سه‌رئێشه‌ی جۆری (شه‌قیقه)
ئه‌مجۆره‌ی سه‌رئێشه زۆر له سه‌رئێشه‌ی ئاسایی ئاڵۆزتره، به ئینگلیزی پێیده‌وترێت Migraine كه به‌هۆی گۆڕانكاری كیمیایی رووده‌دات له ئه‌نجامی كارتێكردنی بارودۆخی ده‌وروبه‌ر وه‌كو رۆشنایی و بۆنكردن و هتد.. هه‌ندێكجاریش ئه‌م سه‌رئێشه‌یه بۆماوه‌ییه. د.سۆران محه‌مه‌د پزیشكی گشتی له‌باره‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌وه به سایتی خاكی راگه‌یاند: هه‌رچه‌نده تائێستا هۆكارێكی ڕوونی نییه، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه كاریگه‌ریان زۆره: 1- گۆڕانكاری له هۆڕمۆنه‌كان/ له‌به‌رئه‌وه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی توشبووه‌كان له ڕه‌گه‌زی مێیینه‌ن، بۆیه ئه‌م حاڵه‌ته زیاتر له‌نزیك كاتی سوڕی مانگانه ده‌رده‌كه‌وێت. 2- رۆشنایی و خواردنه‌وه‌ی كهولیه‌كان و ده‌نگی به‌رزو گۆڕانكاری له په‌ستانی خوێن و تێكچوونی خه‌و، حاڵه‌ته‌كه قورس‌تر ده‌كه‌ن. نیشانه‌كانی/ *سه‌رئێشه‌كه زیاتر ده‌كه‌وێته یه‌ك شوێنی سه‌ر به‌تایبه‌ت نێوچه‌وان. *توشبووه‌كه زۆر هه‌ستیاره به ڕۆشنایی و ده‌نگه‌ده‌نگ، بۆیه زیاتر هه‌وڵده‌دات له ژوورێكی تاریكی بێده‌نگ ڕابكشێت. *بینینی چاو لێڵ ده‌بێت، هه‌ندێكجار بینینه‌كه ده‌بێت به دوو هێڵ، واتا بینینی شتێك ده‌كات به دوو. *توشبووه‌كه زیاتر هه‌ست به هێڵنج یان دڵ تێكهه‌ڵهاتن ده‌كات. *هه‌ست به خراپبوون ده‌كه‌یت كاتێك زۆر ده‌جوڵێیته‌وه یان ده‌چه‌میته‌وه. *هه‌ندێكجار هێنده بێزاركه‌ره نه‌خۆشه‌كه توانای قسه‌كردنی نییه یان ئه‌گه‌ر قسه‌ش بكات وشه‌كان باش ده‌رنابڕێت. له‌باره‌ی چۆنێتی كه‌مكردنه‌ی سه‌رئێشه، د.سۆران وتی: تا بۆت بكرێت دووربكه‌وه‌ره‌وه له قه‌ره‌باڵغی و ڕۆشنایی، زیاتر له‌سه‌ر جێگه بمێنه‌ره‌وه، چونكه ئه‌م سه‌رئێشه‌یه جاری وا هه‌یه دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت له هه‌رجارێك كه توشت ده‌بێت. هه‌روه‌ها چه‌ند جۆرێك له ئازارشكێن هه‌ن كه یارمه‌تی سووككردنی ده‌دات وه‌كو (Ibuprofen، Naproxen، Sumaiptan، metoclromide) به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌رانه به سكی به‌تاڵ به‌كارمه‌هێنه چونكه بۆ گه‌ده قورسه. خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure