14/7/2018 04:22 PM

وەفایەك بۆ كاك مستەفا

 

پ.د.هێرش محەمەد ئەمین

     لە سەرەتای ساڵی 1989 ئەو كات لە بەغداوە هاتبوومەوە  لە نووسینگەی سلێمانی دەزگای رۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی لەگەڵ بەڕێزان لەتیف هەڵمەت و فریا جاف و خوا لێخۆشیوو ئازاد محمود كارم دەكرد، لەبەرئەوەی ماوەیەكی زۆر لە بەغدا لە هەمان دەزگاو لە رۆزنامەی هاوكاری و بەیان و رۆشنبیری  كارم كرد بوو شارەزاییەكی رۆژنامەنووسی ئەوتۆم هەبوو كە ئەركی سكرتێری رۆژنامەی هاوكاریم پێ بسپێرن ، بۆیە كە سكرتیری رۆزنامەی هاوكاری بانگكرا بۆ سەربازی لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتی ئەوكات داوام لێكرا بچەمەوە بەغدا ببمە سكرتێری رۆژنامەكە.
      لەسەرەتای كارم  لە رۆژنامەكەداو بە مەبەستی  بەرەو پێشەوەبردنی رۆژنامەكە داوامان لە چەند كەسانێكی پسپۆڕو شارەزای بواری ئەدەب و رۆژنامەنووسی كرد كە گۆشەمان بۆ بنووسن، لەوانە بەریزان پرۆفیسۆ دكتۆر عیزەدین مسەفا رەسول  و مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم بوو كە گۆشەی ( گوڵەوە چنی ) بۆ دەنووسین .
    بۆیە لەو كاتەوە مامۆستا مستەفام ناسی  وەك ئەدیبێك و  رۆژنامەنووسێكی دێرین و بە ئەزموون هەروەها وەك هاوڕێیەك كەهەر لەو ساڵەدا نامەیەكی تایبەتی بۆ نووسیم كە تا ئیستا بە رێزەوە پارێزراوە لای خۆم كە رێنمایی و ئامۆژگارییی و كێشەكانی ئەو كاتی رۆژنامەنووسی و نووسین و بڵاكردنەوەی باس كردبوو كە سوودێكی گەررەم لێبینین .
     هەر بۆ یادخستنەوەو گرنگی گۆشەكەی كاك مستەفا جارێك یادی ناودارێكی كورد بوو ئێمە وەك ستاڤی رۆژنامە بیرمان چووبوو شتێكی لەسەر بنووسین ،  بۆیە سەرنووسەر گللەیی كرد وتی بۆچی شتان لەسەر نەنووسیوە ، باش بوو ئەو رۆژە كاك مستەفا لە بیری بوو لە گۆشەكەیدا یادی ئەو ناودارەی  كردبوویەوە، بۆیە گۆشەكەی هەموو بوارەكانی وەك ئەدەب و رۆشنبیری و رۆژنامەنووسی دەگرتە خۆو جێی سەرنجی خوێنەرانی ئەوكاتە بوو .
بۆیە رێزلێنان لە كاك مستەفا و بە هەند وەرگرتنی كارە رۆژنامەنووسی و ئەدەبی و رۆشنبیرییەكانی و بەردەوامی مامۆستا مستەفا ساڵح كریم ئەركێكی مێژوییەو وەفایەكە بۆ كاری رۆژنامەنووسی كوردی .  





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved