21/6/2018 04:11 PM

گیانە لەو غەریبستانە


غەزەلی "گیانە لەو غەریبستانە" ی "مەولانا" لە دیوانی "شەمسی تەبریزی"ەوە بە وەرگێڕانی "ئازاد بەرزنجی"
گیانە لەو غەریبستانە چەند و تا کەی دوورلێمانی
بگەڕێوە لە غەریبی، هەتاکو کەی پەرێشانی
سەدان نامەم بۆ ناردیت و سەدان ڕێگەشم پیشان دای
یا نامە ناخوێنیتەوە، یاخود ڕێگاکە نازانی
گەر نامە ناخوێنیتەوە، نامەکە ئەتخوێنێتەوە
ئەگەر ڕێگاکەش نازانی، لەئاست پەنجەی ڕێگازانی
بگەڕێوە لەو زیندانە، لەوێ کەس قەدرت نازانێ
ڕەفیقی دڵڕەقان مەبە، کە تۆ گەوهەری کانمانی
ئەی ئازاد لە دڵ و لە گیان بێپەروا لە دڵ و ڕەوان
قوتاربوو لە داوی جیهان، وەرەوە تۆ لە بازانی
تۆ هەم ئاو و هەم جۆباری، ئاوی گشت جۆگە و ڕووباری
تۆ هەم شێر و هەم ئاسکی، بگرە باشتریش لەوانی
لە تۆوە چەندە تاکو گیان، ئەتۆ سەیرتری یا گیان
تۆ ئاوێتە بووی لەگەڵ گیان، یاخود ڕووناکیی گیانانی
تۆی ڕۆشنایی مانگی شەوان، قەند و شەکەری سەر لێوان
خودایا تۆ چ کەسێکی، ئەی ئوعجوبەیی ڕەببانی
هەردەم لەتۆوە جوانی و فەڕ، لەئێمەش دڵ و گیان و سەر
ئیتر بازاڕ لەمە خۆشتر، خۆش ببەخشی و خۆش بستانی*
لە عیشقی تۆوە گیان بردن، لەئێمەش وەک شەکەر مردن
ژەهر لە دەستی تۆ خواردن، کە سەرچاوەیی ژیانی
----------------------------
بستانی: بستێنیت.
* خانمە هونەرمەندی ئێرانی"شەکیلا"چەند دێڕێکی ئەم غەزەلەی کردووە بە گۆرانی.
** هەڵبەتە وەرگێڕانی حەرفیی شیعر شتێکی ئەستەمە، چ جای شیعر و غەزەلی مەولانا، بۆیە وەرگێڕ هەندێ جار ناچار دەبێت لە هەندێ جێدا کەمەکێک دەسکاری بکات.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved