26/4/2018 03:48 PM

سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆخواستنی کتێب خستەکار


لەچلەکانی سەدەی ڕابردوودا پیرەمێردی شاعیروڕۆژنامەنووس لەرۆژنامەی (ژین)دا لە ١٢/١٠/١٩٤٤ مزگێنی هەواڵی کردنەوەی کتێبخانەی گشتی سلێمانی خستەبەرچاو و ڕۆژی ١٣/١٠/١٩٤٤ئەم کتێبخانەیە کرایەوە و لەسەرەتادا لەگەرەکی سابونکەران دامەزراوە دواتر براوەتە شەقامی پیرەمێرد.
ساڵی ١٩٥٦دەگوازرێتەوە بۆبینایەکی نوێ و دواجار لەساڵی ١٩٦٥ تا ئەم جێگەی ئێستای لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی نزیکەی سەدەیەکە خزمەت بە خوێنەرانی دەکات.
کتێبخانەی گشتی سلێمانی چەندین هۆڵ وبەشی جیاجیا پێک هاتووە لەوانە
- هۆڵی شێخ محمدی خاڵ بۆسەرچاوە عەرەبییەکان
- هۆڵی گۆران بۆسەرچاوە کوردییەکان
- هۆڵی بێکەس بۆ سەرچاوە فارسییەکان
- هۆڵی ئیبراهیم ئەحمەد بۆسەرچاوە ئینگلیزییەکان
- هۆڵی کامەران موکری بۆفەرگەنگ و ژێدەرەکان
- هۆڵی پیرەمێرد بۆ گۆڤاروڕۆژنامەکان
- هۆڵی دیلان بۆ کتێبخانەی کەسایەتیەکان
- هۆڵی لەتیف هەڵمەت بۆسیمینار
- هۆڵی شێخ نوری شێخ ساڵح ( بۆ دووئامانجی مەبەست کراوەتەوە یەکەمیان بۆخوێندنەوەی خوێنەران و کۆشش کردن دووەم بۆئەنجامدانی پێشانگای کتێب و بۆنەی تایبەت)
- هۆبەی نامە زانستییەکان
- کتێبخانەی منداڵان(لەسێ هۆڵ پێکهاتووە لەناو بینای محمدی مەلاکەریم بۆچالاکی هونەری وخوێندنەوەی منداڵان لەگەڵ بوونی هۆڵی سینەما)
- هۆڵی ئەحمەد هەردی بۆ( ئایتی) وچەندین بەشی دیکەلەم کتێبخانەیەدا بونی هەیە

کتێبخانەی گشتی سلێمانی زیاد لە ١٢٠ هەزار سەرچاوە بەزمانەکانی کوردی ، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی تێدا دەست دەکەوێت.

لەمەراسیمێکی تایبەتدا لە هۆڵی لەتیف هەڵمەت بەئامادەبوونی بەڕێوبەری ڕۆشبیری و هونەری سلێمانی و چەندین نوسەروکەسایەتی ڕۆشنیری شارەکە مەراسیمی کردنەوەی سیستمی ئەلکترۆنی خواستنی کتێب کرایەوە،سەرەتای مەراسیم چەند ساتێک بێ دەنگی بۆکۆچی ناوادەی ژنەشاعیرونووسەر (کەژاڵ ئیبراهیم خدر) دەستی پێکرد.

هەرلەم مەراسیمەدا خەڵاتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی بەخشرا بە  ( دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ) کە بۆساڵی ٢٠١٧ ( ٨٣) کتێبی جۆراو جۆری بەچاپ گەیاندبوو.

ئەم جۆری خواستنە لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی شێوازێکی نوییە بۆ داواکردنی کتێب و سەرچاوە جۆراو جۆرەکان
لەم بارەیەوە ئالان ڕەووف بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی سلێمانی بەخاکی ڕاگەیاند:
کردنەوەی سیستەمی ئەلکترۆنی بۆ خواستنی کتێب شێوازێکی نوێی گەڕانە بەدوای سەرچاوەکاندا و کارئاسانیەکی زۆر باشە بۆ خوێنەر لەماوەیەکی کورتدا ئەو کتێب و سەرچاوانەی دەیەوێت دەستنیشانی دەکات پاشان زانیاریەکان دەنێرێت بۆ بەشی خواستن ئەمەش جارێکی تر ئاسانکاریە بۆبەشی خواستن هەر دوولا لە ماوەیەکی کەمدا سەرچاوەکان بەردەست دەخەن.
ئالان ڕەووف،وتیشی:سەرەڕای نەبوونی ئامێری پێویست ولەکارکەوتنی بەشێکیان ئێمە ئەم هەنگاوە بەگرنگ و نوێ دەزانین دەرچونە لە خواستنە کلاسیکی یەکە هەوڵی زیاتر دەدەین تا بتوانین باشترین خزمەت پێشکەش بە خوێنەرانی خۆمانی بکەین.

لینا بەختیار،خوێندکاروخوێنەری کتێب سەبارەت بەم سیستەمە نوێیە وتی:
ئەوەی لەئێستەدا هەردەم لەبواری پێشکەوتندایە و گۆڕانگاری جۆراوجۆری تێدا ئەکرێت بوارەکانی تەکنەلۆژیایە، ئەم سیستەمی بە ئەلکترۆنی کردنەش هەنگاوێکی  نوییەوزۆریش گونجاوە بەتایبەت بۆ ئەوکەسانەی کە لەنەتەوەوزمانە جیاوازەکان دێنە ئێرە ،خۆشبەختانە کتێبخانەی گشتی سلێمانی سەرچاوەی جۆراو جۆری تێدایە بەم سیستەمە دەتوانرێت بەئاسانی سەرچاوەکان بدۆزیتەوە.
 لەگەڵ ئەوەشدا کتێبی نوێی تێدایە تۆ ئاشنایان دەبیت وەکاتیش دەگەێتەوە بۆت لەبری ئەوەی بەناو ڕەفەی کتێبەکاندا بگەڕییت و قەرەباڵەخی دروست بکەی لێرەدا بۆ لێپرسراوی بەشەکەی ئەنیریت و دەچیت وەری ئەگریت.
ئەگەر سەرجەم کتێبخانەکانی تر ئەم جۆرە سیستەمە پەیڕەوبکەن خوێنەر زیاتر ئاشنای سەرچاوەوحەز بەخواستنی کتێب دەکات.



خاک- تانیائاوارە





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved