له ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا رێكخراوی N2Nی ئه‌مریكی زنجیره‌یه‌ك سیمیناری له‌ژێر ناوی پێنج زمانه‌كه‌ی خۆشه‌ویستی له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكرد. سیمیناره‌كان له‌لایه‌ن توێژه‌ری ئه‌مریكی جیف فلیپس كه خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له كه‌لتورداو زیاتر له 40 ساڵه ئه‌زمونی هه‌یه پێشكه‌شكرا. سه‌باره‌ت به سیمیناره‌كان توێژه‌ری ئه‌مریكی جیف فلیپس به هاوكاری لاڤین قه‌ره‌داغی كه كاری وه‌رگێڕانی بۆ ده‌كرد له به‌رنامه‌ی گۆڤاری ته‌له‌فزیۆنی خاك هه‌ر پێنج زمانه‌كه‌ی خۆشه‌ویستی روونكرده‌وه به مه‌به‌ستی پته‌وكردن و جوانتركردنی ژیانی هاوسه‌رگیری. جیف فلیپس رایگه‌یاند: هه‌ركه‌سێك له ئێمه هه‌ستی خۆشه‌ویستی هه‌یه، پیاو و ژن هه‌ست و سۆزیان بۆ یه‌كتری هه‌یه، ئێمه‌ش مه‌به‌ستمانه ژن و پیاو پێكه‌وه وه‌كو یه‌ك هه‌ست بۆ یه‌كتری ده‌رببڕن، چونكه ئه‌گه‌ر خۆیان بۆ یه‌كتری ئه‌و هه‌سته پڕنه‌كه‌نه‌وه ئه‌وا كه‌سێكی دوور له خێزانه‌كه پڕیده‌كاته‌وه، كه ئه‌وه‌ش كێشه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و مه‌ترسیداره. وتیشی: مه‌به‌ستمانه زمانه‌كانی خۆشه‌ویستی بناسێنین و فێریان بكه‌ین هاوسه‌ره‌كان چۆن به‌هه‌مان زمانی خۆشه‌ویستی قسه‌بكه‌ن تا ژیانیان خۆشتر بێت. یه‌كه‌م زمانی خۆشه‌ویستی: وشه هانده‌ره‌كانن، به شێوه‌یه‌ك بتوانین له‌ڕێگه‌ی قسه‌كردنه‌وه ژیان به هاوسه‌رگیری ببه‌خشین نه‌ك مردنی هاوسه‌رگیریه‌كه. بۆ نموونه بڵێم تۆ ئه‌مڕۆ جوانیت، سوپاس بۆ ئه‌و نانخواردنه‌ی ئاماده‌ت كرد..هتد. هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی وشه نه‌رمه‌كان، واتا تۆنی ده‌نگمان، بۆ نموونه چۆن به‌هێمنی ده‌ڵێین "خۆشمده‌وێیت". زمانی دووه‌م: به‌خشینی كاته، ئه‌مجۆره جیاوازه له قسه‌كردن، له كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ماۆدا به‌خشینی كات له‌خۆیه‌وه روونادات به‌ڵكو پێویسته كاری بۆ بكه‌ین. بۆ نموونه كه ده‌گه‌ڕێیته‌وه ماڵه‌وه ته‌له‌فزیۆن و مۆبایله‌كه‌ت بكوژێنیته‌وه‌و دانیشیت سه‌یری چاوی هاوسه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت و پرسیار بكه‌یت رۆژه‌كه‌ت ێۆن بوو؟ زمانی سێیه‌م: هاوكاری یه‌كتری و یارمه‌تیدانه، بۆ نموونه كاتێك ژنه‌كه ده‌ڕواته ده‌ره‌وه بۆ ئیشێك ده‌بێت پیاوه‌كه بیربكاته‌وه له ماڵه‌وه چۆن كاربكات، ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك كاربكه‌ن كه پێشتر نه‌یبینیوه باوكیان به‌وشێوه‌یه بۆ دایكیانی كردبێت، واتا ده‌بێت په‌ره‌بدات به‌و شێوازی هاوكاریكردنه. زمانی چواره‌می خۆشه‌ویستی: وه‌رگرتنی دیاریه، ئه‌مه ئاسانترین زمانی خۆشه‌ویستیه، ئه‌گه‌ر ده‌شڵێیت پاره‌م نیه بۆ دیاری ئه‌وا ته‌نها كارتێكی نووسراو دڵخۆشی ده‌كات، یان به‌لای ماڵێكی دراوسێتاندا ده‌ڕۆیت گوڵێك لێبكه‌ره‌وه‌و بیهێنه ماڵه‌وه بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ت، ئه‌مه ده‌ریده‌خات هاوسه‌ره‌كه‌تت له‌بیره. پێنجه‌م زمانی خۆشه‌ویستی: به‌ركه‌وتنی جه‌سته‌ییه. به‌ركه‌وتنی جه‌سته‌یی زۆر گرنگه، ژیان به هاوسه‌رگیری ده‌به‌خشێت. بۆ نموونه كه ده‌چیته ده‌ره‌وه ده‌ستی بگریت یان له شوێنێكی گشتی پێیبڵێیت زۆر جوانیت یان ماچی بكه‌یت. له ماڵه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ت له‌باوه‌ش بگره. هێمن به له‌گه‌ڵی. ئه‌م شتانه زۆر ساده‌ن به‌ڵام ژینگه‌ی هاوسه‌رگیری ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌وپه‌ڕی خۆشی و ژیانێكی جوان. جێی باسه، رێكخراوی N2Nی ئه‌مریكی مه‌به‌ستیان به‌رپاكردنی ئاشتییه بۆ جیهانێكی تێكشكاو. ئه‌و رێكخراوه 20 ساڵه له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دروستبووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له چه‌ند وڵاتێك كاریان كردووه به‌تایبه‌ت بۆ منداڵان به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی كێشه‌یان تێدایه‌و هه‌ژارن. له 2003ـه‌وه هاتونه‌ته هه‌رێمی كوردستان و لێره سه‌نته‌ریان كردووه‌ته‌وه، بیریان له‌وه كردووه‌ته‌وه چۆن بتوانن هاوكاری هاووڵاتیانی كوردستان بكه‌نه. سه‌ره‌تا سه‌نته‌رێكیان بۆ ژنان كرده‌وه له راپه‌ڕین و ئێستا ناوه‌كه‌یان گۆڕیوه به سه‌نته‌ری خێزانی، به‌وپێیه‌ی مه‌به‌ستیانه په‌یوه‌ندی خێزانه‌كان پێكه‌وه باش بكه‌ن و له‌و سه‌نته‌ره چه‌ند جۆرێك پرۆژه‌یان هه‌یه‌و خول بۆ ژنان ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ر كه‌سێكیش له‌و سه‌نته‌ره ده‌ربچێت ئامێرێكی درومان به‌دیاری وه‌رده‌گرێت تاوه‌كو پێی بژی و پاره‌ی پێ په‌یدا بكات، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مساڵ كۆرسی دیزاینی جلوبه‌رگ و فێربونی زمانی ئینگلیزی و موزیك و وه‌رزش و چه‌ندینی تریان بۆ كردوونه‌ته‌وه.
بۆ بینینی ته‌واوی به‌رنامه‌كه‌و وه‌رگرتنی ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی پێنج جۆره‌كه‌ی زمانی خۆشه‌ویستی كلیك لێره بكه خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure