9/7/2018 04:02 PM

نوری وەشتی


خەلیل  عەبدولڵا


نوری وەشتی كەسایەتییەكی دیارو ناوداری كولتووری كوردستانە‌و لەرشتەكانی ئەدەب‌و هونەردا خزمەتێكی زۆری بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە‌و شوێن پەنجەی لەو بوارانەدا دیار‌و درەوەشاوەیە.
نوری حاجی ئەمین كە بەنوری وەشتی ناسراوە، ساڵی 1935 لەگەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی لەدایك بووە‌و لەئامێزێكی خانەوادەیەكی ناسراوی ئەو شارەدا پەروەردە بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی و ئامادەیی بازرگانی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە.
لەسەرەتای قۆناغی گەنجییەوە خولیای ئەدەب بووە‌و بایەخی بەشیعر‌و پەخشان‌و چیرۆك ‌و شانۆ داوە‌و بەرهەمەكانی لەرۆژنامە‌و گۆڤارەكانی ئەو سەردەمە( ژین، هەتاو، بڕوا) بڵاو كردۆتەوە.
وەشتی خاوەنی چەندین شیعری بەرزە كە دەربڕی ئێش ‌و ئازاری گەلەكەی بووە، بەبۆنەی لافاوەكەی ساڵی 1957ی شاری سلێمانی جوانترین دەقی شیعری بەناوی ( ناڵەی لێقەوما‌و) نووسیوە.هەروەها شیعرێكی دیكەی بۆشەهیدانی 9ی حوزیرەیرانی 1963 نووسی كە هونەرمەند رەفیق چالاك بەدەنگە زوڵاڵەكەی چڕی‌و لەكاتی خۆیدا دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو.
نوری وەشتی وەك هونەرمەند‌و ئەكتەری بواری شانۆش خزمەتی كردووە‌و رۆڵی دیاری لەچەندین شانۆگەریدا بینیوە، لەوانە( پیسكەی تەڕ پیر، لەرێی نیشتماندا ، بوكێكی ناكام، هێزی خۆشەویستی، تاوانێك لەئاسمانەوە ،تێكۆشانی رەنجبەران، لەناخی دڵەوە، بلیت‌و زاوا، بەڕێوەبەری نوێ‌)‌و چەندانی تر.
بێ‌ لەنواندن وەك دەرهێنەرو نووسەرو وەرگێڕی دەقی شانۆیی خزمەتی كردووە.
نووری وەشتی كەسێكی كوردپەوەر بووە‌و لەساڵانی پەنجاكاندا لەسەر هەڵوێستە سیاسییەكانی زیندانی كراوە‌و دووساڵ لەكونجی زیندانەكانی كەركووك‌و بەغدادا بووە.
نوری وەشتی وەك فەرمانبەریش خزمەتی كردووە‌و كەسێكی پاك‌و دڵسۆز بووەو چەند ساڵێك وەك سەرۆكی یانەی فەرمانبەران خزمەتی كردووە.
نووری وەشتی بایەخیشی بەكۆمەڵە هونەرییەكان داوە‌و لەساڵی 1969 لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی هاوڕێی كۆمەڵەی هونەر‌و وێژەی كوردیان دامەزراندووە‌و چەند ساڵێك سەرۆكی ئەو كۆمەڵەیە بووە.
وەشتی بایەخیشی بەخزمەتكردنی بواری وەرزش داوە‌و ماوەیەك وەك ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری یانەی وەرزشی سلێمانی خزمەتی كردووە.
پاش خزمەتێكی زۆر بەكایەكانی ئەدەب‌و هونەر‌و وەرزش‌و كارگیڕی لە 12ی مایسی 2001 بەیەكجاری ماڵئاوایی كرد‌و چووە دنیای نەمرانەوە.
دروودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی نوری وەشتی ئەدیب‌و هونەرمەندی ناودار.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved