30/5/2018 09:41 AM

ساڵۆنی كوردستانی نوێ گۆڤاری چریكەی كوردستان دەناسێنێت

ساڵۆنی كوردستانی نوێ وەرزی دواخراوی یادی رۆژنامەگەری كوردی دەستپێكردو لە یەكەم چالاكیشیدا مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كۆبەندی ژمارەكانی گۆڤاری چریكەی كوردستان-بەرگی سێهەمی ئەنجامدا.

رۆژی 29-5-2018 بە ئامادەبوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و ژمارەیەكی زۆر لە ئەدیبان و نووسەران، مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كۆبەندی ژمارەكانی گۆڤاری چریكەی كوردستان-بەرگی سێهەم كە دوا بەرهەمی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە لە ساڵونی كوردستانی نوێ ئەنجامدرا.

لەبارەی‌ ناوەڕۆكی‌ ئەم بەرگەوە، سەرنووسەر لەجیاتی‌ ماڵباتی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ دەڵێت: ناوەڕۆكی‌ ئەم جمكە ژمارەیەش وەك ژمارەكانی‌ تر دەوڵەمەندە بە بابەتی‌ مێژوو، زمانەوانی‌، رۆشنبیری‌، ئەدەب و رۆژنامەگەری‌، وەك لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاماژەی‌ پێدراوە، گۆڤاری‌ چریكەی‌ كوردستان دەكرێت بە درێژكراوەی‌ گۆڤاری‌ گەلاوێژ دابنرێت.

هەر لە مەراسیمەكەدا كۆبەندی ژمارەكانی گۆڤاری چریكەی كوردستان- بەرگی سێیەم، كە لەلایەن  نەوزاد عەلی ئەحمەد-ەوە ئامادەكرابوو بەسەر ئامادەبوواندا دابەشكرا.

گۆڤاری چریكەی كوردستان لەلایەن مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد لە تاراوگە ئامادەكراوەو ناوەڕۆكەی گرنگیەكی تایبەتی داوە بە مێژوو، زمان، ئەدەب، وتاری سیاسی.

چریكەی كوردستان درێژە پێدەری گۆڤاری گەلاوێژە كە ھەر مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد خاوەن ئیمتیازەكەی بووە لە مێژووی ڕۆژنامەگەری كوردیدا ناوێكی دیارەو توانیویەتی لە سەردەمی خۆیدا خزمەتێكی بەرچاو بە دۆزی رەوای كورد بكات و ئەم كتێبەش كۆكراوەی ھەردو ژمارەی ٨ و ٩ ی گۆڤاری چریكەیە كە لە ساڵی ١٩٨٥ دەركراوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە بڕیاربوو ساڵۆنی كوردستانی نوێ لە یادی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری رێكبخات، بەڵام بەهۆی‌ هەڵمەتی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ عیراقەوە، چالاكییەكانی‌ دواخست بۆ دوای‌ هەڵبژاردنەكان، هاوكات چالاكیەكانی ساڵۆنی كوردستانی نوێ بەردەوام دەبێت.

خاك













زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved