ئەکتەری دیاری کەنەدی مارگۆ کیدەر، کە لە فیلمی سوپەرماندا لە ساڵەکانی حەفتا و هەشتاکاندا ڕۆڵی دۆر لویس لین خۆشەویستی سوپەرمانی پێدرابوو لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. کامیلا فلۆکسمان باینس بەڕێوەبەری کارەکانی مارگۆ ئاشکرایکرد، شەوی یەکشەممە لەسەر دوو شەممە لە کاتی خەودا لە ماڵەکەی خۆی لە لیڤنگستۆن لە ویلایەتی مۆنتانا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا نەکردووە. کیدەر لە کەنەدا لەدایکبووە، زیاتر لە ٧٠ فیلم و بەرنامەی تەلەفیزیۆنیدا بەشداربووە، لە نێویاندا (زە گرەیت واڵدۆ پێپەر) و (ئەمیتیڤایڵ هۆرەر). لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە دەستی بەکاری ئەکتەری کردووە و زیاتر لە فیلمی سوپەرماندا ناوبانگی دەرکردووە کە ڕۆڵی خۆشەویستەکەی سوپەرمانی پێدراوە لە ساڵی ١٩٧٨دا لەگەڵ کریستۆڤەر ڕیف، لە سێ زنجیرەی ئەو فیلمەدا بەشداربووە. کۆمپانیا دی . سی . کۆمیکس، خاوەنی بیرۆکەی سوپەرمان لە تویتێکدا نوسیویەتی «سوپاس بۆئەوەی بووی بە لویس لین و کاتێکی زۆرت لەگەڵماندا بەسەربرد». کیدەر دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ توشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو نەیتوانی درێژە بەکاری هونەری بدات.دوای شەش ساڵ بەتەواوی لایەنی دەرونی تێکچوو بوو. لەساڵی ٢٠٠٥ کیدەر ناسنامەی ئەمەریکی وەرگرتووە و سێ جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، کە هاوسەرگیرییەکی لە ساڵی ١٩٧٩ دا بووە لەگەڵ جۆن هێردی ئەکتەر ماوەی هاوسەرگیرییەکەی شەشڕۆژ بووە.
خاك- ئاژانسەكان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure