17/5/2018 10:49 AM

هۆكارەكانی لاساریی منداڵ

زۆربەی زانایان لەسەر ئەوە كۆكن كە هۆكاری ژینگەیی (پەروەردەی هەڵە، نەبوونی و هەژاری، توندوتیژی دایك و باوك و مامۆستا، تێكچونی شیرازەی خێزان....هتد) پاڵنەری سەرەكین بۆ لاساری و سەرەڕۆیی زۆربەی منداڵان.

لەگەڵ ئەوانەشدا هۆكارەكانی لاساریی و سەرەرۆیی و منداڵان زۆرن، هۆكارە سەرەكییەكانیش ئەمانەن:

1- هەستكردن بەكەمی: هەندێك منداڵ لە ئەجامی (پەروەردەی هەڵەو جیاوازیكردن و نەبوونی دادوەری لە مامەڵەداو لێدان و سوكایەتی پێكردن) توشی هەستكردن بەكەمی دەبێت، ئەو هەستكردن بە كەمیەش بە فاكتەری سەرەكی و پاڵنەر بۆ ئەنجامدانی هەندێك كارو چالاكی سەرەڕۆیی دادەنرێت بو مەبەستی پڕكردنەوەی ئەو هۆكارە.

2- تۆڵەسەندنەوە: هەركاتێك منداڵ ئەو هەست و سۆزەی لا دروستبوو كە كەسێكی بێزارو پشتگوێ خراوەو مافەكانی پێشێلكراوە، دوورنییە كە پەنا بۆ لاساری و سەرەڕۆیی ببات بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەك بێت تۆڵەی خۆی بكاتەوەو زیان بەو كەسانە بگەیەنێت كە ئازاریان پێگەیاندووە.

3- هەستكردن بە ترس و نائارامی: هەندێك كات منداڵ لەئەنجامی ترس و نائارامی و دڵەراوكێوە پەنا بۆ بەكارهێنانی هێزو پاڵەوانبازی و لاساری و سەرەڕۆیی دەبات، بۆ ئەوەی ئەو لاساری و سەرەڕۆییەی ببێت بەهۆی رووپۆش و پەردە بۆ شاردنەوەی ئەو ترس و نائارامییە.

4- نەبوونی پلەو پایەو گرنگی: ئەگەر هات و خێزان و قوتابخانەو دام دەزگا كۆمەڵایەتیەكانی تر نەتوانن ژینگەی گونجاو و لەبار بۆ منداڵ بخوڵقێنن و منداڵ هەستی بەگرنگی و بوونی خۆی نەكرد، ئەوا دوورنییە بە ریگەی نایاسای و سەرەڕۆیی پلەو پایەی گرنگ بۆ خۆی دروستبكات تا سەرنجی هاوڕێ و كەسانی تر بۆ لای خۆی ڕابكێشێت.

5- دەستنەكەوتنی تاموچێژو خۆشی: منداڵ دەبێت لەرێگەی یاریكردن و چالاكی و رێزو خۆشەویستی دایك و باوك و مامۆستاوە هەست بەتام و چێژی خۆشی ژیان بكات، بەڵام ئەگەر لەرێگەی سروشتیەوە ئەو تام و چیژو خۆشیەی دەستنەكەوت ئەوا پەنا بۆ شێوازو رەوشتی نائاسایی دەبات تا لەرێگەیانەوە هەست بە چێژو خۆشی ژیان بكات.

خاك - پەروەردەو تەندروستی منداڵ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved