پ.د.زاهیر لەتیف كەریم دوابەدوای ساڵی 1996،كاتێك دەسەڵاتی كوردی لەكوردستانی باشوور دابەش بوو بەسەر دوو جەمسەری جیاواز،یەكێك لەو شتانەی كەهاتە نێو بیر وهەستی تایبەتی خۆمەوە بریتی بوو لەكردنەوەی خوێندنی باڵا لەزانكۆی سلێمانی.دیارە پێشتر ،لەزانكۆی سەلاحەددین، ئەزموونێكم لەبواری خوێندنی باڵادا هەبوو .كردنەوەی ئەم سێكتەرەی خوێندن لەو ڕۆژگارە نالەبار وسەختەدا كارێكی ئاسان نەبوو.ئەمەش لەڕووی دارایی وكادێری پسپۆڕ وكەرەستەی كاركردن وەك سەرچاوە وپێداویستییەكانی تر.تێپەڕاندنی ئەم كێشانە لەلایەكەوە پێویستی بەبوێری وسەركەشییەكانەوە هەبوو.لەلایەكی تریشەوە بەپشتگیری وهەماهەنگی ویارمەتی كەسانی دڵسۆزی خاوەن دەسەڵات.سەرەتا پەیوەندیم كرد بەسەرۆكی زانكۆ،پرۆفیسۆر جەلال شەفیق.ئەوەی تێگەیشتم لەم بەڕێزە ئەوەبوو كە ترسێكیان لەكردنەوەی خوێندنی باڵادا هەیە،ئەویش بەوەی پڕۆسەكە سەركەوتن بەدەست ناهێنێت كەلەڕاستیدا ناهەقی نەبوو چونكە لەگۆشەیەكەوە دۆخە سیاسییەكە جێگیر نەبوو.لەگۆشەیەكی تریشەوە باری دارایی حكومەتەكەی سلێمانی وەك پێویست نەبوو.لەسەرو ئەمانەشەوە ترسی ئەوەشی هەبوو كەكادێری پسپۆڕ لەڕووی چەندێتی وچۆنێتییەوە بەر دەست نەبێت.بۆیە،منیش،هەر سەرەتا پەیوەندیم كرد بەچەند كادێر وپسپۆڕێكی خاوەن هەڵوێست لەناوەوە ودەرەوەی سلێمانی، لەوانە پرۆفیسۆران عیزەددین موستەفا ڕەسۆڵ ومارف خەزنەدار وموحەمەد نوری عارف وموحەمەد مەعروف فەتاح(حەمەی مارف مۆریاسی) وئاوڕەحمانی حاجی مارف.بەهۆی گرژی وناكۆكی وململانێی جەمسەرە سیاسییەكان،هاتنی مامۆستایانی زانكۆی سەلاحەددین ودهۆك كارێكی زۆر سەخت بوو.بەڵام ئەم مامۆستایانە بەتایبەتی ئاوڕەحمانی حاجی مارف كەلەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا بوو توانیان سنووری دەسەڵاتی سیاسی ببەزێنن وپەیمانی ئەوەیاندا كەئامادەبن بێ بەرامبەر وانەكان بڵێنەوە.دواتر ولەلایەكی تریشەوە پەیوەندیم بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران،كاك كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی،كرد وئەویش تەواو پشتگیری لەپڕۆسەكە كرد وگووتی"ئەوەی لەتوانای من وحكومەتدا بێت ئەوا كەمتەرخەم نابین وجێبەجێی دەكەین".ئەمانە كارێكیان كرد كەترسەكە لەلای سەرۆكی زانكۆ بڕەوێتەوە.لەماوەیەكی زۆر كورتدا خوێندنی باڵا بۆ یەكەم جار لەكۆلێژی زمان،بەشی كوردی وعەرەبی، كرایەوە ودواتر بەشێك لەكۆلێژەكانی تریشی گرتەوە.پێشتر پرۆفیسۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارفم لەبەغدا ناسیبوو كاتێك خوێندكاری زانكۆ بووم لەزانكۆی بەغدا وجار جارە لەبەشی كوردی وكۆڕی زانیاری كوردی دەمبینی.بەزمانە پاراو شیرینەكەی خۆی،ئەوەندە باسی خوێندنی لەیەكێتی سۆڤییەت بۆ دەكردم ئومێدم دەكرد لەیەكێك لەزانكۆكانی ئەو ووڵاتە خوێندنی باڵا تەواو بكەم كەبەداخەوە لەئایندەدا كارەكە وا دەرنەچوو ،لەبری یەكێتی سۆڤییەت،زانكۆی گلاسكۆ ،لەبەریتانیا،بوو بەمەڵبەندی خوێندنی باڵام.پەیوەندییەكەمان دواتر وزیاتر خەستر بووەوە كاتێك خوێندنی باڵا لەبەشی زمانی كوردی زانكۆی سەلاحەددین كرایەوە بەتایبەتی لەدوای ناوەڕاستی هەشتاكان.دانیشتن لەگەڵیدا تەواو دەیگواستیتەوە بۆ جیهانی ئەدەب وزمان وئەكادیمیا.بەوپێیەی باگراوندەكەی ،بەكالۆریۆس،بریتی بوو لەزمان وئەدەبی ڕووسی لە زانكۆی لیننگراد ئەوا شارەزاییەكی ووردی لەسەر ئەدەبیاتی ڕووسی هەبوو .جەختی زۆر لەبەرهەمەكانی پۆشكین وگۆگڵ ولیرمنتۆڤ ودیستۆڤسكی وتۆڵستۆی ومەكسیم گۆرگی وبرۆدسكی دەكردەوە.جارجارە ولەسەر ئەم نووسەرانە ،بەشێوازی خواستن،سەرچاوە وەرگێڕاوەكانی بۆ سەر زمانی عەرەبی پێدەدام.كاتێكیش خوێندنی باڵا لەزانكۆی سلێمانی وبەتایبەتی لەكۆلێژی زمان كرایەوە زۆر زانستی وئەكادیمی وبوێرانە،لەهەردوو قۆناغی ماستەر ودكتۆرای بەشی كوردی ودواتریش عەرەبی، بەشداری لەپڕۆسەی خوێندن كرد .تەنانەت ئەندامێكی كارای گفتۆگۆی نامەكان وهەڵسەنگاندنی لێكۆڵینەوەكانیش بوو.مانگی جارێك دەهات بۆ ووتنەوەی وانەكانی بەڵام بۆ ماوەی یەك هەفتە دەمایەوە.ڕۆژانەش بەڕێژەی حەوت كاتژمێر وانەكانی بەبێ دواكەوتن دەگووتەوە كەئەمە زۆر زیاتر بوو لەو بڕە كاتژمێرانەی كەهەفتانە دەكەوتە سەرشانی یان بۆی دیاریكرابوو.جگە لەمەش ئەركێكی پیرۆزی تری خستە ئەستۆ ئەویش گەیاندنی مامەڵەی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی زانكۆی سلێمانی بوو بۆ مامۆستا وپسپۆڕانی زانكۆكانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم بەتایبەتی زانكۆی بەغدا وتكریت .لێرەدا گەر ڕژێم بەم كارانەی بزانیبایە ئەوا چارەنووسی مامۆستا دەكەوتە ژێر مەترسییەوە.ئەوكاتیش بەهۆی دابڕانی شارەكانی كوردستان،هەڵسەنگێنەری نامەی ماستەر ودكتۆرا و لێكۆڵینەوەكان ،لەنێوخۆی خۆماندا،تەواو كێشەی دروست كردبوو.بۆیە هەوڵەكانی مامۆستا لەم بوارەدا،وەك پردێكی نهێنی، زۆر دەگمەن بوو،بەڵكو جۆرێك بوو لەپێشمەرگایەتی.لەسەرو هەموو ئەمانەوە ،كارێكی پیرۆزتری خستە ئەستۆ ئەویش هەوڵەكانی لەبواری بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی لەگۆڤارە زانستی وئەكادیمیاكانی عێراقدا بەتایبەتی گۆڤاری زانكۆكانی بەغدا وموستەنسریە وابن ڕشد وموسڵ وتكریت.بەرپرسانی ئەو زانكۆیانە سەرجەمیان مامۆستایان لەنزیكەوە دەناسی وڕێزی تایبەتیان بۆی هەبوو.ڕێزەكەش بەپلەی سەرەكی دەگەڕایەوە بۆ ئاستی زانستی وئەكادیمییەكانی.ئەو كات،لەلایەكەوە، گۆڤاری زانكۆی سلێمانی توانای بڵاوكردنەوەی سەرجەم لێكۆڵینەوەكانی نەبوو.لەلایەكی تریشەوە بۆ هەندێك ئاستی بەرزكردنەوە بەتایبەتی بۆ پلەی پرۆفیسۆری پێویست بوو لێكۆڵینەوەكان لەدەرەوەی هەرێم بڵاوبكرێنەوە.ڕۆڵی مامۆستا لەو ڕووەوە زۆر بەرپرسانە بوو.تەنانەت پارەی بڵاوكردنەوەكانی دەگرتە ئەستۆ ودواتر زانكۆی سلێمانی بڕە پارەكانی پێدەدایەوە.هەندێك جاریش بەهۆی ڕۆتینەوە گەڕانەوەی پارەكانی زۆر دوادەكەوت.ئەوەی جێگەی سەرنجیش بێت ئەوەبوو كەلەو سەریش مامەڵەكانی لەگەڵ خۆیدا دەهێنایەوە كەئەمەش،لەجەمسەرێكەوە ئەرك وهیلاكییەكی زۆری دەویست لەڕووی جەستەیی وداراییەوە . لەجەمسەرێكی تریشەوە كارێكی زۆر ترسناك بوو بەوپێیەی لەبازنەكانی پشكنین سەرجەم بڵاوكراوەكانی هەرێم قەدەغەبوون.ئەمەش جۆرێك بوو لەهەڵوێست وجوامێری وبوێری وسەركەشی.بێگومان پێش وەخت ئاگاداری ڕەفتاری دەسەڵاتی ڕژێم بوو كەچەند ترسناك وكوشندە بوو.بەڵام هەستكردن بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر نیشتمان جۆرێك لەسەركەشی دەخوڵقاند كەئەمە لەدەست هەموو كەس نەدەهات.هەندێك جار پێم دەگووت مامۆستا ڕێگاكە زۆر ترسناكە وئێمە لەڕۆحی تۆ زۆر دەترسین.لەوەڵامدا دەیگووت"من تەمەنێكم بەڕێ كردووە ولەمردن ناترسم وچی دەبێت باببێت". كەدەهاتە سلێمانی بەمەبەستی وانە ووتنەوە بەخوێنكارانی خوێندنی باڵا یان گفتوگۆی نامەكان ئەو ماوەیەی كەدەمایەوە وبەحوكمی كەسێتی خۆی وناسینی بەشێك لەبەرپرسانی ئەوسای دەسەڵاتی سیاسی وكارگێڕی سلێمانی زۆرێك لەئیش وكارە وەستاوەكانی زانكۆی ڕادەپەڕاند.بەمەش ئەركی سەرشانی لەلایەكەوە ووتنەوەی وانەكان بوو.لەلایەكی تریشەوە كردنەوەی گرێكوێرەكان ئەویش بەهۆی ڕۆتینە بێ ماناكانەوە.كاتێك كۆمەڵەی ئەكادیمای كوردی لەڕێگەی چەند دڵسَۆزێكەوە لەهەولێر دامەزرا، بەنموونەی پرۆفیسۆران كەمال خۆشناو ومارف خەزنەدار وموحەمەد نوری عارف وكاوس عەزیز بەگ وبەندە،ئەوا پرۆفیسۆر ئاوڕەحمانی حاجی مارف یەكێك بوو لەخۆبەخشەكان وبوو بەئەندامێكی ئەم كۆمەڵەیە وهەر زوو پردی پەیوەندیییەكانی لەنێوان كۆمەڵەی ئەكادیمیا وئەو مامۆستا وئەكادیمیانەی كەلەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا كاریان دەكرد دروست كرد،تائەوانیش بەشێوەیەك لەشێوەكان ببن بەئەندام لە كۆمەڵەكەدا.ئەمە جگە لەوەی چەند سیمنارێكی زانستی بەئەنجام گەیاند بەتایبەتی دوای 1996. لەكۆتایدا ماوەتەوە بڵێین كەمامۆستا كەسێكی بەخشندە وڕۆح سووك وخۆشەویست وقسەخۆش وبوێر وزانستخواز وخاوەن هەڵوێستەیەكی نەتەوەیی ونیشتمانی بوو.لەنزێكەوە ئاگاداری ئەوە بووم كەبەشێك لەو پارەیەیی كەمانگانە لەزانكۆی سلێمانی وەریدەگرت بەرامبەر بە ئەركە زانستییەكانی ئەوا دابەشی دەكرد بەسەر كارگوزارەكان وبەشێك لەخوێنكارە لێهاتووە دەستكورتەكاندا.كارەكەشی زۆر بەنهێنی ئەنجام دەدا وحەزی نەدەكرد هەموو كەس پێی بزانێت.ئەمە جگە لەوەی هەر جارە كەدەهات بۆ زانكۆی سلێمانی چەند كتێبێكی دەگمەنی بەدیاری پێشكەش بەكۆلێَژ دەكرد.سەرەڕای هەموو ئەمانە، خاوەنی چەندین لێكۆڵینەوە وكتێبی بەنرخە لەبواری زانستە زمانەوانییەكاندا كەبێگومان كاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر بونیادی جیهانی زمان بەگشتی وزمانی كوردی بەتایبەتی دەبێت.لێرەوە ئەركی بەشە زانستییە كوردییەكانە كەلەنزیكەوە بایەخ بەبۆچوون وبەرهەمە زمانەوانییەكانی بدەن وئێمەش بەچاوی ڕێزەوە بڕوانینە هەڵوێست وهەوڵە ئەكادیمییەكانی.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure