ف‌ت‌ق، یه‌كێكه له نه‌خۆشییه بڵاوه‌كانی له‌شی مرۆڤ، له پیاواندا به‌ڕێژه‌ی ٢٧% و ژنان به‌ڕێژه‌ی ٣% دووچاری فتقی بن ران ده‌بن. د.ئارا عه‌بدوڵڵا هۆكارو چاره‌سه‌رو جۆره‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه بۆ سایتی خاك روونده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: دوای كاری نه‌شته‌رگه‌ری ناوسك به‌هۆی تێكچوونی پێكهاته‌ی شوێنی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌وه، رێژه‌ی ٢% بۆ ١٠% له نه‌خۆشه‌كان دووچاری فتقی نه‌شته‌رگه‌ری ده‌بنه‌وه. ده‌شڵێت: ئه‌م نه‌خۆشییه بریتییه له‌وه‌ی به‌شێك له ریخۆڵه یان په‌رده‌چه‌وری ناو سكیان و چه‌وری ئاسایی سك بۆ ده‌ره‌وه‌ی دیواری سك ده‌رده‌په‌ڕێت، ئه‌م ده‌رپه‌ڕینه له‌ڕێگه‌ی رێڕه‌وی ئاساییه‌وه ده‌بێت كاتێك ده‌رگای رێڕه‌وه‌كه گه‌وره ده‌بێت، له‌باری ئاسایی‌دا ده‌بێت رێڕه‌وه‌كان وا دابخرێن كه رێگه له ده‌رپه‌ڕینی ئۆرگانه‌كانی ناوسك بگرن، به‌ڵام هه‌ندێكجار رێڕه‌وه‌كان وه‌ك پێویست داناخرێن و ده‌رفه‌ت بۆ ده‌رپه‌ڕینی ئۆرگانه‌كانی ناوسك ده‌ڕه‌خسێنن. 1- ئه‌گه‌ر رێڕه‌وی بۆریه‌كانی كۆئه‌ندامی نێرینه كه له سكه‌وه بۆ هێلكه‌كان ده‌ڕوات، به هۆكاری زگماكی یان به‌هۆی نه‌خۆشی تره‌وه به باشی دانه‌خرێت، ده‌بێته هۆی دروستبوونی فتقی بن ڕانی ناڕاسته‌وخۆ. 2- ئه‌گه‌ر شوێنی ناوك له‌دوای له‌دایكبوون به باشی دانه‌خرێت، فتقی ناوكی منداڵان دروستده‌بێت. 3- ئه‌گه‌ر رێڕه‌وی بۆریه‌كانی خوێن كه له سكه‌وه بۆ په‌لی خواره‌وه ده‌ڕوات، له ژنی به‌ته‌مه‌ندا گه‌وره ببێت، فتقی بن رانی فێمۆرالی لێ دروستده‌بێت. 4- هه‌ندێكجار به‌هۆی لاوازبوونی دیواری سكی مرۆڤه‌وه ئۆرگانه‌كانی ناوسك ده‌رده‌په‌ڕن و ف‌ت‌ق دروستده‌بێت، ئه‌م حاڵه‌ته له ژناندا زۆرتره تا له پیاواندا وه‌ك فتقی ده‌وری ناوك و له خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌ندا زیاتره تا له گه‌نج و منداڵدا، وه‌ك فتقی راسته‌وخۆی بن ران له‌دوای كاری نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌گه‌ر برینه‌كه وه‌ك پێویست چاكنه‌بێته‌وه، شوێنی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه به لاوازی ده‌مێنێته‌وه‌و له خاڵه لاوازه‌كانه‌وه به‌شێك له ئۆرگانه‌كانی ناوسك ده‌رده‌په‌ڕن و فتقی نه‌شته‌رگه‌ری دروستده‌كه‌ن. نیشانه‌كانی ف‌ت‌ق 1- زۆربه‌ی كات ف‌ت‌ق وه‌ك هه‌ڵئاوسانێك له بن راندا یان له‌ده‌وری ناوك، یان له شوێنی برینی كۆنی نه‌شته‌رگه‌ریدا ده‌رده‌كه‌وێت. له‌كاتی وه‌ستان و رۆیشتن و وه‌رزش و كاردا هه‌ڵئاوسانه‌كه زیاد ده‌كات، له‌كاتی پشوودان و راكشاندا هه‌ڵئاوسانه‌كه كه‌مده‌كاته‌وه‌و نامێنێت، هه‌ندێكجار نه‌خۆشه‌كه به‌ده‌ست فشار ده‌خاته‌سه‌ر فتقه‌كه‌و ده‌یباته‌وه ناوه‌وه، هه‌ندێك جاری تریش فتقه‌كه به فشاری ده‌ستی نه‌خۆش و پزیشك ناچێته ناوه‌وه. 2- جاری واهه‌یه له شوێنی فتقدا نه‌خۆش هه‌ست به ئازارێكی سوك ده‌كات، له‌كاتی كۆكه‌و كار‌و له ته‌والێت و قورسایی به‌رزكردنه‌وه‌دا نه‌خۆشه‌كه زۆرتر هه‌ست به ئازار ده‌كات. 3- یه‌كێك له مه‌ترسییه‌كانی ف‌ت‌ق ئه‌وه‌یه كه فتقه‌كه بگیرێت و ئۆرگانه ده‌رپه‌ڕیوه‌كه بۆ ناوسك نه‌گه‌ڕێته‌وه، به‌وشێوه‌یه نه‌خۆشی ریخۆڵه گیران دروستده‌كات كه نه‌خۆشییه‌كی گه‌وره‌و مه‌ترسیداره‌و نه‌خۆش دووچاری سك ئێشه‌و سك ئاوسان و رشانه‌وه‌و قه‌بزی ده‌بێت، نه‌خۆشه‌كه ئاو و كانزای له‌شی كه‌مده‌بێته‌وه‌و به‌زه‌حمه‌ت هه‌ناسه‌ی بۆ ده‌درێت، ئه‌گه‌ر زوو نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ریخۆڵه گیران نه‌كرێت مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دروستده‌بێت. ئه‌گه‌ر ریخۆڵه‌گیران چاره‌سه‌ر نه‌كرێت و درێژه‌بكێشێت، ورده ورده هاتوچۆی خوێن بۆ ئۆرگانه ده‌رپه‌ڕیوه‌كه كه‌مده‌بێته‌وه‌و دووچاری كه‌مخوێنی و میزگیران ده‌بێته‌وه و نه‌خۆشه‌كه له مردن نزیكده‌بێته‌وه. هۆكاره‌كانی دروستبوونی نه‌خۆشی ف‌ت‌ق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دوو هۆكار ف‌ت‌ق دروستده‌كه‌ن، ئه‌وانیش: 1- لاوازبوونی دیواری سك و گه‌وره‌بوونی ده‌رگای رێڕه‌وه سروشتییه‌كانی له‌شی مرۆڤ، زگماكی بێت یان به‌هۆی نه‌خۆشی دوای له‌دایكبوون و قه‌ڵه‌وی بێت. 2- زیادبوونی فشاری ناوسكی نه‌خۆش وه‌ك كۆكه به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دانه‌وه، قه‌بزی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌رسكردنه‌وه، میزگیران و ب زه‌حمه‌ت میزكردن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی میزو میزه‌ڕۆوه، به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی له‌كاتی وه‌رزش و كاری سه‌ختدا. هه‌مووی ده‌بێته هۆكاری به‌رزكردنه‌وه‌ی فشاری ناوسك، فشاره به‌رزه‌كه پاڵ به ئۆرگانه‌كانی ناوسكه‌وه ده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنه لاوازه‌كانی دیواری سكه‌وه ده‌رپه‌ڕن و بچنه ده‌ره‌وه‌و ف‌ت‌ق دروستبكه‌ن. جۆره‌كانی ف‌ت‌ق ئه‌و فتقانه‌ی له بن راندا دروستده‌بن، ئه‌ویش چه‌ند جۆرێكن: 1- فتقی بن ران، ئه‌مجۆره فتقانه له پیاودا زۆرتره تا له ژناندا. هه‌روه‌ها ئه‌مجۆره فتقه زۆرترین جۆره‌كانی فتقی له‌شی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه. 2- فتقی ناوك، ئه‌مجۆره فتقه زۆربه‌ی كات له منداڵدا دروستده‌بێت. 3- فتقی ده‌وروبه‌ری ناوك، ئه‌مجۆره فتقه به‌زۆری له ژناندا دروستده‌بێت. 4- فتقی نه‌سته‌رگه‌ری، ئه‌مجۆره فتقانه له‌دوای كاری نه‌شته‌رگه‌ری بۆ نه‌خۆشی تر دروستده‌بێت، له ژناندا زیاتره وه‌ك له پیاوان. 5- فتقی ناوسك، ئه‌وجۆره فتقه‌یه كه به‌شێك له ئۆرگانه‌كانی ناوسكی نه‌خۆش ده‌خزێته ناو سنگی نه‌خۆشه‌كه‌و دووچاری ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و گرفتی تری ده‌كات. چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ف‌ت‌ق ئه‌م نه‌خۆشییه به نه‌شته‌رگه‌ری نه‌بێت هیچ چاره‌سه‌رێكی تری نیه، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه به‌هۆی ته‌مه‌ن و نه‌خۆشی تره‌وه به‌رگه‌ی به‌نج و نه‌شته‌رگه‌ری نه‌گرێت، ئه‌وا ده‌بێت پشتێنی تایبه‌تی ببه‌ستێت و جوڵه‌كانی سنوردار بكرێن تا رێگه له ف‌ت‌ق گیران بگیرێت. باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ف‌ت‌ق ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنیدا به زووترین كات نه‌شته‌رگه‌ی بۆ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له گیرانی ف‌ت‌ق و كاریگه‌رییه خراپه‌كانی تری بگیرێت. ته‌نها له‌كاتی فتقی ناوكی منداڵدا نه‌بێت كه باشتره بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ چاوه‌ڕوان بكه‌یت تا ده‌رفه‌تی بدرێت خۆی چاكببێته‌وه، باشتره به زووترین كات كاری نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ف‌ت‌ق بكرێت. به نه‌شته‌رگه‌ری ئاسایی یان به هه‌ناوبین چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، پزیشك ده‌توانێت به به‌نجی گشتی یان به به‌نجی ناوچه‌یی نه‌شته‌رگه‌ری ف‌ت‌ق بۆ نه‌خۆش بكات. خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure