10/6/2018 03:16 PM

کەژاڵ ئیبراهیم خدر


ژنە شاعیر (کەژاڵ ئیبراهیم خدر) ساڵی ١٩٦٨ لە قەلادزێ لە دایكبووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لەوشارە  تەواوکردووە.
بەهۆی ڕاگواستنی دانیشتوانی شاری قەڵادزێ و گوندەکانی دەوروبەری کەژاڵ ئیبراهیم و خێزانەکەی کۆچ دەکەن بۆئۆردوگای خەبات و چەند ساڵێک لەوێ نیشتەجێ دەبن.
لەساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ نووسەر (ڕێبوارمحمد یوسف )ژیانی هاوسەری پێک دەهێنێت ودەبنە خاوەنی سێ منداڵ بەناوەکانی(نامرێ،نواڵە،داریاس).
 کەژاڵ ئیبراهیم ئەندامی دەستەی نوسەران بووە.
ساڵی ١٩٨٧دەست بەنوسین دەکات سەرەتا بە شیعروچیرۆکی منداڵان پاشان ساڵی١٩٩٨دەست دەکات بە نوسینی شیعری سۆزداری و بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامەوگۆڤارەکاندا بڵاو دەبێتەوە.
کەژاڵ ئیبراهیم وەک یەکەم ژنە شاعیری کورد دەبێتە خاوەنی ٢٨بەرهەمی تایبەتی خۆی و شیعرەکانی بۆ زمانەکانی (عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی،لاتینی،ئەمازیخی، رووسی ، ئیسپانی) وەرگێڕدراون.
دوای ئاشنابوونی ئەم ژنە شاعیرە لە وڵاتانی عەرەب  دەبێتە خاوەن قەڵەمێکی ژنانەی کورد لەلای نوسەرانی عەرەب و زۆربەی نوسەرانی هەربۆیە لەماوەی ئاشنا بوونی ئەم نوسەرە ١٣٥ لێکۆلینەوە توێژینەوەی جیاواز بەزمانی عرەبی لە سەر شیعرەکانی ئەنجام دەدرێت.
بەهۆی جوان نوسی و داهێنانی نوێ لە شیعرەکانیدا دەبێتە خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠خەڵات لە وڵاتانی عەرەبی وخەڵاتی شەشەمی لە میهرەجانی میسر بەدەست هێناوەوجگە لەوخەڵات وڕێزلینانانەی لە ناوخۆی وڵاتدا وەری گرتووە.
 زیاتر لە ١٥ جار بۆتە خاوەن خەڵاتی یەکەم لە وڵاتانی عەرەب و زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژنامەو گۆڤاری وڵاتانی عەرەبی شیعرەکانی کەژاڵ ئیبراهیمیان بڵاو کردۆتەوە چەندین نازناوی جیاوازیان پێ بەخشیوە لەوانە(شاعیری خەونە مەحاڵەکان،شاعیری فریشتە،ئەوشاعیرەی لەکەسی ترناچێت)

لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی ئەم ژنەشاعیرە و هاتنە نێودنیای ئەدەب و نوسینەوە ڕێبوار محمدی هاوسەری وتی:سەرەتای ناسینی من و کەژاڵ دەگەڕێتەوە بۆساڵی١٩٨٧لەشاری قەڵادزێ یەکەمجار نامەیەکم بۆهات نوسرابوو ئەم نوسینەم نوسیوەتەماشای بکە کە چیرۆکێکی منداڵان بوو،منیش وەڵامم دایەوە کەدەکرێت ئەم چیرۆکە بنێریت بۆ ڕۆژنامەیەکی منداڵان ئەوکاتە یان ئاسۆ بوو یان هاوکاری پاشان ئەو وتی من کەس ناناسم ئەگەر تۆ بۆمبەریت باشترە منیش لەڕێگەی دەزگای ڕۆشنبیری کە لقێکیان لە سلێمانی بوو ناردم لەماوەی هەفتەیەکدا بڵاو بویەوە لەگەڵ کۆمەڵێ شیعری منداڵان.
ڕێبوار محمد باس لەیەکەم ساتی دروست بوونی خۆشەویستی نێوان خۆیی و کەژاڵ ئیبراهیم دەکات و دەڵێت:
جارێک کەژاڵ پەخشانە شیعرێکی بۆناردم کەلەسەر بەهار بوو پێی وتم بۆچوونی خۆتم پێ بڵێ منیش لەبری وەڵامی پەخشانەکە نامەیەکی سۆزداری و خۆشەویستیم بۆنارد لێرەوە ئێمە بوینە ئەویندار.
ڕێبوار محمد دواجار دواکاریەک ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکات و دەڵێت :
ئەوەی سەبووری بە ئێمەدەدات دروستکردنی پەیکەریکە بۆ کەژاڵ و دانانی لەناو شاری سلێمانی دا چونکە هەم کەژاڵ شایستەیە هەم ئەم شارەش هەمیشە خەمخۆری بووە.
نامرێ کچەگەورەی کەژاڵ ئیبراهیم باس لە یادەوەریەکانی خۆیی و دایکی دەکات و دەڵێت : ئەو هەمیشە بێ دەنگ بوو ئەوکاتانە نەبێت کە شیعرێکی دەنوسی و دەهات بۆمانی دەخوێندەوە ئێستاش کەدەچمە کتێبخانەکەی بێ دەنگە وادەزانم لەوێ یەو شیعرێک دەنوسێ و دواتر دێت بۆمان دەخوێنێتەوە، نامرێ ئاماژە بەوەدەکات بۆمانەوەی بەرهەم و بڵاوبوونەوەی ئەوشیعرانەی کەتائێستا بڵاو نەبونەتەوە ئەرکی بەرێوەبردی پەیج و ئەکاونتەکەی دایکی لە ئەستۆگرتووە.
ئازاد بەرزنجی بەڕێوبەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و هاوکات هاوڕیی کەژاڵ ئیبراهیم باس لەوەدەکات کەژاڵ ئیبراهیم گەرچی سەرەتا بە شیعروچیرۆکی منداڵان دەستی پێکردووە بەڵام توانی لەماوەیەکی کورتدا ڕیچکەیەکی تایبەت بە نوسینی خۆی هەبێت توانی وەکوشاعیریک جێگەی خۆی لەنەخشەی شیعری کوردیدا دابنێت.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر شەوی ٢٣ ی نیسانی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا لەسلێمانی، کۆچی دوایی دەکات.بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەم شاعیرەوە لقی سلێمانی یەکێتی نوسەرانی کورد، بەناونیشانی (شاعیرێک گوڵ خۆی پێ ئارایشت دەکرد و خۆر نوری لێوەردەگرت)، چلەی ماتەمینی بۆ شاعیر (کەژاڵ ئیبراهیم خدر) لەهۆڵی تەواری شاری سلێمانی بەڕێوەبرد.
لەم مەراسیمەدا لەبری داگیرسانی ٤٠مۆم ڕێوڕەسمی دانانی کتێب بەرێوەچوو ئەمەش لەسەرداوای شاعیر خۆی بووە لەم بارەیەوە هێمن بەرزنجی بەرپرسی کارگێڕی یەکێتی نوسەرانی کورد وتی:ئێمەلەسەر ڕاسپاردەی خۆی ڕامان گەیاند ئامادەبووان بە كتێبێك بەشداری مەراسیمەكەی بكەن ،ئەوەی ئەمڕۆ یان ڕۆژانی داهاتوو بەدەستمان دەگات دەیکەینە پرۆژەیەک تا كتیبخانەیەك دروستبكرێت و ناوی لێ بنیرێت كتیبخانەی (کەژاڵ ئیبراهیم خدر).

خاک-تانیائاوارە





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved