27/6/2018 04:01 PM

ئایا قەڵەویی گرفتێکی فەلسەفییە؟!


هاوار نەسرەدین*

خۆلاوازکردن و قەڵەونەبوون ئەرکێکی ئەخلاقی ئێمەیە!
داخۆ هیچ کاتێک بیرت لەوە کردووەتەوە کە کێش و قەڵەوی تۆ پەیوەندی بە کەسیترەوە هەیە؟ یاخود هیچ کات بیرت لەوە کردووەتەوە کە قەڵەوی تەنیا گرفتێکی تەندروستی نییە بەڵکو گرفتێکی ئابووری و سیاسی و ئەخلاقییشە؟! داخۆ قەڵەوبوون یا لاوازبوونی هەر کەسێک بابەتێکی شەخسییە یاخود پەیوەندی بە کەسانیتریشەوە هەیە؟ واتە کەسانیتریش بۆیان هەیە لەسەر قەڵەوی تۆ قسە بکەن؟
وەک نەریتی هەمیشەیی فەلسەفە، قسەکردن لەسەر هەر پرس و بابەتێک بە پرسیار دەست پێ دەکات. ئەم بابەتەیش واتە «قەڵەوبوون» گرفتێکی هەنووکەیی سەردەمی ئێمەیە. لەم سۆنگەیەوە پێویستە لە شیکردنەوە یاخود بیرکردنەوە لە گرفتێکی هەنووکەیی، فەلسەفە ڕۆڵی هەبێت چونکە فەلسەفە تەنیا هەندێک دەستەواژە و ئارگۆمێنتی میتافیزیکی نییە لە چوارچێوەی کتێبەکاندا هەبن بەڵکو فەلسەفە لە ژیانی ڕۆژانەی هەر یەکێکماندا ڕۆڵی هەیە. هەروەها ئەم مەسەلە پەراوێزییانە لەناو میراتی فەلسەفیدا، بچووککردنەوەی فەلسەفە نییە بەڵکو ئاشتکردنەوەی فەلسەفەیە لەتەک مرۆڤەکان لە هەر توێژ و پێگەیەکدا بن.

قەڵەوی گرفتێکی بنەڕەتییە
وەک لە توێژینەوە پزیشکییەکاندا هاتووە، قەڵەوی بە هۆی زۆرخۆری و کەم جووڵەییەوەیە، هەرچەندە هۆکاری پەڕگیرانەیشی هەیە. کەم جووڵەیی و تەمەڵی و کارنەکردن وێڕای گرفتێکی نائەخلاقی بەرامبەر کەسانیتر، قەڵەویشی لێ دەکەوێتەوە. قەڵەویش گرفتیتر بۆ کۆمەڵگە و حکومەتەکان دروست دەکات. کەواتە ناکرێت ئەم بابەتە تەنیا بابەتێکی شەخسی بێت و زیانەکانی تەنیا بۆ کەسەکە خۆی لێکبدرێتەوە.
قەڵەوی بووتە گرفتێکی بنەڕەتی و سەرەکی بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکان. لە وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان یا ئەوانەی خەریکە پێش دەکەون قەڵەوی وەک گرفت لەهەڵکشاندایە. هەڵبەتە بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەو وڵاتانەدا خراونەتەڕوو، لەو وڵات و شوێنانەی کە توێژینەوە نەکراوە، تا ئێستا نازانرێت کە قەڵەوی تا چەندە بووەتە کێشە و گرفت!.
پیتەر ئەلبێرت دیڤید سینگەر کە فەیلەسوفێکی ئوسترالیاییەوە و فرەتر لەبواری فەلسەفەی ئەخلاقدا لێکۆڵینەوەی هەیە، لەو باوەڕەدایە کە قەڵەوبوون و قەڵەونەبوون گرفتێکی ئەخلاقییە چونکە هەندێک کەس بە قەڵەوبوون قورسایی دەخەنە سەر ژیانی هەندێک کەسیتر. بۆ نموونە کاتێک دەتەوێ بە فڕۆکەیەک سەفەر بکەیت و کێشت زۆر بێت، دەبێتە هۆی سووتانی ڕێژەیەکی زۆری سووتەمەنی و پیسکردنی ژینگە. سەرۆکی فـڕگەی کۆنتاس ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە لایەنی کەم هەر گەشتیارێک دوو کیلۆ چووتە سەر کێشی جەستەی. واتە فڕینی هەر فڕۆکەیەک لە سیدنییەوە بۆ لەندەن ٤٧٢ دۆلار گرانتر بووە. ئەگەر لە ڕۆژێکدا سێجار فڕۆکەیەک لە سیدنییەوە بۆ لەندەن هەڵفڕێت، خەرجی یەک ساڵ دەگاتە ملیونێک دۆلار. ئەمەیش بە هۆی زۆربوونی کێشی گەشتیارانەوەیە. هەروەها سووتانی سووتەمەنی زیاتر واتە پیستربوونی ژینگە.
ئەم گرفتە، واتە زۆربوونی خەرجییەکان بەهۆی قەڵەوەییەوەوە لە وڵاتی خۆمان «هەرێمی کوردستان» بەجۆرێکیتر و ئاشکراتر خۆی دەردەخات. بۆ نموونە بەهۆی ئەو بەرگە چەورییەی لەژێر پێستی قەڵەوەکاندا دروست دەبێت، هەمیشە پلەی گەرمی جەستەیان بەرزە. لە وەرزی هاویندا ڕێژەی بەکارهێنانی وزەی کارەبا بۆ خۆفێنکردنەوە، دەبێت خەرجییەکەی بگاتە چەند؟ بەکارهێنانی ئاو لە ڕۆژێکدا چەند لترە؟ داخۆ ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا و بەفیڕۆدانی ئاو لە ڕۆژێکدا، چەندە کاریگەریی بەسەر ژیانی ئەوانیترەوە هەیە؟ داخۆ بەکارهێنانی ئوتۆمبێل لە ڕۆژێکدا بە هۆی قەڵەوییەوە، چەندە ڕێژەی بەنزین و سووتەمەنییەکان دەباتە سەرەوە و چەندە کاریگەریی بەسەر نرخەکانیانەوە دەبێت؟.

قەڵەوی و گرانکردنی دەرمان
بابەتێکیتر کە سینگەر لێیدەکۆڵێتەوە، زۆربوونی خەرجی دەرمانە. لە ئەمریکا و کەنەدا خەرجی دەرمان بە هۆی زۆربوونی کێشەوە گەیشتووەتە ١٢٧ ملیارد دۆلار. ئەم ڕێژە پارەیە لە باج و غەرامەی هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان دابین دەکرێت. واتە ئەو باجەی کە تۆ دەیدەیت لەجیاتی ئەوەی بۆ پەککەوتە یاخود منداڵێکی نەخۆش یان کەسێکی لێقەوماو خەرج بکرێت، دەدرێتە دەرمان بۆ قەڵەوێک!.
داخۆ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماری ئەو دەرمانانەی لایە کە قەڵەوەکان بەکاریدەهێنن؟ ڕێژەی ئەو دراو و پارانەی لایە کە قەڵەوەکان بە هۆی دەرمانەوە خەرجی دەکەن؟ زۆر بەکارهێنانی دەرمان لە هەر شوێن و وڵاتێکدا، دەبێتە هۆی خەرجی فرەتر لەسەر حکومەت و خەڵک. هەروەها باری سەرشانی کۆمەڵگە قورستر دەکات.

تەمەڵی و کەمکردنەوەی دەستی کار
زۆربوونی کێش توانای کارکردن لەبار دەبات، هەر ئەمەیش لە وڵاتێکی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی زیانی ١١٥ ملیارد دۆلار. لەڕوویەکیترەوە کەسی قەڵەو توانای جوڵە و کارکردنی کەمە، هاوکات هەمان مافی کەسێکی ئاسایی هەیە. ئەمەیش مشەخۆربوونی قەڵەوەکانە بەسەر خەڵکانی ئاساییەوە. بۆ نموونە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی حکومیدا یاخود لە کارگەیەکدا، کەسێکی قەڵەو هەمان موچە و پاداشتی کەسێکی ئاسایی وەردەگرێت بەڵام وەک ئەو کار ناکات. هەروەها کەمکاری قەڵەوەکان هەم بارە بەسەر دەوڵەتەوە هەم بەسەر کۆمەڵگەوە. بەسەر دەوڵەتەوە دەبێتە بار کە پێویستە بەرامبەر کارێکی کەم، موچەیەکی هەمیشەیی پێبدات. باریشە بەسەر کۆمەڵگەوە کە هەم خەرجییەکانیان لەسەر گران دەکات و هەمیش جێگەی بێکارێکی پڕکردووتەوە.

قەڵەوەکان باج بدەن
سینگەر پێی وایە پێویستە ئەو خواردن و خواردنەوانەی دەبێتە هۆی قەڵەوی، باجەکەیان زیاد بکرێت. بۆ نموونە «خواردنەوە گازییەکان»، تا بە هۆی داهاتی ئەم باجانەوە، قورسایی خەرجی قەڵەوەکان بەسەر کۆمەڵگەوە هاوسەنگ بێتەوە و ئیسراف و خەرجی قەڵەوەکان کەم بکاتەوە. بەگوێرەی قسەکەی سینگەر بێت، پێویستە لای خۆمان شیرینی و خواردنەوە گازییەکان و ڕۆن و سەروپێ و بابۆڵەی گەس و فینگەر و تەنانەت ساس و مایۆنیزیش باجی بخرێتە سەر!
لێرەدا ئامانجی ئێمە ئەوە نەبوو کە ئامار و داتای خەرجی قەڵەوەکان بخەینەڕوو بەڵکو لەوە گرنگتر ئەوەیە کە نیشانی بدەین قەڵەوەکان چەندە کاریگەرییان بەسەر ژیانی ئەوانیترەوە هەیە. زۆربوونی کێش واتە خەرجی زیاتر، خەرجی زیاتریش واتە کەمکردنەوە یاخود خواردنی بەش و مافی ئەویتر. ئەگەر خەرجییەکان لەنێو کۆمەڵگەدا بۆ قەڵەوەکان نەچێت یاخود قەڵەوەکان کۆمەڵگە ناچار نەکەن کە خەرجی زیاتریان بۆ بکات، بێگومان ئەو پارە و خەرجییە لە شتیتردا سەرف دەکرێت.
ئامانج لەم وتارە ئەوە بوو نیشان بدرێت کە قەڵەوی تەنیا گرفتێکی تاکەکەسی نییە و کاریگەریی بەسەر ژیانی هەمووان و بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە. وەک سینگەر ئاماژەی پێ دەدات، کۆمەڵگە ناچار نییە باجی زۆرخۆری و چڵێسی قەڵەوەکان بدات. هەروەها قەڵەوی غەدر و ناهەقییە بەرامبەر مافی ئەوانیتر. قەڵەوبوون دەرهەق بە ئەوانیتر نائەخلاقییە و دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانیان.

* خوێندکاری ماستەری فەلسەفە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved