30/4/2018 09:30 AM

دڕکەو مێکوتە زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە

دڕکەو مێکوتە، نەخۆشیيەکی ڤایرۆسیەو زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە٫ سەرەتا بە تا و سەرئێشەو قوڕگ ئێشە لەگەڵ ئازاری گەدە دەستپێدەکات و بۆ چەند ڕۆژێکی کەم بەوشێوەیە دەبێت.

دواتر سوربونەوەیەکی زۆر هەموو گیانی دادەپۆشێت و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوەو دواتر کاڵ یان ڕەش دەبێتەوەو نامێنێت.

سەبارەت بەم نەخۆشییە د.پشدەر عبدللە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە خاکی وت: نەخۆشیەکە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازرێتەوە لە ماوەی دوو ڕۆژ پێش دەرکەوتنی سوربونەوەکە تا هەموو پەڵە سورەکانی لەشی ڕەش دەبێتەوە، بۆیە پێویستە منداڵی توشبوو لە ماڵ بمێنێتەوەو پشوو بدات تا هەموو پەڵە سوورەکانی گیانی ڕەش دەبنەوە. ئەگەر لە ماڵێکيشدا منداڵێکیان توشی دڕکەو مێکوتە بێت، ئەوا منداڵەکانی تریشیان توشدەبن، بەڵام دوای دوو هەفتە نیشانەکانی نەخۆشیەکە دەردەکەوێت لە منداڵەکانی تر.

بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشیە د.پشدەر وتی: پێویستە منداڵی توشبوو زووزوو دەستی بشوات بەتایبەت پێش و دواى نانخواردن.

ئێستا کوتان دژی دڕکەو مێکوتە هەیە، کە دەبێتە هۆى کەمبونەوەی ڕێژەی توشبوون، خۆ ئەگەر توشی دڕکەو مێکوتەش بێت ئەوا زۆر بەسوکی دەیگرێت.

ژنی سکپڕو منداڵێک کە سیستمی بەرگری لەشیان لاواز بێت، ئەوا توشبوون بە دڕکەو مێکوتە مەترسیە بۆیان.

بۆ چارەسەری دڕکەو مێکوتە:
- ئەگەر تاو خورانی زۆر بوو، ئەوا دەتوانیت زوو زوو بە ئاوێکی فێنک بيشوات.
- هەوڵبدە خواردنەکانی زیاتر شلەمەنی و فێنک بن.
- کۆمەڵێک دەرمان هەیە کە بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی خورانەکەی بەڵام باشترە پزیشکی پسپۆری منداڵان بینوسێت.
 

لە چ کاتێکدا منداڵی توشبوو سەردانی پزیشکی منداڵانی پێبکەیت؟ د.پشدەر وتی:
١- ئەگەر تاکەی بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ یان زیاتر بەردەوامبوو یان بەرزتر بوو لە ۳۸.۸ c°
٢- ئەگەر کۆکەیەکی توندو زۆری هەبوو، کێشەی بۆ هەناسەدانی دروستکردبوو
٣- ئەگەر هەستتکرد پەڵە سوربونەوەکانی توشی هەوکردن ببوون
٤- ئەگەر سەرئێشەیەکی زۆری هەبوو
٥- ئەگەر هۆشی باش نەبوو
٦- ئەگەر نەیتوانی سەیری ڕووناکی بکات
٧- ئەگەر کێشەی لە ڕۆیشتندا هەبوو
٨-ئەگەر ڕشانەوەی هەبوو
٩-ئەگەر هەستتکرد ڕەقبونی ملی هەبوو


خاک - تانیا ئاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved