1/5/2018 09:41 AM

پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران دەکرێت

بەمەبەستى پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان، لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى بۆ ساڵى نوێى خوێندن پێداچونەوە بەسیستمى وەرگرتن دەکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا رۆژى ٣٠/٤/٢٠١٨ لیژنەی تایبەتمەند بۆ پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران - قوتابیان لە زانکۆو پەیمانگەکان و لێژنەى باڵاى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، بە سەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەى ئاسایى كرا.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان ئامادەیبوون، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەدرێژەى هەوڵەکانى وەزارەت بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و گۆڕانکاری لە سیستمى وەرگرتن لەزانکۆو پەیمانگەکان بەشێوەیەک سیستمەکە لە بەرژەوەندى گشتى خوێندکاران و ڕەچاوکردنى لایەنى پسپۆرى و تایبەتمەندیی بێت، وەزارەتەکەمان هەمیشە هەوڵیداوە چاکسازى و گۆڕانکارییەکانى لە سیستمى وەرگرتن بەشێوەیەک بێت ببێتە هۆى بەرزکردنەوەى لایەنى ئەکادیمى و زانستى و ئاستى زانستى خوێندکاران، بۆ ئەوەش کارى سەرەکی ئەم لێژنەیە بریتى دەبێت لە پێداچونەوە بەسیستمى وەرگرتنى خوێندکاران بەشێوەکانى (ڕاستەوخۆ، زانکۆلاین، خوێندنى ئێواران و پارالێل)، لەتەواوى زانکۆو پەیمانگەکانى هەرێم بە حکومى و تایبەتەکان.

د.یوسف گۆران ڕوونیشکردەوە لێژنەکە لە هەنگاوى یەکەمدا سەرنج و تێبینى و زانیارییەکانى لە کەسانى پسپۆڕ کۆکردۆتەوەو لەهەمانکاتیشدا سەرنج و تێبینی لە تۆمارى خوێندکاران لە زانکۆکان و مامۆستایانى زانکۆ وەرگیراوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە سەرنج و تێبینیەکان بۆ بڕیاردران لەسەر شێوازو چاکسازیکردن لە سیتسمى وەرگرتن لە زانکۆو پەیمانگەکان بەشێکى کاروبارەکان باشتر بەڕێوەدەبات و سوود لە ئەزموون و شارەزایى تەواوى ناوەندەکان وەردەگیرێت.

دواتریش هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى و سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى پێداچوونەوە بەسیستمى وەرگرتن و لێژنەى باڵاى وەرگرتن، راپۆرتى کارو ئەرکەکانیان لەماوەى رابردوو خستەڕوو، بەشێک لەو بڕیارو ڕاسپاردانەشى کە پەیوەستە بە چۆنیەتى پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.

لە بەشێکى ترى کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا لێژنەکە بەردەوامبێت لە کارەکانى و راوێژکردن بۆ نەهێشتنى کەموکوڕییەکان و ئەنجامدانى چاکسازى لە سیستمەکەدا.

لێژنەى پێداچونەوە بە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆو پەیمانگا حکومى و تایبەتەکان لە ژمارەیەک کەسانى شارەزا لە دیوانى وەزارەت و زانکۆکانى هەرێم لە ڕێکەوتى (١٤/١/٢٠١٨) پێکهاتووە، دواى (٣) مانگ کارکردن راپۆرتى خۆیان پێشکەشکرد، واش بڕیارە لە کۆتایدا راپۆرت و پێشنیازەکانیان بەمەبەستى چاکسازى و گۆڕانکارى لە سیستمى وەرگرتن بڕیارى پێویستى لەوبارەیەوە بدرێت.

خاك - بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved