13/6/2018 03:17 PM

ئایا خوێندنەوە لە پێویست پێویستترە؟

 

ئارام سدیق
(بەشی یەکەم)


دەمێک ساڵە گوتوویانە هەر کۆمەڵگەیەک بخوێنێتەوە پێشدەکەوێت و کلیلی هەموو پێشکەوتن و دەستڕاگەیشتن  بە زانست هەر خوێندنەوەیە و لەوێوە دەتوانرێت گۆڕانی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا بەرجەستە بکرێت و ئایندەیەکی گەش بنیاد بنرێت وەکو چۆن گەلی یابان لە سەدەی نۆزەدەوە نەخوێندەواری بنەبڕکرد، بۆیە بەو پێشکەوتنە گرنگ و بەرچاوانەی ئەمڕۆ گەیشت. هەمیشە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە خوێندنەوە تێیاندا لاوازە، یان ئاستی نەخوێندەوارییان بەرزە، ئەگەری گۆڕانکاری و پێشکەوتنیش تێیاندا لاوازە. بەڵام هەر کۆمەڵگەیەک ئاستی نەخوێندەواری تێیدا کەم بێت، یان هەر نەبێت، ئەوە ئەگەری گۆڕانکاری و پێشکەوتن تێیدا زۆرە. هاوکات بەدەر لە خوێندەواریش لە هەر کۆمەڵگەیەکدا حەزی خوێندنەوە و دەستڕاگەیشتن بە زانست لای تاکەکان لە ئاستێکی باڵادا بێت. ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو پێشکەوتنی زیاتر و بەرقەرارکردنی ئارامی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەدیهێنانی دادپەروەری هەنگاو دەنێت. بێگومان ئەگەر کار بە پرنسیپە مرۆییەکان بکرێت. 
لێردا پێویستە ئەوە بخەینەڕوو کە مەرج نییە خوێندەواری و خوێندنەوە مرۆڤی دادپەروەر و مرۆڤدۆست و پێشکەوتنخواز بهێنێتە بەرهەم، بەڵکو ئەگەر خوێندنەوە بە پێی بەرنامە و ژیرانە و دوور نەبێت لە ڕەگەزپەرستی و خۆپەسەندی، دەشێ کارەسات بنێتەوە. بەڵام ئەگەر خوێندەواری و خوێندنەوە هەوڵێک بن بۆ خزمەتکردن بە ڕەگەزی مرۆیی و بەرقەرارکردنی دادپەروەری و ئاشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی، ئەوکات ئەو خوێندەواریی و خوێندنەوەیە بەرهەمدار دەبێت. کەم نین ئەو دیکتاتۆر و مرۆڤە خوێنڕێژانەی لە کتێبەوە هاتوونەتە دەرەوە و خاوەنی خوێندەواری بەرز بوون، بەڵام خاوەنی ئەخلاقی مرۆیی و هەستی دادپەروەرانە نەبوون هەر بۆیە دەستیان بە خوێنی مرۆڤی سوور بوو. بۆیە دەبێت کە پێداگریی لەسەر خوێندنەوە و بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و گرنگی خوێندەواری دەکرێت. هاوکات پێداگریی لەسەر خوێندنەوەی ژیرانە و بەرهەمدارانە و مرۆدۆستانە و ئازادیخوازانە بکرێتەوە. مرۆڤێک بە دروستی بخوێنێتەوە باوەڕی بە مرۆڤکوژی نابێت و نەک خەمی سەرەکی مرۆڤە لە هەر جێگەیەکی دونیادا بێت. بەڵکو خەمی ئەو چۆلەکە و باڵندانەش دەخوات، کە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە ژیانیان لە مەترسیدایە. مرۆڤێک بە دروستی بخوێنێتەوە لە خەمی ئازادی ئینساندایە و نەخۆی دەبێتە کۆیلە و نە بانگەشەی کۆیلەبوونیش دەکات. مرۆڤێک بە دروستی بخوێنێتەوە بڕوای بە جیاوازی و یەکسانی و دادپەروەری هەیە.   
کتێبی خوێندنەوەی ژیرانە، کتێبێکی د. ساجد ئەلعەبدەلییە و ئەشواق ئیحسان(سۆز) لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی و یەکەم چاپکراوی ڕێکخراوی خوێنەرە. ئەم کتێبە لە هەوڵی ئەوەدایە خوێنەرێک بونیاد بنێت کە لەڕێی خوێندنەوەیەکی ژیرانەوە، ببێتە مرۆڤێکی بەرهەمدار و سوودمەند، کە بڕوای بە مرۆڤ هەبێت وەک دروستکراوێکی خالق، کە نابێت بچەوسێنرێتەوە، بەڵکو دەبێت ژیانێک بژی کە شایستەی بێت. 
ئەم کتێبە لە پێنج بەش پێکهاتووە، کە هەر بەشەی ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە و لە بەشی یەکەمدا نووسەر دەیەوێت باس لە گرنگی خوێندنەوە بکات. نووسەر ئەوە دەخاتەڕوو کە خوێندنەوە کارێکە مرۆڤ بەهۆیەوە جیادەکرێتەوە لە تەواوی بوونەوەران. دواتریش ئەوە دەخاتەڕوو، کە خوێندنەوە خولیا نییە، بەڵکو کردەیەکی پێویستە ناتوانرێت بە خولیای دابنێیت و کاری پێ بکەین. نووسەر بە پێداگرییەوە دەڵێت: خوێندنەوە لە پێویست پێویستترە.
دەشێ لێرەدا بپرسین بۆچی خوێندنەوە لە پێویست پێویسترە؟ بێگومان دەشێ ئەم پرسیارە تەنها یەک وەڵامی نەبێت، بەڵکو لە دیدی هەر یەکێکمانەوە وەڵامێکی هەبێت. بۆ مامۆستایەکی زانکۆ لە پێویست پێویسترە، چونکە بەهۆی خوێندنەوەوە بەردەوام زانیاری نوێ بە فێرخوازەکانی دەدات. بۆ پزیشکێک کە لە بوارەکەی خۆیدا دەخوێنێتەوە لە پێویست پێویستترە، چونکە بەردەوام ئاگاداری ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە دەبێت و بەو داهێنانە نوێیانە ئاشنا دەبێت، کە لەو بوارەدا بەدی هاتوون. هاوکات بۆ نووسەریش وزەیەکە و تۆوەکانی داهێنان لە مێشکیدا چەکەرە پێدەکات و دەیکاتە نووسەرێکی ئەفرێنەر. من تەنها ئەم سێ نموونەیەم هێنایەوە، بەڵام خوێندنەوە بۆ هەموان پێویستە، چونکە دایکێک ئەگەر بخوێنێتەوە بەدروستی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەی دەکات و دەتوانێت باشتر پەروەردەی بکات. یان فرۆشیارێک دەتوانێت باشتر مارکێتینگ بۆ کاڵاکانی بکات و سەرنجی کڕیارەکانی ڕابکێشێت، کەواتە گرنگە هەموان بخوێننەوە و بۆ هەموانیش لە پێویست پێویسترە. 
هەر لەم بەشەدا چەندین بۆچوونی نووسەران و فەیلەسووفان لەبارەی خوێندنەوەوە خراوەتەڕوو کە شایستەی هەڵوەستە لەسەر کردنن، مۆنتیسکیۆ دەڵێت: تاکو کەمێک بزانیت، پێویستە زۆر بخوێنیتەوە. کاتێکیش لە سوکرات دەپرسن چۆن کەسێک بناسین، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: پرسیاری لێ بکەن چەند کتێبی خوێندۆتەوە. هاوکات سێیەم سەرۆکی ئەمەریکاش جێفرسۆن هەر لەبارەی خوێندنەوە دەڵێت: ئەوانەی دەخوێننەوە تەنها ئەوانە ئازادیخوازن، چونکە خوێندنەوە هۆکاری نەهێشتنی نەفامی و پوچ پەرستییە. 
لە بەشی دووەمی ئەم کتێبەدا نووسەر تەرخانی کردووە بۆ هونەری خوێندنەوە. بێگومان خوێندنەوە کردەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو جۆرێک لە چالاکییە، کە هونەرێکی تایبەت بەخۆی هەیە و بەبێ ئەمە ڕەنگە خوێندنەوەکە بەرهەمدار نەبێت. لەم بەشەدا نووسەر بنچینەکانی هونەری خوێندنەوە دەخاتەڕوو و سەرەتا وەڵامی پرسیاری چی بخوێنینەوە؟ دەداتەوە. لە جێگەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زۆرێک لەوانەی ناخوێننەوە هۆکارەکەی ئەوەیە کە نازانن چی بخوێننەوە؟ یان هەوڵی خوێندنەوەیان داوە، بەڵام لە هەڵبژاردندا هەڵەیان کردووە؟ 
بیگومان هەڵبژاردنی کتێب بۆ خوێندنەوە یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی هونەری خوێندنەوە. بەڵام بۆ ئەمە سەرەتا دەبێت حەزی خۆمان لەبەرچاو بگرین و ئێمە حەزمان لە چ بوارێکە لەو بوارەدا کتێبی دیاریکراو هەڵبژێرین. بەڵام نووسەری ئەم کتێبە بڕوای وایە کە هەموو ئەوەی کەسێک دەیخوێنێتەوە سوودی هەیە و بڕوای وایە هیچ شتێک نییە بیخوێنینەوە و سوودی نەبێت. منیش تاڕادەیەک لەگەڵ ئەم بۆچوونەی نووسەردام، کە هەموو کتێبێک سوودی خۆی هەیە، بەڵام هەندێک کتێب هەیە ڕەنگە سوودەکەی تەنها لە رستەیەکدا کورت ببێتەوە، بەڵام هەندێک کتێبی دیکە هەیە ڕەنگە لە هەر لاپەڕەیەکدا چەندین رستەی سوودمەندی بۆ خوێنەر پێ بێت. بۆیە هەڵبژاردنی کتێب بۆ خوێندنەوە یەکێکە لە خاڵە گرنگ و بنەڕەتەکان و دەشێت خوێنەر بە وشیارییەوە ئەوە بکات و خۆی نەداتە دەست هەموو کتێبێک، چونکە تەمەن بەشی ئەو هەموو کتێبە نووسراوانە ناکات. 
پرسیاری دواتر کە نووسەر دەیخاتەڕوو بۆ دەخوێنمەوەیە؟ بێگومان ئەم پرسیارەش پرسیارێکی جەوهەری پڕۆسەی خویندنەوەیە. لەم بەشەدا نووسەر حەوت ئامانجی دیاری کردووە کە خوێنەر دەشێت لە یەکێکیاندا خۆی ببینێتەوە، کە لێرەدا کورتەیان دەخەمە ڕوو کە ئەمانەن:
یەکەم: بەمەبەستی چێژوەرگرتن و بەدەستهێنانی ڕۆشنبیریی گشتی.
دووەم: بە مەبەستی دەستخستنی پوختەی کتێبێک.
سێیەم: مەبەست لێی پێداچوونەوەیە، ئەمەش لە خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا دەبێت کە خوێنەر خوێندوویەتییەوە، بەڵام دەیەوێت جێگیری بکات لە یادگەی خۆیدا.
چوارەم: بەمەبەستی گەڕان بۆ زانیارییەک.
پێنجەم: بەمەبەستی گەڕان و پێداچوونەوە بە زانیارییەک وەکو زانیاریی زمانەوانی و رێنووس..هتد. 
شەشەم: بەمەبەستی وەرگرتن و هێشتنەوەی بابەتێکی پێشتر خوێندراو توانای بیرهێنانەوە لە داهاتوودا.
حەوتەم: مەبەست لە ڕەخنەگرتن لە ناوەرۆکی کتێبێک.
پرسیاری دواتری ئەم کتێبە شوێنی خوێندنەوەیە. نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هەندێک کەس تەنها دەتوانن لە شوێنێکی دیاریکراودا بخوێننەوە. بێگومان ڕەنگە ئەمە بۆ هەندێک کەس ئاسایی بێت. بەڵام ئەوەی گرنگە لیرەدا ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە ژینگەی لەبار بۆ خوێندنەوە تێگەیشتنی زیاتر و چێژی زیاتر بە خوێنەر دەبەخشێت. بەڵام دەشێت خوێنەرگەلێکیش هەبن، کە هەموو ژینگەیەک بە گونجاو بزانن بۆ خوێندنەوە. بەتایبەت لە ئەوروپادا کە بەشی زۆری خوێنەران لەنێو پاس و میترۆکاندا دەخوێننەوە، کە ڕەنگە لە دیدی ئێمەدا بۆ خوێندنەوە گونجاو نەبێت، بەڵام دەشێت بۆ لای هەندێک کەسی دیکە گونجاو بێت.
بێگومان من بڕوای تەواوم بە ژینگەی تەندروست هەیە بۆ خوێندنەوە، بەڵام ئەوەی لە ژینگەی تەندروست گرنگترە ئامادەیی خوێنەرە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە. خۆم زۆربەی کات کە سەفەرم بۆ شارێکی دیکە کردووە ئەگەر بە پاس هاتوچۆم کردبێت کتێبێکم لەگەڵ خۆم بردووە و بەشێک لە ڕێگەکەم بە خوێندنەوەوە بەسەر بردووە. بۆیە لەگەڵ ئەوەی ژینگەی لەبار بۆ خوێندنەوە گرنگە هاوکات ئامادەیی دەروونی و جەستەیش بۆ خوێندنەوە گرنگی تایبەتی هەیە. 
پرسیاریکی دیکە کە لەم بەشەدا د. ساجد دەیخاتەڕوو، کاتی خوێندنەوەیە، بێگومان ئەم پرسیارەش پەیوەندی بە پرسیاری پێشووەوە هەیە چۆن شوێن گرنگی خۆی هەیە بۆ خوێندنەوە هاوکات کاتیش گرنگی خۆی هەیە، بۆیە نووسەر پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە کاتی ماندووێتیدا نەخوێنینەوە، چونکە ڕادەی تێگەیشتن وەکو پێویست نابێت. واتە دیسان ئامادەیی دەروونی و جەستەیی گرنگی خۆیان هەیە.
پرسیاری دواتریش تەرخانە بۆ چۆن خوێندنەوە؟ ئەمەش پەیوەندییەکی پتەوی بە خودی خوێنەرەکەوە هەیە، کە چۆن دەخوێنێتەوە؟ نووسەر لەم بەشەدا ئاماژە بۆ شێوازی خوێندنەوەی چەند نووسەرێک دەکات و لە دواتریشدا دەنووسێت: چونکە خوێندنەوە هونەرە، بۆیە هەر هونەرمەندێکیش شوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە. 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved