1/5/2018 03:17 PM

زمان چییه‌؟!


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*

زمان وەک زاراوەیەک، له‌ کۆمه‌ڵێ وشه‌ و هێندێ گوزاره‌ی تایبه‌تی پێکهاتووه‌، پێوه‌ندی به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌وه‌ هه‌یه‌، کە ده‌وری مرۆیان داوه‌. زمان بە شێوەیە ڕێکخراوە، لە هێندێ پێکهاتە، گوتن (گۆکردن) و دەنگدا هاوئاهەنگن. هه‌موو زمانه‌کانی جیهانیش، به‌ جۆرێ له‌ جۆره‌کانی له‌رینه‌وه‌ی ده‌نگ ده‌رده‌بڕرێن، له‌ کۆمه‌ڵێ پیت و هێما پێکهاتوون‌، کۆمه‌ڵێ خه‌ڵک له‌ ژیانی ڕۆژانه‌، یا له‌ بۆنه‌ ئایینییه‌کاندا ده‌یانڵێنه‌وه‌.
لە زماندا، هەر پیتێ جۆرە دەنگ و موزیکێکی تایبەتی هەیە. هەر زمانێکیش جۆرە ناسکیی، جوانیی و ئاوازێکی دیاریکراوی خۆی هەیە، ڕاڤە لە واتای شتەکان و دەربڕینەکان دەکا. مەرجیش نییە، هەموو زمانەکان لە ژمارەی پیت و دەنگەکاندا، چونیەکبن، ناوی هەموو شت و دەنگەکانیان پێ دەرببڕرێ.
زمان بۆ پێوەندیی تاک و کۆمەڵ، بۆ بەردەوامبوونی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بایەخێکی زۆر گەورەی هەیە. مرۆ بەکاریدێنێ، بۆئەوەی پیوەندیی لەگەڵ یەکدیدا بکەن، گوزارە لە هەست و نەستی خۆیان بکەن، زانیاریی پەیدابکەن و بیگۆڕنەوە. زمان لەنێو خەڵکدا، بە یەکێ لە ئامرازە هەرە گرنگەکانی لە یەکدی تێگەیشتن دەژمێررێ. هەر کۆمەڵێکیش زمانێکی تایبەتی خۆی هەیە. به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا، گه‌ر هه‌ر که‌سێ بیه‌وێ، زمانێکی بیانیی دیاریکراو فێربێ، ئه‌وا ده‌توانێ، له‌ ڕێی خولی خوێندن و مه‌شقکردن، یا خوێندنی تایبه‌تی په‌یمانگه‌ و زانکۆکانه‌وه‌ فێربێ.
زمانی نه‌ته‌وه‌ییش، له‌ ئاساییترین پێناسه‌یدا ئه‌وه‌یه‌: هۆیه‌که‌ له‌ ئه‌و هۆیانه‌ی، ڕۆڵه‌کانی گرووپێکی ئیتنیکی دیاریکراو، به‌ یه‌کدییه‌وه‌ ده‌به‌ستێ، پێی دەدوێن و لە یەکدی دەگەن. لە هەمان کاتیشدا، به یه‌کێ له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی درووستبوونی نه‌ته‌وه‌که‌‌ش‌ داده‌نرێ.‌
خەسڵەتەکانی زمان
خەسڵەتەکانی زمان ئەوەیە: پیت و وشەکان، بە یاسایەکی دیاریکراو ڕێکخراون، ئەمەش لە ئەنجامی دووبارەبوونەوە، وردبوونەوە و فێربوونەوە هاتووە، چەندین واتا و ئاماژەیان هەیە، گوێگر و قسەکەر، نووسەر و خوێنەر، تێیدەگەن و دەیزانن. ئەمانەش سەربەخۆیی و خەسڵەتی تایبەتی خۆیان هەیە، لە زمانێکی دیکەیان جیادەکاتەوە. نێوەڕۆکی قسە و نامەکانیش، بە پێوەندیکردن دەگوێزرێنەوە. کەواتە زمان دەرکەوتەیەکی کۆمەڵایەتییە و خەسلەتەکانی جێگیر نییە.
ئەرکەکانی زمان
ئەرکە سەرەکییەکەی زمان ئەوەیە: هەموو شتێ پێوەندیی بە کەلەپووڕەوە هەبێ، لە لەنێوجوون دەیانپاریزێ. سۆز و بیر دەوروژێنێ، پێوەندیی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵک بەهێزدەکا، زانیارییە ئاسایی و گرنگەکان دەگوێزیتەوە، هۆیەکە لە هۆیەکانی دەربڕینی بیر و گوزارە لە هەستی مرۆ دەکا.
جیاوازیی نێوان زمانەکان
زمانەکان لەنێوخۆیاندا، لە شێوەی دەربڕین و شێوازی بەکارهێناندا، جیاوازییان هەیە. بۆ نموونە: هێندێ زمان لە نووسیندا، لە چەپەوە بۆ راست دەسپێدەکەن، وەک زمانەکانی ئینگلیزیی، فڕەنسیی، ئەڵمانیی … هێندێکی دیکەیان بە پێچەوانەوە، لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەسپێدەکەن، وەک زمانەکانی عەرەبیی، فارسیی، کوردیی … هێندێکیان لەسەرەوە بۆ خوارە دەسپێدەکەن، وەک زۆربەی زمانەکانی جیهان، بەڵام هێندێکی دیکەیان، لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەسپێدەکەن، وەک زمانەکانی چینیی، ژاپۆنیی …
زمان هەیە، تەنیا یەک نەتەوە قسەی پێ دەکا، وەک زمانەکانی عەرەبیی، کوردیی … زمانیش هەیە، چەندین نەتەوە قسەیپێدەکەن، وەک زمانەکانی ئینگلیزیی، چینیی، فڕەنسیی … زمان هەیە، نوییە و مێژوویەکی کۆنی نییە، وەک زمانی پورتوگالی، لە سەدەی (15-16)دا پەیدابووە. زۆربەی زمانەکانیش کۆنن و مێژوویەکی دیرینیان هەیە. کۆنترین زمانەکانیش لە مێژوودا ئەمانەن: سۆمەریی، ئەکەدیی، فیرعەونیی، کلدانیی، ئاشووریی، ئاڤێستایی، عەرەبیی …




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved