5/5/2018 02:47 PM

هونه‌رمه‌ندێكی كورد له‌ قاهیره‌ خه‌ڵاتكرا

هه‌ندرێن خۆشناو یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ پێشه‌نگ و دیاره‌كانی بواری هونه‌ری كاریكاتێرو كارتۆن له‌ كوردستاندا، به‌ڵكو له‌ جیهانیشدا ساڵانێكه‌ به‌بێوچان له‌م بواره‌دا كارده‌كات و چه‌ندین پێشانگای تایبه‌تی و چه‌ندین پێشانگای هاوبه‌شی كاریكاتێری له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌شداری كردووه‌، كاره‌كانیشی له‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی كوردستان بڵاوكردۆته‌وه‌.

له‌ دوایین چالاكی خۆی كه‌ بەشداریکردن بوو لە پێنجەمین دیداری کارتۆنی قاهیرە، کە لەرۆژانی 15_25ی مانگی ئه‌پریل لە کۆشکی هونەر لە خانەی ئۆپێرا سازکرا، ئەم هونەرمەندە کوردە خەڵاتێکی ئەم دیدارە نێودەوڵەتیەی پێبەخشرا.

هەندرێن خۆشناو سەبارەت بەم خەڵاتە نێودەوڵەتیە وتی: ئەمە سێیەمجاره‌ له‌م فێستیڤاڵە كاریكاتێرییه‌ی قاهیرە بەشداری بکەم، ئەم دیدارە بریتیە لە پڕبایەخترین و گەورەترین فێستیڤاڵی کاریکاتێری کە لە میسردا ساڵانە سازبکرێت، کارەکانیش دابەشکرابوون بەسەر دوو تەوەردا وەرزش و تەوەری ئازاد.

جێی دڵخۆشی و شانازییە کە لە نێو (650) تابلۆی کاریکاتێری و کارتۆنی (350) هونەرمەند لە (68) وڵاتەوە، خەڵاتێکی رێزلێنان بە هونەرمەندێکی کورد ببەخشرێت، من بە سێ کارتۆنی وەرزشی و دوو کارتۆنی ئازاد بەشداریم کردبوو، خەڵاتی رێزلێنانەکەش لەبواری وەرزشیەکە پێمبەخشرا، هەرچەندە کە جێی دڵخۆشیه‌ كاتێك كه‌ کارەکانم بە لێژنە هونەرییەکاندا سەرکەوتووانە تێپەڕده‌بن و رەتناکرێنەوەو لە پێشانگای نێودەوڵەتیەکاندا نمایشده‌کرێن لەتەک کاری هونەرمەندە جیهانیەکاندا، کە خەڵاتیش بکرێین هەڵبەتە ئه‌و دڵخۆشکەرترەو هەستدەکەم کەوا ئەوجۆرە خەڵاتانە تەنیا بۆ من نیە، بەڵکو بۆ هەموو هونەرمەندانی کوردستانە.


خاك





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved