22/5/2018 10:03 AM

سلێمانی.. نرخ و رێنمایی نوێ بۆ كارگەكانی دروستكردنی نان دادەنرێت

لە شاری سلێمانی نرخ و رێنمایی نوێ بۆ كارگەكانی دروستكردنی نان دادەنرێت و بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكان لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی چادێریان دەكەن.

رۆژی 21-5-2018 ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بە مەبەستی یەكخستنی نرخ و بەدواداچوون بۆ جۆرو كوالیتی ئەو پێكهاتانەی نان كە لە كارگەكانی دروستكردنی نان لە سلێمانی بەرهەمدەهێنرێت بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەیوەندیدار لەگەڵ خاوەنی كارگەكانی دروستكردنی نان كۆبووەوە.

لە سەرەتادا قائیمقامی سلێمانی دەستخۆشی لە هەموو خاوەنی كارگەكان كرد لە بەرامبەر ئەو بەرهەمەی كە دەیخەنە بازاڕەوە و تا ڕادەیەكی باش پێداویستی بازاڕ دابیندەكەن.

بۆ یەكخستنی نرخ و بەرزكردنەوەی ئاستی جۆرو پێهاتەی ئەو نانانەش كە لە كارگەكاندا بەرهەمدەهرێنرێن ئاوات محەمەد قائیقمامی سلێمانی وتی: بۆ ئەوەی بەرهەمێكی تەندروست بە نرخێكی گونجاو بگات بە دەستی هاووڵاتیان هەموو هەنگاوێكی پێویست دەگرنەبەرو پێویستە خاوەنی كارگەكانی نان  پابەندبن بە كۆی ئەو مەرج و رێنماییانەی كە لەلایەن لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە ئاراستەیان دەكرێت.

راشیگەیاند: نرخ و رێنماییەكان گشتگیرەو لەمەودوا كار بەو رێنماییە نوێیانە دەكرێت، لیژنە هاوبەشەكانشی راسپارد چاودێری هەموو كارگەكان بكەن و رێگری لەهەموو جۆرە سەرپێچیەك بگرن.

نرخ و رێنمایی نوێ بۆ كاركردنی كارگەكانی نان لە سلێمانی:

1- "28" نانی تیری بە "8" هەزارو "500" دینار بە كێشی گونكی "190" غرام

2- هەشت نان بە "1000" دینار بە كێشی گونكی "130" غرام

3- هەشت كولێرە بە "1000" دینار بە كێشتی گونكی "130" غرام

4- چوار كولێرە بە "1000" دینار بە كێشی گونكی "260" غرام 

5-یەك ناوەشكێنە بە " 500" بە كێشی كونكی "250" غرام

6-یەك ناوساجی بە "250" دینار بە كێشی "130" غرام 

7- یەك كەلانە بە "500" دینار بە كێشی گونكی " 150" غرام

تێبینی: بەكارهێنانی كونجی و ڕەشكەو شمڵی یان هەر بابەتێكی لەوشێوەیە نابێتە هۆی زيادكردنی نرخ یان كەمكردنی كێشی گونك.
 

 خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved