21/6/2018 04:01 PM

ئایا خوێندنەوە لە پێویست پێویستترە؟

ئارام سدیق
بەشی دووەم  و کۆتایی


کتێبی خوێندنەوەی ژیرانە لێکۆڵینەوەیەکی هێندە چڕوپڕە، کە ڕەنگە نەتوانین ئاماژە بە بەشێکی زۆری خاڵە گرنگەکانیش بکەین، بەڵام بەپێی توانا هەوڵی ئەوە دەدەین کە زۆرترین بەشی بۆ خوێنەر بخەینەڕوو:
لە بەشی سێیەمی کتێبەکەدا نووسەر ئاماژەی بە شێوازەکانی خوێندنەوە کردووە و هەر لەم بەشەیەدا بەناوبانگترین شێوازەکانی بۆ خوێنەر خستۆتەڕوو. یەکەمین شێواز کە لە کتێبەکەدا باس کراوە خوێندنەوەی چاوپێداگێڕان، یان چاوپێداخشانە. کاتێک خوێنەرێک بیەوێت پوختەیەک لەسەر کتێبێک لە کەمترین کات بزانێت ئەم شێوازە بەکاردەهێنرێت. خوێنەر چاو بە چەند بەشێکدا دەخشێنێت و هەموو بەندەکانی کتێبەکە لە پێرستەوە دەخوێنێتەوە، کە لەم ڕێگایەوە سەیری ناوەڕۆکی کتێبکە و شێوازی ڕێکخستنی بابەتەکان دەکات. 
شێوازی دووەمی خوێندنەوە بریتییە لە خوێندنەوەی سەرپێی، یان هەڵبژاردە. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە ئەو کاتە ئەنجامدەدرێت کە خوێنەر بیەوێت بەدوای زانیارییەکی دیاریکراو، یان وەڵامی پرسیارێکی دیاریکراودا بگەڕێت. نموونەی ئەم جۆرە لە خویندنەوە فەرهەنگی زانیاری و فەرهەنگی زمانە. 
شێوازی سێیەمیش بریتییە لە خوێندنەوە بۆ خوێندن و بەمەبەستی شیکردنەوە. ئەم شێوازە کاتێک بەکاردێت، کە خوێنەر بیەوێت بخوێنێتەوە تاکو ئەوەی فێری هەموو ئەوە ببێت کە لەنێو کتێب و بابەتەکەی بەردەستییەتی و بگات بە تێگەیشتن لە گشتی مەبەست و مانا و نیشانەکانی هەر دەم ژمارەیەکی کەم ئەم کارە دەدەن. ئەوانیش خوێندکار و قۆتابی قۆناغە زانستییەکانن، کە ئامانجی دیاریکراویان هەیە. 
خوێندنەوەی خێرا، شێوازێکی خوێندنەوە و کە هەنووکە لە زۆرێک لە ناوچەکانی دونیا پەرەی پێدەدرێت و وەکو یەکێک لە شێوازە نوێکانی خویندنەوە کاری پێدەکرێت. بەهۆی گرنگی و بەربڵاوی ئەم جۆرە لە خوێندنەوەوە کەمێک زیاتر لەسەر ئەم جۆرە لە خوێندنەوە دەوەستین.
خوێندنەوەی خێرا جۆرێک لە خوێندنەوەیە کە خوێنەر دەتوانێت خێرایی خوێندنەوەی لە چاو خوێندنەوەی ئاسایی بۆ دوو سێ هێندە زیاتر بکات. نووسەر سەرەتا پرسیاری ئەوە دەکات بۆچی پێویستمان بە خوێندنەوەی خێرایە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا چەند خاڵێک دەخاتەڕوو کە ئەمانەن:
*پەنجا هەزار کتێب تەنها لە ماوەی ساڵێکدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە چاپ دەگەیەنرێت.
*زیاتر لە دە هەزار گۆڤار تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەردەچێت.
*لە هەر خولەکێکدا سێ سەد بابەتی زانستی دەنووسرێت. 
*حەوت هەزار لێکۆڵینەوەی زانستی لە رۆژێکدا لە جیهاندا دەردەچێت.
*لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک زانیاری دەرچووە، کە لە سەرەو ژمارەی ئەوەیە کە پەنجا هەزار ساڵی ڕابردوو دەرچووە.   
* هەموو پێنج ساڵ جارێک ژمارەی ئەو زانیارییانەی کە هەن لەسەر گۆی زەوی چەند هێندە دەبێتەوە. 
* بە نزیکەیی 90%ی هەموو ئەو تێگەیشتنە زانستیانەی هەیە لە سێ سەدەی ڕابردوودا سەرجەمیان تازە کراونەتەوە. 
ڕەنگە تەنها ئەم خاڵانەی سەرەوە بەس بێت، کە ببنە هاندەر بۆ ئەوەی خێرایی خوێندنەوەمان زیاد بکەین، ئەمەش لەپێناو ئەوەی دەستمان بە زۆرترین کتیب و زانیاری ڕابگات، بەڵام ئەمە چۆن دەکرێن؟ سەرەتا دەبێت ئەوە بخەینەڕوو کە هەندێک کەس پێیانوایە کە زیادکردنی خێرایی خوێندنەوە کاریگەریی لەسەر ئاستی تێگەیشتن و وەرگرتن دەبێت، بەڵام وەکو لەم کتێبەکەدا خراوەتەوە لێکۆڵینەوەکان پێچەوانەی ئەمەیان سەلماندووە. ئەوەی باوە لەنێو خوێنەراندا و خوێندنەوەی ئاسایی (200-300) وشەیە لە خولەکێکدا. بە مانای پازدە لاپەڕەی قەبارە مامناوەند لە دە خولەکدا. هەر خوێنەرێک تێکڕای خوێندنەوەی لە 200 وشە کەمتر بێت لە خولەکێکدا بە خاو دادەنرێت. بەڵام ئەوەی لە سەروی 300 وشەوە بێت لە خولەکێکدا ئەوە بە پەسەند دادەنرێت. بەڵام خێرایی خوێندنەوەی باش لەنێوان (700-800) وشەیە لە خولەکێکدا هەروەها زانراوە ئەوانەی فێری تەکنیکەکانی خوێندنەوەی خێرا بوون گەیشتوون بە زۆر لەمە زیاتر.
هەر لەم بەشەدا نووسەر کۆمەڵێک هۆکاری دیاری کردووە کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی خێرایی خوێندنەوە، کە یەکەمیان: خویندنەوەی وشە بە وشەیە. دووەمیان خوێندنەوەیە بە دەنگی بەرز، کە هەندێک کەس بە دەنگی بەرز، یان کەمێک نزم و لێویانی لەگەڵدا دەجوڵێنن، کە ئەمەش خێرایی خوێندنەوە کەمدەکاتەوە. سێیەم هۆکار: خوێندنەوەی یەک بە یەکی وشەکانە. کە ئەویش لە ڕێی جوڵاندنی چاوەوەیە بە شێوەیەکی هەڵە بەتایبەت کاتێک چاپ و قەبارەی نووسینەکە بچووک بێت، یان ڕیزەکان لە یەکتری نزیک بن. چوارەم هۆکار لاوازی تێڕامانە، کە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەدا ئەمەی بەسەردا ڕوو دەدات. خاڵی کۆتایش کەم مەشقی خوێندنەوەیە، کە ئەمە وا دەکات خێرایی خوێندنەوە کەم بێت. 
یەکێک لەو خاڵانەی کە دەمەوێت پێداگری لەسەر بکەم و د. ساجدیش پێداگری لەسەر دەکات ئەوەیە کە نابێت زیادکردنی خێرایی خوێندنەوە لەسەر حسابی تێگەیشتن بێت. واتە ئەگەر هەر رۆژەی کتێبێکی 400 لاپەڕیش بخوێنینەوە، ئەگەر بەباشی لێی تێنەگەین وەکو ئەوە وەهایە کە هیچمان نەخوێندبێتەوە بۆیە یەکێک لە مەرجە گرنگەکانی خێرایی خوێندنەوە ئەوەیە کە بە تێگەیشتنەوە بخوێنینەوە. کۆمەڵێک هۆکار لەم کتێبەدا دەستنیشان کراون بۆ خێرا خوێندنەوە، کە دەخوازم لێرەدا ئاماژەیان بۆ بکەم: یەکەم هۆکار دڵنیابوونە لە چاوساغی. دووەم هۆکار دوورکەوتنەوەیە لە خوێندنەوە بە دەنگی بەرز. سێیەم هۆکار فراوانکردنی پانتایی بینین. چوارەم هۆکار بەکارهینانی نیشانەی بینین، کە لێرەدا پێویستە خوێنەر لە کێشەی پەرتبوونی بینین و گەڕانەوەی چاو ڕزگاری ببێت. خاڵی پێنجەمیش ژیانە لەگەڵ بیرۆکە و بابەتەکانی ئەو کتێبەی هەڵمان بژاردووە بۆ خوێندنەوە کە ئەمە کاریگەریی لەسەر خێرا خوێندنەوە دەبێت. خاڵی شەشەمیش وابەست نەبوونی خوێنەرە بە خێراییەکی دیاریکراو و پێویستە خوێنەر بەردەوام مەشق بکات بۆ زیادکردنی خێرایی و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن. 
ئەگەر خوێنەر بیەوێت ڕاهێنانێکی پراکتیکی خێرا خوێندنەوە ئەنجام بدات ئەوا دەتوانێت ئەم ڕاهێنانە پەیڕەو بکات کە لەم کتێبەدا خراوەتەڕوو: خوێنەر دەتوانێت نیو کاتژمێر بۆ خوێندنەوەی 20 لاپەڕە تەرخان بکات و ئەمە پەیڕەو بکات. دواتر نیوکاتژمێر بۆ خویندنەوەی 25 لاپەڕە تەرخان بکات و مەشق لەسەر ئەمە بکات تا توانای بەسەریدا دەشکێت و دواتریش هەمان ماوە بۆ 30 لاپەڕە تەرخان بکات. ئیتر لێرەوە خوێنەر دەتوانیت هەفتە دوای هەفتە خێرایی خوێندنەوەی زیاتر بکات. 
پێچەوانەی ئەوەی لەسەرەوە خرایەڕوو دەشێت هەندێک جار خوێنەر خێرایی خوێندنەوەی کەم بکاتەوە ئەویش ئەوکاتانەی کە بەسەر زاراوەی نامۆ و نوێدا تێپەڕ دەبێت. ئەمەش لە پێناو ئەوەدا کە بەسەر ماناکەیدا زاڵ بێت و بە قووڵاییەکەی بگات. 
بەشی چوارەمی ئەم کتیبە تەرخان کراوە بۆ خوێندنەوەی ژیرانە. نووسەر چەند خاڵێک بۆ خوێندنەوەیەکی ژیرانە دیاری دەکات، کە گرنگترینیان دیاریکردنی ئامانجی خوێندنەوەیە، خوێنەر تا ئامانجێک دیاری نەکات بۆ خوێندنەوە ناتوانێت بە دروستی بخوێنێتەوە. خاڵێکی دیکە چوونە ژێر کاریگەریی کتێبە و دابڕانە لە دەوروبەر بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە لە کتێبەکە تێبگات. هەر لەم بەشەدا لەسەر چەندین بابەتی گرنگی دیکە هەڵوەستە کراوە وەکو خوێندنەوەیەکی قووڵتر بۆ کتێبەکان، کە ئەمەش بە تێڕامانی قووڵ بەدەست دێت، هاوکات چۆن بەشە گرنگەکانی کتێبێک کورت دەکرێتەوە، کە نووسەر بەوردی ئاماژەی بۆ ئەمەش کردووە.
هەر لەم بەشەدا نووسەر ئاماژەی بۆ بەرنامەیەک کردووە بۆ خوێندنەوەیەکی دروست و بۆ ئەمەش چەند خاڵێکی خستۆتەڕوو، کە دیارترینیان ئەمانەن: 
یەکەم کاتێک گونجاو بۆ خوێندنەوە هەڵبژێر. بێگومان هەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو بۆ خوێندنەوە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی خوێندنەوە، چونکە خوێندنەوە پێویستی بە ئامادەیی دەروونی و جەستەی تەواو و کەشێکی گونجاو هەیە.
دووەم: ئاستێکی گونجاو هەڵبژێرە، بێگومان ئەم خاڵەش لە خاڵە بنەڕەتییەکانە و نابێت پەلە بکرێت لە خویندنەوەی کتێبی زەحمەت تەنها لەبەر ناوبانگەکەی، یان لەبەر ئەو دەنگۆیەی بەهۆی ناونیشانەکەیەوە دروست بووە.
سێیەم: جۆراوجۆری لە خوێندنەوەیە، کە ئەمەش خاڵێکی گرنگە هەمەچەشنی لە خوێندنەوە هەبێت بەتایبەت ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیدارن بە یەکترییەوە، یان ڕیشەیان لەنێو یەکتریدایە. نووسەر لە چوارەم خاڵدا پێداگریی لەسەر دیاریکردنی ئامانجی خوێندنەوە دەکاتەوە. 
بەشی پێنجەمی ئەم کتیبە تەرخانە بۆ جۆرەکانی خوێندنەوە. نووسەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە پەتای نەخوێندەواری کردووە کە یەکێکە لە ڕێگرییەکانی بەردەم خوێندنەوە و بەپێی ئەو ئامارەی ڕاپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی عەرەبی بۆ ساڵی 2002 لە جیهانی عەرەبیدا خستوویەتییەڕوو ئەوەیە کە ڕێژەی نەخوێندەواری لە جیهانی عەرەبیدا لە هەموو جێیەکی دیکەی جیهان زیاترە کە ئەویش 42% کۆی دانیشتوان پێکدەهێنێت. 
جۆرێکی دیکە لە خوێنەر کە د. ساجد پۆلێنی دەکات خوێنەری ژەنگگرتووە، کە ئەو جۆرەی لە خوێنەرە کە بەردەوام بەهانەی لاواز بۆ نەخوێندنەوە دەهێنێتەوە، وەکو سەرقاڵی بە شتی دیکەوە. جۆرێکی دیکەی لە چەشنەکانی خوێنەر خوێنەری دیکۆرە، کە من پێمباش بوو وەرگێری ئەم کتێبە خوێنەری نمایشی بەکاربهێنایە باشتر بوو، چونکە بەپێی پێناسەکەی کە د. ساجد خستوویەتییەڕوو ئەو جۆرەی خوێنەرە کە کتیبخانەیەکی گەورەی لە ماڵەکەیدا هەیە و پری کردووە لە کتیبی هەمە چەشن و هەمە جۆر، کە میوانەکانی لایانوایە خاوەنەکەی گرنگی بە رۆشنبیریی دەدات، بەڵام لە راستیدا نایانخوێنێتەوە و تەنها جۆرێکە لە نمایش. 
جۆری دواتر لە چەشنەکانی خوێنەر خوێنەری خۆبەزلزانە، ئەم جۆرە لە خوێنەر بەهەمان شێوە خاوەنی کتیبخانەیەکی گەورەیە لە ماڵەکەیدا، بەڵام کاری تەنها قسە فڕێدانە لەنێو مەجلیس و کۆڕە ڕۆشنبیرییەکاندا، ئەم جۆرە لە خوێنەر هیچ ناکات جگە لە چاوپێداخشاندنێکی خێرا بە کتێبدا بەبێ ئەوەی تێیاندا قاڵبێنەوە و بە باشی لێیان حاڵی بێت. پەرۆش و کۆکەرەوەی کتێب ئەو چەشنەی دیکە خوێنەرە کە شەیدا و پەرۆشی دەستخستنی کتێبە و ماڵەکەی پڕکردووە لە کتێب و ئەوەندەی سەرقاڵە بە کۆکردنەوەی کتێبەوە ئەوەندە سەرقاڵ نییە لە خوێندنەوەی کتیبەوە، یان هەر کاتی بۆ نامێنێتەوە بۆ خوێندنەوە. دوو چەشنی کۆتایی خوێنەر، خوێنەری پێشگەیشتوو و خوێنەری ڕەخنەگرن، کە هەردووکیان دەخوێننەوە، چونکە پەرۆشن بۆ زانین و دەخوازن فێری شتی نوێ بن و چەشنی دووەمیان مەیلی ڕەخنەگرتنی هەیە و قۆناغێک لە پێش خوێنەری پێگەیشتوەوە بەوەی تەنها خوێنەر نییە، بەڵکو خاوەنی چاوێکی ڕەخنەگرانەیە لەکاتی خوێندنەوەدا.  
ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو گەشتێکی خێرابوو بەنێو کتێبی "خوێندنەوەی ژیرانە" کە دەتوانم بڵێم خوێندنەوەی ئەم کتێبە سوودێکی زۆری هەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی خوێنەرن و مەیلی خوێندنەوەیەکی دروست و بەرهەمداریان هەیە. ئەم کتێبە دەروازەیەکی گرنگە بۆ خوێندنەوەیەکی بەرهەمدار. ئەمە بێجگە لەوەی هەنگاونانیشە بە ئاراستەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و نزیکخستنەوەمانە لە شاڕێگەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە، وەکو یەکێک لە سەرچاوە گرنگ و بەسوودەکانی دەستگەیشتن بە وشیاریی. دەستخۆشی بۆ خاتوو "ئەشواق ئیسحان" و ڕێکخراوی خوێنەر و بەئومێدی ئەوەی بەردەوام بن، لە چاپکردنی ئەم جۆرە سەرچاوانە و کارکردن بە بە پراکتیککردنی ئەوەی لەم جۆرە کتێبانەدا هاتووە.     

    
   



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved