2/7/2018 03:55 PM

کچەکانی کۆبانێ

-
لە ماوەی ڕابردوودا یەکەم رۆمانی نووسەر و وەرگێڕی تاراوگەنیشین "شەهید کەوڵۆسی" بەناوی "کچەکانی کۆبانێ" لەلایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕێنماوە لە دوتوێی 99 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆمانە چیرۆکی خەبات و بەرخودانی ئەو کچانە دەگێڕێتەوە کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و ئاشتی و سەروەری خاک، کە گیانی خۆیان دەکردە قوربانی و ڕووبەڕووبونەوەی مەرگ و بەربەریەت بوونەوە و نەیانهێشت کۆبانێ بکەوێت.
نووسەر لەبارەی ڕۆمانەکەوە دەڵێت "لەو شوێنەی کە پیاوەکان لە خاک هەڵدێن و دوای خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەت و خودپەرستی دەکەون، کچەکان دەمێنمەوە و بە عەشقەوە پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن و ڕادەستی دوژمنانی ناکەن" .
نووسەر لەم ڕۆمانەدا بە خوڵقاندنی فەزایەکی تایبەت لە گێڕانەوە، هەوڵدەدات ئێمە بباتەوە سەر ڕیشەی فیکری کچەکانی کۆبانێ و بۆ ئازادی و بەرخودان  و هەروەها سەرچاوەی سەرەکی فیکری دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بۆ داگیرکاری و پەلاماردان، ئەم دوو بیرکردنەوە لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە تا کۆتاییەکەی درێژ دەبنەوە بە جۆرێک خوێنەر دەخەنە بەردەم دادگایەکی مۆراڵی و فیکرییەوە کە ناکرێت بێ لایەنی هەڵبژێرێت .
نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "ئەوەی ئەم ڕۆمانە جیادەکاتەوە لە ڕۆمانەکانی ترجیادەکاتەوە دروشانەوەی ژن و وەک پارێزەر و عاشق و جانباز، وەک سمبولی بەرخودان و ئاشتی وئازادی و یەکسانی، کەسێکە کە دەبێت هێزی لێ وەربگیرێت بۆ خۆدروستکردنەوە نەک وێران بوون، بۆ بە پێوە مردن، نەک ئەژنۆدادان، لەم ڕۆمانەدا ژن بونەوەرێکی  دەستەمۆکراو و کەوی  نییە، بەڵکو کەسێکە کە وادەکات مرۆڤ ڕیگایەک بۆ مرۆڤ بوونی خۆی بکاتەوە، ڕۆشناییەکە کە بە مەرگی خۆی دونیا ڕووناک دەکاتەوە وەک ئەوەی کە (جینان شالیار) سەردەستەی کچەکانی کۆبانێ  لەنێو چیرۆکی ئەم ڕۆمانەدا دەیکات و کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و تێڕوانینی (مەهدی سامەرایی) فەرماندەی سوپاکەی خەلیفەدا دەیکات، تا ئەو شوێنەی لە دواهەمین نامەیدا بۆ خەلیفە دەنووسێت من ئیدی لە دوای تۆوە ناجەنگێم، قۆڵ بۆ داگیرکردنی خاک و ئاوی ئەوانی تر هەڵ ناکەم، واتا بەو جۆرە نایەم بۆ جیهاد کە تۆ دەتەوێت، وەک پێشتر پێموتیت، من جیهادی خۆم لە دڵی خۆمدا دەست پێدەکەم.
ئەوەی لە دواجاردا گرنگە ئاماژەی بۆ بکەیت ئەوەیە کە نووسەر دەیەوێت دەستکاری ئەو ڕوانینە باوە بکات کە بۆ ژن هەیە ڕوانینێک ژن وەکو بوونەوەرێکی پاسیڤ دەبینێت، بەڵام لەم ڕۆمانەدا و بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی بەرەنگاریی ژنان و کچانی کۆبانێ، ژن لە بوونەوەرێکی پاسیڤەوە دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی بەرەنگار و یاخی و خاوەن بڕیار و ژیاندۆست. بوونەوەرێک کە دەیەوێت ژیان لەنێو قوڕگی مەرگدا دەربهێنێت و لەنێو شەوە زەنگی دەسەتداریی داعشدا ڕووناکی ژیان بە پێوە بهێڵێتەوە.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە نزیکمان دەخاتەوە لەو وێنە ڕاستەقینەیەی کە ژن هەیەتی ، نەک ئەو وێنەیەی کولتوور و کۆمەڵەگە و ئایین بۆ ژن دروستی کردووە، یان کردوویەتییە بەری ژن. 
خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved