19/5/2018 11:22 AM

(عادلێ بوو عەدیلی ئەو قەت لە دنیادا نەبوو)!

ماڵئاوا خەمخۆری یەكێتی و هاوڕێكانت..
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر دانا ئەحمەد مستەفا*
*یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی.


لە كۆتایی نەوەدەكان، خوێندكاری قۆناغی بەكالۆریۆس بووم، ئەوكات رۆژنامەی (الاتحاد) كە زمانحاڵی یەكێتی بوو، بە زمانی عەرەبی دەردەچوو بەندەش لەوێ وەك نووسەر و هەڵسەنگێنەری زمانەوانی رۆژنامەكە كارم دەكرد، لەو ساتەوەختەوە ئەو زاتە مەزنەم ناسی، كە پارچەیەك بوو لە لێبووردەیی و دڵسۆزی وئەمەك و وەفاداریی، بەڕاستی كاك عادل سیاسەتمەدار بوو، مەڵۆیەك لە خەرمانی ئەزموون و تێۆری ئاوێتەی یەكتر كردبوو، بە درێژایی مێژووی سیاسیی و فەرهەنگی خۆم كەمترین كەسم بینیوە كە ئەوەندە قوڵ و تێگەیشتووانە قاڵ بووبێت لە چەمكە سیاسییەكان و لە خودی یەكێتی و جەنابی مامی گەورە..
كاك عادل لەگەڵ هەموو ئاستەكان بە زمانی خۆیان قسەی دەكرد، خاكڕایی ئەو زاتە وایكردبوو كە بچێتە دڵی هەمووانەوە، جگە لە كارزانییە سیاسییەكەی كە ئەوەندە ورد بوو هەرگیز نەمبینی رۆژێك لە رۆژان بڕیاری هەڵە یان هەتا شیكردنەوەیەكی ناڕاست بكات بۆ هەر رووداوێكی سیاسیی سەر گۆڕەپانی كوردستان.
كاك عادل گیان! كۆستی تۆ گەورەیە، یەكێتی و ئێمەش وەك هاوڕێ نزیكەكانت فرمێسك دڵ و چاومانی ئاژنیوە، دەستمان لەسەر چۆكە و جوانییەكانت هزری لە گرێژەژەنە بردووین، ئێمەت بێ ناز و هەتیوو كرد، ئاخر كەی كاتی ئەم كۆچە ناوادەیە بوو؟ ئەی نازانی ئەوەندە نییە مامی گەورە ماڵئاوایی لێكردین و ئەویش هەمووانی هەتیوو خست؟!.
كاك عادل گیان! لە كۆتا پەیوەندیماندا زیاتر لە جارێك پێت وتم: خەریكی یەكێتی و بەدەستهێنانی دەنگ بن، گوێ بە تەندروستی من مەدەن، یەكێتی باش بێت من ساغ و سەلامەت ئەبم!!.
شەرەف مەندم كە رۆژگارێك فێری ئەلف و بێی سیاسەتت كردم، دڵنیابە نە خۆم و نە هاوڕێ نزیكەكانم كە ناوت نابووین هاوڕێكانی مەسیح، بۆ ساتێك یادی بەخێرت لە دڵ و مێشكماندا دەرناچێت، بۆ ساتێك خۆشەویستی و دڵسۆزیمان بۆت كەل نابێت..
بنوو.. رۆحت شاد.. دڵنیابە هەتا دوا هەناسە لەسەر وەسیەتەكەت دەڕۆین و دڵسۆز و خەمخۆرو پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستی یەكێتی دەبین، كۆچی تۆ مەشخەڵی رێ رۆشنكەرەوەمانە، كۆچی تۆ دامەزراوتر و سەقامگیرترمان دەكات لەسەر پرەنسیپەكانی یەكێتی و رێكخستنی ناوماڵی خۆمان، كە هەمیشە خەمێكی گەورەت بوو..
كاك عادل گیان! من دەزانم ئێمە وەك تۆمان پێناكرێ، بەڵام دڵنیات دەكەین رێبازەكەی مامی گەورە و تۆ و شەهیدان هەرگیز لە یاد ناكەین... ئێمە ئاومان لەو كانییە خواردۆتەوە و لەو خوێندنگەیە فێربووین كە مامی گەورە و تۆ و هەموو شەهیدان قاڵبوون تیایدا و خۆتان رازاندۆتەوە و بە پیت و وشە نەتەوەیی و ئایدیۆلۆجیەكانی، بۆیە دڵنیات دەكەین كە مەشخەڵەكەت ناكەوێتە زەوی و لە دەستێكی ئەمیندایە و خۆمان بە خاوەنی بارتەقای رێبازەكەت دەزانین..
ماڵئاوا كاك عادل گیان.. نە زمان دەتوانێ پەسنی مەزنیی تۆ بكات و نە وشەش پڕكێشی ئەوە دەكات خۆی لە گەورەییت بدات. ئەوەی سیحری هیچ ساحرێك نەیتوانی بیكاتە دیاری بۆ كورد و ئەوەی ئایدیای هیچ رۆمانێك نەیتوانی بیبەخشی بە ژیانمان، تۆ توانیت لەوانەش زیاتر و دنیایەكی پڕ لە جوانی خۆشنوودی و خۆشەویستی ودنیابینی و نیشتمان پەروەریی و یەكێتیی بوون و داهێنان ببەخشی پێمان.
ماڵئاوا كاك عادل گیان! من و هاوڕێ نزیكەكانت سوپاسگوزارتین بۆ ئەو هەموو دیارییە ناوازەیەت كە بە ئایدیا و وشە و لێكدانەوە و زەردەخەنەكانت پێشكەشت كردین.. 
رۆحت شاد بێت.. نە ئێمە وەك هاوڕێ نزیكەكانت و نە گشت دڵسۆزەكانی تر سەنگەرەكەت چوڵ ناكەین و مەجلەس و كۆڕ و كۆبوونەوەكانت سارد ناكەینەوە. مەگەر هەر حەزرەتی (نالی) بێتە دەست و لە پەسنی گەورەیتا بڵێ: (عادلێ بوو عەدیلی ئەو قەت لە دنیادا نەبوو)!

 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved