29/5/2018 09:29 AM

زاگرۆس بەشداری فێستیڤاڵێكی گرنگی جیهان دەکات

فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، لە ٧١مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێدنبێرگ دەکات کە یەکێک لە پێنج کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەکان و لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی ١٨ تا ٢٩ حوزەیران/ یۆنیۆ لە ئێدنبێرگ لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت و "زاگرۆس" لە بەشی فیلمە ئەوروپییەکاندا نمایشدەکرێت.

ساڵانە لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە ٤٠٠ میدیاکارو زیاتر لە هەزارو ٣٠٠ بەرهەمهێنەرو شارەزایانی بواری سینەمای تێیدا بەشداردەبن.

لەلایەکی دیکەوە ئەو بەرهەمە سینەماییە بەشداری لە ١٧مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ترانسلڤانیا لە رۆمانیا دەکات کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لەو وڵاتەدا دەژمێردرێت.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی ٢٥ ئایار/ مایۆ تا ١ حوزەیران/ یۆنیۆ لە رۆمانیا بەڕێوەدەچێت و فیلمی "زاگرۆس" لە بەشێکی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا بەشداردەبێت.

ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر لە بەشی "Limelight"ی فێستیڤاڵی فیلمی رۆتردامدا بەشداربوو کە تایبەتە بە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵە گرنگەکاندا بەشداربوونەو خەڵاتی گرنگیان بەدەستهێناوە.

هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەنۆنای لە شاری ئەنۆنای لە فەڕەنسا بەشداربوو.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن ماڵپەڕی "Cutting Edge"ی بەلژیکی، لەگەڵ چوار فیلمی دیکەی ئەو وڵاتە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی وەک باشترین فیلمی 2017 هەڵبژێردرێت و لەلایەن خوێنەران و هۆگرانی سینەماوە دەنگی لەسەربدرێت.

"زاگرۆس"  بەشداری لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گێنت لە بەلجیکا کردو خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو، هەروەها  دوو خەڵاتی لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئاڕەس لە فەڕەنسا بەدەستهێنا، کە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەرانەوە.

ئەم بەرهەمە سینەماییە  لە ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی دوبەیدا بەشداربوو و کاندیدی چوار خەڵات بوو و دوو نمایشی تایبەتی بۆ کرا.

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلجیکاو هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیەو سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلجیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، زیاتر لە ١٠٠ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمی "میسی بەغداد" و دواتریش "نێچیرڤانی خراپ"، لە کورتە لیستی کورتەفیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم و ئێستا دەرهێنەر خۆی یەکێک لە ئەندامانی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار. 


خاك - راگەیاندنی فیلمی زاگرۆس








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved