26/4/2018 09:30 AM

د.یوسف: زانكۆكانی هه‌رێم 75 سه‌نته‌ریان تێدایه‌

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت هەر گۆرانکارى و وەچەرخانێکى تازە لەبوارەکانى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى بەبێ توێژینەوەى زانستى مەحاڵەو سەرکەوتوو نابێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئاشکراى دەکات لە ئێستادا ژمارەى سێنتەرەکانى توێژینەوە لە زانکۆکانى کوردستان گەیشتۆتە (٧٥) سێنتەر، جگەلەوەش لەدواى ئەنجامدانى پرۆسەى ریزبەندى نیشتیمانى، بەراورد بە سێ ساڵى رابردوو بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بەڕێژەى (٣٣٥%) زیادى کردووە.

ئەم وتانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات کە ئەمڕۆ ٢٥/٤/٢٠١٨ بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە وەزیران و پەرلەمانتارو پارێزگارى دهۆک و نوێنەرى حزب و لایەنە سیاسیيەکان لە یەکەمین کۆڕبەندى زانستى سێنتەرى بێشکچى بۆ لێکۆڵینەوەى مرۆڤایەتى لە زانکۆى دهۆک بە ناونیشانى (سەنتەرێن ڤەکۆڵینێن مرۆڤایەتى ل هەرێما کوردستانا عێراقێ دناڤبەرا کەتوار و هیڤى یا دا) پێشکەشى کرد.

گرنکى کۆڕبەندى زانستى:
لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکى گرنگە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى واقعى ئێستاى سێنتەرى توێژینەوەکانى بوارى زانستە مرۆییەکان و ئاست و کاریگەرى و کارایى توێژینەوەکان و توێژەرانمان. وتیشى: لەبەر ڕۆشنایی گۆرانکاری ئابووری و پەرەسەندنی تەکنۆلۆجی و کاریگەرییەکانی سەردەمی شۆرشی پیشەسازی چوارەم لە سەرتاسەری دونیا زانکۆکان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان، ڕوبەرووی تەحەدیات و بەرپرسیارێتی نوێ دەبنەوە، بەتایبەت لەسەردەمی ئابووری مەعریفەدا توێژینەوەی زانستی زیاتر لەهەر قۆناغێکی مێژوویی کاریگەری لەسەر هەموو کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی هەیە. چونکە هەموو گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکیی نوێ لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی بەبێ توێژینەوەی زانستی مەحاڵە سەرکەوتوو بێت و  پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لەهەر بوارێکی سیاسی، کارگێڕی، یان بزنس دەبێت لەسەر بنەمای داتاو توێژینەوەو لێکدانەوەی زانستی بێت.

بەهاى لێکۆڵینەوەى زانستى لە دونیادا
لەبارەى بایەخ و بەهاى لێکۆڵینەوەى زانستى لەتەواوى دونیادا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: لەسەرتاسەری دونیا تا دێت گرنگی زیاتر بە توێژینەوەی زانستیی دەدرێت و بودجەی ساڵانەی توێژینەوەی زانستی تا دێت ڕوو لەزیادبوونە، هەر بۆ نوونە لەسەر ئاستی جیهان بودجەی توێژینەوەو پەرەپێدان بەپێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی (وێڵد بانک) لە ساڵى ١٩٩٦ دا (٥٢٢) بلیۆن دۆلار بووە، لەساڵى ٢٠٠٩ گەیشتە (١.٣) تریلیۆن و لەساڵى ٢٠١٤ گەیشتە (١.٦) تریلۆین دۆلارو لە ٢٠١٨ پێشبینى دەکرێت بگاتە (٢.١٩) تریلیۆن دۆلار، ئەمەش ماناى ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە توێژینەوەو پەرەپێدان لەسەر ئاستى دونیا رۆژ لەدواى رۆژ روو لەزیادبوونە. هەروەک راشیگەیاند "شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە زانستییەکان لەسەدەى بیست و یەکدا نۆرمێکى نێودەوڵەتى وەرگرتووە، توێژەران لەهەر شوێنێکی دونیا بن پێویستیان بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە، هەربۆیە ئێمەش پێویستمان بەوەیە کە لەگەڵ تۆڕی توێژەرانی نێودەوڵەتی گرێدراو بین، پێویستمان بەوەیە کە گرنگی تەواو بە زمانی (ئینگلیزی) وەک زمانی دووەم بدەین، چونکە ئەم زمانە لە ئێستادا زمانی گەیشتنە بە سەرچاوە رەسەنەکانی مەعریفەو زمانی لێکگەیشتنی کۆمەڵگای زانستی و ئەکادیمی نێودەوڵەتییە.

سەبارەت بە کاریگەرى توێژینەوەو رۆڵیان بۆ کۆمەڵگا د.یوسف گۆران رایگەیاند: لەهەمانکاتدا گۆمەڵگای ئەکادیمی نێودەوڵەتی میتۆدی نوێ و کاریگەر بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی کواڵیتی و ئاستی کارایی و بەشداری توێژەران لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفە، داتا بەیسە جیهانییە دەوڵەمەندەکانی وەک (تۆمسۆن ڕۆیتەرزو سکۆپاس و گۆگڵ سکۆڵەر) لە چاودێریکردنی کارایی و کاریگەری توێژەران و توێژینەوەکانیان ڕۆڵی گەورە دەبینن، و توێژەران لە سەرتاسەی دونیا لەڕێگای ڕێکخراوی زانستی هاوبەش و تۆڕی پەیوەندی نێودەوڵەتییەوە پێکەوە بەستراون و ڕوبەڕووی پرس و تەحەدیاتی هاوبەش دەبنەوە.

لە زانکۆکانى کوردستان ئاراستەیەکی بەهێز هەیە بۆ کاراکردنی توێژینەوەی زانستی
لەبارەى گرنگى پێدانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى، د.یوسف گۆران ئاماژەى بەوە کرد ئێستا لەهەموو کات زیاتر زانکۆکان پێویستیان بە پەیوەندی توندوتۆڵ هەیە لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگەو بازاڕی کارو پیشەسازی و پرۆژەکانی دەستپێشخەری داهێنەرانە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، تەکنۆلۆجی و بەرهەمهێنانی مەعریفی. راشیگەیاند بەداخەوە ئاست و ژمارەی توێژینەوە زانستییەکان لە زانکۆکانماندا هێشتا جێگەی دڵخۆشی گەورە نین، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە کە ژمارەیەک توێژەری ئاست بەرز لە زانکۆکانمان دەرکەوتوون و ئاراستەیەکی بەهێز هەیە بۆ کاراکردنی توێژینەوەی زانستی و پراکتیزەکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.

کارەکانى وەزارەت بۆ گەشەپێدانى توێژینەوەى زانستى چى بووە؟
لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بە کارەکانى وەزارەت کرد بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و وتى: لە ساڵى ٢٠١٤ وە کۆمەلێک هەنگاوى کرداریمان ناوە بەمشێوەیە.

بایەخى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان
سەرەتا بە جێبەجێکردنی پرۆسەی ڕیزبەندی نیستیمانی زانکۆکانی کوردستان دەستمانپێکرد، ئەم پرۆژەیە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی زانستییانەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەڕێگای پێوەرو ستانداردی زانستی و بەکارهێنانی ئەو پێوەرانە بۆ ڕێکخستنی پێشبڕکێ لەنێوان زانکۆکانی کوردستان پرۆسەى ریزبەندى نیشتیمانى پشت بە ٧ پێوەرى سەرەکى و ٤٧ پێوەرى لاوەکى دەبەستێت، لەنێو پێوەرەکانیشدا پشکى شێر بۆ بەرهەمى توێژینەوەى زانستى زانکۆکانە. وتیشى: جێبەجێکردنی پرۆژەی ریزبەندی نیشتیمانی گۆڕانکاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، کەلتوری کێبڕکێی زانستی تۆخکردەوەو پێوەرو ستانداردو کەلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەکادیمیای کوردستانەوە.

لە دەرەنجامى کارەکانیشدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئاشکرايکرد، لەدواى پرۆسەى ریزبەندى نیشتیمانى بە بەراورد کردنى ساڵانى (٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧) بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لە کۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بەڕێژەى ٣٣٥% زیاديکردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى ناوخۆیى بەڕێژەى ١٤٣% زیاديکردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى ١٠٠% زیاديکردووە. هەروەها ئاستى گۆگڵ سایتەیشن بۆ توێژەرانى کوردستان لەنێوان ساڵانى (٢٠١٥ تا ٢٠١٧) بەڕێژەى ٤٠٠% زیادى کردووە.

دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى
د.یوسف گۆران هەر لە یەکەمین کۆڕبەندى زانستى زانکۆى دهۆک و سەبارەت بەکارەکان زیاتر دواو وتى: لەپێناو پشتیوانیکردنی زیاتری چالاکی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمینجار لە مێژووی خوێندنی باڵا لە هەرێمەکەمان بەخۆشحاڵییەوە دامەزراندنی (ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستیمان) ڕاگەیاند. رونیشیکردەوە ئەم ئەنجومەنە بریتییە لە دامەزراوەیەکی زانستی ستراتیجی نیشتیمانیی، کاردەکات بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیجی گشتی توێژینەوەی زانستی و هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لەبواری پسپۆڕی جیاجیادا لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی و تەکنۆلۆجی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان. لەڕێگای ئەم ئەنجومەنەوە هەوڵدەدەین بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانمان لە کایە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا کارایی زیاتریان هەبێت و چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەستیارانە بکەینە پرسیاری زانستی و  بەتەواوەتی تێکەڵاوی ئەکادیمیاو توێژینەوەی زانستی بکەین. هەروەک وتیشى: لە مانگی سێی ئەمساڵیشدا یەکەمین گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستیمان ڕاگەیاند، کە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دینار تەرخانکراوەو لە پرۆسەیەکی زانستی شەفافدا دەدرێتە ئەو توێژینەوانەی کە لەڕووی ستراتیجی و لەبواری جیاجیادا چارەسەری پرسەکانی هەرێمەکەمان دەکەن.

وتیشى:  بەخۆشحاڵیەوە تائێستا ٨٠ پرۆپۆزەڵ پێشکەشکراون و لە پرۆسەی هەڵسەنگاندان و هاوکاتیش گرانتێکی دیکەمان ڕاگەیاندووە بۆ ئەو توێژینەوانەی کە پەیوەندیدارن بە سیاسەتی گشتی و ڕیفۆرمی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ بەناوبانگترین دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستى
هەر لەبارەى کارەکانى وەزارەت و هەنگاوە کردارییەکان، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: وەزارەتەکەمان لە ئێستادا سەرقاڵی ڕێکخستنی گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی گەیشتن بە سەرچاوەو گۆڤارو بڵاوکراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان بۆ توێژەرانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان برەخسێنین، چونکە توێژەرانمان کاتێک دەتوانن بەشداری زیاتر لە بەرهەمهێنانی مەعریفە بکەن ئەگەر خۆیان دەستیان بە نوێترین سەرچاوەی زانستی بگات، وتیشى: ئێمە دەمانویست زووتر ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکەین بەڵام خۆتان دەزانن بەشی هەرەزۆری ئەم سەرچاوانە بە زمانی ئینگلیزین و ئێمەش کاتی زیاترمان پێویستبوو بۆ ئەوەی زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەم لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بچەسپێنین.

گەشەپێدانى توێژینەوەى زانستى شەونخونى دەوێت
هەر لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران رایگەیاند: کارکردن بۆ گەشەپێدان و چالاککردنی جوڵانەوەی  توێژینەوەی زانستی و پاراستنی ئاست و کواڵیتی توێژینەوەکان پرۆسەیەکی دورودرێژەو نەفەسدرێژی و شەونخونی و کاری پێکەوەیی دەوێت، هیوادارم هەموومان پیکەوە بتوانین بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزە تێبکۆشین، چونكە خەونی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە توێژەران و پرۆسەی توێژینەوە ببەستینەوە بە چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکانی وڵاتەکەمان و ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان ببنە بنەمای نەخشەڕێگای چاکسازی و گەشەکردنی هەمەلایەنەی هەرێمەکەمان.

راسپاردەکانى کۆڕبەند بەهەند وەردەگیرێن
لەکۆتاییدا وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دەستخۆشی لە ڕێکخەرانى کۆڕبەندەکە کردو داواى لە سەرپەرشتیاران کرد کە بەوردی سەرنج و تێبینی و پێشنیازەکان دۆکیومێنت بکەن و دواتر بۆمان بنێرن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین کار لەسەر جێبەجێکردنیانن بکەین.

لەبەشێکى دیکەى یەکەمین کۆڕبەندى زانستى زانکۆى دهۆک، د.موسلیح دهۆکى سەرۆکى زانکۆى دهۆک لە وتەیەکدا هیواى خواست ئەم کۆڕبەندە بە بەشدارى مامۆستاو لێکۆلەرو رۆشنبیران و لایەنە سیاسیەکان، ببێتە هۆکارێک بۆ هەماهەنگى لەنیوان سەنتەرەکان و دانانى بەردى بناغەى کارى پێکەوەى لەنێوان کۆمەڵگەو سەنتەرەکانتى لێکۆلێنەوەى زانستى. وتیشى: پێویستە سەنتەرەکان رۆڵى خۆیان ببین لە دروستکردنى بڕیارى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و کاریگەرییان هەبێت لەتەواوى بوارەکاندا.

هەر لە کۆڕبەندەکەدا پانێڵێک لەبارەى (رۆڵى حکومەت بۆ پشتیوانى کردنى سێنتەرەکانى لێکۆڵینەوەى زانستى و ڕێگاکانى سوود وەرگرتن لێیان)  بۆ هەریەک لە (د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و د.پشتیوان سادق وەزیرى پەروەردەو خالید دۆسکى وەزیرى رۆشنبیرى و د.شێرزاد نەجار راوێژکارى ئەنجومەنى وەزیران بۆ کاروبارى خوێندنى باڵاو فەرهاد ئەتروشى پارێزگارى دهۆک) رێکخرا، لەکۆى وتەکانیادا ئەرک و کارو پرۆژەکانى حکومەتى هەرێم بە ئاراستەى بایەخپێدانى سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى بۆ ئامادەبووان روونکرانەوە.

جێگەى ئاماژەیە یەکەمین کۆڕبەندى سێنتەرى بێشکچى بۆ لێکۆڵینەوەى مرۆڤایەتى بۆ ماوەى دوو رۆژ بەردەوامدەبێت و واش بڕیارە لەماوەى دوو رۆژى کارەکانیدا ٩ پانێڵى جیاجیا بە بەشدارى کەسایەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى و مامۆستایانى زانکۆو ناوەندە بڕیار بەدەستەکانى هەرێمى کوردستان پێشکەشبکرێت، کە تیایدا باس لە رۆڵى حکومەت بۆ پشتیوانى سەنتەرەکان و چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە سەنتەرەکان و رۆڵى سەنتەرەکانى لێکۆڵینەوە لە ئاراستەکردنى بریارى سیاسى و ئابورى و پەرەپێدانى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان سەنتەرەکان و بابەتى دیکەى جیاجیا پێشکەشدەکرێن.

خاك - ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved