27/6/2018 11:17 AM

بەئەلیكترۆنیكردنی وەزارەت و زانكۆكانی كوردستان بڕیاری لێدەدرێت

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئەنجومەنی وەزارەت لە خەمی سەربەخۆیی زیاتری زانستی و دارایی و كارگێڕی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیشی هەموویان بەو ئاراستەیەیە.

ئەو راگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانەی سەرپەرشتیكردنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت هات.

لەماوەی 2 ساڵی قەیرانی دارایدا چەندین پڕۆژە جێبەجێكراون
لەو چوارچێوەیەداو سەرەتای كۆبونەوەكە، د.یوسف گۆران سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی وەزارەتەكەمان بە پڕۆژەیەك كاریكرد بۆ ئەوەی زانكۆكان لەسەرپێی خۆیان بوەستن و هەنگاوێكی گرنگ لەڕووی زانستی و دارایی و ئەكادیمیەوە بچنە پێشەوە، بەوهۆیەوە توانراوە چەندین پڕۆژەی زانستی گرنگ جێبەجێبكرێت، بۆ ئەوەش زانكۆكانی ڕاسپارد لەنزیكترین كاتدا وردەكاری داهات و چۆنیەتی خەرجكردنیان ئامادەبكەن و بۆ وەزارەت بەرزی بكەنەوە.

ڕێكخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن:
لە تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەدا د.محمد حوسێن سەرۆكی دەزگای گشتی سەرپەرشتی دڵنیایی جۆری كورتە باسێكی لەبارەی گرنگی پێداچونەوە بە ساڵنامەی خوێندن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرد، بۆ ئەوەش وتی: گرنگە لەسەر ئاستی وڵات یەك سیستم و ساڵنامەی خوێندنمان هەبێت، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە لە زانكۆیەكەوە بۆ زانكۆیەكی دیكە جیاوازە، بۆ ئەوەش پێشنیازی كرد دەوامی زانكۆ هەموو ساڵێك لە ڕێكەوتی 1-9 دەستپێبكات، هەر بۆ ئەو مەبەستە ڕاگەیاند: بە پڕۆژە پێشنیازێك وردەكاری ساڵنامەی خوێندن و ڕۆژەكانی دەوام و پشوو بۆ مامۆستایان و خوێندكاران لە زانكۆكان دیاریدەكەن، لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا دوای ئەوەی پرۆژە پێشنیازەكە ئامادە دەكرێت ئاڕاستەی زانكۆكان بكرێت تا بۆچوون و پێشنیازەكانیان ڕەوانەی وەزارەت بكەن.

كاروباری زانكۆكان بەئەلیكترۆنی دەكرێت
هەر لەو كۆبونەوەیەی ئەنجومەنی وەزارەتدا، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: قۆناخی دووەمی بەئەلكیترۆنیكردنی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، دوای دیوانی وەزارەت بریتیيە لە چۆنیەتی بەستنەوەی سیستمكە بە زانكۆكان، چونكە ئەوەی دیوانی وەزارەت دەبێتە سێنتەرێك و بۆ زانكۆكان بڵاویدەكەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ڕاسپارد وردەكاری پڕۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی وەزارەت پێشكەشبكات، لەو چوارچێوەیەدا د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاری هەنگاوەكانی بەئەلیكترۆنیكردنی سێكتەرەكانی كاروبارەكانی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسكردو وتی: كاروبارەكانی شەش بەشی سەرەكی و لاوەكی لە دیوانی وەزارەت بەئەلكیترۆنی كراوە، ئەوانیش بریتین لە (یەكسانكردنی بڕوانامەكان، سەرچاوە مرۆییەكان، ژمێریاری، بەڕێوەبەردنی نوسراوەكان، سیستمی وەرگرتنی خوێندنكاران و سیستمی بەڕێوەبردنی سكۆلەرشیپ)، وتیشی: بۆ نموونە ئێستا یەكسانكردنی بڕوانامەكان بەوشێوەیە كاردەكەن، ئەمەش كارئاسانی زۆری بۆ كردوین و هاووڵاتی پێویست ناكات بێتە وەزارەت بۆ پێشكەشكردنی مامەڵەكەی، بەهەمانشێوە سیتسمەكانی دیكەش كاری لەسەر كراوەو بەشێكیشیان لە ئەبدەیت و كاركردندان و هەموو كەسێك ئێستا دەتوانێت بەدواداچوون بۆ نوسراوەكانی بكەن.

كاروبارەكانی سەرچاوە مرۆیەكانیش جێبەجێكراوەو هەموو فەرمانبەران دەتوانن بەدواداچوون بۆ نوسراوەكانیان بكەن، بۆیە سیستمی HR بەتەواوەتی ئامادەكراوەو هەموو زانیارییەكانی مامۆستاو فەرمانبەرانی تیدایە، لە ژمێریاریش بەهەمانشێوە كار تەواوی لەسەر كراوەو ئێستا كاری خۆيی دەكات، هەروەك بۆ خوێندكاران و سكۆلەرشیپیش بەهەمانشێوە كاری خۆیی دەكات.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ڕایگەیاند: وەزارەتەكەمان ئێستا ئامادەیە ئەم سیستمە بدات بە زانكۆكان بەتایبەت سیستمەكانی (HR، ژمێریاری، خوێندكاران و نوسراوەكان)، بۆیە ئەگەر ئەم سیستمە لە زانكۆكان جێبەجێ بكەین دەتوانین خزمەتێكی زۆر باشتر بە پرۆسەی خوێندن بكەین و ئاسانكاری بۆ بەڕێوەبردنی ئەركەكان بكەین، بۆ ئەوەش داوای لە زانكۆكان كرد ئەدمینێكی سەرەكیان بۆ دابنینبكرێت، لەهەمانكاتدا ستافێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە زانكۆكان دابنرێت و دەسەڵاتیشیان پێبدرێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە. لە ئەنجامدا ئەنجومەنی وەزارەت پشتگیری خۆی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە زانكۆكان وەك هەنگاوی دووەمی بەئەلكیترۆنی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دووپاتكردەوە.

سیستمی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكان گۆڕانكاری تێدا كرا
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، لەلایەن د.داود سلێمان سلیم ئەتروشی سەرۆكی لێژنەی پێداچونەوە بە سیستمەكانی وەرگرتن سمینارێكی سەبارەت بە كاری لێژنەكەیان پێشكەشكرد، لە سمنارەكەیدا وردەكاری كاری لێژنەكەیان باسكردو لەوبارەیەوە وتی: دوای دەستبەكاربوونی لێژنەكەمان چەندین كۆبونەوەمان لەگەڵ كەسانی پسپۆرو شارەزاو نوێنەری خوێندكارو قوتابیان و لێپرسراوە پەیوەندیدارەكان لە زانكۆكان ئەنجامدا، لەو كۆبونەوانەدا خاڵە لاوازو بەهێزەكانی سیستمەكانی وەرگرتن (سیستمی ڕاستەوخۆی زانكۆیی، سیستمی پارالێل، سیستمی وەرگرتنی ئێواران، زانكۆلاین) دەستنیشانكردو سەرجەم خاڵە بەهێزو لاوازەكانی هەریەك لەو سیستمانەی باسكرد، پاشان ڕایگەیاند: دوای هەڵسەنگاندنی وردی بابەتەكە، لێژنەكەمان كۆمەڵێك خاڵی گرنگی پێشنیازكرد، دوای خستنەڕووی تەواوی پێشنیازەكان و تاووتوێكردنیان لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەیدا:

1-پێكهێنانی لێژنەیەكی هەمیشەیی بۆ دانانی سیستمەێك بۆ تاقیكردنەوەكانی سیستمی ڕاستەوخۆیی زانكۆیی نیشتیمانی و دیاریكردنی ڕێژەی نمرەی تاقیكردنەوەكان.

2-جێبەجێكردنی سیستمی كریدیت بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) سەبارەت بە سیستمی ڕاستەوخۆ.

3-بۆ خوێندنی ئێواران، بەهیچ شێوەیەك چیتر خوێندكار لە بەشە زانستیەكان لە زانكۆو پەیمانگە حكومی و تایبەتیەكان وەرناگیرێت و دادەخرێن، هەروەك لێژنەیەك بۆ بەشەكانی زانستە مرۆڤایەتیەكان لە زانكۆ حكومی و تایبەتیەكان و پەیمانگە تایبەتەكان پێكدێت، بە شێوەیەك ڕێژەی وەرگرتن لە ئێواران كەمبكاتەوە، لەبری ئەوە خوێندنی پارالێل زیادبكرێت و لە مانگی 7 لێژنەكە وردەكارییەكانی ئەو بڕیارو ڕێنماییانە دەردەكەن.

تاووتوێكردنی خوێندنی باڵا/ ماستەرو دكتۆرا
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا د.یوسف گۆران باسی لە گۆڕانكاری ڕێنماییەكانی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ ماستەرو دكتۆرا كرد، بۆ ئەوەش وتی: پێویستە لە گۆڕانكارییەكاندا ڕەچاوی كواڵیتی خوێندن و شێوەی وەرگرتن بكرێت، هەروەك ئاماژە بە شێوازی خوێندكارانی نێودەوڵەتیش بكرێت، بۆ ئەوەش ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری پێكهێنانی لێژنەیەكی پەسەندكرد.

پەسەندكردنی چەند بڕیارو ڕاسپاردەیەك
ئەو كۆبونەوەیەی ئەنجومەنی وەزارەت ڕاسپاردەكانی كۆنفراسی (پەرەپێدانی سێنتەرەكانی جێندەرناسی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان) پەسەندكرد، كە لە ڕێكەوتی 8-3-2018 بە ئامادەبوون و چاودێری (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەت لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، هەروەك پێداچونەوە بە پرۆگرامی سێنتەرەكانی گەشەپێدان بۆ كار لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیش پەسەند كرا.

پێدانی دكتۆرایی فەخری
هەروەك لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا نووسراوی زانكۆی سلێمانی تایبەت بە بەخشینی بڕوانامەی دكتۆرای فەخری زانكۆكەیان لەبواری كۆمەڵزانی بە بیرمەندی گەورەی فەرەنسی ئالان تۆرین و یاداشتی فەرمانگەی توێژینەوەی و پەرەپێدان لە دیوانی وەزارەت تایبەت بە پێدانی بڕوانامەی دكتۆرای فەخری بە (د.ئیسماعیل بێشكچی) و (پ. د.مستەفا زەڵمی) لەلایەن زانكۆی سەڵاحەدین پەسەندكرا، لەهەمانكاتدا بڕیاردرا بە پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ داڕشتنی ڕێنماییەك بۆ بەخشینی دكتۆرایی فەخری.


خاك - راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved