ته یه‌گرتووه‌كانی ئه‌مریكا. له‌م فیلمه‌دا شیرلی تمپل رۆڵی (كچه هه‌رزه‌كاره‌كه)ی ده‌گێڕا. رۆناڵد ریگان یه‌كه‌مین ئه‌كته‌ری گه‌نجه كه داوای هاوسه‌رگیری له شیرلی تمپل كرد. به‌ڵام له‌كاتی نمایشكردندا، ئه‌و رسته‌یه‌یان سڕییه‌وه‌و له‌فیلمه‌كه‌دا نه‌ما. 8- فیلمی (قه‌ڵای ئه‌باشی: ١٩٤٨) له‌م فیلمه‌دا، شیرلی تمپل رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه (كچی هێنری كونده‌ی سه‌رۆكی هۆزی ئه‌باشی)یه. هه‌ر له‌م فیلمه‌دا ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریكی (جۆن ئاگه‌ر) مێردی یه‌كه‌می شیرلی تمپل، رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه. له فیلمی (سه‌ركێشییه‌كان له بالتیمۆر: ١٩٤٩) شیرلی تمپل و جۆن ئاگه‌ر له‌م فیلمه‌شدا رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه. ئه‌مه دوا كاریان بوو كه پێكه‌وه بیكه‌ن، له‌دوای ئه‌م فیلمه‌وه له یه‌كتری جیابوونه‌وه. 9- شیرلی تمپل بۆ دوو خولیش چه‌ند زنجیره ته‌له‌فزیۆنییه‌كی ئاماده‌كردو هه‌ر خۆشی پێشكه‌شی ده‌كردن، وه‌كو ئه‌كته‌رێكیش له چه‌ند درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌بوو. هه‌ر له ته‌له‌فزیۆندا وه‌كو چیرۆكخوانێكیش چیرۆكی ئه‌ندێشه‌یی بۆ منداڵان ده‌گێڕایه‌وه. له‌میانه‌ی ئه‌م زنجیره ته‌له‌فزیۆنیانه‌شدا چیرۆكی ژیاننامه‌ی خۆی و ئه‌زموونی له‌بواری سینه‌مادا ده‌گێڕایه‌وه. له چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیشدا، وه‌كو میوانی رێزلێنراو، بانگی شیرلی تمپل یان كرد‌و دیمانه‌ی هونه‌رییان له‌گه‌ڵدا كردوون. 10- شیرلی تمپل له ساڵی (١٩٨٨)دا چیرۆكی ژیاننامه‌ی خۆی نووسییه‌وه‌و چاپیكرد. خه‌ڵاته‌كانی شیرلی تمپل: 1- له ساڵی (١٩٣٥)دا خه‌ڵاتی (ئاكادیمیای ئه‌كته‌رانی بچووك)ی له‌بواری سینه‌مادا وه‌رگرت. بۆ یه‌كه‌مینجاریش بوو كه خه‌ڵاتێكی وای تایبه‌ت به منداڵان له ئه‌مریكادا دابهێنرێت. شیرلی تیمپلیش یه‌كه‌مین و بچووكترین ئه‌كته‌ری سینه‌مایی بوو كه ئه‌م رێزلێنانه‌ی لێنراو ئه‌و خه‌ڵاته‌یان پێبه‌خشی، له پاداشتی رۆڵه سه‌ركه‌وتووه‌كانی له فیلمه كۆمیدییه خۆشه‌كانیدا به‌تایبه‌تیش له فیلمی (چاوه گه‌شه‌كان: ١٩٣٤). 2- هه‌ر له ساڵی (١٩٣٥)دا كه ته‌مه‌نی شیرلی تمپل شه‌ش ساڵان بوو، له پاداشتی سه‌ركه‌وتنی له‌و فیلمانه‌ی كه له ساڵی (١٩٣٤)دا رۆڵی پاڵه‌وانێتی تێیاندا گێڕا‌و له سینه‌ماكاندا نمایشكران. خه‌ڵاتی زێڕینی (ئۆسكاری منداڵان)یان پێبه‌خشی، كه خه‌ڵاتێكی تایبه‌ته به منداڵانی بواری هونه‌ری سینه‌ما. به‌رزترین خه‌ڵاتی سینه‌ماییشه له جیهاندا. شیرلی تمپل بچووكترین ئه‌ستێره‌ی سینه‌ماییه، كه ئه‌م خه‌ڵاته‌ی وه‌رگرت. تا ئه‌مڕۆش هیچ منداڵێكی تر له‌بواری سینه‌ما له جیهاندا ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رنه‌گرتوون. 3- بچووكترین ئه‌كته‌ری سینه‌ماییه، كه ده‌سته‌مۆرو پێمۆری له گۆڕه‌پانی پێشه‌وه‌ی شانۆی (گرومانزی چینی) شه‌قڵكردوون. كه یه‌كێكه له به‌ناوبانگتری هۆڵه‌كانی نمایشی سینه‌مایی له (هۆلیۆد)له ئه‌مریكادا. 4- شیرلی تمپل، وه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی سینه‌مای ئه‌مریكی و جیهانی له لیستی فه‌رمی ئه‌فسانه‌كانی سینه‌مای ئه‌مریكادا كه به (ئه‌ی ئێف ئای) ناوده‌برێت، تۆماركراوه. كه لیستێكی دامه‌زراوه‌ی فیلمی ئه‌مریكییه، ئه‌م لیسته‌ش ناوی (١٠٠) گه‌وره ئه‌كته‌ری ئه‌فسانه‌یی بواری سینه‌مای له‌خۆگرتووه. ناوی شیرلی تمپل له ریزبه‌ندی (هه‌ژده‌مین)ی ئه‌م لیسته‌دا تۆماركراوه. 5- له‌و راپرسییه‌ی كه ساڵانه گۆڤاری (هیراڵد مۆنتۆن پیكچه‌ر) بۆ باشترین ئه‌كته‌ری سینه‌مایی منداڵ ده‌یكات، چوار ساڵ له‌سه‌ر یه‌كتری (١٩٣٥ ١٩٣٨) شیرلی تمپل له ریزبه‌ندی یه‌كه‌می (بۆكس ئۆفیس)دا بوو. 6- له ساڵی (١٩٣٠) دا، شیرلی تمپل یه‌كه‌مین كچۆله بوو له جیهاندا، كه زۆرترین وێنه‌یان گرتبوو. 7- له‌شێوه‌ی شیرلی منداڵ، شیرلی رووخۆش و لێو به‌خه‌نده، شیرلی قژ سوور‌و لول، به چه‌ندین شێوه‌و قه‌واره‌ی جیا (بووكه شووشه) دروستكراون، به ملیۆنان دانه‌یان له جیهاندا لێفرۆشتوون، تا ئه‌مڕۆش دروستی ده‌كه‌ن و ده‌یفرۆشن. 8- له‌سه‌ر قاپ و فه‌خفووری و كوپ و دۆڵكه‌و كراس و تی‌شێرتی منداڵاندا، وێنه‌ی شێوه جیاوازی شیرلی تمپلی منداڵ، به ره‌نگاوڕه‌نگ چاپكراون. ساڵانه‌ش به هه‌زاران سێت و دانه له‌م شتانه ده‌فرۆشرێن. هه‌ندێكیان وه‌كو دیاری پێشكه‌شده‌كرێن. 9- له‌لایه‌ن (زانكۆی سانتا كلارا) و (زانكۆی لیهای) ئه‌مریكییه‌وه، دوو بڕوانامه‌ی دكتۆرای شانازییان به شیرلی تمپل به‌خشی. هه‌ریه‌كه‌ش له (زانكۆی نۆتردام) و (زانكۆی بال)یش بڕوانامه‌ی هاوڕێتییان پێبه‌خشین. 10- له ساڵی (٢٠٠٥)دا (سه‌ندیكای ئه‌كته‌رانی په‌رده‌ی گه‌وره) خه‌ڵاتێكی رێزلێنانیان به ناوی (به‌رهه‌می ژیان) پێشكه‌ش به شیرلی تمپل كرد. 11- خواردنه‌وه‌یه‌كی گازی خۆش و گوشراوێكی كۆكتێلی میوه‌ی خۆش له ئه‌مریكاو له هه‌ندی وڵاتانی تردا هه‌ن، كه به ناوی (شیرلی تمپل)ه‌وه‌ن. 12- مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری كه‌نه‌دی له ئه‌مریكا، خه‌ڵاتێكی به‌نرخیان پێشكه‌شكرد. 13- بێجگه له‌و خه‌ڵاتانه، چه‌ندین خه‌ڵاتی رێزلێنانی تریشیان پێشكه‌ش كردوون. هاوسه‌رگیری شیرلی تمپل: شیرلی تمپل دوو جار هاوسه‌رگیری كرد.. 1- شووی یه‌كه‌می له ساڵی (١٩٤٥ ١٩٤٩) له‌گه‌ڵ (جۆن ئاگه‌ر) كه چاودێرێك بوو له هێزی ئاسمانی ئه‌مریكادا. له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌كته‌رێكی سینه‌مایی لێهاتوو بوو. لاوێكی باڵابه‌رزی قۆز بوو. ته‌مه‌نی شیرلی (١٧) ساڵ بوو، ته‌مه‌نی جۆن (٢٣) ساڵ بوو. یه‌كتریان خۆشده‌ویست. جۆن ده‌ڵێت "پێش ئه‌وه‌ی داوای بكه‌م، به به‌رده‌وامی یه‌كتریمان ده‌بینی. دواییش هاوسه‌رگیریمان كرد". دایكی پێیوابوو كه شیرلی كچی، هێشتا بچووكه‌و كاتی هاوسه‌رگیری و ماڵداری نییه. به‌ڵام شیرلی كه‌سایه‌تییه‌كی بڕوابه‌خۆو به‌هێز بوو، بۆیه له بڕیاری شووكردنی پاشگه‌ز نه‌بۆوه. هاوسه‌رگیرییان كرد. كچێكیان بوو، ناویان لێنا "لیندا سۆزان". له كۆتایی ساڵی (١٩٤٩)دا له‌سه‌ر داوای شیرلی، جۆن ئاگه‌رو شیرلی تمپل له یه‌كتری جیابوونه‌وه. لینداش تا شووی كرد هه‌ر له‌لای دایكی بوو. 2- شووی دووه‌می (١٩٥٠-٢٠٠٥) له‌گه‌ڵ (چالز ئالدین بلاك) كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی بزنسمه‌نی ده‌وڵه‌مه‌ندی ناسراو بوو. چارلز ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگری ئه‌مریكا بوو. له‌م به‌رواره به‌دواوه شیرلی نازناوی هاوسه‌ره‌كه‌ی (بلاك) بوو به دواناوی، بوو به (شیرلی تمپل بلاك) كوڕێك و كچێكیان بوو، كوڕه‌كه‌یان (چارلزی بچووك: ١٩٥٢) كچه‌كه‌شیان (لوری: ١٩٥٤). چارلز بلاك ماوه‌یه‌كیش بوو به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی له شاری (لۆس ئه‌نجلس) شیرلی و چارلز په‌نجاو چوار ساڵ پێكه‌وه به خۆشی و كامه‌رانی ژیان. تا له ساڵی (٢٠٠٥)دا چارلز بلاك كۆچی دوایی كرد. شیرلی تمپل زۆر دڵسۆز‌و خه‌مخۆری خێزانه‌كه‌ی بوو، له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا پێكه‌وه له خانووه‌كه‌یاندا له‌نزیكی (سان فرانسیسكۆ) له كالیفۆرنیا به‌خۆشی ده‌ژیان. سۆزانی كچه گه‌وره‌كه‌ی شووی به دیپلۆماسییه‌كی ئیتاڵی كرد. له ساڵی (١٩٧٢)دا، له ئه‌نجامی پشكنینی پزیشكیدا، ده‌ركه‌وت كه‌شیرلی تمپل تووشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكه‌كانی بووه. به نه‌شته‌رگه‌ری هه‌ردوو مه‌كیان بڕییه‌وه. به‌ڵام شیرلیبێ ئومێد‌و بێ هیوا نه‌بوو له ژیان، كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌شبین و به‌هێزو بڕوابه‌خۆ بوو. شیرلی تمپلی سیاسی و دیپلۆماسی: شیرلی تمپل سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری نواندن و فیلم و سینه‌ماو ته‌له‌فزیۆن بوو، رۆڵێكی سیاسی به‌رچاویشی له وڵاته‌كه‌یدا هه‌بوو. ئه‌ندامێكی چالاكی (پارتی كۆماری) بوو. له ساڵی (١٩٦٧)دا بۆ كۆنگرێسی ئه‌مریكی هه‌ڵیانبژارد. كه (ریتشار نیكسۆن) بوو به پاڵیۆراوی كۆمارییه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، شیرلی بۆ پێویستی و بۆ خه‌رجییه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی، زیاتر له ملیۆنێك دۆلاری له ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مریكادا بۆ پاڵپشتی و بۆ سه‌ركه‌وتنی نیكسۆن كۆكرده‌وه. ئه‌وه‌بوو ریتشار نیكسۆن سه‌ركه‌وت و له ساڵی (١٩٦٩ ١٩٧٤) بوو به سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. وه‌كو پیزانینی و به ئه‌مه‌كی بۆ رۆڵی شیرلی له پاڵپشتیكردنی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا (ریتشارد نیكسۆن) شیرلی تمپلی كرد به (نۆێنه‌ری هه‌میشه‌ی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان)دا. شیرلی تمپل ده‌ڵێت "ئه‌مه كارێكی ئاسان نه‌بوو، سیانگزه كاریان پێسپاردبووم. هه‌وڵمده‌دا كه هه‌موویان به سه‌ركه‌وتوویی و به باشترین شێوه ئه‌نجام بده‌م". هه‌ر له‌باره‌ی كاركردنه‌وه شیرلی ده‌ڵێت "گه‌ر كه‌سێك كارنه‌كات و هیچ شتێك له‌وه‌ی له‌سه‌رێتی ئه‌نجام نه‌دات. پێویسته له‌كاتی ته‌نیاییدا له ماڵه سنوورداره‌كه‌یدا دابنیشێت و په‌رتوك بخوێنێته‌وه. به‌ڵام من حه‌زم له كاركردنه، كارده‌كه‌م و كارده‌كه‌م". شیرلی تمپل له چه‌ندین كۆنفرانس و كۆنگره‌ی لوتكه‌دا، له ئه‌مریكاو له ده‌ره‌وه‌دا، وه‌كو نوێنه‌رێكی سه‌ره‌كی وڵاته‌كه‌ی به‌شداری كردووه‌و چه‌ندین باس و وتاریشی ده‌رباره‌ی ژینگه‌و په‌روه‌رده‌و زانیاری پێشكه‌ش كردوون. شیرلی تمپل له ساڵی (١٩٧٤ ١٩٧٦) باڵیۆزی ئه‌مریكا بوو له وڵاتی (گانا). گوایه (سوپاسی سووری یابانی) پیلانێكیان داڕشتبوو بۆ رفاندنی (شیرلی تمپل) له (ئاكرا)ی پایته‌ختی گانا. به‌ڵام پیلانه‌كه‌یان ئاشكرابوو و سه‌رینه‌گرت. مه‌به‌سته‌كه‌شیان خودی شیرلی تمپل نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌مریكا بوو. نامانه‌وێت له باسه‌كه‌مان لابده‌ین و باس له ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و پیلانه بكه‌ین. شیرلی تمپل، یه‌كه‌مین ئافره‌ته له مێژووی ئه‌مریكادا، كه له ساڵی (١٩٧٦)دا پۆستی (سه‌رۆكی پرۆتۆكۆلات)ی وه‌رگرت. له ساڵی (١٩٨٧)دا یه‌كه‌مین كه‌س و یه‌كه‌مین ئافره‌ت بوو له مێژووی ئه‌مریكادا، كه كرا به (به‌رپرسی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌ره‌وه). له ساڵی (١٨٨٩ ١٩٩٢) باڵیۆزی ئه‌مریكا بوو له (چیكۆسلۆفاكیا) به پێشكه‌وتوویی ئه‌م وڵاته ئه‌وروپاییه سه‌رسام و دڵخۆشبوو. شیرلی تمپل، وه‌كو ئه‌ندام و كارگێڕ له چه‌ندین ئه‌نجومه‌ندا كاری كرد‌و چالاكی هه‌بوو. كۆچی دوایی شیرلی تمپل: شیرلی تمپل بلاك، ئه‌ستێره‌و ئه‌فسانه‌ی سینه‌مای جیهانی، ئه‌كته‌رو ئاماده‌كه‌رو پێشكه‌شكه‌ری به‌رنامه‌و زنجیره چیرۆك و درامای ته‌له‌فزیۆنی، گۆرانیبێژی ده‌نگخۆش و زۆڵاڵ، سه‌ماكه‌ری بلیمه‌ت، نووسه‌ری كورته چیرۆك، په‌روه‌رده‌كار، سیاسه‌تمه‌دار، دیپلۆماسی، خۆشه‌ویستی ملیۆنان كه‌سی هه‌وادارانی فیلمه‌كانی له جیهاندا. له رۆژی (١١ی/فێبروار/٢٠١٤) دا له ته‌مه‌نی (٨٥) ساڵیدا له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا، له (ودساید) له كالیفۆرنیا، به مردنێكی ئاسایی كه منداڵه‌كانی و خانه‌واده‌كه‌ی به‌ده‌ورییه‌وه بوون، كۆچی دوایی كرد. هه‌واڵی كۆچكردنی، بوو به گه‌رمترین هه‌واڵی میدیاكان له جیهاندا، بوو به مانشێتی رۆژنامه‌و گۆڤاره هونه‌رییه‌كان. له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه خانه‌واده‌كه‌ی بۆ كۆچكردنی رایانگه‌یاند، به‌مشێوه‌یه گوزارشتیان له ماته‌مینی خۆیان كردوون "سڵاوت لێبێ ئه‌ی ئه‌كته‌ر دیپلۆماسی، گرنگتریش ئه‌ی دایك و نه‌نك و هاوسه‌ری خۆشه‌ویست". فرۆشتنی مستیله‌و كه‌لوپه‌له‌كانی شیرلی تمپل: له دوای ساڵێك له كۆچكردنی شیرلی تمپل، خانه‌واده‌كه‌ی شته نایاب و به‌هاداره‌كانیان له‌پێشا بۆ ماوه‌یه‌ك له مۆزه‌خانه‌كانی شاره گه‌وره‌كانی ئه‌مریكادا نمایشیان كردن. دوایش بۆ به‌زیادكردنی ئاشكرا فرۆشتنیان، دایان به‌و شوێنانه‌ی كه تایبه‌تن به فروشتنی زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنیان. شته‌كانی ده‌كه‌ین به سێ به‌شه‌وه: 1- مستیله نایاب و به‌هاداره‌كه‌ی: مستیله زۆر جوانه‌كه‌ی، كه له به‌ردی ئه‌ڵماسی ره‌سه‌نی شینی ده‌گمه‌ن دروستكراوه، كێشه‌كه‌ی (٥٤.٩) نۆ و له‌سه‌دا په‌نجاو چوار قیراته، له ساڵی (١٩٤٠)دا باوكی ئه‌م مستیله‌یه‌ی به (٧٢١٠) دۆلار بۆ شیرلی كڕی و له دوانزه‌مین ساڵیادی جه‌ژنی له‌دایكبوونیدا پێشكه‌شی كرد. شیرلی به درێژایی ژیانی مستیله‌كه‌ی له په‌نجه‌یدا بوو. له به‌رواری (١٩ی/ئا‌پریل/٢٠١٦)دا له‌لایه‌ن خانه‌ی (سوزبی) له نیویۆرك كه تایبه‌ته به زیادكردنی ئاشكرای فرۆشتنی (گه‌وهه‌ره نایابه‌كان) مستیله‌كه‌ی شیرلی تمپلیان وه‌كو گه‌وهه‌رێكی به‌هاداری ده‌گمه‌ن، نمایشیان كرد، نرخه‌كه‌شیان له (٢٥) ملیۆن دۆلاره‌وه بۆ (٣٥) ملیۆن دۆلار دیاریكرد. له یه‌كه‌مین به ئاشكرا فرۆشتن دا. (٢٢) ملیۆن دۆلاریان دایی، واتا له‌ژێر نرخی دیاریكراوی زیادكردنی ئاشكرا فرۆشتنی بوو، به‌و نرخه نه‌یانفرۆشت. ئه‌وه‌شم به‌رچاو نه‌كه‌وت كه دواتر به چه‌ند فرۆشتیان. 2- جلوبه‌رگه‌كانی شیرلی تمپل: كه زیاتر له (٨٠) ساڵه هه‌ڵیگرتوون. ئه‌و كراسانه‌ی كه له منداڵی‌دا له فیلمه‌كانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا،له به‌ری كردوون، به‌تایبه‌تیش ئه‌و كراسه‌ی كه له (١٩٣٥) له‌كاتی وه‌رگرتنی (خه‌ڵاتی ئۆسكار)ه‌كه‌یدا له‌به‌ری بوو. تێكراش (٥٧) پارچه جلوبه‌رگن، له‌گه‌ڵ هه‌ر پارچه جلێكیشیدا، وێنه‌یه‌كی راستی و ره‌سه‌نی شیرلی خۆی له‌گه‌ڵیدایه، كه له فیلمه‌كه‌دا به‌و جله‌وه گرتویه‌تی. وێنه‌كانی ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ش له ئینته‌رنێتدا له سایتی (نات دی سانده‌رز كه سایتێكی ئه‌لیكترۆنی تایبه‌ته به فرۆشتنی زیادكردنی ئاشكرا) له ساڵی (٢٠١٥)وه بۆ فرۆشتن دانراون. فرۆشتنی ئاشكراشیان له (٥٠٠) هه‌زار دۆلاره‌وه ده‌ستپێده‌كات، ره‌نگه له‌م به زیاتریش له‌م نرخه دیاریكراوه بیانفرۆشن. 3 ده‌قی تێكست و دانه ره‌سه‌نه‌كانی ئه‌و فیلمانه‌ی كه به‌شداری تێیاندا كردوون. ده‌قی ئه‌و وتار‌و نووسینانه‌شی كه به ده‌ستنووسی خۆین و له بۆنه جیاوازه‌كاندا پێشكه‌شی كردوون، به‌تایبه‌تیش له‌كاتی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكاردا. خاك - ره‌زا شوان - نه‌رویج س: چه‌ند سایتێكی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure