22/5/2018 03:13 PM

ئه‌مانه‌ هه‌ستی تێریی دروست ده‌كه‌ن


هه‌ندێك جۆری خۆراك هه‌ن كه‌ وا له‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن هه‌ستی برسێتی كه‌م بێته‌وه‌ یان نه‌مێنێت و هه‌ستی تێربوونیش ماوه‌یه‌كی زۆرتر بخایه‌نێت له‌وانه‌ش:

چه‌ره‌سات
هه‌رچه‌نده‌ چه‌ره‌ساتی وه‌ك كاجۆ و باده‌م ڕێژه‌یه‌كی زۆری چه‌ورییان تێدایه‌، به‌ڵام هیچ كاریگه‌ریی نیه‌ بۆ سیستم و ڕژێمی خۆراكیی، خواردنی ئه‌مانه‌ دوای سووكه‌ ژه‌مێك به‌ ئه‌ندازه‌ی خواردنی ژه‌مێكی چه‌وره‌، چونكه‌ ده‌زانین چه‌ره‌سات ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ پرۆتین و چه‌وریی و وا له‌ گه‌ده‌ ده‌كات هه‌ست به‌ تێریی بكات، جگه‌ له‌وانه‌ش چه‌ره‌سات كۆمه‌ڵێكی هه‌مه‌جۆری ڕیشاڵ و مادده‌ی دژه‌ ئۆكسانیان تێدایه‌.

هێلكه‌:
هێلكه‌ یه‌كێكه‌ له‌و خواردنه‌ باشانه‌ی پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بیخۆن كه‌ ده‌یانه‌وێت كێشیان دابه‌زێنن، توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ ئه‌وانه‌ی ژه‌می به‌یانیان هێلكه‌ ده‌خۆن، پێویستیان به‌ كالۆریی زیاتر نییه‌ له‌و ڕۆژه‌دا، گرنگ شێوازیی ئاماده‌كردنه‌كه‌یه‌تی كه‌ باشتره‌ به‌ كوڵاویی بێت نه‌ك سووره‌وه‌كراو.
فاسۆلیا

ئه‌م جۆره‌ له‌پاقله‌مه‌نییه‌كان دوو جۆر ڕیشاڵی له‌ خۆ گرتووه‌، هه‌ندێكیان ده‌توێنه‌وه‌ و هه‌ندێكیان ناتوێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پرۆتینیش، ئه‌م تێكه‌ڵه‌یه‌ش هه‌ستیی تێریی بۆ ماوه‌ی درێژ زیاد ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش فاسۆڵیا كۆلیسترۆڵی ناو خوێن داده‌به‌زێنێت.
گه‌ڵا سه‌وزه‌كانی بۆ زه‌ڵاته‌ به‌كاردێن
توێژینه‌وه‌كان سه‌لماندوویانه‌ كه‌ ئه‌و گه‌ڵا سه‌وزانه‌ی بۆ زه‌ڵاته‌ به‌ كاردێن له‌و ماده‌ خۆراكیانه‌ن كه‌ مرۆڤ وا لێده‌كه‌ن هه‌ست به‌ تێریی بكات،
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ر له‌ نانخواردن زه‌ڵاته‌ بخوات، ئه‌وا به‌ ڕێژه‌ی (12%) كالۆریی كه‌متر ده‌خوات و هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ئاو و ڕیشاڵه‌ی له‌ سه‌وزه‌كاندا هه‌یه‌ گه‌ده‌ پڕده‌كات و كه‌سه‌كه‌ زوو هه‌ست به‌ تێریی ده‌كات.

شۆربا
شۆرباش كاریگه‌ریی هاوشێوه‌ی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر شۆرباكه‌ هیی سه‌وزه‌ بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێك كه‌سێك نان ده‌خوات سه‌ره‌تا شۆربایه‌ك بخوات ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كالۆریی، چونكه‌ شۆربا وا له‌كه‌سه‌كان ده‌كات كه‌ به‌ خێرایی هه‌ست به‌ تێریی بكه‌ن.

ماسیی
توێژینه‌وه‌كان نیشانیان داوه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ژه‌می نیوه‌ڕۆیاندا ماسیی بخۆن، ئه‌وا له‌ ئێواره‌دا هه‌ست به‌ برسێتیی ناكه‌ن به‌ به‌راورد به‌وانه‌ی كه‌ گۆشتی تر ده‌خۆن وه‌ك گۆشتی گوێره‌كه‌ یان مه‌ڕ یان بزن یان به‌رخ.

په‌تاته‌
له‌سه‌ره‌تادا شته‌كه‌ تۆزێك دژواز دیاره‌، چونكه‌ په‌تاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كاربۆهیدرات، به‌ڵام توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ستكردن به‌ تێر بوون ده‌ریخستووه‌ كه‌ په‌تاته‌ی شیرینی كوڵاو له‌ نێو 38 مادده‌ی دیكه‌دا كه‌ تاقیكراونه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین و تێركه‌رترینیان داده‌نرێت.

سێو و پرته‌قاڵ
هه‌ر به‌پێی هه‌مان توێژینه‌وه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ تێریی كراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ پرته‌قاڵ و سێو له‌ گرنگترین ئه‌و میوانه‌ن كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌ستی تێریی ده‌به‌خشن، بۆیه‌ پسپۆڕان ڕێنمایی ده‌ده‌نه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت كێشیان دابه‌زێت، له‌گه‌ڵ ژه‌مه‌ سووكه‌كاندا سێو یان پرته‌قاڵ بخۆن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌ست به‌ تێریی بكه‌ن.

ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ دانه‌وێڵه‌ دروست ده‌كرێن.
ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆ نانی به‌یانی شۆڤان بخوات ئه‌وا زیاتر هه‌ست به‌ تێریی ده‌كات وه‌ك له‌وه‌ی شتێكی دیكه‌ی ساده‌ی پڕ له‌ كاربۆ هیدرات بخوات، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ش پێویستی به‌كاتێكی زۆرتره‌ بۆ هه‌رسكردنی ڕیشاڵه‌كانی شۆڤان و ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شۆڤان له‌ دوای خواردنی بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌ گه‌ده‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: BBC




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved