12/7/2018 05:02 PM

مەبەستێتی گوتار لەبەرهەمەكانی موستەفا ساڵح كەریم دا (باخێك لە وشە ) وەك نموونە

                                                                                           
 پ.د.نیان نوشیروان فۆاد مەستی   

 

 هەر گوتارێك لەبنچینەدا بریتییە لەكردارێكی مەبەستێتی كە پردێكی گەیاندنی وكارلێكی دروست دەكات  لەنێوان نێنەر وخودی دەق وئەوی وەرگر.بەمەش ئەم سێ‌ كوچكەیە دەبنە بەردی بناغەی تیۆری مەبەستێتی وچەقی دەق وكۆكەرەوەی مانا ڕاستەوخۆ و شاراوەكان لەهەمان كاتیشدا ئاستی هەست وناستەكان دەردەخات.لێرەدا نێنەر بەزمانێكی دەستەجەمعی كاردەكات وگوتارەكەشی هەڵگری دیدێكی سۆسیۆڵۆژی وڕۆشنبیری دەبێت ولەڕێگەی بنەما زمانەوانی وهێمایی وئایكۆنییەكانەوە خوێنەرەكەی هەڵدەبژێرێت .كەواتە مەبەستێتی دەتوانێت جۆری وەرگرەكەی دەستنیشان بكات و كارلێكی ڕاڤەكردن لە نێوانیاندا بخوڵقێنێت .ئەمەش بە یەكێك لەپێوەرەكانی زانستی دەق ئەژمار دەكرێت هەروەك چۆن ڕەخنەگری بەناوبانگ  ڕۆبیرت دی بوگراند ئاماژەی پی داوە لەكتێبە بەنرخەكەیدا بەنێوی" دەق وگوتار وپڕۆسە".لەم گۆشەیەوە دەتوانین لەبەرهەمەكانی نووسەر وڕۆژنامەنووس موستەفا ساڵح كەریم دا چەندین مەبەستێتی دەستنیشان بكەین وەك مەبەستێتی مێژوویی وڕۆشنبیری ونەتەوەیی وهونەریی ومرۆیی.ئەم چەندێتیی مەبەستێتێتیە دەگەرێتەوە بۆ فاكتەرە مەعریفی وهزری وبەهرەیی وئەزموونی وهوشیاری وبەرپرسیاریەتییەكانەوە.هەموو ئەمانەش دەبنە بنەمایەكی ستوونی دەق وگواستنەوەی بابەتەكانی بۆ خوێنەر كەڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لەئاشكراكردنی هەستەكان.نووسەر،موستەفا ساڵح كەریم، وەك كەسایەتییەكی ئەكتیڤ، توانای هەستكردن وتێگیشتن وڕاڤەكردن وكاركردنی بۆ دەرخستنی وێنە نەسەقی ودەلالییەكان هەیە.بۆ نموونە لە یەكێك لە كتێبە بەنرخەكانیدا  بەنێوی " باخێك لە وشە" كەبریتییە لە ژیاننامە ولێكۆلینەوەیەكی فراوان لەسەر ڕۆژنامەنووس وشاعیری گەورەی كورد پیرەمێرد، دەتوانین كۆمەلێك مەبەستێتی تێدا دەستنیشان بكەین .یەكەمیان،مەبەستێتی كارلێكی زەمەنی لەڕێگەی گرێدانی زەمەنەكانی ڕابردوو وئیستا وئایندەوە وگواستنەوەی ڕۆڵی پیرەمێرد لەگۆڕانكارییە فیكری ومەعریفی وئەدەبی وسۆسیۆڵۆژییەكان لەقۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تری جیاواز .ئەمەش كاریگەری تەواو دروست دەكات لەسەر ئەكتیڤكردنی خود لەسەر ڕەوتی ڕۆشنبیری كۆمەڵگا.لێرەدا دەتوانین بڵێین كە كارلێكی زەمەنی دەرئەنجامی كارلێكە كردارییە مرۆییەكانە كەپەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژینگەی سۆسیۆڵوژی وئیستاتیكی وڕۆشنبیری وسایكۆلۆژییەكاندا هەیە.لەهەمان كاتدا جەخت لەسەر نامە بەنرخ وبەهاكان دەكات،بەڵكو بەردەوامییەك بەئەزموونەكان دەدات.دووهەمیان،مەبەستێتی پارێزگاریكردن لەمێژووی ئەدەبی وهزری وڕۆشنبیری و بایەخدان بەكلتوور وگەنجینە شیعریی ومێژوویی ڕۆژنامەگەرییە كوردییەكان.ئەمەش لەڕوانگەی شێوازە بەڵگەیی وزانستییەكانەوە ئەنجام دەدرێت ولێرەشەوە گۆشەنیگای پەیوەستێتی بەكاری تێگەیشتن وڕاڤەكردن وبەشداریكردن لە ژیانەوەی گوتارەكان هەڵدەستێت نەك وەك ڕەهەندێكی فیزیكی بەڵكو وەك كردارێكی دینامیكی وجوڵەیی لە ئاسۆی زەمەنەكاندا وهەوڵدان بۆسوود وەرگرتن لە ئاسۆی دەق وسیاقی دەرەوەی دەق كەدەبێتە سەرچاوەیەكی بەهێز بۆ بەرز ڕاگرتن ودرێژەپێدانی دەق.سێهەمیان، مەبەستێتی ئەزموونگەرایی. بەو پێیەی پیرەمێرد خاوەن كاریزمایەكی نموونەیی بوو بەهۆی چالاكییە ئەدەبی وڕۆژنامەگەری وكارنامەكانییەوە ودواتر كەسێكی ڕۆشنبیر وبوێر وهەڵگری هەڵوێستە نیشتمانی ونەتەوەیییەكان،بەڵكو پێشەنگی دامەزراوە مەعریفی وفیكرییەكان كەهەموو ئەمانە دەروازەیەكی ووزەبەخش بوون بۆ گەشەی هزر وهۆشی تاكی كورد لەزەمەنە تاریكەكاندا.جگە لەمانەش یەكێك بوو لەوانەی دەرگای پەیوەندییە ڕۆشنبیری وئەدەبییەكانی لەسەر ئەدەبی كوردی كردەوە.سەرجەم ئەم فاكتەرانە سەرچاوەیەكی هەرە بەنرخی موستەفا ساڵح كەریم بوون وەك ئەوەی بیەوێت جارێكی تر ئەزموونەكانی پیرەمێرد لەزەمەنێكی جیاوازدا دووبارە بكاتەوە بەوپێیەی پێرەمێرد لەزەمەنی خۆیدا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە وئەمیش دەیەوێت بەشێكی گرنگ وهەستیاری ئەو ئەزموونە بێت.لێرەشەوە ئەركی موستەفا ساڵح كەریم،لەلایەكەوە، دەبێتە جێبەجێكردنی ئەزموونەكان ولەلایەكی تریشەوە گواستنەوەیان بەشێوە پۆزەتیڤەكەی.چوارهەمیان،مەبەستێتی بەرپرسیارێتی نیشتمانی ونەتەوەیی ومرۆیی ئەویش لەڕێگەی ئاشنابوونی وەرگر بە پێناسە لۆكاڵی وگشتییەكان وەك ژیانەوەی بۆنەی نەورۆز لەنێو نەتەوەی كوردا وپەیوەندی ئەم بۆنە نەتەوەییە بەڕەوتی ڕۆشنبیری نووسەر وشاعیرانەوە ودەرخستنی بەها زاڵەكان لەنێو بەرنامە بابەتییەكانیدا چونكە بەرپرسیارێتی پەیوەندی ناڕاستەوخۆی بەبەها جوانە زاڵەكانەوە هەیە كەپەیوەندی بەبەرژەوەندی تێكڕای خەڵكییەوە هەیە بەجیاوازی فیكر وئایدیا.لێرەدا نووسەران، بەنموونەی پیرەمێرد وموستەفا ساڵح كەریم، بەرپرسیارن لەپاراستنی بەها زاڵەكان وبڵاوبوونەوە وبەگەرخستنی ئەو بەها زاڵانە لەنێو تێكڕای خەڵكیدا.بەها زاڵە سەرەكییەكانیش بریتین لەخۆشەویستی تاك بۆ خاك ونیشتمان ونەتەوە وبڵاوبوونەوەی چالاكییە دادپەروەری وبرایەتییەكان.واتە جەختكردنی نووسەر لەسەر چەسپاندنی بەها زاڵە جوانە ئاماژەپێكراوەكان لەنێو تێكڕای خەڵكیدا بەرلەوەی ئەركێكی ئەخلاقییە ئەوا ئەركێكی بەرپرسیارێتییە لەنێو چوارچێوەی ویژدانە مرۆیی ونەتەوایەتییەكاندا.لێرەدا هەوڵەكانی نووسەر موستەفا ساڵح كەریم لەگەشتە زانستییەكەیدا بەجیهانی پێرەمیرد جۆرێكە لەگەورەكردن وفراوانكردنی بازنە مەعریفی وڕۆشنبیری وشیكاریی وڕاڤەییەكان لەنێو تاكی كوردیدا .بەمەش ئەزموونەكانی سەرچاوە مێژووییەكان، كەپیرەمێرد نوێنەرایەتی دەكات،جارێكی تر تێكەڵ بەئەزموونی زەمەنی ئێستا دەبێت كەموستەفا ساڵح كەریم نوێنەرایەتی دەكات.هەردوو زەمەنیش لەپێناو جوانكردنی بەها زاڵەكان لەزەمەنی ئایندەدا كار دەكات.لەگۆشەیەكی ترەوە یەكگرتنەوەی ئەزموونی زەمەنی ڕابردوو وئێستا لەڕێگەی بەرپرسیارێتی نووسەرە بەویژدانەكانەوە ئەنجام دەدرێت كەهێچ بەرژەوەندییەكی میتریاڵی لەپشتەوە نیە بەڵكو لەجیاتی ئەم بەرژەوەندییە دەگەڕێت بەدوای شوناسی نەتەوە بەمێژوو وكلتوور وداب ونەریتەوە.ئەمەش هەوڵ وكۆشش وهیلاكی گەورەی دەوێت بەڵكو لەزۆر حاڵەتدا فیداكاریشی پێویستە.                                                                                                                                                                                     





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved