30/4/2018 03:03 PM

پرۆفیسۆر موحەمەد نوری عارف : هەڵوێست وئەرشیف وزانست

  پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

كاتێك ،وەك یاریدەدەی توێژەر،لەزانكۆی سلێمانی ،كۆڵێژی ئەدەبیات دامەزرام،لەنزیكەوە ئاشنایەتیم لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی زانستی وئەكادیمیدا پەیدا كرد،لەوانە پێشەنگی ئەلف وبێ ی كوردی،مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار وپرۆفیسۆران كامیل حەسەن البصیر وموحەمەد مەعروف فەتاح وعەبدوڵڵا دەباغ وكوردستان موكریانی وجەمال ڕەشید وفاروق عومەر سدیق وجبار عبدالقادر وشوكریە ڕەسوڵ.بەڵام نزیكترین كەسیان بۆ من پرۆفیسۆر موحەمەد نوری عارف بوو.ئەم بەڕێزە، كەخاوەن بڕوانامەی دكتۆرایە لەبواری زمان وئەدەبیاتی فارسی،زانكۆی تاران،شارەزاییەكی زۆری لەزمان وئەدەبیاتی كوردیشدا هەیە.هەر زوو بۆم دەركەوت كەكەسێكە پێویستە لەهەموو ڕوویەكەوە متمانەی پێ بكرێت.لەڕووی سۆسیۆڵۆژیاوە كەسێكی سادەی بێ فیز كەبەبێ بەرامبەر حەزی بەیارمەتیدانە.هیچ كات بەهۆی بڕوانامە وكەسێتی خانەوادەكەیەوە خۆی بەگەورەتر نەزانیوە بەڵكو بەپێچەوانەوە ڕێژەی ڕێزگرتنەكەی بۆ بەرامبەران بێ سنوور بوو.ئەمەش وایدەكرد كەسەرجەم فەرمانبەران وخوێندكاران ومامۆستایان خۆشیان بوێت.هەندێك جار بانگێشی دەكردم بۆ مەڵبەندی ڕۆشنبیری زانكۆ كەئەو كات جێگەی دانیشتن وحەوانەوەی مامۆستایان بوو.لەدانیشتنەكانیدا دوو بابەتی سەرەكی دەبوونە جێگەی گفتۆگۆ،ئەوانیش كوردایەتی وزانست.لەڕێگەی ئەمەوە ئاستی بیركردنەوە نیشتمانی ونەتەوەیی وكوردایەتییەكانم زۆر بەهێز تر دەبوو.هەر ئەو كات باشتر چوومە نێو دونیای ئەكادیمیاوە ئەویش بەوەی ناوەڕۆكی بابەتەكانی بریتی بوون لەخوێندنی زیاتر لەپێناو وەرگرتنی زانیاری فراوانتر.شارەزاییەكی ئەكادیمی توند وتۆڵی لەئەدەبیاتی فارسیدا هەبوو.لەڕێگەی ئەم بەڕێزەوە شتێك لەئەدەبیاتی فارسی حاڵی بووم.ئەمانە بۆ من هاندەر وفاكتەرێكی ووزەبەخش بوون تا درێژە بەخوێندن بدەم.هەموو جار دەیگووت زۆرم پێخۆشە،لەدەرەوەی ووڵات، درێژە بەخوێندن بدەیت.لەم ڕووەوە زۆر پشتگیری دەكردم.كەلەسەرەتای هەشتاكاندا مۆڵەتی خوێندنم،لەزانكۆی گلاسكۆ –بەریتانیا، بۆ دەرچوو چەند سەرچاوەیەكی بەنرخی پێدام كەلەكتێبخانەكاندا بەدەست نەدەكەوتن.لێرەدا جێگەی خۆیەتی كەبۆ هەمان مەبەست ئاماژە بەڕۆڵی پرۆفیسۆر عیزەددین موستەفا وڕوناكبیر ونووسەر فوئاد سەڕاج بكەم كەئەمانیش بەشێك لەسەرچاوەكانیان گرتە ئەستۆ .لەسەرەتای خوێندنمدا ڕژێم كۆمەڵێك كێشەی بۆ دروست كردم وخوێندنەكە كەوتە ئەستۆی خۆم.ئەوەبوو بیرم تەنها لەوەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر دەكردەوە چونكە گیرفانم هەر ئەوەی تێدا دەبوو،بەڵام هاندانە نامەییەكانی پرۆفیسۆر موحەمەد نوری عارف تەواو بۆچوونەكانمی گۆڕی لەكاتێدا ئامۆژگاری ئەوەی دەكردم كەبەبێ بڕوانامەی دكتۆرا نەگەڕێمەوە ووڵات.لەم ڕووەوە ئاماژەی بەوەدەدا كەئیشكردن لەدەرەوەی خوێندن و لەپێناو بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە شەرەفێكی گەورەیە.دوای گەڕانەوە وبەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆراكەم،پرۆفیسۆر موحەمەد نوری عارف پێشوازییەكی گەورەی لێكردم،تەنانەت بوو بەهاوڕێیەكی خۆشەویستی هەمیشەیم.نەك لەسەر ئاستی زانستی بەڵكو خێزانیش.ماڵ وكتێبخانەكەی بوو بە بنەمایەكی هەرە بەنرخی زانستی وسارچاوەییم .كتێب وسەرچاوەكانی زۆر دەگمەن بوون كەلەزۆر جێگەی تردا بەدی نەدەكرا.كتێبی بەهەموو كەس نەدەدا چونكە دەیگووت هەموو كەس،وەك پێویست،نرخ لەكتێب ناگرێت.هەر لەبەر ئەمەش بوو دەیگووت كتێب بۆ كەسی خوێندەوارە وئەوان دەزانن چۆن ڕێز لەكتێب وناوەڕۆكەكانی دەگرن.لەسەرچاوەدا ململانێی هاوڕیی خۆشەویستی پڕۆفیسۆر مارف خەزنەداری دەكرد.لەپەیداكردنی كتێب وسەرچاوەی بەنرخ ودەگمەن هەمیشە دەستی كراوە بوو ،بەڵكو مانگانە پارەیەكی باشی بۆ كڕینی كتێب وسەرچاوە تەرخان كردبوو.گەر بیبستایە كتێبێكی دەگمەن  لەیەكێك لەكتێبخانەكانی شاری هەولێر بوونی هەیە ئەوا هەر زوو ،بێ گوێدانە نرخەكەی،خۆی دەگەیاندە ئەو كتێبخانەیە ودەیكڕی.تەنانەت گەر نرخی كتێبەكەش گران بەها بووایە.جێگەی ئاماژەیە كەپرۆفیسۆر موحەمەد نوری عارف یەكێكە لەو كەسانەی كەزۆر دەوڵەمەندە لەهەڵگرتن وپاراستنی ئەرشیفدا وزۆریش بایەخ بەزانیارییە مێژووییەكان دەدات بەتایبەتی ئەو سەرچاوانەی كەباس لەكورد وكوردستان وئەدەبیاتی ڕۆهەڵاتیدا دەكەن.گەر مامۆستایەك یان خوێندكارێك ڕوبەڕوی كێشەیەكی زانستی وزانیاری بووایە ئەوا كتێبخانەكەی مامۆستا سەرجەمیانی ڕزگار دەكرد.هەموو جار پێم دەگووت مامۆستا كتێبخانە وماڵەكەت بۆ من وهاوشێوەكانم لە بیت الحكمەی عەباسییەكان دەچێت. لەوانە ووتنەوەدا وەك هەر ئەكادیمییەكی زانكۆیی سەركەوتوو بەر لەوەی بچێتە هۆڵی خوێندن خۆی ئامادە دەكرد ولەو ڕووەوە هیچ غرورێكی تێدا نەبوو.ئەمە لەكاتێكدا زۆر بەئاسانی دەیتوانی بۆ چەندین كاتژمێر قسە لەسەر بابەتێكی دیاریكراو بكات.لەووتنەوەی وانەكانیشدا،لەپاڵ بابەتە سەرەكییەكانی لەبەشی زمانی كوردی، بابەتی زمان وئەدەبیاتی فارسی بەخوێندكارانی بەشی زمانی عەرەبی دەگووتەوە وزۆریش لەكارەكانیدا سەركەوتوو بوو.لەڕێگەی كاریگەرییەكانی مامۆستاوە خوێندكارەكانی ئەم بەشە زۆر تامەزرۆی ئەدەبیاتی فارسی بوون.بەویژدانێكی ئەخلاقی وزانستییەوە دەچووە هۆڵەكانی خوێندن وبەشێوازێكی زۆر هێمنانە ولەسەرخۆ وانەكانی دەگووتەوە.خودی خۆم زۆر حەزم دەكرد بەشداری هۆڵی وانە ووتنەوەكانی بم.هیچ كات ئاگاداری ئەوە نەبووم كەكێشەیەكی لەگەڵ مامۆستاتیان وخوێندكاراندا هەبێت.پەرۆشی بۆ زانست وئەكادیمیا بەتایبەتی لەدوای ڕاپەڕینەوە لەوپەڕی لووتكەدا بوو.زۆرێك لەمامۆستا عەرەبەكان گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوچەی ڕژیم وژمارەیەكی كەمی مامۆستای خاوەن هەڵوێست مانەوە.لێرەدا وبەمەبەستی پڕكردنەوەی بۆشاییەكان ونەوەستانی پڕۆسەی خوێندن مامۆستا وهاوشێوەكانی شەو ڕۆژیان بەبێ بەرامبەر خستە سەر یەك .بەیارمەتی پڕۆفیسۆران حەسەنی حوسامی وجەمال نەبەز لەئەڵمانیا وپرۆفیسوران مارف خەزنەدار وموحەمەد نوری عارف وكاوس عەزیز بەگ وبەندە توانیمان ڕێكخراوێكی زانستی ومرۆڤایەتی دامەزرێنین كەئامانجی ئەم ڕێكخراوە بریتی بووە لەیارمەتی خوێندكارە بەتوانا ودەستكورتەكانی زانكۆكانی كوردستان ودابینكردنی پێداویستی سەرچاوەیی وتاقیگەیی بۆ بەشە زانستییەكانی زانكۆكان بەبێ جیاوازی.لەم ڕووەوە پرۆفیسۆر موحەمەد نوری وهاوڕێكانی ڕۆڵێكی خۆبەخشانەی بێ بەرامبەرەیان بینی.دواتر بەبیرۆكەی پرۆفیسوران كەمال خۆشناو ومارف خەزنەدار وموحەمەد نوری عارف وبەندە وچەند دڵسۆزێكی تر توانرا كۆمەڵەی ئەكادیمیای كوردی لەسەر ئاستی كوردستان دابمەزرێت وجارێكی تر پڕۆفیسۆر موحەمەد نوری عارف ڕۆڵێكی بەرچاوی بینی لەناساندن وگەورەكردن وگەشەی ئەم كۆمەڵەیە.بەڵام ئەوەی سەرنجی منی زۆر ڕادەكێشا هەڵوێستە نەتەوەیی ونیشتمانییەكانی بوو كەهیچ كات بێ دەنگ نەدەبوو لەبەرامبەر ئەو زوڵم وستەمەی كەلەنیشتمان ونەتەوەكەی دەكرا.زۆر بوێرانە ڕووبەڕوی خاوەن دەسەڵات دەبووەوە.زۆر جار پێویستم بەڕێنماییەكانی ئەم بەڕێزە بوو بەتایبەتی لەكاتە سەخت ودژوارەكاندا.بەوپێیەی كەسێكی دڵسۆز بوو بۆ زانست وخوێندن وزانكۆ ئەوا خاوەن دەسەڵات هیچی پێ نەدەكرا ئەمە لەكاتێكدا هەر ئەم دەسەڵاتە چاكیش لەهەڵوێستی نیشتمانی وفیكری مامۆستا گەیشتبوو.لەڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991 ڕۆڵێكی جوامێرانەی بینی ئەویش بەپاراستنی سەرجەم ئەرشیف ودۆكیومێنت وتۆماری نمرەی دەرچوانی خوێندكاران.زۆر چاك بیرم دێت جارێكیان لەشەری براكوژی یان خۆكوژیدا چەند نەفس نزمێك دەیانویست كەل وپەلی كۆلێژ فەرهود بكەن بەڵام ئازایەتی مامۆستا ڕێگر بوو.هەڵوێستەكانی كاریگەری لەسەر ئێمەش دروست كردبوو.بەتێڕوانین وتێگەیشتنی تایبەتی خۆم زۆر كەمم بینیوە وەك مامۆستا هەڵگری پەیامی نیشتمانی ونەتەوەەیی بێت.ئەمەش وایكردووە هیچ كات بیر لەبەرژەوندییە میتریاڵییەكان نەكاتەوە وهەوڵیشی بۆ نەداوە.ئەم كردار وڕەفتارەی وایكردووە هەمیشەخۆشەویست و سەربەرز بێت.هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازم.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved