26/5/2018 04:29 PM

ئیبراهیم ئەمین باڵدار: گەوهەرێك لە زانست وپەروەردە

 

  پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
دوای ئەوەی لەكۆتایی حەفتاكاندا وەك یاریدەدەری توێژەر لەكۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سلێمانی دامەزرام تەواو ئاشنایەتیم لەگەڵ گەوهەری ئەلف وبێی كوردیدا,مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار, پەیدا كرد.ئەمە,بۆ من, خەیاڵ وخەوێك بوو چونكە كاتێك كەقوتابی سەرەتایی بووم, بەتایبەتی لەپۆلی یەكەم, ڕۆژانە چاوم بەناوی مامۆستا دەكەوت لەسەر بەرگی كتێبە بەنرخەكەی كەهەمووانی فێری خوێندنەوە ونووسین كرد وە ئەو قەرزە,بەبڕوای بیركردنەوەی خۆم, بەهیچ كام لەئێمە نادرێتەوە. دوای چەندین ساڵ لەفێربوون وبەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئەم بیرمەندەم بۆ یەكەم جار بینی كەپێشتر بەهیچ شێوەیەك نەمدیبوو.گەرچی ناونیشانی ڕاژەكەم هاوشێوەی هاوڕێكانم بەنموونەی پرۆفیسۆران دڵشاد عەلی وفازل مەجید وفەرەیدون عەبدول وسەباحی غالب بریتی بوو لەیاریدەدەری توێژەر بەڵام ڕاگرایەتی كۆڵێژ ڕێگر بوو لەوەی ئێمە بەكاری زانستی خۆمان هەڵسین ولەبری ئەوە هەر یەكەمانیان سەرقاڵكرد بەكارێكی كارگێڕییەوە.ڕێكەوت من بەر بەشی خۆیی كەوتم كەخوشكی بەڕێزم دكتۆر پەروین نوری عارف بەرپرسی ئەو بەشە بوو.بەحوكمی جێگەكەوە ڕۆژانە یان باشتر وایە بڵێم زۆربەی كات مامۆستایان بەمەبەستی ڕاپەڕاندنی كارە كارگێڕییەكانیان سەردانی ئەو بەشەیان دەكرد.یەكێك لەو مامۆستا بەڕێزانە ئیبراهیم ئەمین باڵدار بوو كەهەمووان ڕێزێكی بێ سنووریان لێ دەگرت لەوانە خودی خۆم.ئەو ماوەیەی كەلەژوورەكە دەمایەوە بریتی بوو لەوانە وزانیاری زۆر بەسوود ومنیش تەواو گوێبیستی قسەكانی دەبووم چونكە لەناخدا دەمگووت ئەمە هەل وفرسەتێكی زێڕینە كەلەنزیكەوە سوود لەناوەڕۆكی قسەكانی ببینم.لەنێو قسەكانیدا دوو شێواز بەدی دەكرا,یەكەمیان زۆر ئایدیاڵیزمانە ودوهەمیان زۆر كۆمیدیانە.واتە لەنێو قسە جدی وئایدیاڵیزمییەكانیدا جارجارە نوكتەیەك یان قسەیەكی خۆشی تێكەڵ دەكرد.ئەمەش وایكردبوو كەگوێگران بەهەستێكی قووڵەوە گوێبیستی قسەكانی بن بەوپێیەی تەواو چێژێكی دەدایە دانیشتن و دایەڵۆگەكان.هەر لەبەر ئەمەش بوو ڕۆژانە خودی خۆم زۆر حەز وخولیای ئەوەم دەكرد كەمامۆستا سەردانی ژوورەكە بكات تاسوودێكی لێ ببینرێت.هەر زوو لەوە گەیشتم كەمامۆستا كوردپەروەرێكی نموونەییە وزۆریش دژی ڕژێمە.پیاوانی ڕژێمیش لەكۆڵێژ هیچیان لەبەرامبەری پێ نەدەكرا بەڵكو بەویژدانەوە زۆریش خۆشیان دەویست وڕێزی تایبەتیان لێ دەگرت.لەدانیشتەكانیدا ئەم زانیاریانەم لەخودی خۆی وەرگرتووە كە لەدایكبووی شاری سلێمانی ساڵی 1920.لەساڵی 1927 چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی.لەساڵی 1940 خانەی مامۆستایانی لادێ ی لەبەغدا تەواو كردووە.لەساڵی 1956 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەزانكۆی بەغدا,بەشی كارگێری بەدەستهێناوە.دواتر ڕوو لەئەمریكا دەكات ولەساڵی 1961 بڕوانامەی ماستەر لەزانكۆی سان فرانسیسكۆ لەبواری پەروەردە بەدەست دەهێنێت.لەیادم نەماوە پێش دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لەكوێ كاری كردووە.هۆڵی وانە ووتنەوەكانی زۆر گەرم وگووڕ بوو,ئەویش لەلایەكەوە بەهۆی پەرۆشی وخۆشەویستی بۆ ناوەڕۆكی وانەكە. لەلایەكی تریشەوە شێوازی قسەكردنی بریتی بوو لەبەكارهێنانی دەنگێكی تۆزێك بەرز كەهەندێك جار دەنگەكە دەگەیشتە ژوورەكانی تر.ڕۆژێك مامۆستایەكی عەرەب لەكۆڵێژ,بەشی كۆمەڵناسی بەنێوی دكتۆر عەلی عەبدولقادر, هات ولەلای ڕاگر ,دكتۆر كامیل حەسەن عەزیز بەسیر,دەستی بەگلەیی كرد گوایە دەنگی مامۆستا دەگاتە هۆڵەكەی .ڕاگریش گووتی " من هەر لەمنداڵییەوە چاوم لەدەست داوە وئێستاش تۆ دەتەوێت عەقڵم لەدەست بدەم.من لەبەردەم مامۆستا باڵداردا هێشتا قوتابییەكەی جارانم وناتوانم دڵی بشكێنم".جگە لەمەش مامۆستا كەوانەی دەگووتەوە تەواو وەك دەروێشێكی لێ دەهات وبەویژدانەوە دەچووە نێو بابەتەكە ولەهەمان كاتیشدا جووڵەی گەلێك زۆر بوو.ئەوەندە بەهەستێكی باڵاوە وانەكانی دەگووتەوە دەمی تەواو كەفی دەكرد كەهەموو ئەمانە نیشانە وئاماژەیەكی ڕاستەوخۆی ڕاستگۆیی مامۆستا بوو بەرامبەر بەزانست وفێربوون بەگشتی وبابەت وپسپۆڕییەكەی بەتایبەتی.سەرەتای جەنگی عێراق – ئێران بوو,شەڕ گەرم ببوو. ڕۆژێك مامۆستام بینی لەیەكێك لەو ژێر زەمینانەی كەهەندێك جار بەهۆی فڕۆكەكانی ئێرانەوە خۆمان تێدا دەشاردەوە وناڕەحەتییەكی زۆر بەڕووخسارییەوە دیار بوو.هەر لەوێدا ,كەچەندین بەرپرسی ڕژێمی لێبوو ڕاشكاوانە ڕووی دەمی لەهەمووان كردوو وگووتی "ئەم گەمژەیە (مەبەستی سەددام حوسەین بوو ) تووشی قەڵبەیەكمان دەكات وناوچەكەش كاول دەكات وئەم شەڕەش زۆر دەخایەنێت چونكە شەڕی نێوان عەرەب وفارس زۆر كۆنە وهێشتا كۆتایی پێ نەهاتووە".منیش بەهۆی كەمی ئەزموونمەوە ئەم قسەیەم زۆر لەلا سەیر بوو چونكە زۆرینە لەو باوەڕەدا بوو كەشەڕەكە چەند ڕۆژێك دەخایەنێت ودواتر كۆتایی پێ دێت.بەڵام بۆچوونەكەی مامۆستا ڕاستر دەرچوو.هەستی نەتەوایەتی مامۆستا بێ وێنە بوو.بەڵگەی هەرە نزیكیش ئەلف وبێ كەیەتی كەلەلایەكەوە بەكارهێنانی ووشە ودەستەواژەی كوردی ڕەسەن كەبۆ ئەو كات شتێكی دەگمەن بوو.لەلایەكی تریشەوە وێنەی كەسایەتییەكان ,جگە لەقوتابیان,بەجل وبەرگی كوردییەوە بەنموونەی مام زۆراب.لێرەدا وەك خۆی بۆی گێڕامەوە دەرخستن ونمایشكردنی جل وبەرگە كوردییەكان كەهونەرمەند وشارەزای پەروەردەی ئەڵمانی ترۆدی میتڵمان نەخشاندونی كێشەی گەورەی لەوەزارەتی مەعاریفی ئەو كات بۆ دروست كردووە.دیارە لیژنەی تایبەتی حەزیان نەكردووە كەجل وبەرگی كوردی بەكار بێت.بەڵام مامۆستا هەر پێداگری كردووە وهەمووانی قایل كردووە.ئەمەش چیرۆكێكی درێژە ولێرەدا جێگەی نابێتەوە. بەوپێیەی مامۆستا دەرچووی زانكۆیەكی ئەمریكی بوو ئەوا زۆر حەزی دەكرد ئێمە هەموومان لەئەمریكا بخوێنین چونكە دەیگووت گەر دەتەوێت زیاتر فێری زانستی ڕاستەقینە بیت ئەوا دەرەوە بەتایبەتی ئەمریكا باشترین جێگەیە.هەر لەبەر ئەمەش بوو هەمیشە هانی دەداین كەلەدەرەوە بخوێنین.لەگەل َ ئەمەشدا دەیگووت بەمەرجی گەڕانەوە وخزمەتكردن.بەداخەوە هەر دوای دەستپێكردنی شەڕی عێراق _ئێران زانكۆ گواسترایەوە هەولێر ومنیش هەر ئەو كات وبەمەبەستی خوێندن ڕووم لەبەریتانیا كرد .دوای خوێندن كەگەڕامەوە بۆ زانكۆی سەڵاحەددین مامۆستا ڕاژەكەی گواستبۆوە بۆ بەغدا ولەوێش لەزانكۆی بەغدا وكۆڕی زانیاری كورد وعێراقی كاری دەكرد.بەڵام پێش كۆچی دوایی لەساڵی  1998,كەئەو كات من ڕاگری كۆلێژی زمان بووم لەزانكۆی سلێمانی, سەردانێكی چاوەڕوان نەكراوی بۆ كۆڵێژەكەمان كرد. ئەمەش دوای دابڕانێكی زۆر.لەڕاستیدا كەبینیم زۆر لاواز هاتە بەرچاوم ئەویش,وەك خۆی پێ گووتم, بەهۆی نەخۆشی شەكرەوە بوو.لەهەمان كاتیشدا نیشانەی پیری تەواو ڕووخساری داپۆشیبوو.منیش,هەر لەوێدا, دەستەكانیم ماچ كرد وكاتێكی خۆشمان بردە سەر وكەوتینە گێڕانەوەی یادەوەرییەكان وئەو ڕووداوانەی كەلەدابڕاندا ڕوویان داوە.دواتر پیاسەیەكمان بەزانكۆدا كردوو ولەهەمان كاتدا چووینە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازیاری زانكو كەلەزەمەنی مامۆستادا بریتی بوو لەخانەی كتێب ومامۆستاش ماوەیەك بەڕێوەبەری ئەو خانەیە بوو.كەسەیری ئەو بەردانەی كرد كەلەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەكەدا دانراوە ماوەیەك واقی ووڕما ودواتر بینیم چاوەكانی پڕبوون لەفرمێسك وگووتی "ئەم بەردانە لەكاتی خۆیدا من دامناون ,بەڵام بێ ناز كەوتوون وخزمەت نەكراون".دواتر مامۆستا فەرمووی "سەرەتا زۆر شادمانم كەئێستا هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایت ولەهەمان كاتیشدا ڕاگریت.منیش  ئێستا خانەنشینم ودەمەوێت جارێكی تر بگەڕێمەوە شارەكەی خۆم و لەو زانكۆیەدا كار بكەم كەپێشتر كارم تێدا كردووە .لەهەمان كاتیشدا نامەوێت وەك مامۆستا بەشیر موشیر لەبەغدا لەنامۆیدا بمرم".گەرچی لەڕووی جەستەییەوە,هەر وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا, هیلاكیەكی زۆی پێوە دیار بوو, بەڵام نەمتوانی ڕێز لەداواكەی مامۆستا نەگرم وپێم گووت"مامۆستا ئێمە هەموومان خوێندكاری بەڕێزتانین و زۆر شادمان دەبین بەشدار بیت لەپڕۆسەی خوێندنی ماستەر ودكتۆرا".لەوێدا زۆر دڵی كرایەوە وزۆریش دڵخۆش بوو.دواتر فەرمووی"كەواتە دەگەڕێمەوە بەغدا وهەندێك كاروباری تایبەتی خۆم هەیە وجێبەجێیان دەكەم ودواتر دەگەڕێمەوە".بەداخەوە دوای ماوەیەكی زۆر كورت هەواڵی كۆچی دوایی مامۆستامان بیست وزۆرێك لەئێمە پێشوازیمان لەتەرمەكەی كرد ودواتر بەرەو گردی سەیوان بەڕێمان كرد.لەگەڵ ئەمەشدا ,وەك بەئاشكرا تێبینی دەكرێت,بایەخێكی ئەوتۆی پێ نەدراوە لەلایەن دەزگا ولێپرسراوانی دەسەڵات. دەبوو,بەڵكۆ زۆریش پێویست بوو لەنێو زانكۆ پەیكەرێك لەبڕۆنز یان هۆڵێكی بەناوەوە بكرایە بەتایبەتی لەو كۆڵێژەی كەپێشتر ڕۆڵی تێدا بینیوە.







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved