"ئۆلیوێر ئستۆن" ده‌رهێنه‌ری ناوداری ئه‌مریکایی دێت بۆ فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر. "ڕه‌زا میرکه‌ریمی" ده‌بیری فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر وتی: "ئۆلیوێر ئستۆن" سینه‌ماکاری به‌رجه‌سته‌ی ئه‌مریکایی میوانێکی تایبه‌تی دیکه‌ی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جره. هیوای خواست که له فێستیڤاڵدا به‌رنامه‌یه‌کی هه‌بێت و ئێمه داڕێژه‌یه‌کی تێروته‌سه‌لمان بۆ ئه‌و چنیوه. به پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر، "ئۆلیوێر ئستۆن" Oliver Stone ده‌رهێنه‌ر، نووسه‌رو به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌مریکاییه. له رێگای ده‌رهێنانی زنجیره فیلمێک که سه‌باره‌ت به جه‌نگی ڤیتنام دروستکرابوو، ناوبانگی په‌یداکردو تائێستا دوو جار توانیویه‌تی خه‌ڵاتی ئۆسکار وه‌ربگرێت و باوکی "شان ئستۆن" ئه‌کته‌ری هالیوده. "ئۆلیوێر ئستۆن" له ساڵی 1946 له نیویۆرک سیتی ویلایه‌تی نیویۆرکی ئه‌مریکا له دایکبووه. دایک و باوکی "ژاکڵین گۆدێت" و "لوئیس ئستۆن" بوون. ئۆلیوێر زانستگای ییلی به‌جێهێشت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو سه‌رباز بچێت بۆ جه‌نگی ڤیتنام. له‌به‌ر ئازایه‌تی و جه‌نگاوه‌رییه‌کانی له جه‌نگدا مه‌دالیای برۆنزی گاڵانتاری و مه‌دالیای دڵی بنه‌وشیان پێشکه‌شکرد. له دوای ئه‌وه‌ی که له جه‌نگ گه‌ڕایه‌وه بۆ درێژه‌پێدانی خوێندنه‌که‌ی بۆ زانستگا نه‌گه‌ڕایه‌وه. یه‌که‌مین فیلمێک که دروستیکرد فیلمێکی خوێندکاری به ناوی "دوایین ساڵ له ڤیتنام" له ساڵی 1971ی زایینی بوو. پاشان به شێوه‌ی جیدی ده‌ستی به فیلمسازی کرد‌و هه‌روه‌ها سیناریۆگه‌لێکی یه‌کجار زۆری وه‌کو "شه‌مه‌نده‌فه‌ری نیوه‌ىشه‌و" و "ده‌موچاوی برینداری" نووسی. ئستۆن بۆ فیلمی "شه‌مه‌نده‌فه‌ری نیوه‌ی شه‌و" یه‌که‌مین خه‌ڵاتی ئۆسکاری خۆی به‌ده‌ستهێناو ئه‌مه تازه ده‌ستپێکێک بۆ چه‌ندین ساڵی کاری هونه‌ری پیشه‌یی بوو. ئستۆن دوو جار ئۆسکارو چوار جار خه‌ڵاتی گۆڵدن گڵۆپی به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌مڕۆکه بۆته یه‌کێک له فیلمسازانی خاوه‌ن شێواز له سینه‌مای دونیادا. پێشتر ده‌رهێنه‌رێکی یه‌کجار پڕکار بوو و ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی 10 ساڵدا، 9 فیلمی چێکردووه، به‌ڵام سروشتییه که به چوونه‌سه‌رێی ته‌مه‌نی ورده ورده له خێرایی فیلم چێکردنه‌که‌ی که‌مبووه‌وه. بێجگه له ده‌رهێنان و سیناریۆنووسی به‌رهه‌مهێنانی زۆربه‌ی فیلمه گرنگه‌کانی سینه‌ماشی له ئه‌ستۆدابووه. یه‌کێکه له ده‌رهێنه‌ره‌کان که زۆربه‌ی ره‌خنه‌گرانیش هۆگرییان به‌و هه‌یه‌و زۆربه‌ی فیلمه‌کانی ره‌خنه‌ی پۆزه‌تیڤیان به‌ده‌ستهێناوه‌و ناوی باشی له‌بواری ده‌رهێناندا تاوه‌کو ئه‌مڕۆ به‌جێماوه‌ته‌وه. بێگومان ئیستۆن پێگه‌ی له‌نێوان ده‌رهێنه‌رانی ئه‌فسانه‌یی هالیوددا په‌یدا کردووه. سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فه‌جر له رۆژانی 19 تا 27ی ئه‌پرێڵی 2018ی زایینی رێکه‌وتی 30ی خاکه‌لێوه تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به ده‌بیریی "سه‌ید ڕه‌زا میرکه‌ریمی" له شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. خاك - مه‌نوچێهر جیهانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure