3/5/2018 10:42 AM

هۆكارو چاره‌سه‌ری قڵیشانی لێو

گۆڕینی كەشوهەوای وەرزەكان و جۆری خۆراك كاریگەری دەبێت لەسەر پێست، دروستبوونی برین لەسەر لێو و قڵیشانی لێوەكان كێشەیەكە زۆر كەس هەیەتی و بێزاركەرە، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم كێشەیە بكەیت پێویستە هۆكارەكەی بزانیت.

لەمبارەیەوە د.توانا محمد سەروەت پزیشکی نەخۆشییەکانی پێست وتی: كۆبونەوەی بەكتریا لە نزیك دەم و لێوەوە يەكێكە لە هۆكارەكانی دروستبوونی برین لەسەر لێو، بۆ ئەوەی ئەم كێشەیەت نەبێت گرنگی بە تەندروستی دەم و ددان و لێوت بدەو پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە بیت.

١- جۆری خۆراك: نەخواردنی خۆراكی پێویست و پڕ ڤیتامین یەكێكە لە هۆكارەكانی دروستبوونی قڵیشاوی لەسەر لێو، پێویستە ئەو خۆراكانە زۆر بخورێت كە ڤیتامین بی12 لە پێكهاتەیدا هەیە.

٢- هەستیاری: خواردنی ئەو خۆراكانەی خوێ و بەهاراتی زۆری پێوەیە هۆكارە بۆ دەركەوتنی برینی سەر لێو و هەستیاری لێو.

٣- خۆماندووكردنی زۆر: ئەو كەسانەی زۆر ماندوودەبن و دەروونیان بەردەوام هیلاكەو سەرقاڵی كاركردنن یەردەوام لێوەكانیان قڵیشاوە.

وتيشی: كانزای ئاسن یەكێكە لە كانزا پێویستەكان بۆ جەستە، كەمبونەوەی ڕێژەی ئەم كانزایە لە جەستەدا هۆكارە بۆ قڵیشانی لێوەكان، ئەوكاتەی مرۆڤ كێشەی كەمخوێنی هەبێت ئەم نیشانەیە لەسەر لێوەكانی دەردەكەوێت.

هەندێكجاريش كه خانمان ئاستی هۆرمۆنەكانی جەستەیان تێكدەچێت، ئەوە برین و قڵیشاوی لەسەر لێوەكانیان دروستدەبێت.

خاک - تانیا ئاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved