20/6/2018 09:58 AM

ئێران.. فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان بەڕێوەدەچێت

31ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە شاری ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.

31ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بە بەرپرسیاری "عەلیڕەزا رەزاداد" و بە هاوکاری رێکخراوەی سینەمایی ئێران، شارەوانی ئیسفەهان و ناوندی سینەمایی ئێران و هەروەها بە بەشداری بەرهەمی وڵاتانی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی سیناریۆ لە دوو گروپی "پیشەیی" و "ئەندێشەی نوێ"، بەشی "کۆڕو کۆبوونەوە پسپۆڕانەی هونەریی سینەما" و هەروەها بەشی "رێزلێنان و بیرئانین" لە رۆژانی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپتەمبەری 2018 لە سینەما "نقش جهان"، پەردیسی سینەمایی "چهارباغ"، سینەما "فەلەستین" و سینەما "سێپاهان" لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، چەندین مەبەست لەخۆدەگرێت، لەوانە:

یەکەم/ ناساندی بەرهەمی بەرچاوی سینەمای منداڵان و مێرمنداڵان لە بوارەکانی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی و رێزگرتن لە بەرهەمهێنەرانی ئەم فیلمانە.

دووهەم/ ڕەخساندنی بواری گونجاو بۆ چالاکانی سینەمای منداڵان و مێرمنداڵان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە.

سێهەم/ سەرهەڵدان و گەشەپێدانی بەرهەمهێنان و نمایش لە سینەمای منداڵان و مێرمنداڵان لە رێگای رەخساندنی هەل بۆ گۆڕینەوەی ئەندێشەو ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەنێوان کاربەدەستانی سینەمای منداڵان و مێرمنداڵان، خاوەنبیران و هۆگرانی هونەری سینەما.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەخۆگرتووە، لەوانە:

1ـ پێشبڕکێی "سینەمایی نێودەوڵەتی": فیلمی سینەمایی، کورتە فیلم (3 تا 30 خولەک) و نیوە بڵیندی چیرۆکی (30 تا 70 خولەک)، فیلمی سینەمایی ئەنیمەیشنی، کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی (3 تا 30 خولەک) و هەروەها فیلمی نیوە بڵیندی ئەنیمەیشنی (30 تا 70 خولەک).

2ـ پێشبڕکێی "سینەمای ئێران" فیلمە سینەماییەکان، بەرهەمی بڵیندی چیرۆکی (غەیرە سینەمایی)، کورتە فیلم و نێوە بڵیندو فیلمە ئەنیمیشنییەکان (سینەمایی، کورتەفیلم و نیوە بڵیند).

لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، کۆمەڵێک خەڵات بەسەر هونەرمەندانی سەرکەوتوودا دابەشدەکرێت، لەوانە: خەڵاتەکانی باشترین فیلمەکانی سینەمایی، کورتەفیلم و ئەنیمەیشن، باشترین دەرهێنانی فیلمی بڵیند، باشترین سیناریۆی سینەمایی، باشترین ئەکتەر، باشترین دەستکەوتی هونەری، باشترین دیزاین، باشترین دەنگ، باشترین بوکەڵەگێڕ، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران و هەروەها خەڵاتی سیفژ لەلایەن رێکخراوەی "سیفژ" واتە رێکخراوەی نێودەوڵەتی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان.

لە بەشی پێشبڕکێی سیناریۆنووسی هەشتەمین خولی پێشبڕکێی سیناریۆنووسی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێرانیشدا، خەڵاتی "پەپوولەی زێڕین" بە باشترین سیناریۆنووس لە دوو گروپی "پیشەیی" و "ئەندێشەی نوێ" پێشکەش دەکرێت.

 
خاك - مەنوچێهر جیهانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved