30/4/2018 09:21 AM

خەڵاتی نموونەی ژنی شاخ بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەبەخشرێت

بە لەبەرچاوگرتنی کارو چالاکیيەکانی لە شاخ و تۆمارکردنی مێژووی پێشمەرگەو ژیانی شاخ و خزمەتە بەردەوامەکانیشی بۆ پێشمەرگەو کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان خەڵاتی نموونەی "ژنی شاخ" بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەبەخشرێت.

ئێوارەی ڕۆژی 29-4-2018 لە شاری سلێمانی، رێكخراوی (مەردایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان) كە تایبەتە بە خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان خەڵاتی رێزێنانی بە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەخشی.

لەو دیدارەدا کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و شێخ فەتاح ئەمین عەزیز و زیندانیانی سیاسی مەڵبەندی 1ی رێکخستنی سلێمانی یەکێتی ئامادەی بوون، ستافی رێکخراوەکە ستایشی خزمەت و هەوڵە بەردەوامەکانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد-یان کرد کە وەک ژنه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك ساڵانێکی زۆر لە شاخ بۆ داخوازییه‌ ره‌واكانی میللـه‌ته‌كه‌ی تێکۆشاوە، هاوکات خه‌مخۆرو پشتیوانێکی گەورەی کەسوکاری شەهدان و ئەنفالکراوانە.

سەرۆکی رێکخراوی مەردایەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان کە ئەندامی بۆردی بەشی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئاماژەی بەوەشدا کە رێکخراوەکەیان بەپێویستی زانیوە خەڵاتی نموونەی "ژنی شاخ" بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ببەخشن بە لەبەرچاوگرتنی کارو چالاکیيەکانی لە شاخ و تۆمارکردنی مێژووی پێشمەرگەو ژیانی شاخ و خزمەتە بەردەوامەکانیشی بۆ پێشمەرگەو کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان. 

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا ستافی رێکخراوەکە بەڵێنیان دووپاتکردەوە کە درێژەپێدەری رێباری شەھیدان دەبن و لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبن و ھەموو ھەوڵێکیشیان بۆ سەرخستنی لیستی ١٦٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

لەلایەن خۆشیەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سوپاسگوزاری خۆی بۆ ستافی رێکخراوی (مەردایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان) دەربڕی و ئەرکەکەیانی لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە پیرۆز ناوبرد.

خاك






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved