بێهروز غه‌ریب پور ده‌رهێنه‌ری ناوداری سینه‌ماو شانۆی بووکه‌ڵه‌ی کوردستان و ئێران سه‌باره‌ت به ئه‌زموونه‌کانی له سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا رایگه‌یاند: له‌دوای فیلمی سینه‌مایی "ده‌وه‌نده" واته "ڕاکه‌ر" ئه‌زموونی رێگایه‌کی دیکه‌م له سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا کرد. به‌پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی گشتیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران؛ بێهروز غه‌ریب پوور نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ری به‌ئه‌زموونی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران سه‌باره‌ت به ئه‌زموونه‌کانی چالاکی خۆی له‌م بواره‌دا وتی: به‌ر له نووسینی سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی "ده‌وه‌نده" واته "ڕاکه‌ر"، چه‌ندین بیرۆکه‌ی جۆراوجۆرم بۆ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ هه‌بوو، به‌ڵام سیناریۆی "ده‌وه‌نده"م که نووسی، ئه‌زموونی رێگایه‌کی دیکه‌شم په‌یداکرد. ئه‌و سینه‌ماکاره کورده هه‌روه‌ها وتی: له‌درێژه‌ی کاره‌که‌مدا چه‌ندین سیناریۆی جۆراوجۆرم سه‌باره‌ت به منداڵ و مێرمنداڵ نووسی که یه‌کێک له‌وانه سیناریۆی "ئورده‌ک لی" بوو که بنکه‌ی هزری بارهێنانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ئاماده‌نه‌بوو له‌سه‌ری سه‌رمایه‌گوزاری بکات و پاشان له‌دوای بیست و پێنج ساڵ چاوه‌ڕوانی، ساڵی پار ئه‌و فیلمه‌م سازکرد. غه‌ریب پوور له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا وه‌بیری هێنایه‌وه: هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "کارئاگای 2" و فیلمی سینه‌مایی "ته‌نبه‌ڵی پاڵه‌وان"م دروستکرد که فیلمی دووهه‌م ته‌نیا رێزی لێ‌گیرا، له‌به‌رئه‌وه‌ی که بۆ منداڵان به‌رهه‌مهێنرابوو، نه ره‌خنه‌گران. ره‌خنه‌گرێک ئه‌و فیلمه‌ی له‌گه‌ڵ فیلمی سینه‌مایی "حه‌سه‌ن که‌چه‌ڵ"ی خودالێخۆش‌بوو "عه‌لی حاته‌می" ده‌رهێنه‌ری ناسراوی سینه‌مای ئێران به‌راورد کرد‌و به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتبوو که من نه‌متوانیوه فیلمێکی وه‌کو ئه‌و دروستبکه‌م. له‌حاڵێکدا ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی بدایه تێده‌گه‌یشت که به‌رده‌نگی فیلمی "حه‌سه‌ن که‌چه‌ڵ" هه‌ر منداڵان نین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیناریۆی "ته‌نبه‌ڵی پاڵه‌وان" له ساڵى 2000ی زایینی له‌ریزی باشترین به‌رهه‌مه چاپکراوه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ ناسێنرا. بێهروز غه‌ریب پوور له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی که هۆکاری کزبوونی رێژه‌یی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌دوای سه‌رده‌می زێڕینی ده‌یه‌کانی 1980 و 1990ی زایینی له چ هۆکارگه‌لێکدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، رایگه‌یاند: به‌ڕێوه‌به‌ری فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له سه‌ره‌تادا بنکه‌ی هزری بارهێنانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بوو، به‌ڵام له‌دوای شۆڕشی ئێران، دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابی به‌رپرسایه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرت. سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران به ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی "عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد" له رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. خاك - مه‌نوچێهر جیهانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure