ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین ئه‌م به‌یانییه دره‌نگ له‌خه‌و هه‌ستام وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییم، له‌وه‌ته‌ی نه‌خۆشی له‌كاركرنی خستووم، تاوه‌كو به‌ره‌به‌یان خه‌ریكی نوسین بووم، بۆ دووساڵ ده‌بێت له‌م ڕۆمانه نوێیه‌مدا كارده‌كه‌م، به‌ڵام كه‌ئه‌م ڕۆمانه‌تم خوێنده‌وه، چونكه لای من ئه‌مه ڕۆمانه، ل تووشی شۆك بووم. من و تۆ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت كاركه‌ده‌كه‌ین كه بابه‌تی دڵشكانی مرۆڤه له‌جیهاندا، ئه‌م دڵشكانه وه‌ك له‌م ڕۆمانه‌دا له‌ڕێگه‌ی جوڵه و ڕووداو و پاڵه‌وانه‌كانه‌وه خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات، له‌ناو مێژوودایه، له‌ناو چركه ساتدایه، له‌ناو بێده‌نگی و هه‌ستكردن به‌به‌جێماندایه. له‌وانه‌یه به‌ریه‌كه‌وتنم له‌گه‌ڵ ئه‌م دڵشكانه‌ی جیهاندا جودا بێت له‌وه‌ی تۆ له‌م ڕۆمانه‌دا له‌نارجنه‌كانی دره‌خته‌كه‌ی نه‌نكت ده‌ستپێده‌كات. به‌ڵام كۆی ئه‌م ڕۆمانه نوێیه‌م له یه‌ك چركه ساته‌وه بوو، چركه ساتێك له برۆكسل له‌به‌رده‌م قاوه‌خانه‌یه‌كدا وه‌ستابووم، چاوه‌ڕێیی هۆزانم ده‌كرد له‌له‌نده‌نه‌وه بێت. من له‌ئه‌ڵمانیاوه هاتبووم، به‌ڵام به‌تێكشاویی و به‌دڵشكاوی، هه‌موو هه‌وڵه‌كانم بۆ ئه‌وه‌ی نالی كورم ببینم شكستی هێنابوو. سه‌یر نییه بۆ منێك كه سته‌می دیكتاتۆریه‌ت دڵی نه‌له‌رزاندووم، نه‌ترساووم، بۆ یه‌كه‌مجاره له‌ژیانمدا هه‌ست به‌ترس بكه‌م، ترسێك نه‌مده‌زانی چییه، هه‌ستمده‌كرد جیهان له‌وه ترسناكتره كه‌مه‌زه نده‌م كردووه، یاخود دڵم زۆر له‌وه ته‌نكتر بۆته‌وه به‌رگه‌ی ئه‌م چركه‌ساتانه بگرێت…له‌و چركه‌ساته‌دا پاڵه‌وانی ئه‌م ڕۆمانه‌م له‌به‌رده‌می مندا سه‌یری ده‌كردم، دڵشكاو و بێده‌نگ، به‌جۆرێك كه‌چیتر دڵی لێی نه‌ده‌دا به‌ڵام وه‌های هه‌ستده‌كرد كه ڕمێكی باپیرانی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ده‌توانێت بچێت له‌شوێنێكی دیكه‌دا نالیه بچوكه‌كه‌ی ڕزگاڕ بكات، كوڕه بچوكه‌كه‌ی…لێره‌وه دڵشكانی مرۆڤ ڕه‌هه‌ندێكی یونیڤێرسالی وه‌رده‌گرێت، هه‌ر بۆیه ئه‌م ڕۆمانه‌م وه‌ك ته‌واوكاری ڕۆمانی (ئه‌ودیوو سنوور، باڵه‌فڕه به‌نێو دارستانه‌كانی مانگدا) ده‌بێت…ئه‌و به‌ده‌وری به‌جێماندا ده‌خولێته‌وه و ئه‌م ڕۆمانه‌ی ئێستام به‌ده‌وری بابه‌تی دڵشكانی جیهان…هه‌ردوو هه‌سته‌كه دووڕۆمانن، دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر چه‌نده‌ها كه‌س و ڕووداو و ڕسته‌ی شیعرییدا، بۆمن گرنگ بوو بیانوسم ، چونكه هه‌راسانیان كردبووم و ده‌مكه‌ن. ئه‌وه‌ی وه‌هام لێده‌كات باسی ئه‌م ئه‌زموونانه‌ی خۆمت بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ڕۆمانه‌ی تۆ (١٩٨٧كتێبی برینی من) كاركردنه له‌سه‌ر دڵشكان، له‌سه‌ر نیگه‌رانی مرۆڤ له‌ژیان و نامۆبوونێك به‌هیچ شۆڕشێكی دونیا و به‌به‌هه‌شتبوونێكی دونیا چاره‌سه‌ر نابێت. مرۆڤی دڵشكاو زۆر جار دڵی لێنادات. لێره‌وه هه‌ستمده‌كرد ڕۆمانێك ده‌خوێنمه‌وه، ڕۆمانێك بۆئه‌وه‌ی دڵت بكه‌وێته‌وه كار و له‌قوڵایی بێده‌نگیه‌كه‌ت ده‌رتبهێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆی ناو ڕۆمانه‌كه‌ت بیت، له‌جیاتی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌م كه‌چیرۆكه‌كانی جیهان به‌ده‌وریدا بێده‌نگیه‌كه‌یدا ده‌سوڕێنه‌وه و ده‌چیته خه‌ستاخه‌نه‌ی ڤیلی ڤۆرده و هه‌موو هه‌وڵه‌كانی دكتۆر یانسن و كڵاودیا بۆئه‌وه‌یه له‌و بێده‌نگیه قووڵه ده‌رتبهێنن…تۆ پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ی منیت، به‌ڵام خۆت ڕۆمانی خۆت ده‌نوسیته‌وه…لێره‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم وه‌همه وه‌ها مه‌زنده بكه‌یت كۆمه‌ڵێك نامه‌ت نوسیووه، یان بایۆگرافیه‌كی كورت، نه‌خێر، به‌ڵكو ڕۆمانێكت نوسیووه و به‌جۆرێك كه‌په‌لی منی گرت و به‌ش له‌دوای به‌ش، زه‌مه‌نی پاڵه‌وان و ڕووداوه‌كان و شیعرییه‌ت و ڕۆمانتیكیه پلاتۆنیه‌كه‌ی سوبێكتی پاڵه‌وانه‌كه منی له‌ناو ئه‌تمۆسفێر‌ێكی دیكه‌دا ده‌هێناو ده‌برد. هه‌موو ڕۆمانیكیش چه‌نده‌ها پارچه‌ی نوسه‌ره‌كه‌یه‌تی لێره‌و له‌وێ له‌نێوان په‌ره‌گراف و گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و جوڵه و دیالۆگ و گرێچنی ڕووداوكاندا خۆیان شاردۆته‌وه، ڕۆمان ئه‌وه‌یه كه‌چیرۆكه‌كانی له‌ناو كۆنسه‌پته‌كی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا فۆرموله ده‌كات، كه دوایی خوێنه‌ر به‌سه‌ریدا ده‌كه‌وێت، بێ هیچ پێشبینییه‌كی ئایدۆلۆژی یان فیكری. ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌ڕای من فڕێدانی خوێنه‌ره بۆ ناو كایه، بۆ ناو فه‌زایه‌كی دیكه، بۆ ناو بۆشاییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م دونیا قه‌ڵب و قۆڕه، بۆ ناو خه‌ون و شرییه‌تی جیهان، له‌مانه‌دا هه‌مووی كاره‌كه ته‌واوی ئه‌م ئامانجه‌ی پێكاوه . له‌زۆر شوێندا وه‌ستاویت و ده‌بوایه زیاتر بنوسیت، له‌هه‌ندێك شوێندا ڕۆمانسیه‌تێكی پلاتۆنیانه ناهێڵێت ڕووداوه‌كان باسبكه‌یت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ت له لادروستبووبێت كه‌هه‌ر ده‌بێت ده‌قه‌كه موزیكی بێت و مۆزیكی خۆی ونده‌كات گه‌ر هاتوو بچیته ناو ڕووداوه‌كانه‌وه….كوا پاڵه‌وانه‌كه له‌پشت پاكه‌ته جگه‌ره‌كانی منداڵییه‌وه، له‌پشت سه‌تڵه ئاوه‌كه‌یه‌وه؟…كوا به‌رزانی هاوڕێمان؟ و كوا و كوا ؟! … جوانیش له‌وه‌دایه بێ زیاد وكه‌م له‌م فه‌زایه‌دا به‌جمانده‌هێڵیت، ده‌زانم ئه‌م كتێبه‌ت هه‌روا نوسیووه وه‌ك خۆت گوتووته، به‌ڵام من ده‌زانم كتێبی دیكه‌ی به‌دوودا دێت، كه‌به‌ڕای من ئه‌م كتێبه‌ت ڕۆمانێكه به‌هه‌موو ماناكانیه‌وه، هه‌ر له‌دابه‌شبوونی ڕووداوه‌كان، خۆشلكردنت بۆ چركه ساته‌كان، دره‌خته نارنجه‌كه‌ی حه‌وشه‌كه‌ی نه‌نه گه‌وره، ئه‌ستێره‌كانی له‌سه‌ر لقه‌كان و دڵدارییه‌كانی پاڵه‌وانه‌كه‌ت له‌نێوان گه‌ڕان به‌دووی به‌ئه‌شق و سێكسوالیه‌ته‌كی ڕۆمانیسیدا… كۆی ئه‌م ڕۆمانه‌ت چه‌نده‌ها وێنه‌ی منی خوێنه‌رن، سوبێكتی خودێكی خه‌وبینه‌رن، سوبێكتێكی خۆمه وه‌ك خه‌وبینه‌رێك كه ناتوانێت خه‌وبینه‌ر نه‌بێت…ئێمه هه‌موومان مه‌حكومین به خه‌وبینه‌ری، به‌وڕێنه‌كردن له‌ناو ژیاندا، به‌ڵكو ژیان خۆی له‌خۆیدا هیچیتر نییه جگه له‌تێپه‌ڕبوونێك نه‌بێت به‌ناو خه‌ونێكدا، گه‌ر خه‌وبینه‌ر نه‌بین له‌كۆتایدا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه گێل بووین. كۆی ئه‌م ڕۆمانه‌ت سه‌رمه‌دییه‌كانی خهوبینهرێكه، خهوبینهرێكه ( ژان ژاك ڕوسۆ) له‌كۆتایی ژیانیدا دوای نوسینی ئه‌م هه‌موو ده‌قه فه‌لسه‌فیه، دواكتێبی كتێبه‌ك بوو له‌مه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن ده‌بێت ژیانیت وه‌ك خه‌وبینه‌ر به‌سه‌ر به‌ریت و هیچ نه‌كه‌یت و خه‌ریكی ڕووكداری بیت و بوتانیك بیت، كتێبه‌كه‌ی به‌ناوی( خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی پیاسه‌كارێكی ته‌نها ) بوو… ئه‌م ڕۆمانه‌ی تۆش خه‌ونێكی دیكه‌ی ئه‌و پیاسه‌كاره ته‌نهایه‌یه، كه منی هێنایه دونیاكه‌ی خۆی تاوه‌كو ئێستا كه‌نیوه شه‌وه به‌رینه‌دام ….من به‌خته‌وه‌رم به‌م ڕۆمانه‌ت.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure