19/5/2018 11:54 AM

یه‌كه‌مین هه‌نگاوی خوێندكارانی به‌شی فیلمسازی

خوێندکارانی بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی لە ٢٠ی ئەم مانگە کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەمە، هەڵدەستن بە سازدانی چالاکیەک لە ژێرناونیشانی (یەکەمین هەنگاو) بۆ نیشاندانی ٧ کورتە فیلم، کە لەلایەن خوێندکارانی قۆناغی یەکی بەشەکەوە بەرهەمهێندراون، لە دوای تەنها ساڵێک لە خوێندن. هەژار ئەحمەد کە خوێندکارێکی بەشی فیلمسازیە و یەکێکە لە بەشداربوانی چالاکیەکە به‌ سایتی خاكی ڕاگه‌یاند: ئێمە سەرەڕای نەبوونی هیچ بوجەیەک و کارکردنی خۆبەخشانەمان سەرەڕای ماندووبونێکی زۆر، لەو ڕوانگەیەوە لە چالاکیەکە دەڕوانین کە ئیمە وەک یەکەم هەنگاو و دەستپێک خاوەن بەرهەم بین و بتوانین لە داهاتودا زنجیرە چالاکی لەم جۆرە زیاتر بکەین، ئەوەی بۆ ئیمە گرنگە هاوڕێیەتی و کاری پێکەوەی نێوان خوێندکارانە، ئێمە ئەم کارەمان بە هاوبەشی نێوان خوێندکارانی بەیانیان و ئێواران کردووە.

وتیشی: هەوڵمان داوە کە زیاتر شێوازێکی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ بەکار بهێنین لە بەرهەمهێنانی فیلمەکان چ لە ڕووی کامێرا، مۆنتاژ،ڕوناکی و هەموو وردەکاریەکانی تر، ئەمەش هەوڵێکە بۆ ئاشناکردنی زیاتری بینەر بە کورتەفیلم هەروەها هەوڵێکە بۆ بەرەوپێشچوونی فێرخوازانی بەشەکەمان، هیوادارین لە ئاست ئامادەبوونی بینەراندابین، لە کۆتایدا ئاماژەی بە وەدا کە ئەم چالاکیە بە هاوکاری و ماندووبونی هەریەک لە (د.دڵشاد موستەفا) سەرۆکی بەشی فیلمسازی و (م.ئاوات عوسمان) مامۆستای بەش ئامادەکاری بۆکراوە. جێی ئاماژەیە کە بەشی فیلمسازی سەر بە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانیە کە یەکەم خولی وەرگرتنی خوێندکاری ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ بووە، واتە دوو ساڵە کراوەتەوە. کات وشوێنی نمایش ‎کات ۱ ی پاش نیوەڕۆ ‎دووبارەکردنەوەی نمایش لە ٥ ی پاشنیوەڕۆ ‎شوێن :زانکۆی سلێمانی کەمپی نوێ ‎کۆلێژی هونەرەجوانەکان ‎بەشی فیلمسازی ‎هۆڵی عەلی جۆڵا.

  خاك-لاس لوقمان





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved