27/6/2018 10:59 AM

UN داوای پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ ده‌كات كه‌ له‌كاتی شه‌ڕدا له‌دایكبوون

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی یۆنامی كه‌ ئه‌مڕۆ 27-6-2018 كۆپیه‌كی بۆ خاك نێردراوه‌، تێیدا هاتووه‌: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌نجامی توندوتیژی سێكسی له‌كاتی شه‌ڕدا له‌دایكبوون.

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌نجامی توندوتیژی سێكسی كاتی شه‌ڕدا له‌دایكبوون.

له‌ رۆژانی 25 و 26ی ئه‌م مانگه‌، خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر سه‌رباسی "ماف و مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌كاتی شه‌ڕدا له‌دایكبوون" به‌ دوو چالاكی له‌ به‌غداو هه‌ولێر یادی "رۆژی جیهانی نه‌هێشتنی توندوتیژی سێكسی له‌ شه‌ڕدا"یان كرده‌وه‌. شایانی باسه‌ ئه‌مه‌ سێهه‌م‌ چالاكی جیهانییه‌و یه‌كه‌میشه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ به‌ره‌سمی یادی بكرێته‌وه‌ دوای رزگاركردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێشتر له‌ ده‌ست داعش  (ده‌و‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام)دا بوون.

ئالیس وۆڵپۆل جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن له‌ عیراق، كه‌ له‌ به‌غداوه‌ قسه‌ی ده‌كرد، داوای پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ی كرد كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی سێكسی له‌دایكبوون.

وتيشی: به‌داخه‌وه‌ ژنان و منداڵان گورزی كوشنده‌یان له‌ شه‌ڕه‌كان به‌رده‌كه‌وێت و كوژرانی ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعشدا ژیاون له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌و كوژرانی ئه‌و منداڵانه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ‌له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ په‌راوێز بخرێن و وه‌ك هاوكاری داعش نه‌ك وه‌ك قوربانی سه‌یر بكرێن".

هه‌روه‌ها وتی: هه‌ربۆیه‌ من داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌م به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و یاسایی شكۆ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ بگێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی سێكسی له‌دایكبوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م په‌راوێزنه‌خرێن و هه‌میش به‌سوك سه‌یرنه‌كرێن".

وتيشی: ئه‌ركی پێسپێردراوی یونامی كه‌ له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌ بڕیاری ژماره‌ 2421 تازه‌كرایه‌وه‌،‌ به‌ڕوونی فه‌رمانی هاوكاریكردنی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق و تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وڵات به‌ یونامی ده‌دات بۆ به‌هێزكردنی پاراستنی منداڵ به‌گرتنه‌خۆی شیاندنه‌وه‌و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی منداڵان به‌ كۆمه‌ڵگای عیراقی.

لای خۆشیه‌وه‌، پێته‌ر هۆكینس نوێنه‌ری رێكخراوی یونیسێف له‌ عیراق وتی: وێڕای هه‌بوونی چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ پێدانی ناسنامه‌ به‌و‌ منداڵانه‌ به‌ڵام له‌رووی كرده‌نییه‌وه‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌مجۆره‌ به‌ڵگانه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌حمه‌تیدان و جگه‌له‌وه‌ش كه‌ داوا له‌ ژنان ده‌كات ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریان هاتووه‌ به‌ ئاشكرا بیگێرنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌رووی كه‌لتورو ئاین و هۆزه‌وه‌ زۆر ئازاربه‌خشه‌.

وتيشی: پێدانی ناسنامه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵان و پێنه‌دانی كاریگه‌ری درێژخایه‌نیشی ده‌بێت به‌وپێیه‌ی منداڵان بێ ناسنامه‌و به‌ڵگه‌ی پێویست ناتوانن له‌ خزمه‌ته‌كانی ته‌ندروستی و فێركردن و هی تر سوودمه‌ندبن.

هه‌روه‌ها، نێستۆر ئۆموهانگی جێگری نوێنه‌ری رێكخرای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان (یو ئین ئێف پی ئه‌ی) وتی: ئێستا له‌رووی یاساییه‌وه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی سێكسی  و به‌شودانی زۆره‌ملێ له‌دایكبوون توشی كێشه‌ی گه‌وره‌ بوون، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ری توشبوونیان به‌ په‌ڕگیری و بازرگانی مرۆیی و به‌كارهێنان زۆره‌، كه‌ ئه‌مه‌ش دواجار كاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر ئاشتی و ئاسایش ده‌بێت. پره‌نسیپی هه‌ره‌سه‌ره‌كی جارنامه‌ی مافه‌كانی منداڵانی ساڵی 1989 كه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ بێت، بریتییه‌ له‌ دابینكردنی سه‌لامه‌تی و خۆشگوزه‌رانی بۆ منداڵان و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌.

وتيشی: له‌م بارودۆخه‌دا چه‌ندان ده‌ستپێشخه‌ری له‌ئارادان كه‌ مایه‌ی ستایشن. بۆ نموونه‌ ئه‌و راگه‌یاندنه‌ ئاینییه‌‌و فتوایه‌ی كه‌ به‌ڕێزبه‌ندی له‌لایه‌ن بابه‌ شێخ و سه‌رۆكی وه‌قفی سوننه له‌ 2017 ده‌رچوون سه‌باره‌ت به‌ قبوڵكردنی رزگاربووانی توندوتیژی سێكسی هه‌نگاوی گرنگن كه‌ پێویسته‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌ قبوڵكردنی منداڵانی ده‌ستدرێژی سێكسی له‌شه‌ڕدا دووباره‌بكرێنه‌وه‌.

له‌ ساڵی 2016دا حكومه‌تی عیراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رێككه‌و‌تننامه‌یه‌كیان واژۆ كرد بۆ هاوكاری كه‌ به‌ "راگه‌یاندنی هاوبه‌ش" ناسراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌هاناوه‌چوونی توندوتیژی كاتی شه‌ڕ له‌ عیراقدا. ئه‌و راگه‌یاندنه‌ 6 كاری سه‌رلیست ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ پێویسته‌ خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تی عیراق پێیانه‌وه‌ پابه‌ندبن. سێهه‌م كاری سه‌رلیستیش بریتییه‌ له‌ دابینكردنی خزمه‌ته‌كان و ژیان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رزگاربووان و منداڵانی ده‌ستدرێژی سێكسی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش راگه‌یاندنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ سه‌كۆیه‌ك دابینده‌كات بۆ كاری پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ چه‌ندان په‌یوه‌نديداری جۆراوجۆری وه‌ك سه‌ركرده‌ هۆزی و ئاینییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ ره‌خساندنی كه‌شێكی گونجاو بۆ پێشپێگرتن و سووككردنی ئازاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ توندوتیژیی سێكسی له‌كاتی شه‌ڕدا.

خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ی دابینكردنی هاوكاری پێویسته‌ بۆ دڵنیابوون له‌ جێبه‌جێكردنی گشتگرانه‌ی ئه‌م راگه‌یاندنه‌ هاوبه‌شه‌ به‌گرتنه‌خۆی پاراستنی مافه‌كانی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژیی سێكسی له‌دایكبوون و هه‌روه‌ها له‌پێناو پاراستنی منداڵ به ‌شیاندنه‌وه‌و تێكه‌ڵكردنیشه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵگای عیراقییه‌وه‌.


خاك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved