فیلمی سینه‌مایی "ئێل کلاسیکۆ" له ده‌رهێنانی "هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا" له‌لایه‌ن بینه‌رانی به‌شی "زه‌نگی حه‌وته‌م"ی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر پێشوازیی لێ‌کرا. به‌پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر، به‌شی "زه‌نگی حه‌وته‌م" The 7th Hour سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر به نمایش‌کردنی حه‌وت فیلمی بڵیندی سینه‌مایی و چوار کورته‌فیلم کاری خۆی ده‌ستپێکردو له‌م به‌شه‌دا فیلمی بڵیندی سینه‌مایی "ئێل کلاسیکۆ" El clásico له ده‌رهێنانی "هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا" و به‌رهه‌می وڵاتانی عێراق و نه‌رویج له‌لایه‌ن بینه‌رانی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له سینه‌ماکانی تاران پێشوازی لێ‌کرا. له لاپه‌ڕه‌ی بڵاڤۆکه‌کانی رۆژانه‌ی تایبه‌تی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر، نمایش‌کردنی فیلمی سینه‌مایی "ئێل کلاسیکۆ"ی "هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا" له به‌شی لاوه‌کیی تایبه‌ت به قوتابیاندا به مانشێته‌کانی "کوردستان، ئیسپانیا، لالیگاو خه‌ونه وه‌دینه‌هاتووه‌کان"، "مه‌ترسییه‌کانی ئه‌وینداری" بابه‌ت و ره‌خنه‌ی پۆزه‌تیڤ سه‌باره‌ت به‌و فیلمه کوردییه نووسراوه. فیلمی کوردی "ئێل کلاسیکۆ" که چیرۆکی "ئالان" و براکه‌ی ده‌گێڕێته‌وه که له کوردستانی عێراقه‌وه به‌ره‌و ئیسپانیا به‌ڕێده‌که‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی که یاریزانی خۆشه‌ویستی خۆی "کریس رۆناڵدۆ" ببینێت. ئه‌و فیلمه له فێستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی فیلمی نه‌رویج، خه‌ڵاتی باشترین فیلم و له فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی دوبه‌ی خه‌ڵاته‌کانی باشترین فیلمی چیرۆکی و باشترین ده‌رهێنان و خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی بۆ هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا به دیاری هێنا. ساڵی 2016ی زایینی بۆ به‌شداری له به‌شی فیلمه‌کانی زمانی بیانی بۆ هه‌شتاو نۆهه‌مین خولی خه‌ڵاتی ئۆسکار ناردراوه، به‌ڵام له به‌شی کێبڕکێ وه‌رنه‌گیرا. "ئێل کلاسیکۆ" ده‌سته‌واژه‌یه‌کی وه‌رزشییه، به رکابه‌رییه‌کانی که له‌نێوان دوو یانه‌ی تۆپی پێی بارسێلۆناو رێئاڵی مه‌درید به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ده‌ڵێن "ئێل کلاسیکۆ"؛ ئه‌و یارییانه‌ی که لایه‌نگرانی هه‌ردوو یانه‌که کۆده‌کاته‌وه‌و هه‌رده‌م میلیۆنان که‌س له سه‌رتاسه‌ری جیهان بۆ بینینی داده‌نیشن. ئه‌م کێبڕکێیانه پاشه‌که‌وتی چیرۆک و ناوێکه که "هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا" بۆ دوایین فیلمی خۆی هه‌ڵیبژاردووه. "ئێل کلاسیکۆ" فیلمێکی جاده‌ییه سه‌باره‌ت به دوو برا که بۆ وه‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانیان گیانی خۆیان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه. "ئالان" و "شیروان" دوو برای کورته‌باڵان که نیشته‌جێی به‌شی هه‌ورامانی هه‌رێمی کوردستانی عێراقن. ئه‌وان به جۆش و خرۆشه‌وه یارییه‌کانی بارسێلۆناو رێئاڵی مه‌درید ده‌بینن و یانه‌کانی خۆشه‌ویستی خۆیان هانده‌ده‌ن. ئالان خه‌ونی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ کچێکی باڵابه‌رز به ناوی "گۆنا" هه‌یه، به‌ڵام "جه‌لال" باوکی کچه‌که به‌توندی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م زه‌ماوه‌نده ده‌کات. جه‌لال که ته‌واو لایه‌نگری یانه‌ی رێئاڵی مه‌دریده، جووتێک که‌ڵاشی به لۆگۆی رێئاڵی مه‌درید بۆ ئه‌ستێره خۆشه‌ویسته‌که‌ی "کریستیانۆ رۆناڵدۆ" دووریوه‌و هیوای ئه‌وه‌ی هه‌یه که رۆژێک له رۆژان ئه‌و کڵاشه به ده‌ستی ئه‌م یاریزانه پۆرتۆگاڵییه بگه‌یه‌نێت. ئالان کڵاشه‌کان ده‌دزێت و له‌گه‌ڵ براکه‌ی شیروان، سواری ماتۆڕێکی چوار ته‌گه‌ری ده‌بن و به‌ره‌و سه‌فه‌رێکی نایاسایی و پڕ له مه‌ترسی وه‌ڕێده‌که‌ون، بۆ ئه‌وه‌ی که ره‌نگ بێت جه‌لال به ئاواته له‌مێژینه‌که‌ی بگه‌یه‌نن و بتوانن ره‌زامه‌ندی ئه‌و بۆ زه‌ماوه‌ندی ئالان له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی به‌ده‌ستبهێنن. ئه‌و ئامانجه‌که‌ی که گه‌یشتن پێی به له‌به‌رچاو گرتنی کورته‌باڵابوونی خوازبێنیکه‌ر کارێکی ئاسان نییه. هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماکار "هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا" له‌دایکبووی شاری سلێمانی له هه‌رێمی کوردستانی عێراق، ساڵی 2000 له ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا هاوڕێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆ وڵاتی نه‌رویج کۆچیان کرد. له دوای کۆتاییهاتنی خوێندنه‌که‌ی له به‌شی ده‌رهێناندا له ساڵی 2011ی زایینی یه‌که‌مین فیلمی بڵیندی خۆی به ناوی "دڵی سوور" که درامێکی ئه‌ویندارانه‌یه به ته‌وه‌ری بابه‌تی مافه‌کانی ئافره‌تان به‌رهه‌مهێناوه. دوای چێ‌کردنی به‌ڵگه‌فیلمێک به ناوی "ترسی ژنان له داعیش" له ساڵی 2015ی زایینی دووهه‌مین فیلمی چیرۆکی خۆی به ناوی فیلمی سینه‌مایی "ئێل کلاسیکۆ" به‌رهه‌مهێناوه. خاك - مه‌نووچێهر جیهانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure