7/7/2018 09:45 AM

سلێمانی.. كارگەیەكی جگەرەو دەرمانخانەیەك دادەخرێت

بەهۆی دەرنەچوونی توتنەكەی لە پشكنین و نەبونی مۆڵەت، كارگەیەكی دروستكردنی جگەرە لە سلێمانی داخرا.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند؛ پاش ئەوەی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە لە هەبوونی كارگەیەكی جگەرەی نایاسایی ئاگاداركراینەوە، لیژنە هاوبەشەكان سەردانی شوێنەكەیان كردووە، لەگەڵ ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی وەرنەگرتووە، ئەو توتنەشی لە دروستكردنی جگەرەكانیدا بەكاریدەهێنێت لە دەرەوەی هەرێم هاوردەكراوە، بەپێی تایبەتمەندی وەزارەتی بازرگانی نیە.

روونیشيكردەوە، پیشەسازی دروستكردنی جگەرە پێویستی بە كارگەیەكی گەورە هەیەو ئەو توتنەشی بەكاردەهێنرێت بەپێی تایبەتمەندی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق بێت، نەك شوێنێك و چەند كەسێك بە دەست و بەدەر لە هەبوونی مەرجەكانی كاركردن جگەرە بپێچنەوە.

وتیشی: بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی بڕیاری داخستنی شوێنەكە دراوە، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە ئەنجامدراوە.

لە لایەكی ترەوە هەر لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە، بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرجەكانی كاركردن، دەرمانخانەیەك داخرا.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند؛ لە ئەنجامی بەدواد‌اچوونە بەردەوامەكانی لیژنە هاوبەشەكان بۆ دوكان و بازاڕو شوێنە گشتیيەكان، دەركەوتووە كە یەكێك لە دەرمانخانەكانی شاری سلێمانی پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن نابێت.

وتیشى؛ بەپێی رێنماییە تەدروستیەكان هەر خۆراكێك ماوەكەی بەسەرچووبێت شیاوی خواردن نیە، لەكاتی بەكارهێنانیشدا زیان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروستدەكات.

بەهۆی بەكارهێنانی ماددەی كیمیایی لە‌ پێكهاتەكەیدا، گۆران قادر زیانی دەرمانی چەند بەرامبەر كردەوەو وتی؛‌ ئەی ئەگەر دەرمان كە ‌لە ماددەی كیمیایی دروستدەكرێت زیانەكەی چەندەو چەند بەرامبەرە بۆ نەخۆش؟

راشیگەیاند؛ بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی و پێشنیاری لیژنەی باڵای قائمقامیەت، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی تەندروستییەوە ڕۆژى 5-7-2018 داخراوە.

لیژنەی تەندروستی، لیژنەیەكی تایبەتە بە سەردانی دەرمانخانەو نۆرینگەكان، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئەندامەكانی لە كەسانی پسپۆڕو شارەزای بوارەكانی خۆیان پێكهاتوون كە نوێنەرایەتی هەریەك لە‌ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی، ئاسایشی ئابوری، چاودێری بازرگانی، قائیمقامیەتی سلێمانی و سەندیكای دەرمانسازان دەكەن.


خاك -  راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved